پاش کۆتایی هاتنی ماوەی بۆندەکەی لەگەڵ یانەی ئەلنەسر-ی ئیماراتی لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، بەرگریکارە کوردەکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی لوبنان هەڵوێستی خۆی ڕوون دەکاتەوە و بۆ وەرزێکی تریش ئارەزووی مانەوە و یاری کردن لەخولی نایابی تۆپی پێی کەنداوی عەرەبی یانەکانی ئیمارات دەکات.
جوان عومەری بەرگریکاری نێودەوڵەتی و پیشەگەریی کوردی لوبنان لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (البیان)ی ئیماراتی دەڵێت: بیرۆکەی ئەوەم هەیە بۆ وەرزێکی تریش لەخولی نایابی کەنداوی عەرەبی یانەکانی ئیمارات بەردەوام بم لەیاری کردن.
جوان عومەری تەمەن 30 ساڵ کە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2017 لەیانەی سیڤاس سپۆر و لوسوپور لیگی یانەکانی تورکیا ڕوویکردە یانەی ئەلنەسر و 1 ساڵ و نیو بۆ یانەکە یاری کرد و نیو وەرزی ڕابردوو 2018-2019 بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی ساگان توسۆ-ی ژاپۆنی کرد، لەم دیدارەدا دان بەوەدا دەنێت کەڕاستەوخۆ پاش کۆتایی هاتنی ماوەی بۆندەکەی و نەمانی پەیوەندی بەیانەی ئەلنەسر-ەوە، لەلایەن یانەیەکی تری خولی نایابی تۆپی پێی کەنداوی عەرەبی یانەکانی ئیمارات بۆندی پێشکەش کراوە، لەمبارەیەشەوە ئاشکرای دەکات کە زۆر خۆشحاڵە و ئارەزووی مانەوە و دووبارە یاری کردن لەخولەکە دەکات.
هەروەها ئەم بەرگریکارە بەئەزموون و جەنگاوەر ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ لەخولی نایابی تۆپی پێی کەنداوی عەرەبی یانەکانی ئیمارات و لەمبارەیەوە بەڕۆژنامەکەی ئیمارات دەڵێت: من یاریزانێکی پیشەگەرم و بەتەواوەتی لەگەڵ ئەوەدام کە گۆڕانکاریی سوننەتی ژیانە لەیاری تۆپی پێدا و ئامادەم بۆ تاقیکردنەوەیەکی تر بەتایبەت پاش ئەزموونی یاری کردن لە 4 خولی جیاواز، سەرەتا لەبۆندس لیگای ئەڵمانیا و دواتر لەسوپەر لیگی تورکیا و دواجاریش هەردوو خولی نایابی یانەکانی ئیمارات و ژاپۆن.
شایەنی باسە جوان عومەری بەرگریکاری نێودەوڵەتی کورد بەڕەچەڵەک کوردی لوبنانە و ساڵی 1988 لەشاری بەرلین-ی ئەڵمانیا لەدایکبووە و لەژیانی پیشەگەریدا 10 ساڵی یەکەمی یاری کردنی لەگەڵ چوار یانەی ئەڵمانیا (راینکیندورف فۆکس، ئێس ڤی بابلسبێرگ 03، ڕۆت فایس ئیرفۆرت، ئێف ئێس ڤی فرانکفۆرت) بووە و دوای ئەوە لەدەرەوەی ئەڵمانیا و کیشوەری ئەوروپا بۆ یانەی سیڤاس سپۆر-ی تورکی و ئەلنەسر-ی ئیماراتی و ساگان توسۆ-ی ژاپۆنی/ بەخواستن یاری کردووە.