خەڵکی بەشەرەفی شاری #مەریوان# و دەوروبەری!
هەر وەک ئاگادارن، ماددەی هۆشبەر وەکوو مەترسیدارترین دیاردەی دزێوی سەردەم، ژیان و سڵامەت و بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤی کردووەتە نیشانە.
بە شانازییەوە ئەنجومەنی ژیانەوه، بە هاوکاری و یارمەتیی هەمەلایەنەی ئێوه، ماوەی 12 ساڵه بێوچان بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تێدەکۆشێت و هەنگاوی گونجاوی هەڵگرتووە و ڕێگایەکی زۆری بڕیوه. دیارە ئەو هەوڵانە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر بەرژەوەندیی هەندێک کەس و لایەنی هەلپەرست. بۆیە ناحەزانی گەشه و نەشەی کۆمەڵگا و دوژمنانی سڵامەتی و تەندروستی، چاویان به چالاکی وهەنگاوه کاریگەرەکانی ژیانەوەدا هەڵنایە و هەرجاره و به شێوازێک له بەردەم کار و چالاکییەکانی ژیانەوەدا کۆسپ دروست دەکەن، تا بەشکوو بتوانن به نیازه گڵاوەکانیان، که خەڵەفاندن و خەساندنی کۆمەڵگایه، بگەن.[1]
ئەمجارەش دەست یان دەستانێکی پیس و چەپەڵ هەڵیانکوتاوەته سەر نووسینگەی ژیانەوە، که له باخی پارک جێگیر بووه و به شێواندن و شکاندنی کەرەستە و ئامێرەکان و شپرزکردن و دزینیان، به بۆچوونی خۆیان، ژیانەوه له ئەرکه ئینسانییەکانیان دوور بخەنەوە. دیارە ئەمە جاری یەکەم و دواجاریش نییه، بەڵام ژیانەوه بە پشتیوانیی جەماوەر، پشتئەستوورتر لە جاران بەرهنگاری ماددەی هۆشبەر دەبێتەوه و بەم هەوڵه نەزۆک و ترسنۆکانه نالەرزێت و بەردەوام دەبێت. زۆر بە دڵنیاییەوە خەڵکی ئەمەگناسی شار و گوندەکانی مەریوان، هەروەک چۆن بۆ پشتیوانی له بوومەلەرزه و لافاولێدراوان، دڵسۆزی و بەهاناچوونی خۆیان سەلماند، ئاوەهایش لە بەرانبەر لافاوی ئیعتیاددا که ژیانی هەموومانی خستووەته بەر مەترسی، مرۆڤدۆستی و هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن و زیاتر له جاران پشتیوانی ژیانەوه دەبن و دەیسەلمێنن که دڕندەیی و زەبر و زەنگ ناتوانێت ژیانەوه، لە ڕەوتی خزمەتگوزاریی ڕاستەقینەی خەڵکی خۆی چاوترسێن بکات.