لە پاش نۆهەمین کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر، ئەمڕۆ لیژنەکە لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و وا بڕیارە نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی بازرگانی و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە نرخی گومرگ بکرێت.
لەمبارەیەوە بەختیار شوکری ئەندامی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر گوتی: لە پاش بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ پێناسەی گومرگی، ژمارەیەکی زۆری کەلوپەل لە هەرێمی کوردستاندا نرخیان بەرزبووەتەوە، جگە لەوەیش لە هەرێمی کوردستاندا دووکان و مارکێتەکان گرینگی بە پاراستنی خواردەمەنییەکان لە شوێنی فێنکدا نادەن و بەشێکی زۆریان بەهۆی گەرماوە تێکدەچن.
زانا مەلا خالید بڕیاردەری لیژنەکە لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ئامادە بوو و گلەیی لەو بازاڕە ئازادەی دەرمان دەکات کە دەرگای بۆ هەموو کارگەکان کردووەتەوە دەرمان هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەیش هەر لەو کاتەدایە یەک دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان بوونی هەیە کە بە توانایەکی کەم پشکنینەکانی ئەنجام دەدات.
ئەم بڕیاردەری لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر دەڵێ:
ئێمە پشتگیری لە کارگە ناوخۆییەکان دەکەین، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت، کەلوپەلی هاوردە لە دەرەوە قەدەغە بکرێن چونکە ئەمە بۆ بەرژەوەندی خەڵک خراپە. زانا مەلا خالید دەشڵێ: کرانەوەی دەروازە سنوورییەکان وای کردووە لە هەرێمی کوردستاندا متمانە بە دەرمان نەکرێت، ئەمە بێجگە لەوەیش هەندێکجار گواستنەوەی دەرمان لە نێوان وڵاتان بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.[1]