رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ناودارانی کورد کە ئەمڕۆ سێشەممە #02-07-2019# لە هۆڵی مەولەوی زانکۆی کورستان لە سنە دەستیپێکرد، بە گوتاری بەرپرسانی حکومەت و شاری سنە دەستیپێکرد و بە چەند پانێل و بەرنامەیەکی جیاواز کۆتاییهات.
لە کۆنگرەکەدا گوتاری سەرۆککۆماری ئێران، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن نوێنەرانیان خوێندرانەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی کۆنگرەکە کرد و ڕایگەیاندووە بەهیوان (کۆنگرەکە) ببێتە هۆی بەهێزکردنی کولتووری ڕێزگرتن لە ناودارەکانمان.
حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ئێرانیش پەیامێکی ئاراستەی کۆنگرەکە کرد و ڕایگەیاند ئەم کۆنگرە دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە هەموو نەتەوە ئێرانییەکان کە خاوەنی مافی هاووڵاتیبوونن.. سەرەڕای پێزانین و سوپاسی کوردزمانانی وڵات، ڕێکخستنی ئەم کۆنگرە بە دەرفەتێک دەزانم بۆ ناساندنی خەڵکانێکی میهرەبان کە هاوکات بەشێک بوون لە فەرهەنگی ئەم خاک و ئاوە.
هەروەها بەهمەن مواردنیا، پارێزگاری سنە لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، بە فارسی قسەدەکات چونکە لە تەلەڤزیۆنەکانەوە ڕاستەوخۆ کۆنگرەکە دەگوازرێتەوە ئەگەرنا بە کوردی قسەی دەکرد و وەک خۆی گوتی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە و چەندین شێوەزاری وەک #سۆران#ی، بادینی، زازایی، #کرماشان#یی و هی دیکەشی هەیە.
رووداوێک کە هێندەی بەستنی کۆنگرەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگ بوو، گەڕانەوەی مەزهەری خالقی بوو بۆ زێدی خۆی دوای نزیکەی 35 ساڵ. چەند هاونیشتمانییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە قسەیان بۆ ڕووداو کردووە، دڵخۆشن بە گەڕانەوەی خالقی و هیواخوازن هەمیشە سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە.
بڕیارە لە دووەم ڕۆژی ئەو کۆنگرەیەدا 30 کەسایەتی ناوداری کورد خەڵات دەکرێن، لەوانەش؛ مەزهەر خالقی، کەلیموڵڵا تەوەحوودی، نووسەری بەناوبانگی کوردی خۆراسان، کەیهان کەلهووڕ ژەنیاری بەناوبانگی کەمانچە، شەهرام نازری هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، عەزیز شارۆخ، عەتا نەهایی، پەرتۆ کرماشانی و بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێستای ئێران کە کوردی کرماشانە..
قودبەدینی سادقی، یەکێک لە دەرهێنەرە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند، شانۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە 10 ساڵ پێش ئێستا باشترە و چالاکی زیاترە.
قودبەدینی سادقی دەڵێت، کۆنگرەی نێودارانی کورد دەبێتە هۆی نزیککردنەوە، تێگەیشتنی هەستی و فەرهەنگی و هونەری، بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن پێکەوە کاری گەورەتر بکەن.
سدیقی تەعریفە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر دەڵێت، زۆرینەی گۆرانی کوردی ئێستا کاریگەری میوزیکی عەرەبی، فارسی یان تورکی لەسەرە، ئەوەش بەشێکی ئەرێنییە بەڵام لایەنی نەرێنی هەیە و دەبێ گۆرانی هەر وشەکانی کوردی نەبن، بەڵکو بەتەواوی مۆرکی کوردی پێوەدیاربێت.
لە کۆنگرەکەدا سێ پانێلی تایبەت، کۆنسێرتی میوزیک لە ئەمارەتی خەسراوا، پێشانگەی جواننووسی لە کەڵەپیاوانی هونەرمەندی کورد و ئێرانی بە زمانی کوردی و، پێشانگەی وێنەیی کەڵەپیاوان و ناودارانی کورد لە ماڵی کورد بەڕێوەدەچێت.
هەروەها پارکی ناودارانی کورد لە بناری کێوی ئاویەری سنە دەکرێتەوە کە پەیکەری هەندێ لە ناودارانی کوردی تێدا دادەنرێت کە دروستکراوی پەیکەرسازی بەناوبانگی کورد هادی زیائەدینییە.
[1]