سەردەمی مۆدێرنە، سەردەمی دروستکردن و قەیرانی شوناسە، مرۆڤ هەمیشە دەیەوێت خۆی نمایش بکات بۆئەوەی بتوانن سەرنج و تێروانینەکانی کەسانی بەرانبەر بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئەم جۆرە نمایشکردنە دەکرێت لەرێگای ئامێرە بەکاربەرەکانی ژیانی ڕۆژانەوە یان دەکرێت لەرێگای لەشولارییەوە بێت، لەشولاری خۆی بکاتە پێشەنگایەک بۆ بینین.
لە ئێستادا چیرۆکی و ڤیدیۆییەکانی سایە کەریم بووەتە جێگای مشتومڕی زۆر، بەڵام سەیر لەوەدایە کە هەمیشە لەم کۆمەڵگایەدا کاتێک حاڵەتێک یان دیاردەیەکی نەشاز ڕوودەدات، تەنها پیاوانی دینی دێن ڕووبەرووی دەبنەوە، بەتایبەت لەوبابەتانەی کە تاپۆ حەرامکراوەکانی کۆمەڵگان، خەڵکانی و کەسانی ناوەندە ئەکادیمییەکان بەچاوێکی شەرم لێی دەڕوانن یان هەر باسی ناکەن! لەکاتێکدا هەموو کۆمەڵناسەکانی دونیا لەسەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگا قسەدەکەن شیکاری زانستیانەی بۆ دەکەن، بەڵام لای ئێمە بێدەنگی هەڵدەبژێرن، سۆشیال دەکەنە ناوەند و قسەی بێسەروبەر.
شوناس سەرتا بەمانای (خود) لەدەرونناسیدا بەکارهاتووە، بەڵام پاش ئەوەی هاتووەتە ناو زانستە کۆمەڵایەتیەکانەوە، لەو ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین، شوناس کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی مرۆڤە کە دونیابینی خۆی بەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدات، لەو ڕێگایەوە هەستی پەیوەستبوونی بەرانبەر بە کۆمەڵگا لەلا دروست دەبێت.
ئەنتۆنیۆ گیدێنز، یەکێکە لە سۆسیۆلۆژیستەکان، ئاماژە بەدوو جۆر لە شوناس دەکات، یەکێکی شوناسی تاکەکەسییە، کە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ لەخۆی دەگرێت وەک (شێوە و ڕوخسارو ڕەنگی چاو ئاستی بروانامە و شێوازی لەش و لار ڕەنگی چاو پێست...)، ئەوی دیکەیان شوناسی کۆمەڵایەتییە، کە ئەویش تێروانینی تاکەکەکانی کۆمەڵگاییە بۆ کەسەکە.
لە سەردەمی نوێدا، مرۆڤ بەردەوام دەیەوێت شوناسی خۆی نمایش بکات، لەرێگای جلوبەرگ و ڕوخسار و شێواز و ستایلی ئۆتۆمبیل و پۆشاک و تەنانەت لەشولاری خۆیەوە، هەندێک لە کۆمەڵناسەکان پێیانوایە لە لەشولاری مرۆڤ زۆرجار دەبێتە نمایشگا و لەو ڕێگایەوە دەیەوێت سەرنجی خەڵکی بۆخۆیان ڕابکێشێت. لەنێو کچاندا زۆرجار ئەم حاڵەتە بەدی دەکرێت گۆرانکاری لەرەنگی موو، مایک ئەپ، دروستکردنی تاتۆ، زۆرجار جوانکاری و گۆرانکاریی لە لەشولاری کەسیدا، هەموو ئەمانە جۆرێکن لە نمایشکردن و دروستکردنی شوناس.
بەڵام سایە کەریم دەیەوێت شوناسێکی جیاواز نیشان بدات، لەشی خۆی بکاتە پیشەنگایەک بۆ پیشاندان، پیدەچێت بۆ کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی ئەم کارە ئاسایی بێت، بەڵام بۆ ئێمە دەبێتە جۆرێک لە شوناسیی دژ بە کەلتور و بەها کۆمەڵایەتیەکان.
شوناسە کەسییەکان زۆرجار شوناسە کۆمەڵایەتیەکان دەبەزێنێت، جەستەی مرۆڤ لەم جۆرە لە شوناس وەک هۆکارێک بەکاردەهێنرێت، سایە کەریم لە ڕێگای ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوی دەکاتەوە دەیەوێت لەرێگای جەستەی خۆیەوە شوناسێکی بەرگری کچانەی نمایش بکات، لەبەرامبەر کۆی هەموو ئەو تاپۆحەرامکراوانەی هەژمون و کەلتوری کۆمەڵایەتی دروستی کردووە، ئەم جۆرە لە شوناس هەمیشە گوتاری کۆمەڵگا دابەش دەکات بە دووبەرەوە، بەرەیەک بە جۆرێک لە ئازادی کەسیی و بەرەیەکی دیکە بە جۆرێک نائەخلاقی دەنێن بە تێکشکانی هەژمونی کەلتوری دەزانن.[1]