دوای هێرشەکانی ئەمڕۆی #کەرکووک# و بۆردومانی بناری #قەندیل#، ئەنجومەنی هەرێمی کەرکووکی #تەڤگەری ئازادیی# کۆمەڵگەی #کورد#ستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی لە کەرکووک کەسێک کوژراو 17ی دیکە برینداربوون بە هۆی دوو تەقینەوە وە لە هەمان ڕۆژدا فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بناری قەندیل 9 هاووڵاتیان کردە قوربانی، تەڤگەری ئازادی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکووک بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
تەقینەوەکانی کەرکووک و بۆردومانکردنی گوندەکانی بناری قەندیل پیلانێکی گڵاوی دەوڵەتی تورکە کە ئامانجی داگیرکارییە. ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان - ئەنجومەنی هەرێمی کەرکووک بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکانی شاری کەرکووک و بۆردومانی بناری قەندیل دەکەین.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە شاری کەرکووک لە ئەنجامی ململانێی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردی و حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی وای کردووە کە شارەکە بە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی تێپەر بێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە گرووپە تیرۆریستییەکان خەڵکی سڤیلی شارەکە بکەنە ئامانج. بەتایبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا چەندین تەقینەوە لەناو جەرگەی شار و لە شوێنە هەرە قەرەباڵغەکانی شاردا ڕوو بدات و بەو هۆیەشەوە چەندین کەسی بێتاوان بوونەتە قوربانی. ئامانج لەم تەقینەوانە تێکدانی ئارامیی شار و نانەوەی ئاژاوە و شەڕە لەنێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووک.
ئێمە وەک ئەنجومەنی هەرێمی کەرکووکی تەڤگەری ئازادی لە قۆناغێکی ئاوا هەستیار و پڕ لە کێشمەکێشمی سیاسی داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکەین دژبە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەرچی زووە هەنگاو بەرەو کۆنگرەی نەتەوەیی بنێن. لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک پشتگیری لە پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی بکەن کە ئامانج لێی پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە و ئیدارە و بەڕێوەبردنێکی دیموکراسیانەیە.
لە ماوەی ڕابردوو تەڤگەری ئازادی لە شاری کەرکووک پرۆژە چارەسەرییەکی بۆ شاری کەرکووک ڕاگەیاند. داواکارین لە تەواوی لایەنە سیاسی و حکوومی و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و کەسایەتیی دڵسۆز و خەمخۆری شارەکە دەکەین پێکەوە هاوکار بین بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە تاوەکو کەرکووک و خەڵکی کەرکووک چیتر نەبنە قوربانی ململانێی سیاسی و سەربازییەکان.
لە کۆتایی دەقی بەیاننامەکەدا هاتووە، جارێکی تر ئێمە وەک ئەنجومەنی هەرێمی کەرکووکی تەڤگەری ئازادی ئیدانەی ئەو تەقینەوانە دەکەین و داوا لە خودای گەورە دەکەین شەهیدەکان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بە هیوای چاکبوونەوە و شیفای خێرا بۆ بریندارەکان.[1]