وەڵامێک لە یەکێتی تۆپی پێی #کوردستان#ەوە
چاپ کردن
ئەمڕۆ سێشەممە 2019 -6- 25لە لاپەڕەی فەرمی یانەی #سلێمانی# لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بابەتێک نووسراوە، گوایە سەرۆکی #یەکێتی تۆپی پێی کوردستان# (سەفین کانەبی) ڕێگر بووە لە بەشدارییکردنی تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی سلێمانی لە خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، کە بڕیارە لە 2ی تەممووزی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
بەداخەوە تا ئێستە هەندێک لە یانەکانی کوردستان ئیش و کارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدەن و کار بە نووسراوی فەرمی ناکەن! ئێمە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کار بە بەڵێن و قسەی زارەکی ناکەین، بەڵکو لە ڕێگەی نووسراوی فەرمی کارەکانی خۆمان دەکەین.
بۆیە ئێمە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، سەرجەم وەرزشوانانی کوردستان تایبەتی وەرزشوانانی سلێمانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، کە تەواوی نووسینەکەی یانەی سلێمانی دوورە لە ڕاستی، یانەی سلێمانی بە نووسراوی فەرمی لە کۆبوونەوەی ڕابردووی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە ڕێکەوتی 2019/6/22 داوای نەکردووە تا بەشداری لە خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان بکات، بەڵکو به هیچ شێوەیەک باسیش نەکراوە، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش (سەفین کانەبی) ئاگاداری ئەم باسە نییە.
بە دڵنیایەوە ئەگەر یانەی سلێمانی وەک هەردوو یانەی ئاشتی و #دەربەندیخان# بە نووسراوی فەرمی داوایان بکردبا، بەشدار دەبوون و هیچ کێشەیەک نەدەبوو، لە کۆتاییدا بیری وەرزشوانی سلێمانی دەهێنینەوە، ئەگەر یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دژی یانەکانی پارێزگای سلێمانی بێت، ئەوا یانەی ئاشتیش لە سەنتەری شاری سلێمانییە، لەگەڵ ڕێزدا..
سەلام حوسێن
سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
#25-06-2019#