پارک و سەوزاییەکانی #سلێمانی# وشک و زەرد دەبن، تائێستا ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارە و بەکرێگرتنی تانکەر بۆ ئاودانیان نەدراوە، دەوترێت لە #هەولێر# مامەڵەکانی سلێمانی بۆ ئه و مەبەستە دوادەخرێن و وندەکرێن. سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزیش دەڵێت: ساڵانی ڕابردوو لەسەر ئەرکی خۆمان باخچەکانمان ئاوداوە، بەڵام ئەمساڵ شارەوانی دەڵێت پارەمان نییە.
هاوژین عوسمان، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: لەئێستادا بلوارەکانی پارکی هەواری شار و مەلیک مەحمود و تاسلوجە دراون بە کۆمپانیا و کاری تێدا دەکات، پارک و باخچەکانی سلێمانی کە زۆرترین سەوزایی پێکدەهێنن تائێستا بۆ ئاودانی و چارەسەرکردنی کێشەکانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕەزامەندی نەدراوە، تەنانەت ئه و مامەڵەیەی ناردومانە بۆ ئه و مەبەستە لە وەزارەت ونکراوە.
وتیشی: لە دەسەڵاتی وەزارەت و هەولێردایه و دەبێت لەوان پرسیار بکرێت بۆچی مامەڵەی سلێمانی ڕاگیراوه و ڕەزامەندی نادرێت یان دوادەخرێت، جگە لەوە هەندێک میدیا پەردەپۆشی ئەم کێشەیە دەکەن، لەکاتێکدا سەوزایی موڵکی هەمووانه و پێویستە بەزووترین کات تانکەرمان بۆ بەکرێ بگیرێت.
ساڵانە ئەم کێشەیە لە شاری سلێمانی دووبارە دەبێتەوه و سەرهەڵدەداتەوە، ساڵی ڕابوردوو لە مانگی 8دا تانکەر بۆ ئاودانی دار و سەوزایی ئەمشارە بەکرێ گیراوە، لەکاتێکدا پێویستە لەسەرەتای مانگی 6دا ڕەزامەندی لەسەربدرێت.
ئارارات زەردەشتی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات: ساڵانی ڕابوردوو لەسەر ئەرکی خۆمان بەشێک لە دار و سەوزاییەکانمان ئاوداوە، ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەکمان نییە و حکومەتیش هاوکاریمان ناکات، تا نەهێڵین سەوزایی و دارەکانی سلێمانی وشک و زەرد بن.
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز دەشڵێت: شارەوانی تانکەری هەیە، بەڵام دەڵێن، پارەیان نییە چاکی بکەن و پارک و سەوزاییەکانی پێ ئاو بدەن، ئێستا بەدوای سپۆنسەر یان کۆمپانیایەک دەگەڕێین هاوکارمان بێت و ئاوی پارک و باخچەکان بدات، ئەگەر تا چەند ڕۆژێکی تر فریای سەوزایی و پارکەکان نەکەون بەتەواوی وشک و زەرد دەبن.
لە سلێمانی 565 پارک و باخچە و زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار دار هەیە، هاوکات ئەم شارە ڕێژەی ستانداری تێپەڕاندووە و ڕێژەی سەوزایی 18%یە و پلەی یەکەمی لە ئاستی عێراقدا هەیە.
بەپێی بەدواداچونەکان زیاتر لە یەک مانگە لە هەولێر ڕەزامەندی لەسەر بەکرێگرتنی تانکەر بۆ ئاودانی سەوزایی دراوە، هاوکات 20%ی داهاتی شارەوانی بۆ خزمەتکردنی سەوزایی ئه و شارە تەرخاندەکرێتەوە.
پارکی ئازادی سلێمانی 12 هەزار 670 داری تێدایە، 156 دۆنمی سەوزاییە، 20 دۆنمیشی گەراج و شەقامە، پارکی ئازادی بەشێکی سەرەکی سەوزایی سلێمانی پێکدەهێنێت و ڕۆژانە دانیشتوانی ئەم شارە ڕووی تێدەکەن. زەردبوونی نیگەرانی لای هاووڵاتییان و لێپرسراوانی دروستکردووە.
جەمال عەبدوڵڵا لێپرسراوی پارکی ئازادی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: تازە پارێزگای سلێمانی تانکەرێکی بۆ کڕیوین، بەمەبەستی ئاودانی پارکەکە، ساڵانە هەتا باخ و سەوزاییەکانی سلێمانی زەرد نەبن نایەن بەدەمیەوە، ئەمەش بە سیاسی کراوه و لە هەولێر لە 1ی 4ی هەموو ساڵێک تەنکەر بۆ ئاودانی باخچەکان دابین دەکرێت، بەڵام لە سلێمانی تا سەوزایی و دارەکان وشک و زەرد نەبن، ئاوڕیان لێنادرێتەوە و پارە بۆ سەوزایی سلێمانی تەرخان ناکرێت.
پێداچوونەوه و بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#26-06-2019#