#کورد# لە زۆر کەناڵەوە هەوڵ دەدات نیشتەجێی جیهان بێت و پێگەی خۆی بناسێتەوە: ئابووری، سیاسەت، بازاڕی ساغکردنەوەی ئای تی، وەرگێڕان، کۆچ و هتد. لەم کەناڵانەدا چەندە سەرکەوتن هەبووە و چەندەش شکست، پرسێکی ترە. بەر لە هەر شت پێویستە ئەوەش بڵێین کە جیهانگیری و پرسی گڵۆباڵ، جیایە لە گەردوونیبوون و یونیڤێرساڵ. گەر یەکەمیان حەتمیەتێکی جوگرافی و ئابووری و تەکنیکی بێت ئەوا دووەمیان پەیوەندیی بە کۆمەڵێک بەها و کولتوور و نرخی مرۆییەوە هەیە کە میللەتان هەموو ستایشیان کردووە. ژان بۆدریاری فەیلەسوفی #فەڕەنس#ی لە وتاری ״توندوتیژیی گڵۆباڵ״دا دەنووسێت: ״بە گەردوونیکردن و بە یونیڤێرساڵکردن (Universalization)، بەستراوەتەوە بە مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، کولتوور، و دیموکراسییەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، جیهانگیری و بە جیهانیبوون (globalization) پەیوەندیی بە تەکنۆلۆژیا، بازاڕ، گەشتیاری و زانیارییەوەیە״. بە هەرحاڵ، ئەوەی لەم ڕۆژانەدا بینیمان، ڕایەڵەیەکی ترە بەناوی پۆڕنۆوە- یان پۆڕن ستار کە وا دەردەکەوێت حەتمییە و کۆمەڵگای ئێمە هەوڵ دەدات لەو کەناڵەشەوە خۆی ببەستێت بە جیهانەوە.
بڵاوبوونەوەی ڕەسمی ڤیدیۆیەکی پۆڕنی کوردی، کە هەروا بینەر و چاودێریشی زۆر بووە خۆی جێی ڕامانە. گرنگ نییە ئەم کەسە کێیە و هۆشیاری و ئێستاتیکای چۆنە و بە هەڵە تێگەیشووە یان نا، بەڵکوو شتەکە لە کۆنتێکستێکی گەورەتردا مانا وەردەگرێت. حەتمیەتی جیهانگیری بە جۆرێکە کە دەست بۆ هەموو شتێکی لۆکاڵیی ناو کۆمەڵگاکانی تر دەبات. مەرج نییە ئەو کۆمەڵگایە تا چەند بەها گەردوونییە گرنگەکانی وەرگرتووە، چونکە جیهانگیری پتر فشارێکی چەندایەتییە و تێبینیی ناوەڕۆک ناکات و دەکرێت دیاردەیەکی پێچەوانە بەسەر کۆمەڵگایەکی تایبەتدا بسەپێنێت. بۆ نموونە مەرج نییە ئازادیی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا چەندە و چۆنە، بەڵکوو ئەو دیاردەکانی خۆی فەڕز دەکات و نەیارەکانی هەڵدەلوشێت. پۆڕن (porn)، بەم مانایە، بەرهەمی ڕ ەهەندە جیهانگیرییەکەیە و زاڵبوونی گڵۆباڵە بەسەر لۆکاڵدا لە چرکەیەکی دیاریکراودا. واتە بەر لەوەی لە ناوەوە بۆ دەرەوە بڕۆین، ئەوە دەرەوەیە (عادەتەن خۆرئاوا) کە دەرکەوتەکانی خۆی دەسەپێنێت. ئاشکرایە کە زۆرجار خەسڵەتێکی لۆکاڵیی کۆمەڵگایەک لەناو جیهانگیریدا دەتەقێتەوە و تەشەنە دەکات بۆ ناو سیاقەکانی تریش، بەڵام پۆڕن بۆ کولتوورەکانی ئێمە تەسلیمبوونێکی ڕوونە بە گڵۆباڵ. گڵۆباڵێک کە بە شێوەیەکی میکانیکی بارگاویمان دەکات و کەمتر دەتوانین ئیش لەسەر بەها گەردوونییە ڕۆشنگەرەکانی بکەین. پۆڕن بەر لەوەی نەفییەکی بوێرانەی خۆمان بێت دژ بە کۆیلایەتییەکی دێرین، کەچی خۆدانەدەستی فشارە قورسەکانی جیهانگیری و کەم کەمیش یاساکانی خۆی ئاسایی دەکاتەوە. ئەمە جیا لەوەی پێویستە ئەو سەرکێشییە تیۆرییە بکەین و بڵێین: ڕەنگە قێزەونترین دیاردە، شوێنەواری ئیجابیشی لێ بکەوێتەوە، بەڵام ئەوەی لەم قۆناغەی ئێمەدا دەبینرێت درووستبوونی جووتجەمسەرییەکە لە نێوان نمایشی زۆر و شاردنەوەی زۆردا کە پنتی ناوەڕاست سەرکوت دەبێت و گەشەی سروشتی نابڕین (لە نێویشیاندا خودئاگایی بەرامبەر بە پرسی جەستە).
ڕەنگە ئێمە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، پابەندی ״دەوڵەت!״ی ناوەند بین و لەناو کیانێکی تردا مامەڵە بە جیهانگیرییەوە بکەین، بەڵام لە ئاستی زەینی و کولتووری و پەیوەندیدا ڕاستەوخۆ بەر جیهان-جیهانگیری دەکەوین. ڕەنگە لە ڕووی ژێستی ناسیۆنالیستییەوە گۆشەگیر و خۆگر دەرکەوین، بەڵام وەک کاریگەریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەبێ ویستی خۆمان لە هاوکێشەکانی ئەم ناوچەیەداین (گەر پەراوێزییش بێت). کاتێک فشاری گڵۆباڵ دێت و ڕەهەندی لۆکاڵ بەسەر خۆیدا دەشکێنێتەوە، ئەوا جۆرێک لە بوغز و هەستکردن بە شکست درووست دەبێت (پووکانەوەی کارەکتەری مرۆڤی کورد لەم قۆناغەدا پێدەچێت بەرهەمی ئەم بەرکەوتنە بێت). واتە شتێکی ئەوتۆت نیە بیبەخشیت و هاوکات لەژێر پرسی گڵۆباڵدا کاریکاتێرێکت لێ درووست دەبێت: کاریکاتێری نە نەریت و نە مۆدێرن. مەتەڵێکی شەعبی هەیە لەسەر ئەوەی کە چی کاتێک کورد دەتوانێت جیهان بگرێت؟ وەڵامەکە ئەوەیە کاتێک کەس لەسەر زەوی نامێنێت و هەموان دەچن بۆ هەسارەکانی تر. ئەم نوکتانە بەرهەمی ئەو نەزۆکییەن کە کۆمەڵگاکانی چوون ئێمە لە پەیوەندیدا بە جیهانگیرییەوە هەیانە.
لە کایەی دەروونشیکاریی تیۆریدا، چەمکێکی گرنگ هەیە بەناوی ״ئەویتری گەورە״. گەر لە پرسی کۆمەڵگە-نەتەوەدا ئەم چەمکە وەرگرین، ئەوا لە مانا هەرە سادەکەیدا واتە ئەو سنوورە گریمانکراوانەی کە کورد دەبەستێت بە جیهانەوە. ئەویتری گەورەی کورد، واتە ئەو سنوورە خەیاڵییەی کە بچینە هەرکوێ بە دوامانەوەیە و وەک پانتاییەکی گریمانەکرد بچووک و گەورە دەبێتەوە، گرژ و فراوان دەبێتەوە، هەروەها سەیری خۆمانی تیا دەکەین و حەدی خۆمان دەزانین و مامەڵەمان بە یەکترەوە تێدەگەین. بۆ ئەوەی لە جەبری ئەویتری گەورە تێبگەین، زۆرجار خاڵی یەکتربڕین لە نێوان سیاسییەکی کورد و هونەرمەندێک و نووسەرێک و پەنابەرێک و هتددا دەبینین. واتە لەناو جیهانگیریدا، جیهانێکی لۆکاڵیی گریمانەکراوی کوردانەش هەیە کە مرۆڤەکان و نۆرمەکانیان درووست دەکات. دوا تخوبی ئەم ئەویتری گەورەیە ڕەنگە ئەو ڕستەیە بێت کە دەوترێت: خۆزگە کورد نەبوومایە. واتە خۆزگە لە ئەویتری گەورەی کورد بچوومایەتە دەر و بوونم لەناو پانتاییەکی ڕەمزیی تردا بووایە. بەم پێیە پۆڕنی کوردی گەر درووست ببێت، جیا لە دیوە بازرگانییە دیاریکراوەکەی، پڵیشانەوەیەکی سەرلەنوێی لۆکاڵە لەژێر گڵۆباڵدا کە لەناو سنوورەکانی ئەویتری گەورەی کۆمەڵگاکەدا مانای تر وەردەگرێت. هەر وەک ئەوەی پۆڕنستارە بچکۆلەکەش ئاماژەی پێ دا: هەر کەس دەچێتە قەبری خۆیەوە. قەبر…
وەلید عومەر