رووداو- #هەولێر#
دەستەی پزیشکانی پسپۆڕی دەروونی لە زانکۆی سیدنی ڕایدەگەیێنن زۆر بەکارهێنانی ئەنتەرنێت گۆڕانکاری لە فرمانی مێشک دەکات و توانای فێربوون سنورداردەکات.
لە نوێترین توێژینەوەدا پزیشکە ئوسترالییەکان پەیوەندیان دۆزیوەتەوە لەنێوان زۆر بەکارهێنانی ئەنتەرنێت و لاوازبوونی توانای فێربوون و یادەوەری بەتایبەت لە گەنجاندا.
د. جۆزێف فیرز، پسپۆری مێشک و دەمار لە پەیمانگەی توێژینەوە زانستییەکان لە سیدنی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئێستا ژمارەیەکی ئێجگار زۆری خەڵکی ئەنتەرنێت بەکاردەهێنن و ئەنتەرنێت زۆرێک لە کارەکانی بۆ ئێمە ئاسانکردووە بەڵام بەسەربردنی ئەو هەموو کاتە بەدیار ئەنتەرنێتەوە بێگومان کاریگەری نەرێنی جەستەیی و دەروونی لێدەکەوێتەوە.
پسپۆرەکەی مێشک و دەمار ڕوونیدەکاتەوە لە ڕۆژێکدا زیاتر لە 10 کاژێر بەکارهێنانی ئەنتەرنێت دەبێتەهۆی گۆڕانی فرمان و پێکهاتەی مێشک سەرەنجام کاریگەریی کورتخایەن و درێژخایەنی دەبێت.
دەستەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی لە ئوسترالیا دەڵێن بەکارهێنانی زۆری ئەنتەرنێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە، خەمۆکی و دڵەراوکێ زیاددەکات ئەمە جگەلەوەی کاریگەری جەستەیشی هەن.