خەڵکی هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکەن ئێمە بەعیشقەوە هاوسەرگیریمان کرد ! شەوان نامەمان بۆ یەکتری ئەنارد ؟ بەڵێنمان بەیەکتری دابوو، منداڵمان ببێت، بڕۆین هەتا ئەوپەڕی دنیا، شادی بکەین، شت بکڕین، ئاڵتون، ئوتومبێل، خانوو، ئێمە بە سەعات بەڵێنمان بە یەکتری دەدا، کەچی ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە هیچ بەڵێنێک و هیچ پابەند بوونێک لە گۆڕێ نیە تەنها دێێن و دەڕۆین وەک ئەوەی هیچ وادە و پەیمانێک هەر بوونی نەبوبێت.!
ئەوان لەخەیاڵی خۆیاندا ئەمەیان ناو ناوە (عیشق)
بەڵام عیشق مامەڵە نیە، عیشق مەرج لەگەڵ کەس ناکات، لەنێوان عیشقدا کڕین و فرۆشن، وەرگرتن و بەخشینێک لە گۆڕێدا نیە، چونکە عیشق هەمیشە دەبەخشێت، عیشق مامەڵە لە گەڵ ڕوکاری دەرەوە و ماتەر و بایۆلۆجیا ناکات،
عیشق چاوەڕوانی پاداشت نیە، ترسی لە لۆمەی لۆمەکارانیش نیە، عیشق واتا (نزمکردنەوە و تەرک کردنی هەموو دنیا بۆ ئاستی کەسێک و بەرزکردنەوە و کردنی کەسێک بۆ ئاستی هەموو دنیا)
لە عیشقدا بەرژەوەندی نیە، ڕوکار و باڵا و زوڵف و ئەگریجە بونی نیە، عیشق مامەڵە لەگەڵ دیاردا ناکات ئەو هەمیشە لەگەڵ نادیاردا هۆگری دەکات، عیشق سەروکاری لەگەڵ ڕێزدا هەیە نەک لەگەڵ ترس،
...........................................
شیبلی ووتی :-
ئەگەر لەو دنیا ئیختیار بدرێتە دەست خۆم لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا من دۆزەخ هەڵدەبژێرم، چونکە بەهەشت مرادی منە و دۆزەخیش مرادی دۆستەکانمە، هەرکەسێکیش ئیختیاری خۆی بە ئیختیاری دۆستەکانی نەگۆڕێتەوە عاشق نیە،
جونەیدی بەغدادی لەوەڵامدا ووتی :-
من هەرگیز لە ژیانما نە داوای چونە بەهەشتم کردووە و نە داوای پاراستنم لە ئاگری دۆزەخ کردووە، چونکە عاشق داواکاری لە مەعشوق نیە، عاشق حەوجێێ بە ئیختیار و هەڵبژاردن و داواکاری نیە، مەعشوق بۆ هەر کوێم بنێرێت دەچم، ئیختیاری من ئەوەیە کە مەعشوقەکەم دەیەوێت، نەک ئەوەی کە من دەمەوێت.
...........................................
عیشق ویست و تەڵەب و داواکاری و مەرج و مەرج کاری و مامەڵە و کڕین و فرۆشتن نیە، عیشق تەسلیم بوونە، عیشق (ئافتاب) و (سایەی تیمسال)ە، کە تیشکی یەکێکیان دەرکەوت سێبەری ئەوی تریان نابێت بمێنێت، لە عیشقدا من و تۆ خۆ بونی نیە
عیشق دەرباز کردنی ئەوی ترە پێش خۆت
(مەحوی) ووتەنی :-
وتم با لەم دەر و لەم کۆیەدا ئانێ سکونەت کەم
وتی عاشق دەبێ هەردەربەدەر بێ، کۆ بەکۆ بڕوا
نوقتە سەری دێڕ........
.................................................................
عیشق لە ئاوارەیی و جەنگ و وێرانەیشدا هەر وەکو ئەم وێنەیەیە، عیشق بیر نەچوونە لە کاتی مان و نەمان، لە حاضر و غائیب، هەڵهاتن و خۆ دەرباز کردن نیە، بەڵکو پێکەوە بوونە
هێمن عبدولقادر