پەیکەری ئاشتی و ئازادی خانمانی کوردستان دانرا
.
بەئامادەبوونی د. زیکرا عەلوەش ئەمینداری بەغداو نەوزاد هادی پارێزگاری #هەولێر# و پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و دینا زۆربا بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی UN-Women لەعیراق و تاهیر عەبدولڵا جێگری پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئافرەتان UNWOMEN لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەرپەیکەری ئاشتی و ئازادی خانمانی کوردستان لادرا.
ئەم پەیکەرە دەکەوێتە شەقامی 100 مەتری لە چوارڕیانی بەرامبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ئاشتی و ئازادی ژنانی هەرێمی کوردستان، بەرجەستە دەکات و گوزارشت لە هەموو کچان و ئافرەتانی جیهان دەکات بە تایبەتی کوردستان، کە هەمیشە بوونەتە قوربانی کۆمەڵگە، ئەمە یەکەمین پەیکەرە لە کورستان کە ناوی ئاشتی و ئازادی لێبنرێت. پێکهاتەی پەیکەرەکە بە فایبەرگڵاس دروستکراوە، ماددەیەکە توانای خۆڕاگری هەیە بۆ کەشوهەوای گەرم و ساردو هەر بارودۆخێکی نەخوازراو. شێوه و جۆری کارەکە بە ڕەنگی سپی ڕووپۆش کراوە، مانای پاکی و بێگەردی دەگەیەنێت، بنکەی پەیکەرەکەش هەمان ڕەنگ و شێوه و ماتریاڵی پەیکەرەکەی لەخۆگرتووە. ئافرەتێکی باڵا بەرزو سەربڵند ڕووی لە ئاسمان کردووە سەیری هەڵفڕینی کۆترەکە دەکات، جلوبەرگێکی کوردانەی پۆشیووە قاچێکی ڕووی لە پێشەوەی نیمچە بەرزکردۆتەوە. بە دەستی ڕاستی کۆترێکی سپی لەناو لەپی گرتووە، کۆترە خەریکە لەشەقەی باڵ دەدات، جووڵەی کۆترەکە بەردەوامی هەیە، کۆتر لە هەموو ڕووکارێکی هونەری گوزراشت لە ئاشتی و ئاشتەوایی دەکات و بە دەستەکەی تریشی گۆزەیەکی پڕ لە ئاوی هەڵگرتووە، گوزارشت لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، ئافرەت هەردەم قوربانی کۆمەڵگە بووه و ئاوی ناو گۆزەکەش هێمای بەردەوامی ژیانی هەمیشەیی مرۆڤبوونە.
ئەم پەیکەرە ڕووه و ڕۆژهەڵات جێگیرکراوە، بە واتای ئافرەت هەردەم بەره و ئاسۆ دەڕوانێت.
دلێر ئیبراهیم