پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بۆ ئیدانەکردنی چارەنووسی نادیاری زارا محەمەدی
هاوونیشتمانیانی تێکۆشەر!
دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مروڤ!
هەر وەک ئاگادارن، ماوەی چەندین ڕۆژە،
زارا محەمەدیزارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی، ڕاپێچی گرتووخانەیەکی نادیاری ڕژیمی ئێران کراوە و بێ دادپرسییەکی دادپەروەرانە، لە بارودۆخێکی ناڕووندا دەستبەسەرە، هەرچەندە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات دەستەبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە بە نایاسایی و دژی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت.
تاوانی زارا محەمەدی، وتنەوەی وانەی کوردی و فێرکردنی زمانی دایکییە.
ڕاپێچیی ئەم مرۆڤە نیشتمانپەروەرە بۆ گرتووخانە و چارەنووسی نادیاری ناوبراو لە کاتێکدایە کە زمانی دایکی و فێربوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا ئاماژەی پێکراوە و لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا ئەم مافە بۆ هەموو کەس پارێزراو و چەسپێندراوە. بەڵام ڕژیمی ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان، ئەم مافەی لە نەتەوە بند ەستەکانی ئێران زەوت کردووە و ڕێگرە لە بەردەم هەرجۆرە مومارسەیەکی خوێندن و نووسین بێجگە لە زمانی فارسی. تاوانبارکردنی زارا و هەواڵەکانی بە وتنەوەی وانەی کوردی، ئەم ڕاستییە زیاتر دەردەخات کە بنەما و سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا، لەسەر ئیدئۆلۆژیکی تایبەت دامەزراوە و تەنیا ئاخوندەکان دەزانن و دەتوانن ئەم پێناسەیە ڕوون بکەنەوە، چونکە لە هیچ ئایدیا و باوەڕێکدا نەهاتووە کە نەتەوە بندەست و جیاوازەکان ناتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن و بنووسن.
دەسەڵاتی ئێران، بە گوشار و زەبروزەنگ، سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و پاکتاوکردنی ئیتنیکیی بەسەر نەتەوە جیاوازەکاندا سەپاندووە و بە تاوانبارکردنی ناوەندە مەدەنی و سینفیەکان و هەڵبەستنی تۆمەت، ویستوویەتی هیچ دەورێک بۆ ئازادیی زمان و شوناسە نەتەوەییەکان نەکاتەوە و بە بیانووی لەمەترسیکەوتنی ئەمنیی قەومی و هێرشی ڕۆژئاوا، بە ئامانجی پەرەدان بە جیاکاری، تا ئێستا بەردەوامە لە بەربەست دروستکردن. هەر وەک چۆن لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان بە باشترین شێوە لە کوردستان ڕۆڵیان بینیوە، بە هەمان ڕادەش سەرکوت و گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی بە بیانووی ئەمنیەتی، بە توندترین شێوە لە لایەن ڕێژیمەوە وڵام دراوەتەوە.
هەروەها سیاسەتی پاکتاویی نەتەوەیی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە، کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار کردووەتەوە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی دەیان دیاردەی نالەبار و داڕمانی کۆمەڵایەتی کە لە هەموو ئەو بارودۆخانەشدا، ژنان واتە نیوە بێبەش و لاوازکراوەکەی کۆمەڵگا، زیاترین قوربانیی دەدات. چونکە ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری بە کۆنترۆڵیکردنی نیوەی کۆمەڵگا، لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی کۆمەڵگادا بووە و بە داڕشتنی یاساکانی لەسەر بنەمایەکی دژەژن و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە لایەک و بێبەشکردن و پەراوێزخستنی ژنان لە سیستمەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە لایەکی ترەوە، لەمپەڕی لە بەردەم هەموو ڕێگاکانی پێشکەوتنی ژناندا داناوە و بگرە تاکەکانی کۆمەڵگا و ژنانی بە هۆی دەیان پێوەری بەدبەختیی کۆمەڵگاکەی، گیرۆدە و زەبوون کردووە؛ هەر وەک چۆن لە بەردەم دیاردەیەکی وەکوو کوشتن و خوکوژیی ژنان دەنگی لێوە نایەت، بەڵام بە هۆی چالاکیی مەدەنیی چالاکەوانێک، تەواوی ناوەندە ئەمنیەتی و هێزەکانی دەکەونە کار و هەست بە مەترسی دەکەن. لێرەدا سیاسەتی دژەژنی ئەو ڕێژیمە زیاتر دەردەکەوێت کە بەپێی باگراوەندە فیکری و یاساییەکەی، سیستمی دەسەڵات، هۆکاری سەرەکیی پەرەگرتنی دیاردەی ژنکوژی و خۆکوژیی ژنانە. تاوانبارانی ژنکوژ لە نەبوونی یاسایەکی ئینسانیی ئازادانە، لە کۆمەڵگادا دەسووڕێنەوە، ئەو شتەی کە دەسەڵاتی دژەژنی ئێران دەیهەوێت.
کاری ئەو ڕێژیمە، دەمبەستی ژنان و لە قەفەس خستنیانە و لە نوێترین تاوان و هەنگاوی دەمبەستکردنی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی هەموو ڕەنگەکان لە چوارچێوەی ڕەنگێکی ڕەشدا، زارا لە بەند دەکات بۆ چاوترسێنکردنی باقی چالاکانی مەدەنی. هێشتنەوەی زارا لە گرتووخانە و دیارنەبوونی چارەنووسی دوای دەیان ڕۆژ، دەری دەخات کە ڕێژیم بۆ سەرکوتی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە هەموو زەبروزەنگێک کەڵک وەردەگرێت، بۆیە ئەرکی هەموو ڕێکخراوە بەشەردۆست و دامەزراوە سینفی و مەدەنییەکانە کە ناڕەزایەتی دەرببڕن و دەنگی زارا و دیان چالاکی مەدەنیی دیکە بن.
ئێمە وەک ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات، داوا لە هەموو لایەک دەکەین ببنە دەنگی زارا و بە وەڕێخستنی کەمپەین و هەرجۆرە جووڵەیەکی ناڕەزایەتی، پشتیوانی لە ئازادبوونی بکەن و نەهێڵن زارا وەک سەدان کەسی بێتاوانی دیکە، تووشی دەیان گرێوگۆڵی دەروونی بکەنەوە و لە زینداندا بەبێ چارەنووس بهێڵرێتەوە.
هەروەها داوا دەکەین لەب ەردەم پرسی ژن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێدەنگ نەبن، چونکە ئەو پرسەیە کە ڕێژیمی ئێران دەیان ساڵە کۆمەڵگای ئێرانی پێ کۆنترۆڵ دەکات و بێگومان نیوەی کۆمەڵگا دەتوانێت باشترین کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەکاندا هەبێت.
ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لە لایەن پێنج ڕێکخراوی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە کە بریتین لە:
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
06-06-201906-06-2019