٭ناوی تەواوی مەحەمەد ساڵح
٭لە ساڵی 1916 لە شاری #سلێمانی# لەدایک بووە.
٭ساڵی 22-6-1973 لەشاری بەغداد کۆچی دوایی کردووە و
لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردراوە.
٭فاتمە خانی هاوسەری کچی نوری ئەمین قاسم بوو کە پیاوێکی ئاریز و ناوداری شار بوو.
٭حەمە زلە
پیاوێکی کەمێ قەڵەو و قسەخۆش و لەبز خۆش بووە.
خاوەنی دوو پیشەی بەناوبانگ بووە.
سەرەتا بەرگدروو بوو، دوکانەکەی لە تەنیشت دەرگای خوارەوەی سینەما سیروان بووە.لە بەردەم دوکانەکەی کۆمەڵێ کورسی دادەنا و هاوڕێکانی لەدەوری خۆی کۆدەکردەوە. خاوەنی ئوتویەکی خەڵوز بوو..
کار وپیشەی دووەمی کاری کوشنچێتی هەبووە. کە دواتر کوڕەکانی لەسەر هەمان کار بەردەوام بوون.
٭هاوڕێکانی حەمە زلە.
هاوڕێی زۆر نزیکی هەر شاعیری بەناوبانگی کورد
مەدهۆش و شێخ نوری شێخ ساڵح و گۆران بووە.کە ئەوان زۆربەی کات لە لەدانیشتن و گەیشتەکانیدا لەگەڵیدا بوون.
زۆر لە پیاوە ناسراو و ناودارەکانی شار و ئەفەندییەکانی ئەوکات دەچوونە دوکانەکەی ئەو و دادەنیشتن بۆ قسەی خۆش و گێڕانەوەی بەسەرهاتە خۆشەکان، یان بۆ دوورین و ئوتوکردنی پۆشاکەکانیان.
ئەوکات خەیات و ئوتوچیەکان زیاتر ئوتووی ئەم جۆرە پۆشاکانەیان ئەکرد..
(چاکەت و پانتۆڵی کەیفە و یەلەگ و ساقۆ و پاڵتۆ و قاپوتی درێژ و کورت و فێست و سدارەی سەر دروستکردنی بۆینباخ و ئوتودانی و کاری چنینەوەی کون و قەڵبە و ڕەوافی ئەکرد.
ئەکرمی مەحمودی ساڵحی ڕەشە
لە نوسینێکدا باسی شوێنکاری حەمە زلەی ئوتوچی دەکات و دەڵێیت:
حەمە زلە دوکانی خوار دەرگای خوارووی (ساڵۆنی چللی) سینەما سیروان بووە.
بەڵام زۆر لە پیاوە بەتەمەنەکانی شار ئەڵێن کە حەمە زلەی ئوتوچی شوێنێکی دیاریکراو و جێگیری نەبووە هەتا ساڵانی شەستەکان.
حەمە زلە لەسەرەتایی شەستەکان سلێمانی جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە شاری بەغداد و تا دواساتی تەمەنی لەوێ ژیان دەگوزەرێنێت و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات.
وەک دەگێڕنەوە لەساڵی چلەکان هەتا پەنجا و شەستەکان زۆر شوێنکاری گۆڕیوە و دوکانی لە زۆر شوێنی سلێمانیدا هەبووە.
جارێک دوکانەکەی لای حەمامی سورەت بووە، جارێک ئوتوە پڕ خەڵوزەکەی لەناو بازاڕی خومەینی بووە، جارێکی تریش لای مزگەوتی دوو دەرگاوە لە ئەسحابە سپی.
٭بەسەرهاتی ئوتوەکەی حەمە زلەچییە؟
ئەوکاتە کارەبا وەکو ئێستا نەبوو، یان ڕوونتر بڵێین ئوتووی کارەبایی نەبوو و تەکنەلۆژیا وەکو ئێستا لە پێشکەوتوو نەبوو، لە هەموو شاری سلێمانیدا چەند کەسێک هەبوون کە ئوتویان هەبێ و کاری ئوتوچێتی بکەن.
ئوتوی ئەوکاتیش هەموو بە خەڵوزی گەشاوە و پشکۆ کاریان دەکرد.
حەمە زلە
ئوتوەکەی لەبەردەم دوکانەکەی خۆی دادەنا و پڕی دەکرد لە خەڵوز ئیتر هەتا خەڵوزەکە دەگەشایەوە و پشکۆکانی سور دەبوون، کاتی زۆر زۆر دەخایاند و زۆری پێدەچوو.کەسێکیش هاوکاری دەبوو بۆ گەشانەوە و سوربوونەوەی پشکۆکان و گەرمکردنی ئوتوەکەی.
جا هەر کەسێک قاپوتێک یان پانتۆڵ و کراسێکی بۆ ئوتوکردن بهێنایە بۆی، لە هۆش خۆی دەچوو ئەوندە چاوەڕێی دەکرد، چونکە ئوتوەکەی زۆر زۆر درەنگ گەرم دەبوو، کە گەرمیش دەبوو ئیتر بەهیچ سارد نەئەبۆوە.
ئیتر ئەم گوزارەیە لە سلێمانیدا بۆ کەسێک بەکاردێت، کە زۆر خاو و تەمەڵ و تەوەزل بێت.یەکسەر پێی ئەڵێن بوو بە ئووتوەکەی حەمە زلە هەر گەرم نەبوو، یان کە شتێک خاو کار بکات هەر ئەڵێن بوو بەئوتوەکەی حەمە زلە..
ئامادەکردنی :داناز عەبدولڕەحمان.