شەهیدی شاعیر (سەلام سۆڵەیی)
سەلام کوڕی سەید ئەحمەدی شێخ سەعیدە، لە بنەماڵەی شێخەکانی سۆڵەی قەرەداغە.
دایکی ناوی (حەپسەی شێخ کەریم)ە لە بنەماڵەی شێخەکانی عازەبانە.
سەلام سۆڵەیی لەساڵی 1942 لە گوندی (شێخ تەویل)ی سەر بەشارۆچکەی پێباز (باوەنور) لەدایکبووە.
لە ساڵی 1950 لە حوجرە خراوەتە بەر خوێندن، سە ڕە تا لە گوندی بەکر بایەف و دواتریش لە حوجرەی گوندەکانی (قەڵاتە بزان، کوێرەک، پونگڵە، بانی خێڵان) درێژەی بەخوێندن داوە، بەڵام دواتر لەبەر حەزنەکردنی لەپیشەی مەلایەتی وازی لەخوێندن هێناوە و ئیجازە ی مە لایە تی وە ڕنە گرتووە.
هەر لەتەمەنی منداڵیەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووە و پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعییەوە کردووە، دژایەتی ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچەکەی کردووە، بە هۆی قبوڵنەکردنی ئەو واقعەوە توشی چەندەها دەردە سەری لەگەڵیاندا هاتووە، تەنانەت جارێک بەگرتیان داوە، بەڵام لەبەر ئەوەی منداڵ بووە دوای دوو هەفتە ئازاد کراوە.
لە ساڵی 1962 دەچێتە خزمەتی سەربازی و هەر لەوێش کار و چالاکی ڕێکخستنی حزبی دەکات، هەر لەو ماوەیە دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا پیلانی کوشتنی تاوانباری کوردکوژ (زەعیم سەدیق) دادەنێن، پێش بە ئەنجام گەیاندنی پێیان دەزانرێت و دەستبەسەر دەکرێن و ڕەوانەی بەندینخانەی #کەرکووک# دەکرێن.
سەلامی شاعیر هەر چەند ئەشکەنجەیەکی یەکجار زۆر دەدرێت و نینونەکەکانی دەست و قاچی دەردەهێنرێت و بە پانکەوە هەڵیدەواسن و بە ئوتوو پشتی دەسوتێنن، بەڵام بچوکترین نهێنی نادرکێنێت.
لە دوای دوو ساڵ و نیوو مانەوە لەبەندینخانە و لەساڵی 1965 ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە ناوچەی خۆیان و پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە دەکات، دەبێت بە پێشمەرگە و پلەی سەر لقی پێدەدرێت.
ڕۆڵێکی کاریگەری لە زۆرینەی شەڕەکانی ئەو کاتەدا هەبووە، وەک ئەوەی لەناو هاوڕێ و کەسوکارەکەیدا باسی دەکرێت کەسێکی ئازا و بوێر و چاونەترس بووە، لە ماوەیەکی کەمدا جێگای خۆی لە دلی خەڵکیدا کردۆتەوە، ناو و ناوبانگی دەرکردوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی #گەرمیان# و سەنگاو و قەرەداغ و #شارەزوور#.
مرۆڤێک بووە هەمیشە بەتەنگی کێشە و گرفتی خەڵکانێکی هەژار و ڕەشوڕوتەوە بووە، بەرگری سەرسەختانەی لێکردون لە بەرامبەر هەر کەسێکدا کە ویستبێتی زوڵمیان لێ بکات و مافیان بخوات، لەو پێناوەشدا تووشی گرفت و سەرئیشەی زۆر بووە.
لە #08-11-1973# لە قەڵا سوورەی کانی سارد شەهید دەبێت، لەو کاتەدا شەڕ لەنێوان حزبی شیوعی و #پارتی دیموکراتی کوردستان# دروست دەبێت، لەهەر چوار لاوە گەمارۆ دەدرێت، هاوڕێکانی داوای لێدەکەن کە پاشەکشە بکات، بەڵام سوێند دەخوات کەتا دوا هەناسە بجەنگێت، ئیدی هەرواش دەکات و لە دوای بەرگریەکی پاڵەوانانە و بێ وێنە و لە تەمەنی 31 ساڵیدا شەهید دەکرێت.
ئەوەی جێگای داخە زۆربەی شیعرەکانی باس لەیەکبوون و یەکگرتن دەکات، بەڵام خۆشی دەبێتە قوربانی شەڕی براکان و سیاسەتی چەوتی حزبەکان.
لە پاش خۆشی چوار منداڵی بە ناوەکانی (کوێستان و لوقمان و گۆران و گەرمیان) بەجێدەهێڵێت.
ئەوەشی پێویستە بوترێت مامۆستا گۆرانی کوڕیشی لە ساڵی 1994 لەلایەن کۆمەڵێ لە کۆنە ئەمنەکانی بەعسەوە زۆر بەناحەق شەهید دەکرێت.
$بەرهەمەکانی$
سەلامی شاعیر هەر لەمنداڵیەوە شیعری نوسیوە، کاریگەری شاعیرانی کلاسیکی لەسەر بووە، بەتایبەتیش قانیع.
لە ساڵی 1970 دیوانێکی شیعری بەناوی (شاخی سۆڵە) لەسەر ئەرک و تێچوی #مام جەلال# بە چاپ گەیاندووە.
دیوانی (دەردی دڵ) ئامادەی چاپکردنی کرد بوو، بەڵام مەخابن مەرگ بواری نەدا و دواتریش زۆربەی شیعرەکانی ئەو دیوانەی فەوتان و لەناوچوون هەندێکی کەمی نەبێ، دواتر لەساڵی 2016 لەگەڵ دیوانی (شاخی سۆلەدا) پێکەوە لەدووتۆی دیوانێکدا چاپ کرانەوە.
جگە لە شیعر چیرۆکێکی درێژی بەناوی (وەفای کچە کوردێکی لادێی) نووسیوە و ئەویش لە کۆڕەوی ساڵی 1991 دا فەوتاو لە ناوچوو.[1]