لەسنوری ئیدارەی #گەرمیان# هەڵمەتێکی چاندنی نەمام و پاککردنەوەی سەیرانگاکان ئەنجامدارا و لە #دەربەندیخان#یش فەرمانبەرانی شارۆچکەکە لەسەر ئەرکی خۆیان ژمارەیەک نەمامیان ناشت.
ئەمڕۆ، بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان هەڵمەتێکی پاککردنەوەی سەیرانگاکانی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدا.
سەرەتای هەڵمەتەکەی گەشتوگوزاری گەرمیان، بە چاندنی ژمارەیەک نەمام لە دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەستی پێکرد و دواتر بەرزاییەکانی نزیک گوندی بەردە سوور و سەیرانگاکانی بەرلووت و قولەبەرز و قۆرەتوو، لە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکان پاککرانەوە.
هاوکات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای #سلێمانی#، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دەربەندیخان، هەڵمەتێکی ناشتنی نەمامیان ئەنجامدا، لە هەڵمەتەکەدا زیاتر لە سی نەمامی بەردار نێژران، کە بریتیبوون لە زەیتوون و لیمۆ و خورما و نەمامەکانیش لەسەر ئەرکی فەرمانبەران کڕدرابوون.[1]
#19-03-2019#