(ذو القرنین) ی چاکسازو بانگخوازو (یأجوج و مأجوج)
نووسینی: عەبدولجەبار قەرەداغی
پێغەمبەری خوا ڕۆژێکیان لەکاتی چیشتەنگاودا باسی (دجال)ی بۆ کردین، کە لە ئاخر زەماندا پەیدا دەبێت، بە شێوەیەک باسی دەکرد کە دەنگی تێدا نزمء بەرز دەکردەوە، بۆیە وا گومانمان برد کە لە نێوان ڕیزی دار خورماکاندا خۆی حەشار دابێت، جا کاتێک لە ئێوارەدا گوێمان لێ گرتبوو، چووینە قووڵایی فەرمودەکانییەوە، هەستی پێ کردین، کە هێندە ئالودەی باسەکەی بوین.. بۆیە لێی پرسین:
(ئەوە چیتانە؟) وتمان: (ئەی پێغەمبەری خوا لەکاتی چێشتەنگاودا باسی (دجال)مان بە شێوەیەک بۆ دەکەیت، دەنگی خۆتی تێدا بەرزء نزم دەکەیتەوە، تا وای لێهات وامان دەزانی کە هەر ئێستا (دجال) پەیدا بووەء لەناو دار خورماکاندایە).. ئینجا پێغەمبەر فەرمووی: (من لە غەیری (دجال) مەترسی تر لەسەر ئێوە شک دەبەم، خۆ ئەگەر ئەو لە سەردەمێکدا پەیدا ببێت کە من لە ناوتاندا مابم، ئەوا من بە بێ ئێوەیش بەرەنگاری دەبمەوەء چاری دەکەمء دژایەتی دەکەم. خۆ ئەگەر لە سەردەمێکدا پەیدا ببێتء من لە ناوتاندا نەمابم، ئەوا هەر کەسەء بە تواناء بەرگری خۆی بەرەنگاری دەبێتەوە، سەرەڕای ئەمەیش خوای گەورە بۆ خۆی لە پاش من سەرۆکاری هەموو موسڵمانان لە باتی من دەکات.
بزانن کە (دجال) لە هەڕەتی لاوێتیء گەنجیدایەء موو کرژی سەر ئاڵۆسکاوییەء چاوی بە قووڵدا چووەء تروسکە ناکات لەبەر چاوی من لە (عبدالعزی ی کوڕی قگن) دەچێت، واتە (لەو پیاوەی کە هەموو هاوەڵان دەیناسن) جا هەر کەسێک لە ئێوە لەو زەمانەدا پێی گەیشت با دە ئایەتەکەی سەرەتای سوورەتی (الکهف)ی لە بەرامبەردا بخوێنێت. هەروەها ئەم (دجال)ە لە ڕێگەیەکەوە کە دەکەوێتە نێوان شامء عێراقەوە پەیدا دەبێت بۆ گیانی ئێوە، ئیتر بە ڕاستء چەپدا خراپەء تاوانء فەسادی بڵاو دەکاتەوە.. دە ئەی بەندەکانی خوا ئێوەیش لەو ڕۆژەدا جێگیرء دامەزراو بن لەسەر ئیمانء باوەڕەکەتان). ئێمەیش وتمان: (ئەی پێغەمبەری خوا ئایا (دجال) چەندە لەسەر زەویدا دەمێنێتەوە؟) فەرمووی: (چل ڕۆژ دەمێنێتەوە، بەڵام ڕۆژێک لەو چل ڕۆژە بە ئەندازەی ساڵێکەء ڕۆژێکی تریشیان بە ئەندازەی مانگێکەء ڕۆژی سێیەمیش بە ئەندازەی هەفتەیەکەء ئیتر پاشماوەی ڕۆژەکانی تری کە (37) ڕۆژە وەک ماوەی ڕۆژەکانی ئێوە وایەء ڕۆژانی ئاسایین، واتە (هەر چل ڕۆژەکەی (دجال) لە ماوەی ساڵێکء مانگێکء هەفتەیەکء سیء حەوت ڕۆژی ئێوەدایە).. ئێمەیش وتمان: (ئەی پێغەمبەری خوا ئایا ئەو ڕۆژانەی کە لە ماوەی ساڵێکء مانگێکء هەفتەیەکی ئێمەدایە، بە ئەندازەی ماوەی ڕۆژێکی خۆمان نوێژی تێدا بکەین؟) فەرمووی: (نەخێر، بەڵکو بە قەدەر ماوەی ئەو زەمانە حەقی خۆیی پێ بدەنء نوێژەکان لە کاتە ڕاستەکانی خۆیدا بکەنء بە ئەندازەی خۆی ئەندازەی بگرن).. پاشان وتمان: (ئەی پێغەمبەری خوا خێراییء سستی ڕۆیشتنء گەڕانی (دجال) بە ناو خەڵکیدا چۆنە؟). لە وەڵامدا فەرمووی: (خێرایی ڕۆیشتنەکەی وەک ئەو بارانەیە کە بای بە دوادا دێتء بە باوە دەبارێت.. ئینجا بەناو خەڵکەکەدا دەگەڕێتء بانگەوازیان دەکات بۆ ڕێگەی خۆی.. خەڵکەکەیش باوەڕی پێ دێننء بەدەم بانگەوازەکەیەوە دەچن، هەروەها (دجال) فەرمان بە ئاسمان دەکاتء ئاسمانیش (بێگومان بە خواستی خوا) باران دەبارێنێتء ئیتر ئاژەڵەکانیان هێندە تێر ئاوء تێر لەوەڕ دەبن، کە شیرێکی یەکجار زۆریان دەبێتء گوانەکانیشیان پڕ پڕ دەبێتء تەنیشتەکانی جەستەیان قەڵەو دەبێت.. پاشان (دجال) دێتە لای کۆمەڵێکی تر کە ئیماندارنء دەیەوێت بە خوای بزانن، بەرپەرچی وتەکانی دەدەنەوە، ئەویش لێیان زویر دەبێت، کەچی لە پاش ئەو دەکەونە سەغڵەتیء قاتء قڕیء گرانییەکی وەهاوە کە هیچ ماڵء سامانیان بە دەستەوە نامێنێت.. پاشان (دجال) بەلای کەلاوەیەکدا تێپەڕ دەبێتء پێی دەڵێت:
گەنجینە حەشار دراوەکانتم بۆ دەربکە.. ئەویش بە گوێی دەکات، گەنجینەکانیش هێندە زۆرن کە وەک پوورەی هەنگ چۆن شوێنی شاکەیان دەکەون، ئەویش ئاوا شوێنی ئەو دەکەوێت. لە دواییدا (دجال) پیاوێکی گەنجی ڕێکء پێک بانگ دەکاتء قەممەیەکی لێ دەداتء دەیکات بە دوو کەرتەوە بە ئەندازەی تیر هاوێژێک دوو لەتەکەی لە یەکتر دوور دەکەونەوە.. پاشان بانگی دەکاتء زیندوو دەبێتەوەء ڕووی تێ دەکاتء بە ڕووی گەشء شادییەوە پێدەکەنێت.. جا کاتێک (دجال) بەم جۆرەیەء لەم حاڵەتەدایە لەسەر فڕء فێڵی خۆی، لە ناکاو خوای گەورە (عیسی ی کوڕی مەریەم) دەنێرێتە خوارەوە، لە خۆرهەڵاتی شاری (دمشق) لای منارە سپییەکە، لە نێوان دوو بەرگی بە زەعفەران زەرد کراو یان دوو بەرگی لەتکراو، دادەبەزێتە خوارەوە، هەردوو لەپی دەستی خستۆتە سەر باڵەکانی دوو فریشتە، ئەوەندە پاکء خاوێنە دەڵێی تازە لە گەرماو خۆی شۆردوە، کاتێک سەری دادەنەوێنێت ئاوی لێ دەتکێت، کاتێک سەریشی بەرز دەکاتەوە وەک بەردە درەوشاوەء مروارییەکان وایە، ئیتر لەو کاتەدا هەر کافرێک بۆنی هەناسەی بکات، کوتء پڕ دەمرێت، تا چاویشی بڕ بکات بۆنی هەناسەی دەڕوات..
ئینجا (عیسی) بە دوای (دجال)دا دەگەڕێتء لە لای (باب اللّد) دەیبینێتء دەیکوژێت، پاشان (عیسی ی کوڕی مەریەم) دەگاتە لای کۆمەڵێک کە ئیماندارنء خوای گەورە لە (دجال) پاراستوونی، هەواڵی ناو پلەء پایەکانی ناو بەهەشتیان پێ ڕادەگەیەنێت کە بۆ ئەوانەء دەیان حەوێنێتەوە..
ئیتر ئەوا عیسا سەرگەرمی کارء باری خۆیەتیء لە ناکاو خوای گەورە وەحی بۆ دەنێرێت: ئەی عیسا ئەوا من چینێکم لە بەندەکانی خۆم بۆ بەرەڵڵا کردووە، کەس بە شەڕء هەرا دەرەقەتیان نایەت، جا تۆیش بەندە باوەڕدارەکانم بۆ کێوی (گور) ببەء لە دەست ئەو بەندە دڕندانە ڕزگاریان بکە).. ئیتر خوای گەورە (یأجوج ومأجوج) دەنێرێتء ئەوانیش لە هەموو گردء یاڵء بەرزییەکەوە بە تەکان دێنء جمەیان دێتء ڕیزە سەرەتاکەیان بەسەر دەریاچەی (گبریە)دا دەڕۆنء هەرچی ئاوی دەریاچەکەیە هەمووی دەخۆنەوەء چۆڕی لێ دەبڕن، پاشان ڕیزەکانی تریان پیایدا تێپەڕ دەبن، ء دەڵێن: (لەمەو پێش لێرەدا ئاو هەبووە). ئینجا عیساء هاوەڵە ئیماندارەکانی لە تەنگانەیەکدا دەبنء گیر دەخۆن کە هیچ خۆراکء کەرەستەیەکی ژیانیان پێ نییە، بۆیە تەنها سەرە گایەک بۆ کەسێکیان لە سەد لیرەی زەردی ئەمڕۆی کەسێکی ئێوە باشترە لە لایان.. لەو کاتەدا پێغەمبەر عیسا (علیە السلام)ء هاوەڵەکانی بە کوڵء بە سۆزی دڵ لە خوا دەپاڕێنەوە، کە لە ناویان بەرێتء بیان فەوتێنێت دەرویەکی ڕەحمەتیان لێ بکاتەوەء بەسەر ئەو دوژمنە زۆر دڕندەیەدا سەریان بخات.. نزاکەیان گیرا دەکاتء کرمێک دەداتە گەردنیانء سەرجەم بە یەک دەم هەمویان دەتۆپێن (واتە: یأجوج ومأجوج) وەک مردنی یەک کەس دەمرن.
پاشان پێغەمبەر عیساء هاوەڵەکانی لە چیای (گور) دادەبەزنە خوارەوە بۆ ناو وڵات، بەڵام دەبینن ئەو سەر زەوییەش یەکپارچە پڕ بووە لە لاشەی ئەوانء لە هەر تاکە بستێکی سەر زەوییەکەیشەوە بۆگەنء بۆنی جەستە مردارەوەبووەکانیان دێتء ئەو هەموو بۆگەنە بڵاو بووەتەوە، بۆیە پێغەمبەر عیساء هاوەڵەکانی داوا لە خوا دەکەنء لێی دەپاڕێنەوە، کە ئەو حاڵەتە ناسازەیان بۆ بگۆڕێت.. خوای گەورەیش داواکەیان پەسەند دەکاتء بۆ ئەم مەبەستە جۆرە باڵندەیەکی گەورە دەنێرێت (وەک گەردنی وشتری مل درێژ) ئەم باڵندانە یەکە یەکە هەموو لاشە مردارەوە بووەکانی (یأجوج ومأجوج) هەڵدەگرنء لە شوێنێکدا بە خواستی خوا فڕێیان دەدەن کە ئیتر خەڵکی وەڕست نەکات.
پاشان دوای ئەمە خوای گەورە بارانێکی وایان بۆ دەبارێنێت کە هەموو شارء گوندء خێوەتگایەک دەگرێتەوەء زەوی دەشواتەوەء پاکء خاوێن وەک ئاوێنەی سافء ڕوونی لێ دەکات.
ئینجا فەرمان بە زەوی دەکرێت کە: (بەرء بوومت دەربکەء خێرء بەرەکەتەکانت دەر بکە وەک جاری جاران)، تا وای لێ دێت بەرء بوومء بەرەکەتەکانی هێندە دەبێت، کە کۆمەڵە کەسێک لە یەک هەنار دەخۆنء ئەو تەنها هەنارە بەشیان دەکات، هەروەها لەژێر سێبەری قاوغەکانیدا دەحەسێنەوە، ئاژەڵی لەوەڕ خۆریش پیتء فەڕێکی وای تێ دەکەوێت، شیری ژەمی وشترێکی تازە زاو بەشی کۆمەڵێکی زۆر دەکات، ژەکی ژەمی مانگایەکی تازە زاو بەشی خێڵێک دەکات، فرۆی ژەمی مەڕێک یان بزنێک بدۆشرێت بەشی تیرەی خێڵێک دەکات. جا ئەو ئیماندارانە لەو بارء دۆخە خۆشەدان بۆ ماوەیەک، تا لە ناکاو خوای گەورە کزە بایەکی خۆش دەنێرێتء ژێر باڵی هەموویان دەگرێتەوەء گیانی گشت باوەڕدارء موسوڵمانێک دەکێشێت.. ئیتر تەنها خەڵکی خراپء بەدکار لەسەر زەوی دەمێنێتەوە، کە سەرگەرمی هەراء هوریاء بەزمء ڕەزمی ناو خۆیان دەبن وەک کەرگەلء دێڵە بەبا بە بەر چاوی یەکترییەوەء بێ شەرمء شکۆ لە یەک هەڵدێنء لە یەک دەپەڕن، لەم حاڵەتەیشدا قیامەت بەدی دێت!).
هەروەها (مسلم) لە شێوە گێڕانەوەیەکی تردا بڕگەیەکی تری بۆ ئەم فەرموودەیە، بەم جۆرەی لای خوارەوە زیادکردووە:
پاشان ئەوان (واتە: یأجوج ومأجوج) هەر دەڕۆن هەتا دەگەنە چیای (الخمر) لە (بیت المقدس)ء دەڵێن: (ئەوا هەموو خەڵکی سەر زەویمان کوشت، دە با بچین ئەوانە بکوژین کە لە ئاسماندان.. بۆیە تیرەکانیان دەگرنە ئاسمانء ئەو کاتەیش خوای گەورە تیرەکانیان بۆ خوێناوی دەکاتء بۆیان هەڵدەداتەوە، تاکو دڵیان بەوە خۆش بێت گوایە خەڵکی ئاسمانیشیان کووشتوە).
بێگومان (یأجوج ومأجوج) زۆرترین ژمارەی نەتەوەکانی تر پێک دەهێنن، هەر ئەوانیش زۆرترین کافرانی دۆزەخنء بەو ژمارە هەرە زۆرەی خۆیان ژمارەی کافرانی ناو دۆزەخ لە قیامەتدا زۆر دەکەن.
[1]