لە قوروەوە دەنگی سترانی کوردی دێت
#هۆمەر نۆریاوی#
سەرنجێک: ئەم نووسینە بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی ئامادە و پێش دەستپێکی وتووێژەکە و وەک پێشەکی و وشەی بەرایی، پێشکەش کراوە. بە هەندێک دەستکاری و کورتە پێداچوونەوەیەک و دانانی سەردێڕێک بۆ نووسینەکە، دەخرێتە بەر دیدەی تۆی خوێنەر.
نیشتمانی کوردان، بە چۆم و شاخ و بەندەن و پێدەشتی پڕپڕی گوڵاڵەسوورە، مێژووی کۆن و کەونارا و شوێنەواری دێرین، سامانی زەنگینی کەلەپوور و فۆلکلۆری دەوڵەمەند و خەڵکانێکی دەروون پاکژەوە، بە درێژایی دیرۆک، مەکۆ و بنکە و لانکەی ژمارەیەک نەغمە و ئاواز و مێلۆدی هەرە ڕەسەنی مۆسیقایی لە ئاستی جیهاندا بووە و نەغمەی هەرە کۆنی وەک هۆرە، سیاچەمانە، چەمەری، لاوک و حەیران هەر لەم هەرێمەوە بەرگوێ دەکەوێت. هەر بۆیە ڕوو لە کامە دەڤەر و مەڵبەندی ڕەنگاڵەیی ئەم نیشتمانە هەراو و بەرینە بکەیت، ئەم فرەدەنگیی و فرەڕەنگییەت بەردیدە و گوێچکە دەکەوێت. میوانی ئەمجارەی خۆشنەوایان، لە یەک لەو مەڵبەندە بە گۆرانیی تەنراوانەی وڵاتی کوردەوارییەوە دێت.
ئەم سیما هونەرییە، ساڵی 1342ی هەتاوی(1964) لە گوندی مەیمەنەتئاوای سەر بە باژاڕی قوروەلە دایک دەبێت.
قوروە، تەنێ مەڵبەندی کانگە و بەردی گرانبایی و گۆلی سەراو و چیا و شاخە سەرکەشەکانی وەک پەرێشان و پەنجەعەلی و بەور و کۆڵەوا و بان سەرانجیک نییە، قوروە، هەر تەنیا مەکۆی ئەفسانە کوردییەکان نییە، ئەم ناوەی کوردەواری تەنێ بۆ ئاخاوتن بە بنزاری لەیلاخی-ئەردەڵانی و کولیایی بەناوبانگ نییە، تەنێ هەر خاوەنی خەیاڵی شاعیر(میکایل فەلاحی)، غەریب کوردستانی، لەیلا ڕەزایی نییە و بە دەیان شاعیر و تۆرەوانی دی لەو ناوەوە سەر هەڵدەدەن.
لەو ناوەی کوردستانەوە، دەنگی هونەر و سترانی کوردییش بە درێژایی مێژوو بڵند بووە و نهایش هەر بەرزە و گەلێک هونەرمەند لەوێوە سۆزی دەنگیان بە گشت کوردەوارییدا بڵاو بۆتەوە.
هاوڕێ و خوێنەری هونەروەشەویست، ئەم کەسایەتییە هونەرییە، هەر لە سەردەمی منداڵییەوە ئاوێتەی نێو دنیای موزیک دەبێت چونکە لە ماڵباتێکی هونەرپەروەردا لە دایک دەبێت.
بۆ خۆی دەڵێت، لە ساڵی 1357 و لە تەمەنی 12 ساڵانەوە بە لای چەندان مامۆستای موزیکەوە لە تاراندا فێری وانەکانی مۆسیقا بووە. یەک لە مامۆستاکانی ساڵح عەزیمییە کە بە لایەوە سەرەتاکانی موزیک دەخوێنێت و فێری نۆتە و ئەلفبێی موزیک دەبێت و هێشتایش پاش ڕۆژگارێکی دوور و درێژ، خۆی بە قەرزباری ئەو مامۆستایە دەزانێت.
ئەم هونەرمەندە لەبەر ئەوەی زادەی نێو بنەماڵەیەکی هونەرییە، هەر لە تەمەنێکی خوارەوە حەزی هونەر لە ناخیدا چەکەرە دەکات و گوێی هەر لە تەمەنی زارۆکییەوە بە ئاواز و گۆرانی ئاشنا دەبێت. سەرەتای چالاکی ئەم سیما هونەرییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1357 (1979) و لە تاران وانەکانی موزیک فێر دەبێت.
محەممەد مەیمەنەت، دەنگێکی نێو ڕووبەری موزیک و گۆرانیی کوردییە کە بە نەغمەی لەبەردڵانی نێو ناخەکەی، سۆزی بلاوێنی سترانی کوردی بۆ ئاشقانی ئاواز و گۆرانیی کوردی دەگوێزێتەوە. دەنگە هەردەم لە ناخەوە نزیکەکەی هونەرمەندی هەرە ناسراوی کورد مەزهەر خالقیئەوەندە لەسەر هەست و نەستی کاریگەر دەبێت کە سەرەتا بە لاساییکردنەوەی سترانەکانی ئەم هونەرمەندە، دەست پێ دەکات. محەممەد مەیمەنەت، دەنگێکە لە قوروەوە زایەڵەی بەرز دەبێتەوە و دواتر گەلێک ناوچەی دی کوردەواری دەتەنێتەوە.
تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان هەرگیز ناتوانن جیایی و دابڕانێک لە نێوان ئەم و موزیکدا دروست بکەن و ژیانی هەمیشە بە دەوری مۆسیقادا دەسووڕێتەوە.
هونەرمەند محەممەد مەیمەنەت، موزیکی کوردی بە یەک لە مۆسیقا هەرە کەونەکانی دنیا دادەنێت کە گەر یارمەتی بدرێت و پشتیوانی لێوە بکرێت، پتر بوونی خۆی لە ئاستی جیهاندا دەسەلمێنێت.
ئەم هونەرمەندە بۆ بژیوی خۆی، خاوەنی دووکانێکی گچکەیە و هەمیشە لە موزیک و خوێندنەوەوە نزیکە و ئاوێتەی نێو دنیای ڕۆژنامە و گۆڤارە و هەر لە ڕێی خوێندنەوەی بەردەوامەوە، دەیەوێت سەنگی کارەکەی خۆی بەرزتر بکاتەوە.
بە دوو زمانی کوردیی و فارسی دەسترێت و هەتا هەنووکەیش چەندان کۆنسێرتی هونەری بەڕێوە بردووە.
ئەو پێی وایە هونەر بۆ گەنجان ئەو دەرفەتە زێڕینە دەڕەخسێنێت تا پتر بەهرە و توانا شاراوەکانی خۆ دەربخەن و لەم ڕێگەیشەوە خۆ لە پەتا کوشندەکان دوور بکەنەوە.
لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەرپرسان دەتوانن لە ڕێی یارمەتیدانەوە کەشێکی شیاوی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵدا دروست بکەن. هونەرمەندانیش دەتوانن بە هونەرکەیان خزمەتێکی بەرفرەی ڕووبەری چاندیی کۆمەڵ بکەن. هەروەها ڕای وایە کە دەنگ و کەسایەتی هونەرمەند دەتوانێت کارتێکەری هەرە باشی لەسەر کۆمەڵ هەبێت.
ئەم هونەرمەندە، مۆسیقای هەر کامە لە ناوچە و مەڵبەندەکانی کوردستان بە خاوەنی سەنگێکی تایبەت دادەنێت کە فرەدەنگ و ڕەنگاڵەیی دەنوێنێت.
محەممەد مەیمەنەت، موزیکی کوردی بە دارێکی کەون دەشوبهێنێت کە کەس ناتوانێت حاشا لە دێرینبوون و زەنگینی بکات و پێی وایە زۆر ئاواز و مەقامی نەتەوە و زمانە جۆربەجۆرەکان، قەرزباری مێلۆدی ڕەسەنی کوردیین.
جێی ئیشارەت پێدانە ئەم هونەرمەندە بۆ نزیکەی 15 ساڵ هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ تەلەڤزیۆنی سنە دەکات، هەروەها لە تەک ڕادیۆ تێ ڤێی کرماشان و بەشی کوردیی سەحەر هاریکاری دەبێت و بەرهەمەکانیشی لە دەزگەکانی ڕادیۆ تێ ڤێی سنە، کرماشان، مەهاباد، بەشی کوردیی سەحەر و دوو کەناڵی 4 و 5 ی ئێرانەوە بڵاو دەبنەوە. نیشتمان، سەرگوڵ، کۆچ، چەن جوانە، وەتەن، لە دوورۆ هاتم، مەکۆی ئەوین، وەرزی تێکۆشان، خێری خودا، دیداری جان، پاییز، سترانی ئایینیی محەمەد، تەنێ چەند گۆرانییەکی ئەم هونەرمەندە دێنە ئەژمار. هەگبەی هونەریی ئەم هونەرمەندە نزیکەی 33 ستران و گۆرانیی تێدایە.
محەمەد مەیمەنەت، لە دەرەوەی ئێرانیش لەگەڵ موزیکزانی ناوداری کورد کەیهان کەڵهوڕ و گرووپەکەی لە هۆڵی هۆلیڤوود بەرنامەی هونەریی بەڕێوە بردووە.
جێی ئاماژەپێدانە کە بەرنامەی خۆشنەوایان، بەرنامەیەکی هونەریی ئاوێتە بە تۆرەی کوردییە و حەوتانە لە ڕادیۆ سنەوە پەخش و بڵاو دەبێتەوە. نووسەری ئەم دێڕانە، بۆ نزیکەی 6 ساڵ دەچێت کە ئەرکی نووسین و پێشکەشکردنی بەرنامەکەی لە ئەستۆیە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لەسەر دەیان هونەرمەندی ناوداری کورد بەرنامەی نووسیوە و هەروەها لە تەک گەلێک هونەرمەندیش(سترانبێژ و ژەنیار)وتووێژ و هەڤپەیڤینی ئەنجام داوە. نووسەری ئەم دێڕانە، لە ڕێی وتووێژێکی تێر و تەسەلەوە لەگەڵ سترانبێژ محەممەد مەیمەنەتدا وەرامی دەیان پرسیار لەسەر ژیانی هونەریی ئەم هونەرمەندە و دۆخی دوێنێ و ئەمڕۆی موزیکی کوردی دەست دەکەوێت کە ئەم گرینگەیش لە ڕێی گوێڕادێران و بیستنی ئەم بەرنامەیەوە دێتە دی.
ژێدەرەکان:
· وتووێژی ڕۆژنامەوان کومەیل زەڕین، ڕۆژنامەی هەمشەهری تایبەت بە ستانی سنە، لەگەڵ هونەرمەند(بە فارسی)، 23ی خەرمانانی 1393ی هەتاویی
· هەڤپەیڤینی نووسەر لەگەڵ هونەرمەند
· ماڵپەڕی ڕادیۆ تێ ڤێی سنە
· ڕووپەڕی هونەرمەند لە ئینستاگرام و
چەندان ماڵپەڕی دیکە