قوبادی جەلیزادە
رێی کۆیە
رێی هات و نەهات
1
وەرگەڕا،
ماشێنەکەی (حاجی قادر).
کەچ بوو،
گەردنی هەیبەسوڵتان
داڕما،
قەڵای کوردایەتی.
2
لەپەنجەرەی ماشێنەوە.
(حەماغا) پەڕی.
گڕیان تێبەر بوو،
مەزراکانی گوڵەگەنم.
3
بوو بە خڵتانی خوێن
کوشینی پێشەوەی ترومبێلێک
داتەپی،
ماڵی مەقاماتی (ئەختەر)
4
بۆ (مەلای گەورە)،
ماشێنێک بوو بە تابووت.
لار بوەوە،
منارەی مزگەوتی گەورە.
5
(دڵدار)ی شێلا - بارهەڵگرێک.
پسان،
ژێێەکانی قوڕگی ئەی ڕەقیب
6
کەوتە کەندەڵانێک - ماشێنەکەی (سێوە)
یەخەی خۆی دادڕی، ئایشەگوڵ.
بەدیواری کلێساوە،
لافتەیەکی ڕەش.
7
لەناو گڕی ئاگردا
بوو بەمشکی،
(شیرین بەهارە)
درزی برد، دیوارێکی قشڵە.
8
لەناو ماشێنێکدا
بوون بەرەژوو؛
نەجیبەخان و
فریشتەو
ئایشە گولوک.
رەشپۆشن ژنە شۆخەکانی کۆیە.
9
رێی کۆیە..
رێی
هات و
نەهات. [1]
ملاحظة: لايوجد لدينا ملف PDF لهذا الکتاب، نرجوا ان تساعد کورديپيديا لتحصيله!. أرسال کتاب دون هذا السجل بلغة (کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
تمت مشاهدة هذا السجل 2,218 مرة