دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت: زیاتر لە 284 هەزار پەنابەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی فراوانکردنی بواری پاراستنی مافی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و ئێراق ڕایگەیاند: بەپێی دواین ڕاپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 284 هەزار و 132 پەنابەر نیشتەجێن.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وتیشی: بەپێی ڕاپۆرتەکە 249 هەزار و 639 پەنابەری سووری، 20 هەزار و 575 پەنابەری تورکی، 13هەزار و 162 پەنابەری ئێرانی و 756 پەنابەری فەلەستینی هەن.
مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد: 63%ی ئاوارە و پەنابەرەکان لە شار وناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەژین و تەنیا لە 37%ی پەنابەران لەناو کەمپەکاندا دەژین کە ژمارەیان 38 کەمپە.
ئەوەشی خستە ڕوو: هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕێکارە یاساییەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری پرس و کێشەی پەناخوازان، جەختیش لەسەر مسۆگەرکردنی ماف و پێداویستییەکانی پەنابەران کە لە هەرێم نیشتەجێن دەکاتەوە.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە: بۆ ئەوەی وڵاتانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بەئاسانی هاوکاری پەنابەران بکەن، ئەو هاوکاریانەی کە لە فیشخابوورەوە هاتوونەتە ناو هەرێم هیچ باجێکیان لێوەرنەگیراوە و لە ڕووی ڕێکارەکانیشەوە ئاسانکاری تەواویان بۆ کراوە.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 و دامەزراندنی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم گەرچی خەڵکی کوردستان بەهۆی ستەم و زۆردارییەکانی ڕژێمی #بەعس# پەنابەری وڵاتانی ئێران و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپی بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەنابەرێکی زۆری کوردانی ڕۆژاواو باکوور و چەند شوێنێکی تر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم لە ڕووی داراییەوە ئەو کات توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئەو پەنابەرانەی نەبوو، بەڵام لە ڕێگەی وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە توانی هاوکاری بگەیەنێتە ئەو پەنابەرانە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی #داعش#یش لە ساڵی 2014 زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی شارەکانی ئێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە ئێستاشدا نزیکەی 900 هەزار لەو ئاوارانە لە شارەکانی هەرێم نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#07-02-2019#