پەیامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی...
لێژنەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵانە رۆژی 6ی شوباتی بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە ناساندووە، بەمەبەستی نەهێشتنی ئەم دیاردەیە لەسەرتاسەری جیهاندا, لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ستراتیژیی بۆ بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی.
خەتەنەکردنی مێینە یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی جەستەیی کە ڕووبەڕووی منداڵان و کچان و ژنان دەبێتەوە لە گشت قۆناغەکانی تەمەنیان، واتە لە تەمەنی چوار ساڵی تا قۆناغی کامڵ بوون و زۆرجار بەداخەوە لە تەمەنە زۆر گەورەکانیشدا ئەنجام دەدرێت و شێوازی ئەنجامدانی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، یاخود لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی جیاوازە.
دیارە ئەم دیاردەیە هیچ بنەمایەکی ئایینی نیە بەڵام بارگاوی کراوەو، وەک ئەرکێکی ئایینی بەپێی عورف و عاداتی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت, بەداخەوە لە هەندێک وڵاتدا لەکاتی ئەنجامدانی ئەم دیاردەیە زۆرجار کچان و ژنان ڕووبەڕووی مەرگ یاخود حاڵەتی مەترسیداری جەستەیی و تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەبنەوە.
وەکو زانراوە ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقیا ئەنجامدەدرێت، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەم کێشەیەو لە هەفتاکانی سەدەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدەدرا، تا دروستبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان کە بوو بە سەرەتایەکی گرنگ و پێویست لە رووبەروبەنەوەی ئەم دیاردەیەدا.
بەپێی ئامارەکان بەر لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، رێژەی خەتەنەکردنی میێنە لەئاستێکی بەرزدابوو، واتە لە سەرووی سەدا هەشتا بوو، بۆیە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە دەستیپێکرد لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەو بڵاوکردنەوەی زانیاری لە سەر مەترسیەکان و ئاکامەکانی و ئامادەکاریی بۆ بەیاساییکردنی نەهێشتنی دیاردەکە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژمارە (8) لە بڕگەیەکی یاساکەدا بە تاوان دانراوەو سزای یاسایی لە سەرە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 2015 2016 بەهاوکاری یونیسێف رووپێوێکی ئەکادیمی و زانستی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامارو زانیاری دروست و کاریگەریی هەوڵەکان لە سەر دیاردەکەو ئاستی مانەوەی دیاردەکەو هۆکارو بەربەستەکان, لە ئەنجامی روپێوییەکە دەرکەوت خەتەنەکردنی مێینە بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەهاوکاری ئاژانسەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی کۆمبی پلانێک، کە بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەت و رێکخراوەکان جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە بە دروشمی:
(نا بۆ خەتەنەکردنی کچان.. بەڵێ بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست)، هەڵمەتی خاڵیکردنی کوردستان لە دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە دەست پێدەکات، بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکان و رێکخراوەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
با هەموومان بەشداربین لە سەرخستنی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خێزان لە مەترسی و ئاکامەکانی خەتەنەکردن، با کاربکەین بۆ دروستکردنی خێزانێکی تەندروست وخۆشگوزەران..
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
06-02-201906-02-2019 ⚠️ ئەڤ بابەت ب زمانا (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!