لەماوەی دوو رۆژدا 26 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت: بەبۆنەی پشووی نیوەی ساڵەوە 26 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە.
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند: بەبۆنەی پشووی نیوەی ساڵ لە قوتابخانەکانی عێراق لە رۆژانی 1و 2ی شوبات، زیاتر لە 26 هەزار گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشووەکانیان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
وتیشی: لەڕۆژانی دواتر هاتنی گەشتیاران بەردەوامبووە کە بووەتەهۆی جوڵەیەکی باش بۆ بازاڕەکانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد: ساڵی رابردوو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق و کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئەنجامدراون بۆ داڕشتنی پلانی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ئەمساڵیش پلان دانراوە رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناو هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت بەراورد بە ساڵی پار، چونکە ساڵ لە دوای ساڵ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم زیاتر بە دیار دەکەون و ناوبانگ دەردەکەن لە وڵاتانی تر.
روونیشیکردەوە: کاتێک گروپی گەشتیاری دێنە هەرێم رێبەرێکی گەشتیارییان پێدەدەرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی شوێنە گەشتیارییەکانیان پی ئاشنا بکرێت و لەناوخۆشدا هاوکاری زۆری گەشتیاران دەکرێت و لە رووی ئەمنیشەوە پارێزراو دەبن کە لایەنێکی گرنگە بۆ ئەوەی گەشتیار زۆرتر سەردانی هەرێم بکەن.
[1]
06-02-201906-02-2019