سەروای چ بکەم؟ چبکا؟ مەحوی
ئامادەکردنی:
زریان سەرچناریزریان سەرچناری
سلێمانی 2018
(1)مەحوی (1836 - 1906)
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم؟
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم؟
لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم؟
لەگەڵ دەستی مەلا رێ ناکەوێ زونناری زولفی یار
وەکو(شێخ)ئیختیاری مەزهەبی(تەرسا)نەکەم، چ بکەم؟
لە ڕێی ئه و شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما
دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم، چ بکەم؟
دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم؟
لە چاوا، نم نەما بۆ گریە، نۆبەی سوجدە بەردەریە
سیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم؟
لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم (مانع الجمع)ە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم،چ بکەم؟
بەجێ ماوم لە یاران، نابەجی ماوم، ئەجەل! زوو بە
بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم؟
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا (مەحوی)!
هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم؟
....
ئەری دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟!
کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەندا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟
کە هەڵگیرسا لە نوری بادە شەمعی حوسنی جانانە
نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ، چ بکا؟!
بە ئاهم گەر ڕەقیبانت بسووتێن ئەی گوڵی ڕەعنا
مەڕەنجە، تو خوا شوعلە لە ئاقاری چقڵ چ بکا؟!
هەتاماوە دەبێ ئەشکی نەدامەت داوەرێنێ چاو
عەرەق ڕیتن نەبێ، شەخسی لە کاری خۆ خەجەل چ بکا؟!
سەفەر جائیز نییە، با بۆ حەرەم بێ، له و بەروبوومە
فەقەت مەجزووبی زنجیری نەسیبی ئاو و گڵ چ بکا؟!
فەلەک هەرگا کەسێکی هەڵبڕی، وەقتی هیلاکەتیە
کە سەر بۆ گەیینە پەت بێ، پێ لە کورسی و ئەسکەمل چ بکا؟!
لە عوششاق و ڕەقیب ئه و شۆخە چاوی لوتفی وەرگێڕا
کە ئاسک ئادەمی یا سەگ ببینێ، غەیری سڵ چ بکا؟!
چ حاجەت نەرگسی مەستت بکەم وەسفی بە مەخموری
کە چاوێ سورمە کێشراوی خودایی بێ، لە کل چ بکا؟!
لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گولأڕوخان (مەحوی)
ئەگەر عەقڵی ببێ، له و جێگە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟!
[1]