بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سلێمانی 06-09-1963
با بێینەوە سەر وەزعی ناو شاری سلێمانی. لە بەرەبەیانی 9-6 هاتوچۆ قەدەغە کرا. هەر لە نیوەشەوەوە سەربازەکان بە کوچه و کۆڵانەکانی شاردا بڵاو بوونەوە. بە سەرکردایەتیی زەعیم سدیق، کە هەموو خەڵکی بە هۆی خراپییەکانی و ئازاردانی خەڵکەوە ناویان بیستووە، دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵبەماڵ. زەعیم سدیق ئامرلیوای سەربازی بوو و هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو. ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارێ خەڵکێکی یەکجار زۆر ڕەشبگیر کران و هەزاران گەنج و پیر ڕاپێچ کران بۆ حامیەی سلێمانی و لەوێش تیرباران کران. خەڵکی زۆر ناوداری تێدا بوو و خەڵکی تێکۆشەر بوون، وەک کەمال حاجی فەرەج ئەفەندی، مامۆستا یاسین حاجی باقی، زیاتر لە سەدوپەنجا کەس شەهید کران بەبێ ئەوەی بچووکترین تاوانیان هەبووبێ. ئەم کوشتوبڕەش بۆ چاوترساندنی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. ئەوانەی گیران، ماوەیەکی زۆر لە سەربازگەکەی سلێمانی حامیەی سلێمانی له ناو وڵاخ و ئه و جێگەیانەدا زیندانیان کردن، نزیکەی سێ ڕۆژ زیاتر نان و ئاویان نەدانێ، ئازارێکی جەستەیی زۆریان دابوون. زۆر باشم لەبیره هەر له و بەرەبەیانەدا خودەبەسەر و سەربازەکان خۆیان کرد بە حەوشەکەی ئێمەدا و ڕیزیان کردین. جیایام کردینەوە و دوو کەسی خزمی ئێمەیان برد. نازانم چۆن منیان نەبرد، ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێت کە منداڵ دیار بووم. کەس ئاگای لە کەس نەبوو، نەتدەزانی لە خزم و کەسوکار و برادەرت کێ گیراوە و کێ براوه. لەبەر ئەوەی چوونەدەرەوە نەبوو. کەس نەیدەوێرا سەر لە دەرگا بەرێتە دەرەوە. پاش ئەوەی حکومەت بڵاوی کردەوە بۆ چەند سەعاتێک دەتوانن بێنە دەرەوە، هەر کەسه و هەواڵی کەسوکاری خۆی دەپرسی. ژمارەی گیراوەکان لە چەند هەزار کەسێک تێپەڕی کرد، شار بۆنی خوێنی لێدەهات، ئەمە گرانی و قاتوقڕی لەولاوە وەستابێ. ژیان زۆر زەحمەت بوو، ئەگەر کەسێک نەگیرابێت یان نەکوژرابێت، دەبێ بڵێیت شانسی هەبوو.
ئەوانەش کە لە سەربازگەی سلێمانی گیرابوون، وەجبەوەجبە ڕیزیان دەکردن، هەر لە سەربازگەکەوە بە شەقامی کانێسکاندا دەیانهێنان و دەبوایە هوتافیان بکێشایە بۆ سەروەریی حکومەت. یەکێک لە پێشەوە هاواری دەکرد و دەبوایە ئەوانی تریش بیڵێنەوه، ئەوانەی لە ڕیزەکەدا بوون، هەموویان لەبەر برسێتی و ئازار ڕەنگی مردوویان لێنیشتبوو.
پاش ئەوەی خەڵکەکە بەربوون، دەرکەوت دەیان و سەدان خەڵکی ئەم شارەیان گرتووە. مامۆستا یاسین یەکێک بوو لە شەهیدەکان، کە یەکەم وەرزشکاری سلێمانی بوو و مامۆستای وەرزش بوو، خۆشەویستی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. به دەستی تاوانبار زەعیم سدیق غەدرێکی یەکجار زۆر و تاوانێکی گەورەیان دەرهەق بەم خەڵکە کرد لە شاری سلێمانی.
ئەوەی ڕاستی بێت بە پێشمەرگەیان نەدەوێرا، داخی دڵی خۆیان بە خەڵکی بێدیفاع ڕشت، کەسیش نەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، چونکی حاکمەکانی بەغدا لەوان زیاتر دژی میللەتی کورد بوون. لەم ڕەشبگیرییەدا پرسیار نەدەکرا کێ پارتییە یان شیوعییە یان شتێکی ترە، هەموو خەڵکیان پێ دوژمن بوو. هەر لەسەر ئه و سیاسەتەش ڕۆیشتن و عێراقیان غەرقی خوێن کرد، خۆشیان پاشان بە جەهەنەم چوون. ئەم گرتن و ڕاونانە هەموو عێراقی گرتەوه، بەتایبەت شیوعییەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق. بەعس درێغیی نەکرد لە کوشتن و بڕین و ڕاونان و گرتن. دەیان سەرکردەی حیزبی شیوعییان کوشت و تیرباران کرد.
פריט זה נכתב בשפה (کوردیی ناوەڕاست), לחץ על סמל
כדי לפתוח את הפריט בשפת המקור!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
פריט זו נצפתה פעמים 6,255
כתוב את התגובה שלך על סעיף זה!