راگەیەندراوێک لە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ رای گشتی
📝 بەڵگەنامەکان
راگەیەندراوێک لە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، بۆ رای گشتی و دەنگدەرانی یەکێتی.
راگەیاندنی ئەنجامی لە 85% دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی هەرێمەوە، هێندەی تر گومانەکانی لا زیاتر کردوین، ئەو گومانەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە کۆمسیۆن لەسەرەتای ئەم پرۆسەیەوە چەندین بڕیار و رێنمایی هەڵەی دەرکرد، کە ئێمە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێشتر سکاڵا و تێبینی زۆرمان لەسەریان هەبووە و لەو بارەیەشەوە هۆشداریمان دابوو.
لەگەڵ دیاریکردنی وادەی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان و پێش بەرێوەچوونی پرۆسەکە، دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بۆ بەرگرتن لە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، داوای پاککردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانمان کرد،لە کۆمسیۆن و ئەنجوومەنی دادوەریش سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە، بەڵام سکاڵاکانمان بەبێ پاساو بەهەند وەرنەگیرا و کاریان لەسەر نەکرا، کە دەرنجامی هەموو ئەوانەی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی تێپەڕێندرا و پەلە پەلی تێدا کرا، بە زیانی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتوو نیشانەی پرسیاری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و کارەکانی کۆمسیۆنی هەرێم دروستکرد، کە بەهەزاران دەنگدەر، لە پرۆسەکە بێبەشکران و بەبێ رەزامەندی ناویان گواستراوەتەوە.
هاوکات چەند کاتژمێرێک پێش بەِرێوەچوونی پرۆسەکە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەرێم چەند بڕیارێکی بە پەلەو سەرپێی لە درەنگانێکی شەو دەرکرد، کە بە مەبەستەوە رێگری کرا لەدەنگدەران و ئاستەنگیان خرایە بەردەم، ئەوەش بۆخۆی کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر رێژەی بەشداری دەنگدەران و بە ڕوونیش ئەو ئاستەنگانەمان بینی کە خرانە بەردەم دەنگدەران بۆ پیادەکردنی ئەو مافە رەوایەی خۆیان.
لە رۆژی دەنگدانیش لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان غەدر و زوڵمێکی زۆر لە دەنگدەرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرا، لە چەند ناوچەیەکیش پلان هەبوو بۆ تێکدانی رەوشی ئەمنی، کە ئەو پلانەش بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو تا دەنگی یەکێتی کەم بکات.
بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافەش،یەکێتی بە بەڵگەوە چەندین سکاڵای بۆ کۆمسیۆن بەرزکردوەتووە.
لێرەوە رایدەگەیەنین: دەبێت کۆمسیۆنی هەرێم لە ئاست ئەو لێپرسراوییە مێژووییە بێت، بێلایەنانە هەموو رێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان، لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرێتەبەر، تا ئەنجامەکانی کۆتایی هیچ پێشێلیکارییەکی تێدا نەبێت و دووربێت لە دەستوەردان و یاریکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
گەر کۆمسیۆن لەسەر هەمان رێچکە و بەرنامەبێت، کە سکاڵا یاسایی و سەلمێنراوەکان بەهەند وەرنەگرێت، ئەوا یەکێتی هەڵوێستێکی جیاواز تری دەبێت.
دەزگای هەڵبژاردنی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
04-10-201804-10-2018