دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
ژینگەپارێزانی سنووری قەزای پێنجوێن، ئەنجامی کەمپینە ئەلیکترۆنییەکەیان دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەکەن بۆ پاراستنی سروشتی ژینگەی کوردستان و بەتایبەتیش پێنجوێن.
لەوبارەیەوە، ڕێبوار کەمال لەرێکخراوی ملەکەوە بۆ پارستنی ژینگە کە تاکە ڕێکخراوی ژینگەیی سنووری قەزای پێنجوێنە، بەدواڕۆژی وت دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەمساڵدا و بۆ یەکەمجار لەرێگەی ناردنی سێڵفی و کورتە ڤیدیۆوە، یەکەمین کەمپینمان ڕاگەیاند و داوامانکرد کە زۆرترین هاوڵاتی و ژینگەپارێزان بەشداری بکەن، لەئێستادا ئەو کەمپینە تەواو بووە.
ناوبراو، وتیشی ئەو کەمپینە ئەلکترۆنیە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو، ئامانج لەراگەیاندنیشی ئاشکراکردنی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە بوو کە ڕووبەڕووی درەخستانەکان بوون و پێمانوایە کاتی هەڵوێستە لەسەرکردنێتی، چونکە درەخستانەکان لەڕابردوو هۆی بژێوی ژیان و لانکەی شۆڕش و قەڵا و بڕبڕەی پشتی ژیانی باوباپیرانمان بوون، لەئێستاشدا پێگەیەکی گرنگ و کۆڵەکەیەکی گەورەی ژینگەیی و ئابووری و گەشتیاری و جوانی سروشتی وڵاتەکەمانن.
روونیشیکردەوە، ئێمەش وەک ڕێکخراوی ملەکەوە بەیاداشتێک مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی درەختی درەخستانەکانمان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ژینگەی سلێمانی) بەئومێدی ئەوەی هەمووان خەمی دارستانەکان بەخەمی سەرەکی خۆمان بزانین و چاوەڕێی ئەوەین کە کار بەناوەڕۆَکی یاداشتەکەمان بکرێت، تا چیتر ژینگەی نیشتیمانەکەمان لەو زیاتر لەناونەچێت.[1]