دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
بەهۆی بڕینەوە زیاتر لە 150 داری جیاواز و بەتەمەن، لەسنووری گوندی کانی میرانی نزیک شارۆچکەی #پێنجوێن#، هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، هاوڵاتیەکیان دەستگیرکرد و دوای کردنەوەی پەڕاوی یاسایی بۆی، ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
رائید ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لەسنووری گوندی کانی میرانی نزیک قەزای پێنجوێن، هاوڵاتیەک زیاتر لە 150داری بڕیوەتەوە کە تەمەنیان لەیەک ساڵەوە تیایەتی تا 50 ساڵ.
وتیشی ئەو هاوڵاتیە غەدرێکی گەورەی لەدرستانەکان و ژینگەی ناوچەکە کردووە، بۆیە ئێمەش دەستگیرمان کرد و کردنەوەی پەڕاوی یاسایی و دواتریش دەیدەینە دادگا.
روونیشیکردەوە، ئەو دارانەی کە ئەو هاوڵاتیە بڕیونەتەوە لەجۆرەکانی (بەڕوو، مازوو، گۆیژ) بوون و لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین هەر کەسێک دەست درێژی بکاتە سەر دارستانەکان و ژنگە بەتوندی ڕووبەڕووی دەبینەوە و دەیدەینە دادگا.
هاوکات بەپێی ئامارێکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، لەماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا واتە لەرێکەوتی 1/1 بۆ 1/7/2018، لەسنووری قەزای پێنجوێن و هەردوو شارەدێی ناڵپارێز و گەرمک، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سنوورەکەوە، لەسەر ڕاوکردن و ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆ ژینگە 26 کەس دەستگیرکراون و هەمووشیان دوای کردنەوەی پەڕاوی یاسایی بۆیان دراونەتە دادگا.[1]