باکووری کوردستان
- ئەمڕۆ دانیشتنی دووهەمین دادگەی سزا قورسەکانی شاری ئاگری دەربارەی دۆسیەی سەرۆکی شارەوانیی گەورەی وان بەکر کایا و چەند خەباتکارێکی شارەوانییەکە بەڕێوەچوو. دادگە سزای 8 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ بەکر کایا بڕیەوە. هەروەها سزای 2 ساڵ و مانگێک زیندانیکردنی بۆ هەریەکە لە خەباتکاران؛ بەکر کران، چەتین چیفتچی، جووما کۆیئۆغلوو، ئیدریس شایباک و نەریمان ئوویار بڕیەوە. هەریەکە لە زەلال تانلی، محەمەد یالم ئەریگیت و جان تایلان ئازاد کران.[5]
رۆژهەڵاتی کوردستان
- سەیدعەلی حوسێنی و سلێمان عەبدی دوو مامۆستای ناسراو و چالاکی مەدەنیی شاری سەقز، بە هۆی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە، لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کرا.[1]
- ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی بەناوی هەنگاو ڕایگەیاند: لەم هەفتەیەدا حکومەتی ئێران سێ هاووڵاتی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەسێدارەداوە.[2]
- سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی بڕیار کاوە تەمەن 25 ساڵ کوڕی ئەمین، موحسێن فەرەهمەند کوڕی خوسرەو و حەمید پەروازە تەمەن 28 ساڵ کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی نێی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.[1]
- ئێوارەشێعرێکی پاییزی، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە شاعێرانی کوردستان، لە بنکە فەرهەنگییەکانی گوتاری نوێ و خانای قوبادی، لە شاری جوانڕۆ بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەی کوردستان بەڕێوە چوو.[1]
- هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەماڵ عەلی وەیسی خەڵکی شاری کرماشان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.[1]
باشووری کوردستان
- فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، چیای قەندیل و کورتەک و دۆڵی باڵەیان بۆردوومان دەکەن.[6]
- خوێندکارانی بەشی پزیشکی ددانی زانکۆی سلێمانی لەبەرامبەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و بەڕێپێوان دەچنە بەردەم نوسینگەی پەرلەمان.[2]
- ئەمڕۆ لە کاتژمێر 09:00 وە بۆ 09:30 خولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر دەورووبەری گوندی فلەحا-ی سەربە ناوچەی زاپ-ی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردوومان کردووە.[5]
- گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەنگاوەکانی پارتی بە کاردانەوەی پۆستی سەرۆککۆمار ناودەبات و دەڵێت، پارتی بریندارە و یارمەتییان دەدەین برینەکانیان سارێژ بێت. هەروەها ڕەتیکردەوە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک کەسی بێلایەن وەری بگرێت و دەڵێت، پارتی خۆی کردووە بە محامی هەموو لایەنەکان.[3]
- لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاریی هاتوچۆی ڕاگەیاند، کە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت.[4]
رۆژئاوای کوردستان
- بەمەبەستی ئیدانەکردنی گۆشەگیریی تووندی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین ڕێپێوانێک لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.[5]
دەرەوەی کوردستان
- ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی هەفتانەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا، لە دژی بەڕێوەبەرایەتی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گرووپی چەکداری نوێ پێکدێن، چونکە دامەزراوە خۆجێییەکان لەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە سەرکەوتوو نەبوون.[3]
- فیدراسیۆنی پەنابەران ڕایگەیاند ئەو بارهەڵگرەی لەئزمیر وەرگەڕاو کۆچبەری پەنابەری تێدا بووە عیراقی بوون و 9 کەسیان گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 30 کەسی دیکەشیان بریندارن.[4]