ڕێگاکانی بەردەم ڕزگاری کوردەکان
(Kurdistan: Perspektiven des Kampfes um Befreiung)
کڵاوس هەنینگ و پێشڕەو محەمەد
زیاتر لە 40 ملیۆن کەس، کوردەکان گەورەترین گروپی نەتەوەیین لە جیهاندا بەبێ ئەوەی خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن. ئەوان بەسەر تورکیا، ئێران، عێڕاق و سوریا و لەکاتی خۆشیدا بەسەر سۆڤییەتە جۆراوجۆرەکانی وەک (ئازەربایجان و ئەرمەنستان)دا دابەشکرابوون و ئەمڕۆش بە ئەوروپا و جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە سوریا، کە لە کانوونی دووەمی 2018دا دەستیپێکرد، پاشان بەداگیرکردنی کانتۆنەکە کۆتایی هات، جارێکی دیکە ئەم خەڵکەی هێنایەوە ناو میدیای جیهانیی، پێشتریش کوردەکان لە سوریا و عێڕاق دژی داعش جەنگابوون و سەرنجی میدیای جیهانیان ڕاکێشابوو.
لە ئەڵمانیا زیاتر لە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار کورد دەژین، ئەگەرچی بەهۆی نەبوونی شوناسێکی دیاریکراوەوە، زۆرێک لەکوردەکان وەک ئایدێنتتی عێڕاقی، سوری، تورکیی و ئێرانیی لەقەڵەم دەدرێن و ئاسان نییە ڕێژەی بوونی کوردەکان لە ئەڵمانیا دەستنیشان بکرێت. بەڵام هاوکاریی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ سوپای تورکیا، کە ناردنی بەردەوامی چەکە بۆ دژی کوردەکان، دەبێت بەقوڵی ڕەخنە بکرێت و لەدژی بووەستینەوە.
ئەردۆغان بەو جەنگەی لەدژی کوردەکان، کە دوو ساڵ پێشتریش لە تورکیا دەستیپێکردبوو، هەوڵدەدات ڕێگا لەسەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردەکان بگرێت. خۆی و دەوڵەتەکەی درێژە بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی کوردەکان دەدەن کە لەگەڵ سەرەتای کۆتایی خەلافەتی عوسمانیدا و دەستیپێکرد و بەشێکی گەورەی خاکی کوردەکانیان بە دەوڵەتی نوێی تورکیاوە لکاند. بۆ چەندین دەیە کوردەکان بەشێوەیەکی قارەمانانە بەرەنگاری ئەم چەوساندنەوەیە بوونەتەوە. هەمیشە ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و هەوڵی جۆراوجۆری کوردەکان دەبینین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. ئەم هەوڵە تا کوردەکان مابن کۆتایی نایەت. بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە سەرکوتی ڕژێمەکان قوڵتر دەبێتەوە دژی کوردەکان و هەروەها هەمیشەش پشتیوانیی دڕندانەی وڵاتانی خۆرئاوایی دەبینین بۆ ئەو ڕژێمە سەرکوتکەرانەی کوردەکان دەچەوسێننەوە.
ئەم کتێبە مێژووی چەوساندنەوە و بەرەنگاریی شەرح دەکات لەو وڵاتانەدا کە کوردەکان تیایدا دەژین. کتێبەکە بە وتارێکی کلاسیکی سۆسیالیستی ئیتاڵیی، لیڤیۆ مەیتان دەستپێدەکات، کە بەقوڵی خەباتی ڕزگاریی کوردەکان لەڕوانگەیەکی مێژووییەوە هەڵدەسەنگێنێت و تا سەر ئاستی بەرگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی کوردەکان دەڕوات. وێڕای بوونی هەندێک هەڵەی مێژوویی لە وتارەکەدا، کە لەلایەن نووسەرانی ئەم کتێبەوە ڕاستکراونەتەوە، ئەویش بەهۆی کۆنیی وتارەکە کە لە سەرەتای 80دا نووسراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی، ئەنترۆپۆلۆژیی، سیاسیی و کولتوورییە و وەک کارێکی کلاسیک لەڕوانگەی سۆسیالیزمەوە بەهای گەورەی خۆی هەیە. بەشەکانی دیکەی کتێبەکە تەرخانکراون بۆ بابەتەکانی وەک مێژووی سیاسیی کوردەکان لە عێڕاق، لە ئێران، لە تورکیا و سوریا و هەروەها چەمکی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی”، کە ئەمڕۆ بووەتە فۆرمێکی تازەی ئایدیۆلۆژیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیی و سەرنجی میدیای جیهانیی ڕاکێشاوە. هەروەها بەشێکی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ سەرکوتی کوردەکان لەلایەن ئەڵمانیاوە هەم لەناوخۆدا بەهۆی قەدەغەکردنی چالاکیی کوردەکان و هەم لەدەرەوەدا، بەوەدا کە پشتگیریی لە ڕژێمە سەرکوتکەرەکان دەکات، بەتایبەت وەک تورکیا.
بۆ ئەم کتێبە ئەمڕۆ و بەزمانی ئەڵمانیی؟ گرنگیی کتێبەکە لەوەدایە کە ڕوانگەیەکی نوێ دەخاتە بەردەم چالاکوانانی چەپ و سۆسیالیستیی ئەڵمانییزمان تا وەک تاکتیک و ستراتیژی خەباتی بەردەمی خۆیان لەپێناو ڕزگاریی کوردەکاندا سوودی لێوەربگرن. بوونی ڕوانگەیەکی نوێ بۆ کوردەکان، دەروازەیەکی گرنگ دەکاتەوە تا سۆڵیداریتیی و هاوپشتیی چەپی جیهانیی بەدەستبهێنێت. ئێمە وەک سەرپەرشتیارانی ئەم پرۆژەیە (کڵاوس و پێشڕەو) بە بڕوایەکی بەهێزەوە خەبات لەم پێناوەدا دەکەین.