بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە ڕۆژانە 38 کارگە لە تورکیا دادەخرێن
بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی بیرگون، لە سەرەتای ساڵی نوێی 2019وە داڕمانێکی گەورەی ئابووری لە تورکیا دێتە ئاراوە.
لە هەواڵی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە تەنها لە مانگی کانوونی دوویەم/ڕێبەندان دا دوو هەزار و 417 کۆمپانیا، لە مانگی شوباتد/ڕەشەمە 682 کۆمپانیا، لە مانگی ئادار 780 کۆمپانیا، لە مانگی نیسان 623 کۆمپانیا، لە مانگی گوڵاندا 652 کۆمپانیا و لە مانگی حوزەیران /پووشپەڕدا 752 کۆمپانیا، لە تورکیا داخراون. بەو شێوەیەش لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە تورکیا لانیکەم پێنج هەزار و 906 کۆمپانیا داخراون.
بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە مانگی کانوونی دوویەم-ی ساڵی 2017دا هەتا مانگی حوزەیران-ی ئەمساڵ، 20 هەزار و 607 دوکان و کارگەی بچووک داخراون. بەو شێوەیەش بە تێکڕایی دەکاتە 38 کارگە لە ڕۆژێکدا کە داخراون.
یەکێتی ژووری بازرگانی تورکیا ئاشکرایان کردووە کە لە ساڵی 2017 دا 14 هەزار و 701 کارگە داخراون.
لە ئێستادا ئابووری تورکیا بەشێوەیەک داڕماوە کە تەنانەت بانکەکانیش لە قەیراندان. بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریەوە بانکەکان لقەکانیان لە شار و شارۆچکەکاندا دادەخەن. بۆ نموونە لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا، 458 لق و نوسینگەی بانکی تورکیا لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو ووڵاتەدا داخراون. لەو ڕێژەیەش، ساڵی پار 325 لق و نووسینگەی بانک داخراون، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 133 لق و نووسینگەی تری بانکەکانی تورکیا داخراون.
[1]
11-08-201811-08-2018