باخچەکانی سلێمانی 400 دۆسیەی یاساییان هەیە
📊 احصائيات واستفتاءات
بەڕێوەبەری باخچەکانی
سلێمانیسلێمانی، هۆشداریی لەبارەی چارەنووسی درەخت و نەمامەکانی سلێمانی دەدات کە رەنگە بەهۆی گەرما و کەمئاوی لە ماوەی مانگێکی دیکەدا بەشێکیان وشک ببن، ئەگەر حکومەت بەهانایانەوە نەچێت. بەرپرسی بەشی یاسایی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش، موەلیدە بازرگانییەکانی دابینکردنی کارەبای گەڕەکەکان بە بکوژی سەوزایی ناو شار دەزانێ.
لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە، کامەران حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی داوای دامەزراندنی چەند کەسێک دەکات وەک شۆفێری تانکەرەکانی ئاو و کارگوزاریی باخچە و بلوارەکانی سلێمانی، بەڵام چاوەڕوانی ئەو هێندە درێژەی کێشاوە کە بەشێکی زۆر لە درەخت و نەمامەکانی سلێمانی لە تینووان زەردهەڵگەڕاون ئەگەر تاوەکو مانگێکی دیکە ئەوەمان بۆ جێبەجێ نەکەن، ئیدی پێویستمان نابێ، چونکە وشک دەبن.
بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی 40 تانکەری هەیە بۆ ئاودانی باخچەکان، بەڵام حەوت تانکەریان بەهۆی خانەنشینبوونی خاوەنەکانیان لەکارکردن وەستاون، کامەران دەڵێت: پێویستم بە 91 کارمەند و کارگوزار هەیە، چونکە زیاتر لە 100 کارمەندمان خانەنشین بوون.
ئێستا 374 بلوار و 340 باخچە و دوو پارکی گەورە لە سلێمانی هەن، بەوجۆرەش رێژەی سەوزایی لە شارەکەدا گەیشتووەتە 18%.
بەڵام وەک کامەران حەمە ساڵح دەڵێت، ئەو رێژە زۆرەی سەوزایی لە سلێمانی تەنیا بەهۆی پرۆژەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت گەشەی نەکردووە، خەڵکیش لای خۆیانەوە بەشدارییەکی کاریگەرییان هەبووە لە زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
هەندێک لە باخچەکان بیریان تێدایە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە مۆتۆڕی ئاوی بیرەکان سووتاون و خەڵک لەسەر ئەرکی خۆی دەیانکڕێتەوە لە زەرگەتە و سەرچنار و پارکی ئازادی، زیاتر لە 5 مۆتۆڕی ئاو سووتاون و خەڵک لەسەر ئەرکی خۆیان کڕیویاننەتەوە. کامەران وادەڵێت.
بەڵام هەر خەڵکیش بوونەتە کێشە بۆ سەوزایی و درەختەکان. ئاسوودە عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی یاسایی باخچەکانی سلێمانی، دەڵێ خەڵک فێربوون درەخت و نەمامی نێو باخچەکان دەشکێنن یان دەیسووتێنن. ئاسوودە دەڵێت کەسانێکمان بینیوە لەناو پارک و باخچەکان، درەختیان سووتاندووە، کاتێک لێمان پرسیوە بۆ دەیسووتێنی، گوتوویەتی دەیکەم بە خەڵووز و گۆشتی پێ دەبرژێنین. گوتیشی: ئێستا 400 سکاڵا هەیە لەسەر درەخت و نەمامەکان بەبێ ئەوەی یەک کەس درابێتە دادگا، بەداخەوە کەس گوێمان لێناگرێ.
لە 10 ساڵی رابردوودا، 2 ملیۆن و 500 هەزار نەمام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانییەوە چێندراون. لەو 19 هەزار نەمامەی لە ئەزمڕ و گۆیژە چێندران، 5000 یان بەهۆی کەمئاوییەوە وشک بوون. لە ساڵی 2016شدا 2000 نەمام بەهەمان هۆکار لەناوچوون. کامەران حەمەساڵح، دەڵێ ئەگەر بە کۆڵیش نەمام و درەختەکانمان ئاودابێت، لێناگەڕێین وشک ببن، بەڵام خۆ رەوا نییە من تاوەکو ئێستا وەزیری شارەوانیم نەبینیوە، ناشزانم رەنگی چۆنە.
داواکاری گشتی سلێمانی لە دادگا سکاڵایەکی دژی بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی تۆمار کردووە. سکاڵاکە دوای ئەوە هات کە رێگە درابوو بە کەسێک بیرێکی ئاو نۆژەن بکاتەوە و لە بەرامبەردا بەشێک لە ئاوەکەی بەکاربهێنێ بۆ پرۆژەیەکی خۆی و باخچەکانی سلێمانیش بەشێک لە ئاوەکەی بۆ ئاودانی بلوارەکان تەرخان بکات. کامەران حەمەساڵح دەڵێ ئەگەرچی دەزانم سکاڵاکە یاساییە، بەڵام ئەو کەسە سەرۆکی شارەوانی رێگەی پێداوە و پاشان ئەو بیرە ئێمە 33 هەزار نەماممان پێ ئاو داوە و لە پێناوی چارەنووسی سەوزایی سلێمانی بووە.
بەشێک لە موەلیدە بازرگانییەکان لەنێو پارک و باخچەی گەڕەکەکاندان. ئەمە ئەو دیمەنەیە کە بەرپرس و فەرمانبەرانی باخچەکانی سلێمانی تەواو نیگەران کردووە موەلیدەی وا هەیە زیانی 9 ملیۆن دیناری لە درەخت و سەوزایی داوە. ئاسوودە عەبدوڵڵا، زۆرتر بەداخە بۆ ئەوەی کەس گوێ لە سکاڵاکانیان ناگرێ.
لەساڵانی رابردوودا، بەردەوام باخچەکانی سلێمانی بیرۆکەی نوێی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵک بەشدار بن لە فراوانکردنی رێژەی سەوزایی شارەکە. نوێترین بیرۆکەش کە کامەران حەمەساڵح بۆ (رووداو)ی باس دەکات، ئەوەیە زانکۆکان لەگەڵیان رێکبکەون، ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ وەردەگیرێن، یەکەمین رۆژی چوونە زانکۆ، نەمامێکیان پێ بکڕن و بیچێنن. لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسی ئەو بیرۆکەیەمان کردووە و تەنانەت ئەو رۆژەش کە بڕوانامەی زانکۆ وەردەگرێ، دیسان نەمامێک بچێنێ، بەو شێوەیە ساڵانە 100 هەزار نەمام لە سلێمانی زیاد دەبێ و ژینگەیەکی باشتر و گونجاوترمان دەبێت.
[1]
10-08-201810-08-2018 ⚠️ دون هذا السجل بلغة (🏳️ کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!