پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
ناسر ئیسماعیل حەسەن
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
نەشوان نایف عەزیز سلێمان
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
نەواف ئیسماعیل حەسەن سەعید
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هاڤین خێرۆ حەسەن
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هەزار موراد معکۆ عەنۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هوەیدە ئیلیاس خرمش شێخۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی موشیر دیوان،
28-03-2024
سارا سەردار
پارت و ڕێکخراوەکان
کارۆ
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
28-03-2024
سارا سەردار
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ئامار
بابەت 514,828
وێنە 104,279
پەرتووک PDF 18,889
فایلی پەیوەندیدار 94,731
ڤیدیۆ 1,232
شەهیدان
موسا عەنتەر
ژیاننامە
کەرەمێ سەیاد
ژیاننامە
سمکۆ عەزیز
ژیاننامە
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان
شەهیدان
ژینا ئەمینی
سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو گەشتێک بۆ ئیسیووپیا
کوردیپێدیا، زانیارییەکانی هێندە ئاسان کردووە! بەهۆی مۆبایڵەکانتانەوە زۆرتر لە نیو ملیۆن تۆمار لە گیرفانتاندایە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp1
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû1
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو

سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو
سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو
گەشتێک بۆ ئیسیووپیا

ئەمجەد شاکەلی
بیرۆکەی سەفەرەکە:
کە هاوڕێم سەردار ئەمین، زەنگی بۆ لێدام و باسی ئەوەی کرد، لەگەڵ هاوڕێ سەفوەت جەباریدا، بەتەمان گەشتێکی ئیسیووپیا بکەن و پرسیاری لێکردم ئەگەر حەز دەکەم منیش هاوڕێی سەفەریان بم، بێ یەکودوو دوای دوو خولەکێک، سولەیمانی قەسساب ئاسا، قایل بووم و گوتم باشە[1]. ئیدی پاش ئەو زەنگەی هاوڕێ سەردار و قایلبوونم، لەسەر کاتی سەفەرەکە ڕێککەوتین و کەوتینە مشووری بلێت پەیداکردن و خۆمان ئامادەی ئەو سەفەرە کرد و بڕیار وابوو سەرلەبەیانی ڕۆژی 06 – 01 – 2016 کاتێک لە فڕۆکەخانەی بۆڵی(Bole) لە ئەدیس ئەبابا دادەبەزین، یەکدی ببینین و هەر بەو جۆرەشمان کرد. لەبارەی ئیسیووپیاوە، زانیارییەکی کەمم هەبوو و دەمزانی بە زێد و لانکی مرۆڤ دادەنرێ و خودانی ژیارییەکی دێرین و مەزنە و هایلا سیلاسی ئیمپراتۆری وڵات بووە و دواتر کۆمۆنیستەکان کوودێتایان بەسەردا کردووە و وڵاتەکە بووە بە کۆماریی و وڵاتی قاوەیە و هەندێ وردە شتی دیکەیش، لێ زانیاری لەکوێ و بەچاوی خۆت بیبینی لەکوێ! سەفەر، ڕێگەیەکە بۆ دیتن و تێداژیان و هەستپێکردن و تاقیکردنەوەی جیاوازییە فەرهەنگی و جڤاکی و هزری و ئابووری و هەموو وردە شتەکانی دیکەی پێوەنددار بە ژیانەوە و بیرکردنەوە لێیان و کردەیەکە دنیایەک پەند فێری مرۆڤ دەکات و یەک حەمکە شاراوە و نادیاری دەوروبەر و جیهانی بۆ ئاشکرا دەکات و دەردەخات و تەکانێک بە لایەنە گیانی و هەستەکییەکانی مرۆڤ دەدات و مرۆڤ نوو دەکاتەوە[2].
نیشتمان، خەڵک و مێژوو:
ساڵی 2006 لە لەندەن دوو هاوڕێی ئیسیووپیاییم هەبوون، ناویان(تەشوم) و (فرەی)بوون، پێکەوە دەچووینە خولێکی سەرەتایی زمان، پاش دوو سەعاتێکی وانەکان، وێکڕا دەردەچووین و دەگەڕاینەوە، هەموو جارێ، تەشوم، کە بڕێک نێزیکتر بووین لەیەکتر، بە شانازییەوە باسی ئیسیووپیای وەک وەڵاتێکی خاوەن شارستانییەکی دێرین و دایکی وڵاتان و لانکی مرۆڤ دەکرد، منیش پێمدەگوت: کە ئیسیووپیا لانک و زێدی هەموو مرۆڤە و ڕەگوڕیشەی هەموومان دەگەڕێتەوە سەر ئەو وڵاتە، کەواتە ئێمە هەموو منداڵ و نەوەی ئەو خاکەین و هەموو یەکێک لە ئێمە، سا ئیدی خەڵکی هەر عەردەک بێت و هەر زمانێک بئاخڤێ و هەر ڕەنگ و دینێکی هەبێ، مافی ئەوەی هەیە ببێتە هاووڵاتی ئیسیووپیا و خاوەنی پاسپۆرتی ئیسیووپیایی، وەرە لەتەکەمدا با بچین بۆ باڵیوزخانەی ئیسیووپیا و داوای پاسپۆرت بکەین بۆ من! تەشوم، قاقا بە قسەکەم دەخەنی و دەیگوت، وەڵلا خۆ جێی خۆیەتی و بیرۆکەیەکی خراپ نییە! بەڵام ئێستا بچین و ئەو باسەیان بۆ بکەین، سەگمان پێوە دەنێن! نە بەکردەوە هیچم کرد و نە بەتیۆرییش ئەو بیرۆکەیەم گەیاندە باڵیۆزخانەی ئیسیووپیا! ئیسیووپیا، یا کۆماری ئیسیووپیای دیموکراتی فیدراڵ، وەڵاتێکە لە ئەفریقا. ئێریتریا، سوودان، خوارووی سوودان، سۆمال، جیبۆتی و کینیا، وڵاتگەلێکن، کە دەورەی ئیسیووپیایان داوە. بەرینایی وەڵاتی ئیسیووپیا 1104300 کم2یە و ژمارەی دانیشتووانیشی لە 100 میلیۆن پترە، بەوەش لە ڕووی زۆریی دانیشتووانەوە، دوای نایجیریا، دەبێتە دووەم وەڵاتی ئەفریقا. ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووانی ئیسیووپیا، گەلێک خێرایە، بۆ نموونە دانیشتووانی ئەو وەڵاتە لە ساڵی 1950دا، 18,434,000کەس بوونە، لێ لە ساڵی 2010دا بوون بە 82,950,000 کەس، واتە لە ماوەی 60 ساڵدا نێزیکەی 64 میلیۆن کەس زیادیان کردووە. لە ساڵی 1983دا، 33,5 میلیۆن بوونە و لە 2014دا بوون بە 87,9 میلیۆن، واتە: لە ماوەی 31 ساڵدا 54,4 میلیۆن زیادیان کردووە. ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان، یا لەدایکبوونی منداڵ، لەنێوان 2,6 و 2,8دایە و وا چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2060دا، ژمارەی دانیشتووانی ئیسیووپیا، بگاتە 210 میلیۆن مرۆڤ. کۆمەڵە ئەفرۆ – ئاسیاییەکانی ئیسیووپیا، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وەڵاتە پێکدەهێنن و لەنێو ئەوانیشدا ئەوانەی بە زمانە سامییەکان دەئاخڤن، خۆیان وەکحەبەشێ یا ئەبەشیدەدەنە ناسین. لەنێو ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامیدا، بەهۆی ئەدەبییات و فەرهەنگی عەرەبەوە، ئیسیووپیا بە ئەلحەبەشەالحبشة ناسراوە و حەبەشەش، کاتی خۆی بە شانشینی ئەکسوم Aksum گوتراوە. ناوی حەبەشە لە خێڵێکی یەمەنییەوە هاتووە بەناوی حەبەشت، کە لەنێوان سەدەی دەیەم و حەوتەمی(پێش.ز)دا و دوای ڕووخانی بەنداوی مەئرەب(مأرب)، لە یەمەنەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەکسوم. ناوی ئەلحەبەشەیش بووەتە بنەمای وشەی ئەبیسینیا (Abyssinia)، کە لە زمانانی ئینگلیزی و ئەوروپاییاندا، پێش ئەوەی وەڵاتەکە ناوی ئیسیووپیای لێبنرێت، بەو ناوەوە ناسرابوو. ناوی ئیسیووپیا، شا مەنیلیک Menelik IIی دووەم، بەسەر ئەو وڵاتەیدا بڕیوە. شا مەنیلیکی دووەم، بە دامەزرێنەری ئیسیووپیای هاوچەرخ و نوێ دادەنرێ و گەلێک ئارەزووی هاوردەی زانست و تیکنۆلۆگیی ڕۆژاوای هەبووە و لەتەک ڕووسیاشدا نێزیکایەتی هەبوو. وشەی ئیسووپیا لە زمانی گرێکییەوە هاتووە، کە بۆخۆی Aithiopsە و لە دوو وشەیAithio وops پێکهاتووە، کە بە واتای ڕوومەتی سووتاو، ڕەشتاڵە، ئەسمەری پڕڕەنگ، یا قاوەییڕەنگ دێت، کە ئەودەمی بە خوارووی مسر و سوودان و ئیسیووپیای ئێستا گوتراوە[3]. مێژووی وەڵاتی ئیسیووپیا دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە 2000 ساڵ پێش زایین، لێ یەکەم پێشە[4]ی مرۆڤ لە خاکی ئیسووپیا دۆزراوەتە، کە دەگەڕێتەوە بۆ 4,4 میلیۆن ساڵ و یەکەم گیانلەبەرێکیش، کە کەوتووەتە سەر دووپێ، ڕۆیشتووە، خاوەنی هۆش و عەقڵ بووە، بە یەکەم مرۆڤ دادەنرێ و بە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بڵاوبووەتەوە، هەر لەو خاکەدا پێش 200000 ساڵ، پەیدا بووە، کە هۆمۆ ساپینەس(Homo Sapiens)ی پێ گوتراوە. ئەو مرۆڤە سەرەتاییانەی، بە زمانانی ئەفرۆ- ئاسیایی دواون، هەر لە ئیسووپیاوە، لە چاخی بەردینی نوێدا، بە ڕۆژهەڵاتدا بڵاوبوونەتەوە. ئیسیووپیا وڵاتێکی فرەنەتەوە و ئیتنیکە و پتر لە 80 نەتەوە و ئیتنیک و نێزیکەی 83 زمان و 200 شێوەزاری تێدایە. زمانی ئەمهەریک (Amharik)، زمانی ڕەسمیی وڵاتە و زمانانی ئۆرۆمیففا (Oromiffa)، تیگرینیا(Tigrigna) و گوراجینا(Guragina) زمانگەلێکی گەورەی وڵاتن، کە خەڵکانێکی زۆر قسەیان پێ دەکەن. ئەوەی، کە ئەو هەموو ژمارە زۆرە زمان و شێوەزارەی تێدایە یا بە زمان و شێوەزار دێنە ژماردن، بە من، بۆچوونێکی نادروستە، ئەوە بیر و دیدێکی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەوروپاییانە و ڕۆژاوایانەیە بۆ زمان، جیاوازییەکی کەمی زمان لەنێوان گوندێک یا بەرەباب و بنەماڵەیەک لەگەڵ گوند و بەرەباب و ماڵباتێکی تردا، بە تایبەت لە وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای خواروو، لەکن ڕۆژهەڵاتناسان و ئەوروپاییان، وەک دوو زمانی جیاواز دەژمێردرێن. ئەو 80 زمانەی باسیان لێوە دەکرێن، بەشێکی زۆریان تەنیا شێوەزاری جیاوازی یەک زمانن[5]. گەورەترین ئەو نەتەوانەی ئیسیووپیا 10 نەتەوەیەکن، بەڵام دووانیان لە هەمووان مەزنترن، ئۆرۆمۆ(Oromo)، ڕێژەیان 34%ن و ئەمهەرە(Amhara)، ڕێژەیان 27%ن و گەورەترین زمانانی ئیسیووپیایش: ئۆرۆمۆ وئەمهەریکن، کە سەربە گرۆی زمانانی ئەفرۆ- ئاسیایی (Afroasiatic) و زمانانی سامین و ئەمهەریک زمانی ڕەسمی وڵاتە و بە ئەلفبێیەک دەنووسرێ ئیسیووپیکی پی دەگوترێ، کە یەکێکە لە کۆنترین ئەلفبێیەکانی جیهان. لەنێوان 1881 – 1914دا، لە سەردەمێکدا، لە سەدەی نۆزدەیەمدا، کاتێک تەواوی ئەفریقا کەوتبووە بن دەستی وەڵاتانی کۆڵۆنیالیستی ئەوروپا، ئیسیووپیا تاکە وەڵاتێک بووە لەو کیشوەرەدا، سەربەخۆیی و خاکی خۆی پاراستووە و بە هێز دژی سپا و هێزی داگیرکەرانی ئەوروپایی بووەتەوە. ئیسیووپیا یەکەم وەڵاتێکی ئەفریقایە، کە لە سەدەی بیستەمدا بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی دەوڵەتان(LN) و دەوڵەتانی یەکگرتوو(UN).
فەرمانرەوایانی ئیسیووپیا:
بەشی زۆر و درێژترین مێژووی ئیسیووپیا، وەڵاتێکی شانشین بووە. شا مەنیلیک(Menelik II)ی دووەم، کە لەنێوان 1889 – 1913دا شا بووە و پێتەختەکەی لەسەر کەژی ئێنتۆتۆ(Entoto) بووە، کە 2400 میترێک بەرزە و شاری ئەدیس ئەبابا دەکەوێتە دامێنییەوە. دوای ئەو شا ئیاسو(Iyasu V) ی پێنجەم لەنێوان 1913 – 1916دا ئیمپراتۆری وەڵات بووە. هایلە سیلاسی(Haile Selassie I)یەکەم، کە لەنێوان 1916– 1974دا و دوای شا مەنیلیک و شا ئیاسۆ، بووەتە شای ئیسیووپیا، دواشا و دوائیمپراتۆری ئەو وەڵاتە و گرنگترینیان بووە و درێژترین ماوەیش لەسەر تەخت بووە. هایلە سیلاسی، وەک ئیمپراتۆر لە ساڵی 1930دا خۆی دایە ناسین و خۆی وەک: شای شایان، گەورەی گەورەیان، سەروەری سەروەران، شێری ڕزگارکەر لە هۆزی یوودا (Judah) [6]، هەڵبژاردەی خودا، ناو نا و ناوی خۆی نا هایلە سیلاسی، کە بە واتای هیزی ترینیتی(Power of the Trinity) دێت واتە: هێزی سێیینە(هێزی باوک و کوڕ و گیانی پیرۆز)، کە لە عیسایەتیدا وەک سێکوچکەی دین سەیر دەکرێ. هایلا سیلاسی(23ی جوڵای 1892 – 27ی ئۆوگوستی 1975)، کە لەدایک بوو، ناوی(تەفاری ماکۆنن ولدمیکایل Tafari Makonnen Woldemikael) بوو و لەنێوان 1916 – 1930دا جێنشین(ولي العهد، الوصي علی العرش)ی شای ئیسیووپیا بوو و لەنێوان 1930 – 1974دا ئیمپراتۆری ئیسیووپیا بوو و ماوەی2 ساڵێکیش سەرۆکی یەکیەتیی ئەفریقا بوو. لەنێو پێڕۆیانی بزاڤی ڕاستافاری Rastafari[7]دا، کە ژمارەیان لەنێوان 2 – 4 میلیۆن مرۆڤدایە، هایلا سیلاسی وەک خودا و بەرجەستەکردنی خودا تەماشا دەکرێ، کە بە ئینگلیزی بە جاه(Jah) ناو دەبرێ و بە بەشێک لە سێیینەی پیرۆز(باوک و کوڕ و گیانی پیرۆز)ی دادەنێن و پێیانوایە ئەو (هایلا سیلاسی)، ئەو مەسیحەیە، کە لە ئینجیلدا ئاماژەی پێ کراوە. وشەیڕاس لە زمانی ئەمهەریکدا بە واتای سەر و تافاری ناوی خۆیەتی و ماکۆنینیش ناوی باوکیەتی، کە ناوی هایلا سیلاسی، پێش ئەوەی لە ساڵی 1930دا ببێتە ئیپمراتۆری ئیسیووپیا، بەوجۆرە بووە. هایلا سیلاسی، کە شا بووە، گرنگییەکی زۆری بە خوێندن و بڵاوکردنەوەی و زانست و فەرهەنگ داوە و ویستوویەتی وەڵاتەکەی بباتە ڕیزی وەڵاتانی پێشکەوتووەوە، هەربۆیە، کۆشکەکەی خۆی بەخشیوە بە زانستگەی ئەدیس ئەبابا و تا ئێستاکەش، دوای نەمانی خۆیشی، هێشتا شوێنی خوێندن و توێژینەوەیە. بێجگە لەو زانستگەیە، لەو شارەدا چەندین زانستگە و خوێندنگەی خوێندنی باڵا هەن. لەمیانەی داگیرکردنی ئێریتریاوە لەلایەن ئیتالیاوە ساڵانی 1936 – 1941، هایلا سیلاسی، ئیسیووپیای جێهێشت و هەڵهات بۆ بریتانیا. شای شایانی ئیسیووپیا، شێری هۆزی جوودا و هەڵبژاردەی خودا هایلا سیلاسی لە 27ی ئەوگوستی 1975دا لە تەمەنی 83 ساڵیدا مرد و گۆڕەکەی خۆی و گۆڕی ژنەکەیشی لەنێو کاتدراڵی ترینیتی(Trinity Cathedral)، کاتدراڵە گەورەکەی ئەدیس ئەبابادان، کە گەورەترین کەنیسەیە لە شاری ئەدیس ئەبابا. لە 12ی سێپتەمبەری 1974دا، حیزبی شۆڕشگێڕی گەلی ئیسیووپی(EPRP)، کە حیزبێکی مارکسی – لێنینی سەر بە سۆڤیێت بوو، بە کۆمەکی هێزی چەکدار (Derg) و بە کوودێتایەکی سەربازیی، هایلە سیلاسییان لەسەر دەسەڵات لابرد و ڕێژیمەکەیان گۆڕی بۆ کۆماری دیموکراتی گەلی ئیسیووپیا و ئیسیووپیا بوو بە کۆمارێکی سۆسیالیستی تاک حیزبی. لە 1977یشەوە ژەنڕال مانگیستۆ هایلی ماریەم(Mengistu Haile Mariam) بوو بە ڕێبەری وڵات. ئەم ڕێژیمە سۆسیالیستییە تا داڕووخانی سۆڤیێت و بەرەی سۆسیالیستی لەسەرکار بوو و لە 1991دا ئەمیش وەک وڵاتانی ئەو بەرەیە ڕووخا و سەرۆکی ڕێژیمەکەش هەڵهات و لە وڵاتی زیمبابووێ داڵدە درا و تا هەنووکەش هەر لەوێیە. ئیدی ڕێژیمێکی دیکەی سەر بە ڕۆژاوا هاتە سەرکار، کە تا ئێستاش ماوە و ئیسووپیاش وەک وڵاتێکی فیدراڵ درایەناسین. ئیسیووپیا لە ساڵی 1995ەوە، وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ بەسەر 9 دەڤەردا، لەسەر بنەمای نەتەوەیی دابەشکراوە.
خاک و ئاو و کشتوکاڵ:
ئیسیووپیا لە ڕووی خاکەوە جیاوازییەکی زۆری لە دەڤەرێکەوە بۆ دەڤەرێکی دیکە هەیە. دەڤەری ناوەڕاستی، کە هەردە و گردە و بەرزاییەکانی لەنێوان 2000 – 3000 میتردایە. لە باکوور و ناوەندی وڵاتیش، کە پێی دەگوترێ، بەرزەخاک، کەژ و کێو و شاخاوییە و 25 چیای لێیە، بڵنداییان لەنێوان 1500 – 4550 میتر دەبێ و بڵندایی لوتکەکانیان دەگەنە 4500 میتر. بەناوبانگترین ڕووباری ئیسیووپیا، نیلی شینە. لە زەریاچەی تانا(Tana Lake)ەوە لەلای شاری بەهر دار(Bahir Dar)ەوە دەست پێ دەکات و بەرەو باکوور بە درێژایی 1450 کم دەڕوا، کە 800 کم بەنێو خاکی ئیسیووپیادا دەڕوات و 325000 کم2 ئاودەدات دواتر لە باژێڕی خەرتووم (خرطوم)ی سوودان لەگەڵ (نیلی سپی)دا یەکدەگرنەوە. نێزیکەی %90ی خەڵکی ئیسیووپیا دەشتەکی و گوندنشینن و بەشێکی زۆریان وەرزێرن و بە کشتوکاڵەوە خەریکن. کشتوکاڵ بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵاتە و بەشی زۆری هەناردەی وڵاتیش لەم بەرهەمانە پێک دێن: قاوە، کونجی، تێف، گەنمەشامی(زوڕات)، گەنم و جۆ، مۆز، ئەڤۆکادۆ، پاپایا، ئەو تۆوانەی ڕۆنیان لێ دەردەکرێن، دانەوێڵە، گوڵ، سەوزە، شەکر و ئالکی ئاژەڵ. بێجگە لەوانەش ئاژەڵ مانەندی ڕەشەوڵاخ و پەز و پێستی ئاژەڵ بۆ دەرێی وڵات دەنێردرێن. پلەی گەرما لە ئیسیووپیا بەرزترینی لەنێوان 20 – 25 و نزمترینیشی لەنێوان 5 – 10 پلەدایە. وەڵاتەکە بە گشتی بارانی زۆرە، بەتایبەت لە مانگەکانی حوزەیرانەوە تا ئەیلوول و لەنێوان مانگی مارس - مەی باران دەبارێ. لە چیای سەمارە(Samara) کە 100کم لە باژێڕی گۆنەدەرەوە دوورە و نزیکەی 4600 م لە سەر ئاستی زەریاوە بەرزە، لە زستانی ئەوێدا، کە لە مانگی جوونەوە تا مانگی سێپتەمبەرە، بەفر دەبارێت. ئاژەڵی کێوی لە ئیسیووپیا گەلێک زۆرن، ئاسک، پڵنگ، شێر، زەرافە، ڕێوی و سەدان جۆری دیکە هەن. نزیکەی 20 پارکی مەزن، کە سەدان جۆرە ئاژەڵیان تێدان لە ئیسیووپیا هەن و یەکێک لە ناسراوترینیان پارکی سیمین(Simien)، کە لەسەر کێوێکە هەر بەو ناوەوە. لە دەسپێکی سەدەی بیستەمدا 420000کم2، کە نێزیکەی %35 خاکی ئیسیووپیایە دارستان بووە، وڵاتەکە سەرسەوز بووە، لێ ئێستاکە ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ %11,9. ئیسیووپیا وەڵاتێکە بە پێچەوانەی کوردستان و وەڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات، چینی دەرەبەگ و خاوەن موڵکی تێدا نییە و زەوی هی هەموو مرۆڤەکان بووە یا ڕاستتر بڵیین، زەویی کشتوکاڵ هی دەوڵەتە و وەرزێر دەتوانێت بۆ ماوەی لە یەک ساڵەوە تا 99 ساڵ بە کرێ بەرانبەر بە پارەیەکی ساڵانە لە دەوڵەتی بگرێ. ئەو ڕەوشە تا ڕادەی یەکسانی، خەڵکە وەرزێر و گوندی و دەشتەکییەکەی، لە ڕووی دارایی و شێوەی ژیانەوە، لەیەکتر نێزیک کردووەتەوە و چینی باڵای خودان زەوی و دەرەبەگ و ئەریستۆکراتی تێدا دروست نەبووە. ئیسیووپیا، لە ئەفریقا بە بورجی ئاو ناودەبرێ، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ڕووبارە مەزنانەی ئەفریقا لە بەرزەخاکی ئیسیووپیاوە هەڵدەقوڵێن، کە نیل یەکێکە لەوان و مەزنترین یەدەکی ئاویی هەیە لە ئەفریقادا، لێ ئەوەی بۆ ئاودێری بەکاری دەهێنرێت، تەنیا 1- %1,5ی ئەو هەموو ئاوەیە. بەهۆی زۆریی ئاوەوە بە ئیسیووپیا دەگوترێ وڵاتی نەوتی سپی و بەهۆی زۆریی قاوەیشەوە پێی دەگوترێ وڵاتی زێڕی ڕەش. لەسەر نیلی شین، چەند کیلۆمیترێک دوور لە سنووری سوودانەوە، بەنداوێکی یەکجار مەزن، لەسەر نیلی شین و بە دووری 20 کم لە سنووری سوودانەوە، لەلایەن دەوڵەتی ئیسیووپیاوە، بە بەهای 6,4 ملیارد دۆلاری ئەمەریکی دروست دەکرێت. کە نزیکەی 74 میلیۆن م3 ئاو دەگرێت، لە ساڵی 2011ەوە دەستیپێکراوە و لە 2017دا تەواو دەبێت. ئەم بەنداوە، کە ناوی ڕابوونی لێنراوە و بە زمانی ئەمهەریکیش، پێی دەگوترێ GERD یا Taehige و ناوە ڕەسمییەکەیشی Grand Ethiopian Renaissance Dam یا Millennium Damە، گەورەترین بەنداوی ئەفریقا و شەشەم گەورەبەنداوی جیهانە. وا چاوەڕوان دەکرێ، ئەم بەنداوە 6000 میگاوات وزەی ئەلەکتریک بەرهەمبهێنێت و ئەلەکترێک نەک هەر تەنێ بۆ ئیسیووپیا خۆی، بەڵکە بۆ فرۆشتن بە مسر و سوودانیش، دابین بکات. کۆمپانیا ئیتالییەکان، بەڵێندەری سەرەکین لە دروستکردنی بەنداوەکەدا. بەنداوەکە، دەبێتە هۆی گۆڕینی پاناییەکی زۆری زەوی لە دەیم و وشکانییەوە بۆ زەویی بەراو و بەوەش پێشخستنی کشتوکاڵ و بەرهەمی زیاتری کشتوکاڵی و دابینکردنی کار بۆ خەڵکانێکی زیاتر لە بواری کشتوکاڵدا، دەستەبەر دەکات. هەموو مووچەخۆرێکی دەوڵەت لە ئیسیووپیا %30ی مووچەکەیان، وەک قەرز و بۆ خەرجی ئەو بەنداوە، لێ دەبڕدرێت، بێجگە لەوەش حسابێکی بانکیش کراوەتەوە، هەرکەسێک کەی ویستی دەتوانێت لەو پارەیەی، کە لە مۆبایەڵەکەیدا هەیە، شتێک پارە خۆبەخشانە بخاتە سەر ئەو حیسابە، بۆ ئەو پرۆژەیە. هەرچەندە من بۆ خۆم لە یەکێکی ئیسیووپیایی ژنەفت، کە لە هەموو مۆبایلێک، ڕۆژانە، هەموو بەیانییەک، 0,03 بڕڕ دەبڕدرێ و خەڵکەکە بۆ خۆیان، وەک هەستێکی نیشتمانی و ئەرکێک و وەک کۆمەک بە دەوڵەت، دەیبەخشنە حیسابێکی بانکی، کە هی ئەو بەنداوەیە.
قاوە:
ئیسیووپیا شوێنی پەیدابوون و شینبوونی قاوەیە. وشەی قاوە(Coffee) لە وشەی کافا(Kaffa)وە هاتووە، کە ناوێکی کۆنی دەڤەری ئۆرۆمیا (Oromia)یە و دارستانە چڕەکانی بۆنگا(Bonga)ی لێیە، کە تژین بە داری قاوە. ئەو شانشینی قاوەیە، ماوەی 500 ساڵێک وەک وەڵاتێکی سەربەخۆ هەبوو، لێ ئیدی لە 1897ەوە بوو بە بەشێک لە شانشینی ئیسیووپیا. هەر لەو دەڤەری کافایە، ساڵانە 1600 تۆن هەنگوین بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی جۆرێک مەی، پێی دەگوترێ تەج(Tej)، کە خواردنەوەیەکی نیشتمانیی وڵاتی ئیسیووپیا و ئێریتریایە، مانەندی ویسکی سکۆتلەندی و ڤۆدکای ڕووسی و تەکیلای مەکسیکی و عەرقی هبهب و مەستەکی و ئەبولکەلەبچەی عیراقی و ڕاکیی تورکی و ڕەنگە عەرەقی عەنکاوەی کوردستانییش. قاوەیتۆماکۆ To – Ma – co، کە جۆرێک قاوەی ئیسیووپیاییە، بە ناسراوترین و بەتامترین قاوەی ئەو وەڵاتە دادەنرێت. وەک بیانییەک ئەگەر پرسیاری باشترین جۆری قاوەی ئیسیووپیایی بکەیت، دەسبەجێ ناوی تۆماکۆ دەبیسیت و پێت دەگوترێ. من بۆ خۆم، کە لە شاری بەهر دار(Bahr Dar) بووم، کە دەکەوێتە دەڤەری ئەمهاراAmhara لە باکووری ئیسیووپیا، ئەو ڕۆژەی دەگەڕاینەوە بۆ ئەدیس ئەبابا، لە کارمەندێکی هۆتێلەکەم پرسی، کە دەگەڕێمەوە سوێد چ قاوەیەک لەگەڵ خۆمدا ببەمەوە و لەکوێ پەیدای بکەم؟ بێ یەکودوو گوتی: تۆماکۆ لەگەڵ خۆت ببەوە و لە ئەدیس ئەبابا لە فڵانە جێگە دەستت دەکەوێت. ڕێکوڕەوان ناوونیشانی جێگەکەیشی دامێ. لە ئەدیس ئەبابا ڕۆژێک پێش گەڕانەوەمان، لەگەڵ هاوڕێ سەرداردا چووینە ئەو جێگەیە، کە هەم قاوەخانە و هەم فرۆشگەیەکی گچکە بوو. کە وەژوور کەوتین، گەلێک خەڵکی لێبوون. هەندەک قاوەیان دەخواردەوە و هەندێکیش کڕیاری قاوە بوون. ئێمە هەم قاوەمان خواردەوە و هەم کڕیاریش بووین. لەو جێگەیە هەر تەنیا قاوەی تۆماکۆیان هەبوو. هەر لە چوونەژوورەوەدا و لەسەر سەری ئەوانەی لە پشتی تەختەیەکەوە کار دەکەن و قاوەکەت دەدەنە دەست، گوتەیەکی نووسەری فرانسی بەلزاک(ئۆنۆغێ دو بەلزاک Honoré de Balzac) 1850 – 1799، بە زمانی ئینگلیزی هەڵواسراوە، کە دەڵێ:کە کووپێک قاوە دەخۆیەوە، هزر وەک سپایەک بەسەرتدا دادەبارێت ”When drink a cup of coffe ideas come ”inmarching like an army[8]. ئەفریقا و ئەمەریکای خواروو(لاتین ئەمەریکا) بە زێدی قاوە دادەنرێن. لە ئەمەریکای خواروو، برازیل لە پێشی پێشەوەیە لە بەرهەمهێنانی قاوەدا و بە دوایدا پەروو، هیندۆراس، کۆستاریکا، نیکاراگوا، سلڤادۆر، گواتیمالا، مەکسیک و ڤەنزوێلا دێن. قاوە بێجگە لەوەی خواردنەوەیەکی میللییە وەک چای، نۆرەیەکی گەورەشی هەیە لە بواری ئابووریدا و سەرچاوەی داهاتێکی زۆرە بۆ ئەو وڵاتانەی بەرهەمی دەهێنن. ڕێژەی خواردنەوەی قاوە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پلەی یەکەم دێت لە جیهاندا و بە دوای ئەواندا فینلاند دێت. نووسەرێکی ئیتالی بە ناوی ئەنتۆنیۆس فاوستۆس نایرۆنۆس(Antonius Faustus Naironus)، لە ساڵی 1671دا کتێبێکی لە بارەی تامی قاوەوە نووسیوە و لەوێدا هاتووە، کە ئاژەڵ یەکەم گیانلەبەر بووە لە سەدەی نۆیەمدا قاوەی دۆزیوەتەوە. وا باوە، داری قاوە لەسەر لوتکەی چیاکانی ئیسیووپیا ڕوواوە و بزن لەو دەوروبەرە لەوەڕاون و ڕێیان کەوتووەتە ئەو دارە و بەرەکەیان، کە دانی قاوەیە خواردووە و بەو هۆیەوە چالاکییەکی تایبەتیان پێوە دیار بووە، جیاواز لە ئاژەڵەکانی دیکە. بزنەکان چێژیان لە تامی مەیلەو ترش و ڕەنگی سووری پێش ڕەسینی قاوەکان بینیوە. شوانەکان، کە بزنەکانیان بەو چالاکی و کاراییە بینیوە، چیرۆکەکەیان بۆ قەشە و پیاوانی دینیی کڵێسە نێزیکەکانی ئەو دەڤەرە گێڕاوەتەوە، کە بزنان بە خواردنی ئەو دارە، هێندە بە ڕۆژدا چالاک دەبن و بە درێژایی شەویش بێدارن و ناخەون. ئەوجا پیاوانی دینیی کڵێسە و خەڵکی دیکە، ئەو دانە قاوانە تاقی دەکەنەوە و چێژی لێ دەبینن. ئیدی بەو جۆرە لەنێو دانیشتووانی ئیسیووپیادا بڵاو دەبێتەوە، لێ یەکەم تاقیکردنەوەیان لەگەڵ قاوەدا بڕێک دژوار بووە، چونکە ئەوان بە وشکی دەیانجوو و بە بەرد وردیان دەکرد و ئیدی لەبەر وشکییش، هەندەک ئاویان تێکردووە و ڕەنگی گۆڕاوە و قاوەیی بووە و ئەوانیش خواردوویانەوە و هەستیان بە چێژ و خۆشی کردووە. قاوە ماددەیەکی خاوێنکەرەوەی خوێن(Antioxidant)ی تێدایە، کە ئەگەری تووشبوون بە هەندێ نەخۆشی وەک شەکرە و بەشێک لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و نەخۆشی لەبیرچوونەوە(ئەلزایمەر) و نەخۆشییەکانی پۆۆکانەوەی ئێسک کەم دەکاتەوە.
ئەدیس ئەبابا(Addis Ababa):
ئەدیس ئەبابا، کە پێتەختی ئیسیووپیایە، گەورەترین باژێڕیشیەتی و نێزیکەی 3,5 میلیۆن مرۆڤی تێدا دەژین. دووەم باژێڕی ئەو وڵاتە (ئەداما)یە، ژمارەی دانیشووانی ناگاتە نیو میلیۆن و ئیدی دانیشتووانی باژێڕەکانی دیکەش هەموو کەمترن لەوە. ئەوە هیچ کە زۆرینەی دانیشتووانی ئیسیووپیا، بەدەست برسییەتی و نەدارییەوە دەناڵێنن، پتر لە %55ی دانیشتووانی ئەدیس ئەبابای پێتەختی وڵات، لە گەڕەکە هەژار و لەنێو زنج و قوڕ و لیتە و سیانە و گوفەکدا دەژین و شوێنی ژیان و خانووەکانیان لەو ماددە و کەرەسانەی، کە دەستیان دەکەوێت، دروستی دەکەن و ئاساییترین و کەمترین ستانداردی ژیانی شار، ئاو، ئەلەکتریک، ئاوەڕۆ، ئاودەستخانەیان نییە، کە ئەوە بۆخۆی ژینگەیەکی باش و بە پیتە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشی و نەگبەتییەکی دیکە. هێشتا ئەگەر بەراوردی ئەدیس ئەبابا لەگەڵ گوند و دەشتەکییاندا بکەین، ئەوا دانیشتووانی ئەو باژێرە گەلێک لە دەشتەکی و وەرزێران ڕەوشیان باشترە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، کە خەڵکی دەوڵەمەند و دارا لەو باژێڕەدا نین، هەن، لێ یەکجار کەمن. ژیان لەنێو شاری ئەدیس ئەبابادا لەم ڕۆژگارەدا وەک ژیانە لەنێو خانوویەک یا بینایەکدا، کە هەموو ڕۆژیک گۆڕانێکی بەسەردا دێت، ئیدی دیوارێکی زیادەی بۆ دروست دەکرێ یا پەنجەرەیەک یا دەرکەیەکی لادەبرێ یا شتێکی دیکە. هەر بینایەو بە ئاسماندا دەچێت و بەرز دەبێتەوە و هەر بلۆکەو دەخرێتە سەر بلۆکی دیکە و چیمەنتۆیەو دەگیرێتەوە و دیوارەو لەپاڵ دیواری دیکەدا، دەبێتە بینا. ئەو هەموو بینا زۆرانەی دروست دەکرێن و بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە، ناتوانن کوڵبە[9] و خانووە قوڕ و زنج و خێوەتە لە تەنەکە و دار و چیلکە و پەڕۆوپاتاڵ دروستکراوەکان، کە گەڕەکە هەژارەکانی شار پێکدەهێنن و هەژارانی تێدا نیشتەجێن، بشارنەوە و گۆڕانەکان هێشتا لە چینە هەژارەکان نزیک نەبوونەوە. ئەدیس ئەبابا، کە ئێستا تەمەنی 130 ساڵێکە، تەواوی چیرۆکی ئەو باژێڕە لە 1886ەوە دەست پێ دەکات، کاتێک شا مەنیلیکی دووەم(Menelik 2)، کە یەکێک بووە لە شا ناسراو و ڕێزلێگیراوەکانی ئیسیووپیا، کە پێتەختی وڵاتەکەی لەسەر چیای ئێنتۆتۆ(Entoto) بووە، دەیەویست هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان پێتەختی وڵاتەکەی و جیبۆتیدا بکاتەوە. ئەندازیار و شارەزایان، شایان لە سەختی ئەو بیرۆکەیە ئاگادار کردووەتەوە، چونکە هەموو ئەو ڕێگەیە هەوراز و نشێو و هەردە و کەژە، بۆیە لەو بیرۆکەیە پەشیمانیان کردووەتەوە. شاژنی وڵاتیش(تایتوبێتول Taytu Betul)، کە ژنی سێیەمی شا مەنیلیکی دووەم بووە، لە دامێنی کەژی ئێنتۆتۆدا، ئەو جێگەی کە بوو بە ئەدیس ئەبابا، کۆشکێکی بۆ خۆی دروستکردووە و ئیدی شا مەنیلیکیش بەدوویدا لەو چیایە هاتووەتە خوارێ و لەو پێدەشتەی دامێنی ئێنتۆتۆدا ئەویش لە نێزیک شاژن، کۆشکێکی بۆ خۆی دروستکردووە، واتە ئەو شاژنە شوێنی ئەو شارەی هەڵبژاردووە و دیاری کردووە. شا مەنیلیکیش دوای ئەوەی گرنگیی ئەو شوێنەی، کە لە دامێنی چیای ئێنتۆتۆدایە، لە ڕووی سەربازییەوە، بۆ دەرکەوت، ئیدی بڕیاری دا و دەستی بە دروستکردنی شارەکە کرد. هەرئەو جێیەی کۆشکی شا و شاژنی تێدا دروستکراون، ئیدی لە ساڵی 1886ڕا بووە بە پێتەختی ئیسیووپیا و ناوی ئەدیس ئەبابای لێنراوە، کە بە واتای: گوڵی نوێ دێت. ئیمپراتۆر هایلا سیلاسی، کە دواتر دوای شا مەنیلیک بووە بە شا، درێژەی بە ئاوەدانکردنەوە و نوێکردنەوەی وڵات داوە و کەسێک بووە، بیری بانئەفریقا(Pan-Africanism)یی هەبووە، ویستوویەتی ئەدیس ئەبابا، بکا بە شارێکی نوێ و لە نەخشەی جیهاندا جێگەی بکاتەوە. ئیدی ئەدیس ئەبابا بووە بە پێتەختی ڕێکخراوییەکیەتیی ئەفریقا. شاری ئەدیس ئەبابا دەکەوێتە دامێنی چیای 'ئێنتۆتۆ Entotoوە، کە 2400میتر بەرزە. تاڕادەیەک کەشوهەوای ئەدیس ئەبابا نە زۆر گەرمە و نە سارد، لەنێوان مانگی ئوکتۆبەر – فێبریوەری هەندێک وشکە و مارس – مەی، نمە و وردەبارانی هەیە و لەنێوان جوون – سێپتەمبەردا بارانی قورس و زۆر دەبارێ. پلەی گەرما دەگاتە 16 پلەیەک، بەرزترینی لەنێوان 20– 25 و نزمترینیشی 5 – 10 پلەیە. دەشێ بگوتری لە ئیسیووپیا بە گشتی، دوو وەرز هەن، وەرزی وشک(ئوکتۆبەر – مەی) و وەرزی تەڕ(جوون – سێپتەمبەر). لە ئەدیس ئەبابا بە هۆی هاوڕێ سەفوەت جەبارییەوە، کە ناسیاوی زاوا و بووکێکی ئیسیووپیایی بوو، لە سوێدەوە هاتبوونەوە بۆ ئیسیووپیا بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵ خزم و کەسی خۆیاندا زەماوەندەکەیان بکەن، بانگهێشتی زەماوەندەکەیان کراین. هۆڵێکی گەورە و پتر لە دووسەد میوانی ژن و پیاو و لاو و تیپی مۆسیقا و دەیان جۆرە خۆراک و خواردنەوەی هەمەجۆر و چەندین شێوازی جیاوازی سەما و جلی ڕەنگاوڕەنگ و جوانی و دنیایەک کەیف و خۆشی. هەر لە هوتێلەکەی خۆمانەوە چەندین ماشێن، بووک و زاوا و خەڵکی دیکە و میوان و ئێمەش، وەڕێکەوتین و بە چەندین شەقامی ئەدیس ئەبابادا سووڕانەوە تا گەیشتینە ئەو جێگەیەی بۆ ئاهەنگ و شاییەکە ئامادەکرابوو. ئیدی لەو شوێن و شەوەدا، بەزم و هونەر و جوانی دەبارین. تا درەنگانێکی شەو، تا نزیک دەمەوبەیان، هەر بەردەوام بوو و کە تەواو بوو و ئیدی دەبوو جێگەکە جێبهێڵین و بە ماشێنەکان بگەڕێینەوە هوتێلەکە، مرۆڤ حەزی دەکرد، هەر درێژەی هەبووایە و بەردەوام بووایە. ئەوەی لەو زەماوەندەدا دیم، جۆری خەڵکەکە بوو، کە ئامادەی ئەو بۆنەیە بوون، جۆری میوانەکان و ئەوانەی بانگهێشت کرابوون و بووک و زاوا و ماڵباتی ئەوان. ئەوە زەماوەندی دوو کەس بوو، کە لە ئەوروپا دەژین و بە میوانی هاتبوونەوە ئەدیس ئەبابا. ئەوانەی ماڵباتی ئەوان و میوانەکان و بانگهێشتکراوان و پێوەندداران بەو زەمانەوە، هەموو سەر بە چینی ناوەند و بۆرژوازی جڤاکی ئیسیووپیایی بوون. تەنانەت هەڵسوکەوت و شێوەی بەرخورد و قسەکردن و خۆراک و سەماکردن و هەموو وردەکارییەکانی دیکەش، گرێدراو و ڕەنگدانەوەی پایەی چینایەتی ئەوانی پێشان دەدان. ئەوەی سەرنجڕاکێش و جێی سەرسووڕمان و سەرسامبوون و پەسندان بوو لەو زەماوەندەدا و لەو هەموو خەڵکەی لەوێ بوون، تاکە یەک جگەرەکێش و تاکە یەک جگەرە وەدی نەدەکرا و نەبوو. هەر لە ئەدیس ئەبابا یەک دوو زەماوەندی دیکەم بەرچاو کەوتوون، کە لە کۆڵاندا و لەنێو خێوەتێکدا چەند کەسێک خڕدەبنەوە و مۆسیقایەکی سی دی و نەوار و ئەوانەی دەخەنەسەر و لەنێو چادرەکەدا دەیکەنە سەما و پاشان هەر لەوێ خۆراکێکی سادە و ساکار دەخۆن، ئەوە شایی کۆڵانە. ئەم شاییە لەوەی ئێمەی بۆ چووین جیاوازە، ئەمەیان هی چینێکی نزمترە لەو چینەی دیکە، لێ هێشتاش گەنجگەلێکی زۆری هەژار و شڕۆڵ و پەرپووت لە دەرێی خێوەتەکە ڕادەوەستن و بە خشکەیی و ترس و لەرزەوە، لە کون و کەلەبەر و درز و سووچێکی خێوەتەکەوە، تامەزرووی چوکلێتێک، بیرەیەک، شەکرۆکەیەک، پلەگۆشتێک، یا هەر تەنێ تیکەیەک نانن و دەمیان ئاوی تێ دەزێ، لێ ڕێگەیان پێ نادرێ و بۆیان نییە وەژوورکەون، چونکە ئەوانە سەربە چینێکی دیکەن. چینایەتی لە شاییدا و چینایەتی لە هەموو شتێکدا نەک هەر لەو وڵاتە، بەڵکە لە هەموو جیهاندا، مرۆڤەکان دابەش دەکات و ڕیزبەندیان دەکات و لە خانە و چوارچێوە و قاڵبیان دەدا. لەسەر لوتکەی چیای ئێنتۆتۆی پشتی ئەدیس ئەبابا، کە پتر لە 2000م بەرزە، ماڵ و خانووە کۆنەکەی شا مەنیلیکی دووەم و کڵێسەیەکی کۆن و گەورەی ئەو سەردەمەیشی لێیە و کراون بە شوێنی گەشتیاری و خەلک ئەگەر ماشێنی خۆیان نەبێت، وەک ئێمە، بە سواری تاکسی یا توکتوک(Tuk-tuk)[10] دەچنە سەری. ئێمە بە تاکسی چووین و تاکسییەکەمان بۆ شەش حەفت سەعاتێک گرتبوو، بۆ ئەوەی چەند جێگەیەک بگەڕێین، کە بێجگە لە مۆزەخانە و کۆشکی هایلا سیلاسی، ئەو کەژی ئێنتۆتۆیەش بوو. لە سەر لوتکەی ئەو کەژەوە دەیان کچی گەنج و منداڵکار دەبینی هەریەکەو کۆڵێکی گەورەی داری بە کۆڵی خۆیدا داوە و بەو جادە پێچاوپێچ و هەڵدێر و نشێوانەدا بەرەوخوار ئارام ئارام دەڕوا، بۆ ئەوەی ئەو بارەدارە بباتەوە بۆ شار و بیفرۆشی و جگێ پارەی دەستکەوێت، بۆ بژیوی خۆی و ماڵی خۆیان. دیارە ئەو کیژۆڵە کۆڵهەڵگرانە، بۆ سەرکەوتن بۆ سەر ئەو کێو و هەورازەڕێیە، پتر لە 2400 میترییە، هەر بە پێیان ڕۆیشتوون، چوون ئەوان نە ماشێن و نە توکتوک و هیچیان نییە و پووڵی ئەوەیشیان نییە بیدەن بۆ سەرکەوتنی ئەو چیایە، دەبێ ئەوە چ شەکەتییەک بێت! لەو کۆڵانەی گەڕەکی هۆڵی، لە ئەدیس ئەبابا، کە هۆتێل(Caravan)ەکەمانی لێبوو، کوڵبەیەکی گچکەی لە شڕەوشیتاڵ و پەڕۆ، کە لەسەر چاڵێک دروستکرابوو و پانایی لە دوو میتر پتر نەبوو، هەموو ڕۆژێک بەلایدا دەڕۆیشتین. جارێکیان سەرم پێداکرد بزانم چییە و چی تێدایە، دیتم منداڵێکی بچووک بە تەنێ لە ژوورەوەیە، کە سەرم هێنایە دەرێ، ژنێک هاتە پێشەوە و گوتی چت دەوێ؟ گوتم هیچ، هەر دەمویست بزانم ئەو کوڵبەیە چییە و چی تێدایە! ئیدی ئەویش بۆی باسکردم، کە ئەوە ژنێکی گەنجی هەژاری تێدا دەژی، بە تەنیایە و دایکی سێ منداڵە، دانەیەکیان براوە بۆ ئەمەریکا، دایکەکەی بۆی نییە بیبینێ و ئێستا بۆ خۆی و دوو منداڵەکەی دیکەی لێرەن و پێکەوە دەژین و خەڵک خێریان پێ دەکات، دەنا هیچیان بۆ بژێوێ نییە. دوای کەمێک ژنی نێو زنجەکەش، کە چووبوو هەندێ ئاوی خواردنەوە بۆ خۆی و منداڵەکانی پەیدا بکات، گەڕایەوە. هەر لەو کۆڵانەدا ئێوارەیەکی کۆمەڵە گەنجێکم بینی، ئاوا پێنج شەش دانە دەبوون، دانەیەکیان دەڵقێکی نایلۆنی ڕەشی بە دەستەوە بوو و بەدەم قسەی گەرم و هەنگاوی خێراوە، خۆیان کرد بە کۆڵانیکی دیکەدا و لە پەنا دیوارێکدا دانیشتن و سەریان کرد بەیەکدا و لە دەوری یەکتر خڕبوونەوە و منیش هەر ئەو ساتە چوومە سەرسەریان، دیتم زگی دەڵقە ڕەشیان دڕێ لە نێوەندی خۆیاندا دایاننا و سەریانکردە ناواخنەکەی، کە تەنی نانی وشک بوو و هیچی تر. ئەوانە ئەو نانە کۆنە ڕەقانەیان بە جۆرێک پەیدا کردبوو، ئیدی یا پاشماوەی خەڵکانێکە لە چێشتخانەیەک خۆراکیان خواردووە و ئەمان بە هۆی کەسێکی ناسیاویانەوە، کە ڕەنگە لەو چێشتخانەیە کار بکات، دەستیانکەوتووە، یا لە چەند جێگەیەک پاشماوەی فڕیدراوی ماڵە دەوڵەمەندێک، چێشتخانەیەک، نانەواخانەیەکە یا لەسەر گوفەک و نێو زبڵ و خاشاکدا خڕیان کردووەتەوە. کە دەیانخوارد واتدەزانی قەل دەخۆن!. هەر لە ئەدیس ئەبابا و لە جادەیەکی دیکە و بە ڕۆژی نیوەڕۆ چەند هەرزەکارێکی دیکەم بینی بە هەمان شێوە، لە کەنار شەقامەکە و لەسەر خوانی دەڵقەڕەش و چەند پارچە نانەڕەقێک، بە چیچکانەوە دانیشتبوون و سەریان نابوو بەیەکەوە و دەیانخوارد، کە بە سەریاندا داچەمیمەوە، فەرموویان لێ کردم! لە کۆڵانەکانی دەوروبەری هوتێلەکە و هەر بیست سی میترێک لەولای کوڵبەی ژنە گەنجەکە و زارۆکەکانی و لەو کۆڵانەی کوڕە لاوەکان، نانەڕەقیان دەکرۆشت، چەندین ماڵ و خانوو دەبینرێن، بەرینایی هەر یەکەیان 400 و 500 و 1000م2 و سێ نهۆم و چوار نهۆم و باخچەدار و دیواری بەرز و پەنجەرە و شووشەبەند و لەبەر دز، تەلبەندکراو بە تەلی ئەلەکتریک و چاودێریکراو بە کامیرا و پاسەوان و سەگ. ئەوانە خانووی دەوڵەمەندانن[11]. دیاردەیەکی سەیر و سەرسووڕ ینەر نییە، ئەگەر لەنێو باژێڕی ئەدیس ئەبابادا، لە دەیان جێگە، دەیان کۆمەڵە کەر ببینیت، ئیدی یا بەستراونەوە و بە پەت و میخسکە قایم کراون، یا هەروا لە سووچ و قوژبن و پەنا دیوارێکدا، زۆر ئارام و گوێڕایەڵانە، سەریان بەیەکدا کردووە و لە حاڵەتی وەنەوزدا یا هەروا خەریکی ڕامانن. هەشیانە جاروبار و بە زەڕە و لووشکە و دەنگی خۆی، بوونی خۆی دەسەلمێنێت. لە چەندین جێگەی دیکە، بە کۆمەڵ سەدان سەر مەڕ و بزن، لە هەندێ مەیداندا دەبینرێن، کە جامباز بە دیاریانەوەن، ئیدی ئەوە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی جەڵەبی مەڕ و بزنە و تۆی بیانیش، کە بەلایاندا تێدەپەڕی، بانگت دەکەن بۆ کڕینی یەکێک لەوانە. لە ئەدیس ئەبابا و باژێڕەکانی تریش سەدان و هەزاران دەرۆزەکەر دەبینرێن و بۆ هەر جێیەک دەڕۆی لە دەرۆزەکەر دوور ناکەویتەوە، چونکە لە هەموو شوێنێک هەن و کورد گوتەنی: چاوی پیاو دەردێنن. منداڵ تەمەنیان هەر 2 – 3 ساڵێکە، فێری گەدایی دەکرێن، بە دواتدا هەڕا دەکەن و داوای پارە دەکەن، بە تایبەت لە خەڵکی بیانی، کە بە میستەر میستەر وەدوویان دەکەون. لەو کەنار شەقامانەی ئەدیس ئەبابا و باژێڕەکانی دیکەی ئیسیووپیا، سەدان مرۆڤی ڕووت و ڕەجاڵ دەبینی، کە هەموو ڕۆژەکە لەبەر خۆر و لەنێو خۆڵ و خاشاکدا، بە یەک دەرپێی کورتەوە، کە تەنی گەڵ و گونی دادەپۆشێ و بێجگە لەوە ئیدی هیچی دیکەی لەبەردا نییە، تەخت، لەسەر گازەرەی پشت یا لەسەر دەم، خۆی داوە بە زەویدا، ئەگەر نێزیکی نەبییەوە و تەماشای سنگ و لەشی نەکەیت، کە لە ئەنجامی هەناسەدان و وەرگرتنەوە دەجووڵێتەوە، لاتوایە مردووە. کڵیسە گەورەکەی ئەدیس ئەبابا، کە کاتیدراڵی پێ دەگوترێ، بێجگە لەوەی کڵێسەیە و جێی خوداپەرستییە، گۆڕستانیشی لێیە. ڕۆژێکی، کە لەو کڵێسەیە بووین، لە لایەکەوە دەنگی بڵندگۆ و ئینجیلخوێندن و دوعاخوێندن، ئەو دەوروبەرەی پڕ کردبوو، هەزاران ئیسیووپیاییش، کە بە سەدان میتر نەدەگەیشتنە نزیکی قەشە و پیاوەکانی، کە لە بڵندگۆیەکانەوە دەیانقیڕاند، هەر لە دوورەوە و پێش گەیشتنیان بە شەقامی بەردەم کڵێسەکە، دادەچەمینەوە و کڕنۆشیان دەبرد بۆ کڵێسەکە و هەڵدەسانەوە و بە دەست نیشانەی خاچەکەیان لەسەر سنگیان دەنواند و دوای چەندین جار، ماچکردنی خاک ودەرکە و پلیکانە و دار و هەموو شتێکی کڵێسەکە، دەهاتنە پێشەوە و لەوێ جێگەیەکیان دەگرت و بە پێوە ڕادەوەستان، تا ئیدی هێزیان لێ دەبڕا، ئەوجا ئەگەر جێگە هەبووایە، دادەنیشتن. دیاردەی ماچکردنی دەرکە و زەوی و دیوار و هەموو شتێکی کڵێسە و کڕنۆشبردن، بۆ هەموو شتێکی کڵێسە، لە هەموو جێیەکی ئیسیووپیا دەبینرێ و هەیە و زۆر باو و بەربڵاوە. ئەو ڕۆژە مردوویەکیان لە تابووتێکدا هێنا، دیاربوو، کەسێکی ناسراو و سەر بە چین یا توێژاڵێکی باڵای کۆمەڵە، چونکە خەڵکێکی زۆر و ماشێنگەلێکی فرەی بە دواوە بوون و گرنگییەکی زۆری پێدەدرا و هەموو کەسێکی ئاسایی ئەوەی بۆ ناکرێت و لەو گۆڕستانەدا گۆڕی بەرناکەوێت. کە باسی ئەدیس ئەبابا دەکرێ، وا باوە، شارێکی ئارامە و مرۆڤ بێ ترس و بی کێشە، ئازادانە تێدا دەگەڕێ، لێ ئەو قسەیە سەدلەسەد ڕاست نییە و ڕیزپەڕی هەیە. من بۆ خۆم، ڕۆژێکی کە لەگەڵ هاوڕێ سەرداردا لە تیۆدۆرۆس(Tewodros) و مەرکاتۆ (Mercato/Merkato/Marcato) و ناوەندی شار پیاسەمان دەکرد، لەپڕ چەند مێردمنداڵ و هەرزەکارێک دەورەیان دام و بە قسە و پرسیارەوە خەریکیان کردم و بێ ئەوەی ئاگام لێبێ، دووانیان بەردەممیان گرت و یەکێک لە پشتەوە شەقێکی لە ڕانی چەپم سرەواند و یەکێک لە لای ڕاستەوە دەستی کرد بە گیرفانی ڕاستی پانتۆڵەکەمدا لە پێشەوە، کە مۆبایلەکەمی تێدا بوو، ئیدی من هەر ئەوەندەم پێکرا، توند ئەو گیرفانە بگرم و دەستی کوڕە گەنجەکە پاڵپێوەنێم و بە دەوری خۆمدا بسووڕێمەوە و خۆم لە دەستیان بە سەلامەتی و بێ ئەوەی هیچم ببەن، ڕاپسکێنم و ڕزگار بکەم. ڕۆژێکی دیکەش لەتەک هاوڕێ سەفوەتدا بووم و لە ناوشار دەسووڕاینەوە، لەپڕ یەک دوو گەنج پەلاماری ئەویان دا و دەستیان بۆ بەرک و مۆبایلەکەی برد و ئەویش یەک قێڕەی بەسەردا کردن و خۆی لە دەستیان ڕاتەکاند. مەرکاتۆ، گەورەترین بازاڕی کراوەی ئەفریقایە، کە کورد گوتەنەی سەری هار و ماری تێدا دەستدەکەوێت. سەیروسەمەرەترین شتگەل و کاڵای تێدایە، لە مامر و کەر و ئاژەڵەوە تا دەگاتە پۆشاک و سەوزە و میوە و خۆراک و شتی ناوماڵە و هەموو جۆرە شڕەوشیتاڵ و تفاق و پێویستی و ناپێویستییەکی کۆن و نوێ، ئەوەی بە خەیاڵتدا نایەت و بیری لێناکەیتەوە، لەو بازاڕە دەستدەکەوێت[12]. لەو دەوروبەری نێوەندی شارە، مزگەوتێک بە ناوی ئەننوور(النور) هەیە، کە بانگی تێدا دەدرێ و نوێژی تێدا دەکرێ و گەلێک خەڵکی موسوڵمان ڕووی تێدەکەن و لە دەوروبەر و پێش دەرکە و پەنا دیوارەکەیدا، دەیان دەرۆزەکەر و سیواک و بۆن و کتێبی دینیی ئیسلامی و تەزبێحفرۆش، گردبوونەوە و دانیشتوون و کڕیار بۆ لای خۆیان بانگ دەکەن. لەنێو هەموو شارێکی ئیسیووپیادا، دەنگی زەنگی کڵێسە و دەنگی قەشە و پیاوانی دینی مەسیحی و بانگی مزگەوت و دەنگی مەلا و خوێندنەوەی گوتاری هەینییان تێکەڵ بەیەک دەبن و چ ڕێگری و پێکدادان و کێشەیەک لە پێڕۆکردنی ئایینەکاندا چێ نابێت و دینەکان لەتەک یەکدا هەڵدەکەن و دەگونجێن. عەلی، پیاوێکی چینی بوو، لەو هوتێلە بوو، کە ئێمەی لێبووین. ئەو لە وڵاتی خۆی(چین)، لە کارگەیەکی دروستکردنی خشڵ و مووروودا کاری کردووە و دواتر وەدووی جۆرە بەردێکی بەهادار و پیرۆزدا، کە پێی دەگوترێ زومرود(زمرد)[13]، چووە بۆ ئەفغانستان و کەوتووەتە نێو موسوڵمانان و ئەوانیش کردوویانە بە موسوڵمان و ناوی عەلییان لێناوە. دواتر ئیدی هەر وەک عەلی ماوەتەوە و بەو ناوەوە ناسراوە. پاشان دەستیکردووە بە بازرگانیی خشڵ و بەردی گرانبەها و 20 ساڵێکە لە ئەفریقا، لە مەدەغەشقەر دەژی و لەو بەردە ناوازە و بەنرخانە، لە ئەفریقا دەکڕێت و دەیاننێرێت بۆ هۆنگ کۆنگ و لەوێ دەکرێن بە خشڵ. ئەو شارەزایەکی کارامە و لێزانی ئەو بوارەیە و هەرچی فڕوفێڵ و وردەکاری و کونوکەلەبەری ئەو بازرگانییەیە دەیزانێ. ئەو میلیۆنێرە و حاڵی گەلێک خۆشە. عەلی، لەبارەی ئەفریقاییانەوە، دیتنێکی گەلێ ڕەگەزپەرستانە و خراپی هەبوو و وەک زۆرێک لە ڕەگەزپەرستانی جیهان و زۆرێک لە سپیپێستان، هەرچەندە ئەو بۆ خۆیشی سپیپێست نەبوو، گاڵتەی پێ دەکردن. ئەو دەیگوت: ئەفریقاییان وەک ئاژەڵ وان و دەبێت لێیانخوڕیت و ڕەگەزی ڕەشپێست، کەسێک دەبێ بیانباتە ڕێوە. ئەفریقایی تەنیا بۆ ئەو ساتە دەژین، کە تێیدان و داهاتوو لای ئەوان نییە. تەنیا ڕۆژی یەکەم، کە یەکدیمان ناسی و ناشتایەکمان[14] پێکەوە لە هوتێلەکە خوارد، هەندێک گوێمدایە قسەکانی لەبارەی خۆی و ژیانی و کارەکانییەوە، ئیدی کە هاتە سەر باسی ئەفریقایی و بۆچوونەکانی خۆی دەربڕی، هەستمدەکرد ڕەگەزپەرستیی لێ دەتکێ و بیرکردنەوەیەکی نامرۆڤانەی هەیە. هەر عەلی نەبوو بەو جۆرە بیری دەکردەوە، جۆرج، دواتر لە شاری لالیبێلا ناسیمان و هاوهۆتێل بووین، کابرایەکی بە ڕەچەڵەک پورتوگالی، لە دایکوباوکێکی پورتوگالی و لەدایکبووی ئەفریقای باشوور و دانیشتووی ئەوێ، وەڵاتەکەی ماندێلا، ئەویش مانەندی عەلی، بیری دەکردەوە و دەیگوت:ئەفریقایی ئەگەر بە تێڵاوە بە دوایەوە نەبیت، هەرگیز کار ناکات و هەمیشە خۆی دەدزێتەوە لە کار و هەرگیز لە کات و گرنگیی کات و شێوە و چۆنیەتی کارکردن و وردەکارییەکانی تێناگات. گەرەکە هەموو جارێک لە نووکەوە چۆنیەتی کارکردنەکەی بۆ باس بکەیت و بۆی دیاری بکەیت چی بکات، دەنا هیج ناکات و هیچ فێر نابێت. ئەوان مێشکیان داخراوە و بەستوویەتی و ناتوانن شتی نوێی تێکەن و خۆ بگۆڕن. ئەوە جۆری بیرکردنەوەی دوو دانە ڕەگەزپەرستی، خەڵکی دوو وەڵات و دوو فەرهەنگی جیاواز، لەمەڕ ئەفریقاییەوە. دیارە ڕەگەزپەرستیی بەوە نییە، مرۆڤ سەر بە چ ڕەگەز و نەتەوە و دین و ڕەنگ و وەڵاتێکە، بەڵکە لەنێو هەموو جۆرە ڕەگەز و نەتەوە و دین و ڕەنگ و وەڵاتە جیاوازەکانی مرۆڤدا هەیە[15]. لە ناوەندی شاری ئەدیس ئەبابا، جێگەیەکی گەورە و بەرینی لێیە بۆ فرۆشتنی سەوزە و میوە(عەلوە)، کە گەلێک جۆری میوە و سەوزەی تێدایە. چەندین مۆزەخانە و شوێنی مێژوویی شایستە هەن، هی ئەوەن مرۆڤ سەردانیان بکات، لەوانە: گەورە مۆزەخانەی مێژوویی شار، مۆزەخانە و کۆشکی هایلا سیلاسی و دەیان جێگەی دیکە. کۆشکەکەی هایلا سیلاسی، کە کاتی خۆی جێگەی ژیانی وی بووە، هێشتا تەواوی شتە تایبەتییەکانی، وەک: تەختەی خەوتن، حەمام و ئاوێنە، بەشێک لە جلەکانی، مێز و کورسی و تابلۆ و گەلێ شتی دیکەی خۆی و شاژنی، وەک خۆیان ماون. کە سەیریان دەکەیت، هەموو شتگەلێکی سادە و ساکارن، چ کەشوفش و گرانبەهاییەکی ماددیان تێدا نابێنرێن، تەنێ بەها مێژووییەکەیان نەبێت. لەو شارەدا و لە هەموو جێیەکی ئیسیووپیا، هەرچەندە ڕێژیمی شایی هایلا سیلاسی، بە کوودێتایەکی سەربازیی ڕووخێنراوە و کۆمۆنیستەکان دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست و دواتریش کوودێتا بەسەر ئەواندا کراوە و خەڵکێکی دیکە بوونەتە دەسەڵاتدار، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، شوێنەوار و مێژووی یەکدییان نەسڕیوەتەوە و هەموو میرات و مێژوو و شوێنەواری فەرمانڕەوایانی پێش خۆیان، هێشتوونەوە و پاراستوون و دەسکارییان نەکردوون[16]. ڕۆژێکی، کە لە مۆزەخانەی مێژووی شار بووین، ئەو مۆزەخانەیەی تەواوی مێژووی ئیسیووپیا و پەیدابوونی مرۆڤ لەو خاکەدا و شێوەی ژیانی مرۆڤ و کەرەستە و شتگەل و کاڵایەک، کە بەکاریان هێناوە و تا ڕادەیەک مێژووی ئەفریقاش، پێشان دەدات و قۆناخ قۆناخ دەیگێڕێتەوە، کۆمەڵێک خوێندکاری کچ و کوڕی پۆلەکانی نێوان 4 – 6 و هەورازتر لەوێ بوون. مامۆستاکانیان هێنابوونیانن بۆ بینین و هەستکردن و بیستنی میژوو و بۆ ئەوەی ماوەیەک لەگەڵ دیرۆکی وەڵات و خاک و خەڵک و هەموو کۆنینە و شانازییەکی خۆیاندا بژین. بۆ ئەوەی تۆ لە ئەدیس ئەبابا و لەو هوتێل و گەڕەکەی ئێمەی لێبووین، سیمکارتێکی تەلیفۆن بکڕیت، دەبوو ڕێگەیەکی زیاتر لە نیو سەعات بە پێیان بڕۆیت بۆ شوێنێک، کە کارگێڕییەک بوو و پۆلیس و پاسەوان لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون و دەپشکنرایت و ئەوجا دەکرایتە ژوورەوە و لە ژوورەوە دەبوو نۆرە بگریت. پتر لە حەفتا هەشتا کورسی بە تەنیشت یەکەوە بە دەوری هۆڵەکە و لە ناوەندیدا دانرابوون و تۆ، کە وەژوور دەکەوتیت لە کورسییەکی بەتاڵی نزیکی خۆت دادەنیشتیت و چاوەڕیی نۆرەی خۆتت دەکرد و ئەوەی نۆرەی دەهات ئەو کەسە بوو لە مێز و جێی دانیشتنی کارمەندەکەوە نزیک بوو و کە ئەو کەسە هەڵدەستا و دەچووە کن کارمەندەکە بۆ وەرگرتنی سیمکارتەکە، کەسی سەر کورسییەکەی دوای ئەو دەچووە شوێنەکەی ئەو، ئیدی بەردەوام خەڵک هەڵدەستا و دادەنیشت و کورسییان دەگۆڕی و دووسەعات دەبوو چاوەڕوان بیت تا نۆرەت دەگەیشتێ و خەڵکەکەش نۆرەی خۆیان دەزانی. بۆ وەرگرتنی ئەو سیمکارتەش دەبوو پاسپۆرتەکەت، یەک دوو وێنەی خۆت پێ بێت و چەند فۆرم و کاغەزێکیش پڕ بکەیتەوە، ئیدی دوای ئەوە دەبوویتە خاوەنی سیمکارتی خۆت.
ڕەوشی ئابووری و ژیانی خەڵک:
تێکڕای ژمارەی خێزانێکی وەرزێری ئیسیووپیایی 6- 7 کەسە و زۆرێنەیەکی ڕەهای ئەو خێزانانە، پتر لە %75یان، لە زنجێکی لە قامیش و زەل و حەسیر و گونیە و پەڕۆوپاتاڵ و شڕە و تەنەکە یا لە باشترین حاڵدا لە کوڵبەیەکی لە قوڕ و دار دروستکراودا، کە پانایی ناگاتە 30م2، لەگەڵ بزن و مەڕ و چێڵ و کەر و ئاژەڵەکانیاندا دەژین و لە باشترین حاڵیشدا ئەگەر 2 هێکتار(10000م2) زەوی کشتوکاڵییان بە دەستەوە بێت، ئەوا ڕەوشیان باشە. کۆچی وەرزێر و کارگەرە دەشتەکییەکان (ئاوایینشینان) بۆ شارەکان، ساڵانێکە پەرەی سەندووە و هۆکارەکەیشی گەڕانە وەدووی ژیانێکی باشتردا. چونکە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی خۆیان، جەنگێکە تەنێ لەپێناوی مانەوەدا. نێزیکەی %16ی خەڵکی ئیسیووپیا، بژێوی ڕۆژانەیان گەلێک لە 1 دۆلار کەمترە. بەشی زۆری خەڵکی ئیسیووپیا تێر بە زگی خۆیان نان ناخۆن. برسییەتی، دەردێکە سەرتاپای ئیسیووپیای تەنیوەتەوە. من هەژاریم دیوە و خەڵکی هەژاریشم دیون، لێ هەژار و هەژاریی وەک ئەوەی ئیسیووپیام، تەنێ لە فیلم و کتێباندا دیوە. هەژاریی لە هەموو شوێنێکدا و لە هەموو بوارێکدا لە ئیسیووپیا، زەق دەبینرێ و هەیە. برسی، دەرۆزەکەر، کەمئەندام، بێماڵ و بێیانە، منداڵی بێسەرپەرشت و هەموو جۆرە هەژار و هەژارییەکی دیکە، دەبینرێن. پتر لە 44 میلیۆن مرۆڤی ئیسیووپیایی، واتە: نێزیکەی نیوەی دانیشتووانی وەڵاتەکە، ئاوی خاوێنیان بۆ خواردنەوە نییە و دەستیان ناکەوێت، دیارە بۆ پێویستییەکانی دیکە ئەو ڕێژەیە زیاتر دەبێت[17]. ئیسیووپیا بۆ خۆی وەڵاتێکی جوانە، لێ وەک هەر وەڵاتێکی جیهانی سێیەم و ئەوانە، ژینگەکەی وێران دەکرێ. فڕێدانی پاشەڕۆک و خاشاک و خڕنەکردنەوە و جودانەکردنەوە و نەگێڕانەوە و بەکارنەهێنانەوەی خاشاک، ژینگە وێران دەکات و پیسی و قڕێژی بڵاودەکاتەوە و دەبێتە هۆی ژیان بەسەربردن لەنێو گوفەکێکی گەورەدا و بڵاوبوونەوەی سەدان جۆری دەرد و نەخۆشی. %55ی خەڵکی ئەدیس ئەبابای پێتەخت لە زنج و تەنەکە و ژێر گونیە و شڕە و پەڕۆدا دەژین و دانیشتووانی ئاوایی و شوێنانی دیکە حاڵیان وێرانترە. ڕێژەی درێژیی تەمەن لە باژێڕەکاندا دەگاتە 58 ساڵ و لە ئاواییەکانیشدا گەلێ کەمترە لەوە. لە هەموو ئیسووپیادا 119 نەخۆشخانە هەیە، 12ەیان لە ئەدیس ئەبابادان. 412 بنکەی تەندروستی لە وڵاتەکەدا هەن. بۆ هەر 100000 مرۆڤی ئیسیووپیایی تاقە یەک بژیشکیان بەر دەکەوێت. لە 1000زارۆک لەوانەی، تازە لە دایک دەبن 47 دانەیان دەمرن. ڕادەی نەخوێندەواری گەلێک زۆرە، کە زۆرینەی خەڵک بەتایبەت هەژاران و دەشتەکییان دەگرێتەوە. ڕێژەی خوێندەواری بەپێی ئاماری ساڵی 2011، %46,7 بووە لەنێو مێیینەدا %39ە و لەنێو نێرینەدا %59ە. لە ئیسیووپیا بە گشتی و لە ئەدیس ئەبابا و باژێڕە مەزنەکانی دیکەش، جووڵانەوە و چالاکییەکی ئابووری لە یەک دوو بواردا بە خویایی وەدی دەکرێت. دروستکردنی هوتێلی مەزنی چەندین ئەستێرە و چێشتخانەی گەورە و باڵەخانەی بەرز و مەزن بۆ بە کرێدان و فرۆشتن. تەواوی ئەوانە بۆ بواری گەشتوگوزارە. ئەو جۆرە پرۆژانە، خەڵکانێکی ئیسیووپیایی، کە لە هەندەران دەژین و ساڵانێکە کار دەکەن و پارە خڕدەکەنەوە، ئەوانەن ئەنجامی دەدەن. ئەو جۆرە پرۆژە و بوارانە، هوتێل، چێشتخانە، مەیخانە، قومارخانە، خانوو بۆ فرۆشتن و کرێ، ئەو جۆرە پرۆژە و بوارانە، خزمەتێک بە گەشتوگوزاری وڵاتەکە دەکەن و داهاتێک بۆ وەڵات پەیدا دەکەن و ڕەنگە بشبنە هۆی دابینکردنی کار بۆ خەڵکانیک، بەڵام خەڵکانێکی یەکجار کەمی هاووڵاتییانی ئیسیووپیایی، چونکە ئەوانە بوارگەلێکن، قازانجی خێرا و دەسکەوتنی پارە بە زووترین کات مسۆگەر دەکەن و ئەوانەیشی وەها پرۆژەیەک دەکەنەوە، هێندەی گیرفانی خۆیان لا مەبەستە، هێندە وەتەنگ پێشخستن و گەشەکردنی وەڵاتەوە نین، چوون بواری دیکە هەن، وەک پرۆژەی کشتوکاڵیی گەورە و پرۆژەی پیشەسازی و دەیان جۆری دیکەی چالاکیی ئابووری، کە هەزاران وەرزێر و کارگەر دەخەنە گەڕ و کاریان بۆ پەیدا دەکرێت و تەکانێکیش بە ئابووری وەڵات و ژیانی خەڵک دەدەن، لێ ئەوان هێندە خۆ لە قەرەی ئەوانە نادەن[18]. ئەوان کاریان بە دروستکردنی نەخۆشخانە، خوێندنگە، مەلەوانگە و وەرزشخانە، کارگەی دروستکردنی دەرمان، بواری کشتوکاڵ و چاندن و کارگەی کشتوکاڵی، پیرخانە و منداڵخانە، بەخێوکردنی ئاژەڵ و دەیان پرۆژە و بواری دیکە، کە ڕاستەوخۆ سوود بە خەڵک، بە چینەکانی خوارێی کۆمەڵ دەگەیەنێت، نییە[19]. پرۆژەی هوتێل و چێشتخانە، پارووە نانێک ناکاتە دەمی هەژارێکەوە، چونکە کارگەرانێکیش، کە لەو بوارەدا کار دەکەن یا ڕەنگە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت، هێندە زۆر نین، لەچاو ئەو هەموو بێکار و گیرفانبەتاڵانەی ئیسیووپیادا. ژیان لەکن مرۆڤی هەژار و نەدار، لە پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەستپێدەکات. بۆ ئەو چینە نان، ئاو، کوڵبەیەک تێیدا بژی، دەرمان، کار، گەلێک لە شانۆ، سینەما، هوتێل، مەیخانە، چێشتخانە، فڕۆکە، ئۆتۆمبیل، پەیکەر، پێویستترن. کوردیش زۆر لەمێژە گوتوویەتی:بۆ نان بگەڕێ، خەربزە ئاوە. مرۆڤە هەژارەکان، برسییەکان، چەوساوەکان، وەدوای نانەوەن، وەدوای ئەوەوەن، تەنێ بژین و هیچی دیکە، پێویستییە فیزیکییەکان لەکن ئەوان لەپێش هەموو شتێکی دیکەوە دێت و ڕەنگە هەر نەشتوانن بیر لە شتگەلێکی دەرێی ئەو پێویستییانە بکەنەوە، ئەوجا بیرکردنەوە لە چێژوەرگرتن لە غەیری ئەوانە، ئەوەیان هەر نەبووە و هەر نابێیە. سەرباری ئەو هەموو نەداری و هەژارییە، هێشتاش ئیسیووپیا یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان، کە بە خێرایی فراژۆتنی ئابووری دەکات و لە ساڵانی 2004 – 2009دا %5بووە و لە ئێستادا گەیشتووەتە %7-6. خێرایی گەشەکردنی وەڵاتەکە ڕێژەیەکی گەلێک بەرزی هەیە و ئەوەش هیوابەخشە بە داهاتوویەکی باشتر و گەشتر، بۆ تەنانەت چینەکانی خوارێی پلیکانێی جڤاک، بە دەستەبەرکردنی کار و بژیوی، لە وەڵاتێکدا کە ڕێژەی بێکاریی تێیدا لە کۆتایی ساڵی 2015دا %16,8بووە. ئیسیووپیا وەڵاتێکە بێ نەفت و یەکێکە لە وڵاتە بێنەفتەکانی ئەفریقا و ئابوورییەکەی لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵە و ئەو دوو بوارە، بژێوی وڵات و بەرهەم و هەناردە، دابین دەکەن. لە بازاڕەکانی ئیسیووپیادا، بەرهەمی دوو وەڵاتی جیهان، بە زۆری بەرچاو دەکەون، چین و تورکیا. کۆمپانیاکانی ئەو دوو وەڵاتە، گەلێک چالاکانە خزاونەتە نێو ئەفریقاوە و بەتایبەتیش ئیسیووپیا و بە سەدان چینی و تورک دەبینی، بۆ کاری بازرگانی هاتوون بۆ ئیسیووپیا. پارەی ئیسوپیاییبڕڕBrrی ناوە و وردەکەیشی سێنتە. بڕڕ، 100ی، 50ی، 10ی، 5ی و 1ی کاغەزیی هەیە و 1بڕڕی ئاسنییش هەیە. یەک لیتر بەنزین لە ئیسیووپیا بە 15 بڕڕ(Brr) بوو، کە دەیکردە نزیکەی 0,75 دۆلار، دیارە ئەوە چەسپاو و نەگۆڕ نییە و بە پێی ڕۆژە، لێ لەو دەوروبەرەدایە. ڕۆژانەی ئاسایی کرێکارێک 40 بڕڕە، واتە: دوو دۆلارێک. مانگانەی کارمەندێکی ئاسایی خاوەن بڕوانامەی نزم لەنێوان 1500 – 2000 بڕڕە، کە لە باشترین حاڵدا دەکاتە 100 دۆلارێک و مانگانەی کارمەندێکی خاوەن بڕوانامەی بەرز دەگاتە 3140 بڕڕ، واتە نزیکەی 157 دۆلارێک. بەرهەمی گشتیی نیشتمانیی (GDP) ئیسیووپیا، کە دەکاتە بەهای کۆی کاڵا و شتومەکی ماددی و ئەو خزمەتگوزارییانەی، لە درێژایی ماوەیەکدا(وەک ئاسایی ساڵێک دەکرێتە پێوەر)، کە لە ئیسیووپیا وەبەرهەم هاتوون، لە ساڵی 2006دا بایی 19,71میلیارد دۆلاری ئەمەریکی بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2014دا بەرز بووەتەوە بۆ بایی 55,61 ملیارد دۆلار، واتە لەنێوان 2014– 2006دا 35,90 میلیارد دۆلار بەرز بووەتەوە. بەشی سەرەکی و هەرەزۆری بەرهەمی گشتیی نیشتمانیی ئیسووپیا لە کشتوکاڵەوەیە و دوای ئەوەش پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان. کشتوکاڵ لە ساڵی 2015دا ڕێژەی 40,5 لە بەرهەمی گشتیی نیشتمانیدا پێکهێناوە. پیشەسازیی لە ئیسیووپیا پتر ئەم بوارانە دەگرێتەوە: خۆراک، پێست، ڕستن و چنین، کیمیایی، ئاسن و چیمەنتۆ. لە ساڵی 2015دا، ئیسیووپیا بایی 3,163میلیارد دۆلاری ئەمەریکی کاڵا و بەرهەمی هەناردووەتە دەرەوە، کە پتر ئەم کاڵا و بەرهەمانە بوون: قاوە، قات، پێست و بەرهەمەکانی، ئاژەڵی زیندوو، تۆوگەلێک، کە ڕۆنیان لی دروستدەکرێن. هێزی کار(کارگەر) لە ساڵی 2015دا 49,27 میلیۆن مرۆڤ بووە. ئیسیووپیا هەر لەدوای ڕووخاندنی ڕێژیمە کۆمنیستییەکەوە ئیدی بەرەبەرە لە ئابووری نەخشە بۆ داڕێژراو و هەرەوەزی و کەرتی گشتی و دەوڵەتی و سۆسیالیستی، دوور دەکەوێتەوە و ڕوو دەکاتە ئابووری بازاڕ و کەرتی تایبەت. وەک کۆمەکێکی ماددی بۆ بەنداوە زەبەلاحەکەیڕاپەڕین، لە هەموو مۆبایلێک، ڕۆژانە، هەموو بەیانییەک، 0,03 بڕڕ دەبڕدرێ و خەڵکەکە بۆ خۆیان، وەک هەستێکی نیشتمانی و ئەرکێک و وەک کۆمەک بە دەوڵەت، دەیبەخشنە حیسابێکی بانکی، کە هی ئەو بەنداوەیە.
نێر و مێ لە جڤاکی ئیسیووپیاییدا:
جڤاکی ئیسیووپیایی بە شێوەیەکی گشتی، جڤاکێکی کراوەیە و قسەکردن لەگەڵ یەکدیدا و تێکەڵاویی نێر و مێ، گەلێک هاسانە و بوون بە هاوڕێی یەکدی و یەکدی بینین و پیاسەکردن لەگەڵ یەکتردا، هیچ گریوگۆتاڵێکی تێدا نییە. ئەو پێوەند و تێکەڵاوییانە، تەنی پیاوان ناگرێتەوە، بەڵکە ژنانیش دەگرێتەوە. پێوەندەکانی نێر و مێ، بە تایبەت لەنێو باژێڕەکاندا و لەنێو توێژی خوێندوو و بڕێک دنیادیدەدا، گەلێک کراوەیە. کێژان و کوڕان، لەو ژینگەیانەدا، تاڕادەیەکی بەرچاو ئازادن و دەتوانن پێوەندی هاوڕێیەتی و خۆشەویستییان پێکەوە هەبێت و لە دەرێی ماڵ یەکدی ببینن، دیارە ئەمە پتر لەنێو ئیسیووپیاییانی سەر بە دینی مەسیحییدا دەبینرێت، چونکە لەنێو موسوڵماناندا هێشتا ئەو جۆرە پێوەندانە، بڕێک شاراوە و داپۆشراوە، لێ بەبەراورد لەگەڵ وەڵاتی کوردستاندا، کە پڕانیی خەڵکەکەی موسوڵمانن، جڤاکی موسوڵمانی ئیسیووپیایی، کراوەتر و بەخشندەترە. ئێمە کە لە فڕۆکەخانەی بۆڵی لە ئەدیس ئەبابا دابەزین، بە هۆی پارەگۆڕینەوەوە، دوو کچ، کە لەوێ کارمەند بوون، لەگەڵ هاوڕێیەکانمدا کەوتنە قسەکردن و دەمەتەقە. پاش یەک دوو ڕۆژان، بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی مەسیحەوە، یەکێک لە کچەکان، ئێمەی بانگهێشتنی ماڵی خۆیان کرد، بۆ فراڤین. دایک و باوک و خوشک و تەواوی خەڵکی ماڵەکە لە ماڵێ بوون. ماڵەکەیان، لە گڵ و قوڕ و دار و تەنەکە دروستکرابوو، گەلێ هەژارانە دەژیان، لێ بەرچاوتێر و کراوە بوون. چێشتەکان، قیمەیەکی گوشت و هێلکە بوو لەگەڵ نانی ئینجێرا دانرابوون و بۆ منیش، بڕێک ماکەرۆنی و سپاگێتییان لەگەڵ دۆشاوی تەماتەدا سوورکردبووە. لەگەڵ ئەو خۆراکانەدا، وەک نەریت گەنمەشامیشیان برژاندبوو و دانرابوو، کە ئەوە نەریتێکی میللی ئیسیووپیاییە و پێوەندی بەو بۆنە دینییەوە هەیە و لە گەلێک جێگەی دیکەش تەنانەت لە هوتێلەکشمان ئەوەم وەدی کرد. دوای نانخواردن، قاوەیان بۆ ساز کردین و دوای هەندێک قسەوباس، ئیدی ماڵاوییمان لێ کردن و وەدەرکەوتین. ئەوەی بۆ من جێی سەرنج بوو، ئەو کچە، بۆخۆی و بێ هیچ پێشەکییەک و ناسیاوییەکی کۆنینە، سێ زەلامی بیانی نەدی و نەناس، بانگهیشتی ماڵی خۆی و دایک و باوکی دەکات و دێت بە دوویاندا و لە هوتێلەکەوە بە سواری تاکسی دەڕاوەتەوە و دەیانباتەوە ماڵێ، ئەوانیش، باوک و دایک و خوشک، ناڵێن نەء! ئەوە ئیدی بێجگە لە کراوەیی و ئازادی، ناوێکی دیکەی لێنانرێت! کچەکەی دیکەی هاوڕێی ئەو، ڕۆژێکیان هاتە لامان بۆ هوتێلەکە بۆ دانیشتن و دەمەتەقە و گۆڕینەوەی زانیاری و قاوەخواردنەوەیەک، هەر لەو دانیشتنەدا دنیایەک زانیاری لەمەڕ ئیسیووپیا و کۆمەڵ و ژیانی خەڵکی ئەو وەڵاتەوە بۆ باسکردین. ئەوە ئازادی و کراوەییە، کچێکی گەنجی تەنیا، بێتە سەردانی سێ مرۆڤی نەناس و هەرچی لەهەگبەکەیدایە هەڵیڕێژێ بۆیان. ژنان و کچان، ڕێک وەک پیاوان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کار دەکەن و چالاکانە بەشدارن، لە خۆبەخێوکردن و بەخێوکردنی خێزاندا. کچان، کارمەندن، کارگەرن، ئاژۆرن، چێشتخانە و هوتێل و مەیخانە و قاوەخانە بەڕیوەدەبەن و کاری تێدا دەکەن، خوێندکارن، پۆلیسن، فرۆشیار و دوکاندارن و تەنانەت وەک کوڕانی کەوشبۆیەکەر، ئەوانیش کاری کەوشبۆیەکردن (بۆیاغچێتی) دەکەن. من بۆ خۆم لە ئەدیس ئەبابا و بەهردار و شوێنانی دیکەش، کچانێکم بینی، پیاوان دەهاتن و پێیان دەخستنە سەر سندووقە تەختەکەی بەردەمیان و ئەو کچانەش کەوشەکانیان دەسڕین و بۆیە دەکردن، بە من، ئەوپەڕی سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ و بەتایبەت بە کچان، کە مرۆڤێک تەنێ لەبەر ئەوەی پارەی لە باخەڵدایە، بە پێوە ڕاوەستێ و پێڵاوەکانی بخاتە بەردەست کەسێکی دیکە و ئەو کەسە بۆی پاککاتەوە و بۆیەی کات! ڕفاندنی ژن، بووک یا کچ لە لایەن ئەو کوڕەی، کە دڵداری کچەیە و خۆشەویستییەک لەنێوانیاندا هەیە، یا ڕەنگە ڕەدووکەوتنیش بگرێتەوە، نەریتێکی باوە لە ئیسیووپیا %69.ی شووکردن و ژنهێنان، بە دڵداری و بە پێکهاتنی کچە و کوڕە لە دەسپێکدا و دواتر ماڵباتی هەردوولا، لەو چوارچێوەیەدا ڕوودەدات، واتە: ڕەدووکەوتن یا ڕفاندن. ئەو ڕێژەیە لە هەندێ دەڤەر و لەنێو هەندێ هۆز و خێڵدا، دەگاتە %80 و گەلێک بەرزتریش تا %92. ئەگەر کچێک لاقە بکرێ و حوکوومەت بە ڕووداوەکە بزانێت، کابرای لاقەکەر 20 ساڵ زیندانی دەکرێ. خەتەنەکردنی کچان لە ئیسیووپیا و وەڵاتانی دەوروبەریدا، کردەیەکی باو و ئاساییە و پتر لە %80ی کچانی ئەو وەڵاتە خەتەنە دەکرێن و ئەو دیاردەیە بە زۆریی لە دەڤەرەکانی دیرە دەوا (Dire Dawa)، سۆمالی(Somali)، عەفار(Afar)، ئۆرۆمیا(Oromia)، هەراری (Harari) و گامبێلا(Gambela)دا، دەبینرێ، ئیدی لە هەندەک شوێن زیاتر و لە هەندەکی دیکە، کەمتر. خەتەنەی کچان، کە لە بنەمادا لە فیرعەونییەکانەوە بۆ خەڵکی ئەفریقا ماوەتەوە و دواتر بە هەندێ دەڤەری دیکەی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بۆ خەفەکردن و سیساندن و لاوازکردنی ئارەزووی سێکسی لەکن مێیینە و هەڵگرتنی، بۆ ئەو پیاوەی مێردی پێدەکات، لەلایەن نیرینەوە، بەسەر مێیینەدا سەپێنراوە و کراوە بە نەریت. وێللۆ (Wello)، دەڤەرێکە دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی ئیسیووپیاوە و پڕانییان موسوڵمانن، هەرچەندە خەڵکی ئیسیووپیا بە گشتی جوانن و ئەوان خۆیشیان لە خەڵکانی دیکەی وەڵاتانی ئەفریقا پێ جوانترە، بەڵام خەڵکی وێللۆ، بەوە بەناوبانگن، جوانترین خەڵکی ئیسیووپیان و کچەکانیان جوانترین کچانی ئیسیووپیان. بە شێوەی شانەکردن و پرچداهێنان و ڕێکخستنی پرچ و قژیان، هەرزەکاری، کچێتی، گەورەبوون، ژنی بە مێردیان، دەناسرێنەوە، دیارە بۆ خۆیان، نەک بۆ ئێمەی لایدە.
خۆراک:
یەکێک لە خۆراکە ناسراو و بەناوبانگەکانی ئیسیووپیا، نانێکە پێی دەگوترێئینجێرا Injera، کە لە دانەوێڵەیەک دروست دەکرێ ناویتێف Teffە. ئینجێرا، بە تەنێ خۆی، یا لەگەڵ شتی سوورکراوە و برژاودا وەک بابۆڵە، یا لەگەڵ شلەدا دەخورێ. لەگەڵ شلەدا، لەسەر سیینییەک ڕادەخرێ، چونکە نانێکی گەورە و ئیسفەنجییە و بڕێکیش مەیلەو ترشە. شلەی شیرۆ(Shiro)ی بەسەردا دەکرێ و بەیەک کەس یا بە چەند کەسێک لێی دەخۆن و لەسەر مێزەکە یا خوانەکە لەنێوەندی ئەو کەسانەدا و لەنێوەندی خۆراکەکانی تردا دادەنرێ و بەدەست و پەنجە دەیخۆن، بێ بەکارهێنانی کەوچک و کێرد و چنگاڵ. شلەی شیرۆ، لە نۆکی وردکراو و هاڕاو و تێکەڵ بە توونی و هەندێک تام و بۆنی دیکە و دۆشاوی تەماتە، چێ دەکرێ و دەکرێتە شۆربا و بە نانی ئینجێراوە دەخورێ. هەر یەکەم نیوەڕۆم لە ئەدیس ئەبابا، کە لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە هوتێلەکەمان چووینە دەرێ، ئەوان بە دوای گوشت و ماسی و ئەوە جۆرە خۆراکانەدا دەگەڕان و منیش بە دوای خۆراکێکدا، کە لە هەموو شتێکی ئاژەڵەوە دوور بێت. ئەوان خۆیان کرد بە چێشتخانەیەکدا و منیش بە دانەیەکی تردا. ئەوەی من چێشتخانەیەکی هەژارانەی میللی بوو و لەو کاتەدا تاکە نەفەریان من بووم. کچێک لەوێ کاری دەکرد و کوڕێکی گەنجیش لەبەردەستیدا بوو. من ناوی شیرۆ و ئینجێرام بیستبوو و دەمزانی ئەوانە خۆراکی ڕووەکین و چ جۆرە پێوەندێکیان بە ئاژەڵەوە نییە[20]. ئیدی داوای ئەوەم کرد و بۆیان هێنام. نەمدەزانی چۆنی بخۆم. ناچاربووم کوڕە گەنجەکەم بانگکرد و فەرمووم لێکرد و داوام لێکرد، فێری چۆنیەتیی خواردنی ئەو خۆراکەم بکات. ئەویش پێی گوتم و بۆخۆی دەستی بە خواردن کرد لەگەڵمدا و منیش چاوم لەو کرد و تا تەواویشمان کرد پێکەوە خواردمان[21]، بەو جۆرە فێری ئەو خواردنە بووم. بێجگە لە ئینجێرا، جۆرە نانی دیکەشیان هەیە، نانی گابی Gabiیە، کە ڕەنگی قاوەییە و ئەویش هەر لە تێف دروستدەکرێت. تێفی سپی هەیە و تێفی قاوەییش هەیە. خۆراکی ئیسیووپیایی، بۆ کەسێکی ڕووەکخۆر بڕێک نائاسیی و سەختە، چونکە لەوێ، زۆرێک لە خۆراکەکانیان، گۆشتی تێدایە.
جگەرەنەکێشان:
لە تەواوی ئەو ماوەی 3 حەفتەیەدا، کە لە ئیسیووپیا بووم، تەنێ 3 کەسم دیوە جگەرە بکێشن، پیرەمێردێک، پیرەژنێک، شێتێک. دوو جاریان لە باژێڕی ئەدیس ئەبابا بوو. دانەیەکیان لە گەڕەکی بۆڵی(Bole) بوو، لەو کۆڵانەی، کە هوتێلەکەمانی لێبوو. کابرایەکی هەژاری سەر و ڕدین سپی، بە شێوە و ڕەنگوڕوو گەلێک لە تەمەنی خۆی گەورەتر دەردەکەوت و جلکی شڕیشی لەبەردا بوو، جگەرەیەکی بە دەستەوە بوو و دەیکێشا. کە ئێمە باسی خراپی سیغارکێشانمان بۆ کرد، هەم لە ڕووی لەشساغی و هەم بۆ گیرفانیش، قایل بوو بەوەی، کە ئەوەی ئێمە دەیڵێین ڕاستە ئیدی هەوڵدەدات دەستبەرداری ببێت. ئەوی دیکەش پیرەژنێکی شڕۆڵی دەرۆزەکەر بوو، هەر لە ئەدیس ئەبابا. لە شاری بەهردار(BahrDar)یش، شێتێک بوو، لەگەڵ تووڕەیی و وەڕزی لە خۆ و لە دنیا، دووکەڵی جگەرەکەیشی بەبادا دەدا. جگەرەکێشان، لەکن ئیسووپیاییان عەیبەیەکی گەورەیە و وەک کارێکی خراپ و شەرمهێنەر تەماشا دەکرێت و خەڵک بە چاوێکی سووکەوە دەنۆڕنە مرۆڤی جگەرەکێش، ڕێک وەک دیدی خەڵکی لادێیەکی وڵاتی خۆمان پێش چل پەنجا ساڵان بەرانبەر کەسێکی عەرەقخۆر و بەدمەست[22]. بەپێچەوانەی سیغارەوە، خواردنەوە خوویەکی یەکجار بەربڵاو و ئاساییە لە ئیسیووپیا. لە شارەکاندا، ئەوانەی من بۆ خۆم دیتمن، لە هەندێ گەڕەک و هەندێ شەقام و شوێندا، لە مەودای 100 میتردا، مەیخانەیەک، بارێکی گچکە یا گەورە یا دوو دانەت بەرچاو دەکەوێت و جاری وایش هەیە نێوانی مەیخانەیەک و دانەیەکی دیکە ناگاتە 20 میتر. شوێنی خواردنەوە لە هەموو جێگەیەکدا هەیە. ئیدی دەنگی مووزیک دەبیسیت و خەڵک دەبینیت دانیشتوون و دەخۆنەوە. ئیسیووپیاییان، بیرە زۆر دەخۆنەوە و زۆربەی جۆری بیرەکانیان، بەرهەمی ئیسیووپیان. بێجگە لە بیرە، شەرابە میللییەکەی خۆیشیان، تەج، فرە دەخورێتەوە. خواردنەوە، خۆماڵییەکانی خۆیان، تا ڕادەیەک هەرزانە، هەر بۆیە لە ماڵانیش، خواردنەوە ئاساییە و باوە و خەڵکە هەژارەکەشیان گەلێک دەخۆنەوە.
پیسوپۆخڵی و بۆنی ناخۆش:
بە هەموو پێوەرێک لەم جیهانەدا، هەژاری لە هەرچی دەردێکی دیکەیە گرانترە. هەژاری، بنەمای برسییەتی، نەخۆشی، تێکچوونی خێزان، دزی، کوژتن، خیانەت، خۆفرۆشتن، خۆسۆککردن، نەخوێندەواری، تێکچوونی پێوەندەکان و هەزارویەک دەردی دیکەیە. کورد لەمیژە گوتوویەتی: برسییەتی ڕەگی هاریی پێوەیە. زۆرینەی خەڵکی ئیسیووپیا، کە لە هەژاریدا دەژین، هەژارانە دەخۆن و دەخۆنەوە، هەژارانە دەخەون و هەژارانە خەون دەبینن، بێجگە لەوەی تێرناخۆن، بە مانگ و زیاتریش، ئاو لە لەشیان ناکەوێت و ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێم بە چەندین مانگیش نە خۆ دەشۆن و نە جلکەکانیان، ئەم دیاردەیە پتر لەکن گوندنشینان و دەشتەکییان، کە زۆرینەی خەڵکی ئیسیووپیان، وەدی دەکرێ و بە تایبەتیش لەکن مەسیحییانی ئیسیووپیایی، چونکە موسوڵمانانی ئەو وەڵاتە، وەک هەموو موسوڵمانانی جیهان، ئەگەر پێڕۆی دینی ئیسلام بن، کە زۆرینەش بە جۆرێک ئەگەر بە تەواویش وا نەبن، ئەوا وەک فەرهەنگ ئەو گرێدراوییەیان بە شێوەیەک بە دینی ئیسلامەوە هەر هەیە. ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکە ئایینییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، گەرەکە پێش هەر شتێک لەشیان پاک بێت، واتە: دوای هەموو جووتبوون و کردارێکی سێکسی، غوسڵی خۆیان دەربکەن و بەتەواوی هەموو لەشی خۆیان بشۆرن. ڕۆژانەش بە هۆی نوێژخوێندنەوە، گەرەکە چەندین جار و لەگەڵ هەموو چوونە ئاودەستێکدا تارات بکەن و پاشەڵی خۆیان بەئاو بشۆن و خاوێن بکەنەوە، بێجگە لەوەش گەرەکە دەستنوێژ بگرن و بۆ هەموو ژەمێکی نانخواردن و دانیشتنە سەر خوانیش، گەرەکە دەستەکانی خۆیان بشۆن و دوای خواردنیش هەمدیس دەست و دەمی خۆیان دەشۆن و ئاوی پێدا هەڵدەدەن و ڕۆژانی هەینییش، کە بەلای موسوڵمانانەوە ڕۆژێکی پیرۆزە، وەک نەریت، بە ناوی غوسڵی جومعەوە خۆ دەشۆن و بۆنی خۆش لەخۆ دەدەن، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە مزگەفت و نوێژی جومعە. هەمیشەش گەرەکە جلکی خاوێن و بۆنی خۆش و ئەوانەشیان هەبن، کە ئەمانە هەموو دەبنە هۆی پاراستنی بەردەوامی پاک و خاوێنی، واتە: پاراستنی پاک و خاوێنی بەشێکی گرنگە لە دینی ئیسلامدا و بووەتە فەرهەنگێکی بەهێزی خەڵکی موسوڵمانیش. لە قورئاندا هاتووە:(یا أیها اللذین آمنوا إذا قمتم إلی الصلاة فاغسلوا وجوهکم وأیدیکم إلی المرافق وامسحوا برٶسکم وأرجلکم إلی الکعبین وإن کنتم جنبا فاطهروا)[23]، واتە:ئەی ئەوانەی باوەڕدارن ئەگەر بڕیاری نوێژ خوێندنتان دا، ڕوومەت و دەستەکانتان تا ئانیشکان بشۆن و دەستێکی تەڕ بە سەر و پێیەکانیشتاندا تا قاپەڕەقە[24] بهێنن و ئەگەریش لەشتان پیس بوو خۆتان خاوێن بکەنەوە. گوتەیەکی باویش هەیە دەڵێ:النظافة من الإیمان، واتە: خاوێنی لە باوەڕەوەیە، ئەوانە هەموو کاریگەرییەکی وای کردووەتە سەر موسوڵمانان، هەمیشە بە تەنگ پاک و خاوێنییەوە بن و گرنگیی پێبدەن. ڕەنگە هەژاریی کاریگەریی هەبێت لە دوورخستنەوەی ئیسیووپییە مەسیحییەکان، بە تایبەت لادێییەکانیان، لە خاوێنی، لێ ئاییەنەکەشیان هەرگیز هاندەرێک نەبووە و نییە بۆ خاوێنییان. تۆ بنۆڕە ئەوروپاییان و گەلێ لە وەڵاتانی دیکەی جیهانی ڕۆژاوا و زۆرینەی سپیپێستان، کە بە بەراورد لەگەڵ وەڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و وەڵاتانی موسوڵماندا، لە ڕووی ئابوورییەوە، دەوڵەمەندن و حەساوە و خۆشگوزەران و تێروتەسەلن و لە ڕووی فەرهەنگ وتەکنۆلۆگییشەوە کۆڵێک پێشکەوتوون، لێ لە ئاودەستخانەکانیاندا تەنێ کاغەز بۆ پاشەڵخاوێنکردنەوە دانراوە و بەکاردەهێنرێت و ئەگەر دەستشۆرییشی تێدا بێت، بۆ دەستشۆردنە نەک بۆ پاشەڵشۆردن. ئەوە پێوەندی بە هەژاری و دەوڵەمەندییەوە نییە، بەڵکە دینی مەسیحی ئەو خاوێنییەی، کە لە ئیسلامدا بۆ خوداپەرستی پێویستە، نەکردووەتە مەرج و گرنگیی پێنەداوە و نەشبووەتە فەرهەنگ و دەشێ مرۆڤ پیسوپۆخڵ و گەماریش بێت، لێ بەو حاڵەشەوە بچێتە کڵێسە و نوێژی خۆی بخوێنێ[25]، لێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە موسوڵمانان، مەسیحییان و ئەوروپاییان بە پیسوپۆخڵ و گەمار و بۆنهاتوو و چڵکن بزانن، چوون ئەوان(بەتایبەت ئەوروپاییانیان) بەهۆی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنیانەوە و بەهۆی ئاوی زۆر و هەموو ڕۆژ خۆشۆردن و هەزاران جۆرە دەرمان و ئامرازی خاوێنکردنەوە و بۆنخۆشی و خۆپاراستن لە نەخۆشی و گرنگیدان بە لەشساغی و جوانی خۆیان و دەوروبەر و ژینگە و هەموو شتەکانی دیکەیان، هەمیشە ئاگایان لە خۆیە و باشترین و نوێترین تەکنیک بەکاردەهێنن بۆ خزمەتی خۆیان و ژیانیان. زۆرینەی موسوڵمانەکانی ئیسیووپیا هەژارن، لێ دینەکەی ئەوان هاندەر و پاڵنەرێکە بۆ خاوێنییان. ئیسلام لە سەردەمی سەرهەڵدانیدا پێش 1430 و ئەوەندە ساڵێک شۆڕشێک بووە، لە ناوەڕۆکدا بۆ دەرهێنانی عەرەب بووە لە ژیانی کۆچەری و دەوارنشینی و گواستنەوەیان بۆ ژیانی ژیاری و جێگیربوون لە شاردا و بێجگە لەوەیش یەکتاپەرستیی، واتە: پەرستنی تاکە خودایەکی هێناوەتە گۆڕێ و ئەو تاکە خودایەی، ڕێک بە پێچەوانەی ئەو دوو ئیمپراتۆریایەی ڕۆم و عەجەم، کە قسەی شا و ئیمپراتۆر بۆخۆی قانوون بووە، کردووەتە سەرچاوەی قانوون و ڕێساکانی ژیان، خەڵکی دوڕگەی عەرەبیشی لە دواکەوتوویی، نەخوێندەواری، پەرتوبڵاوی، هۆزگەرایی و دەیان ناتەواوی دیکە ڕزگار کردووە و یەکیخستوون و پەیامبەری ئیسلامیش گەلێک زیرەکانە و ژیرانە، چ لەڕێگەی ترساندن بە سزای خودایی و ئاگری دۆزەخەوە و چ لەڕێگەی سەلماندن و باوەڕپێهینانەوە، ئەو خەڵکە پیسوپۆخڵەی پازدە سەدەیەی پێش ئەمڕۆی عەرەبستانی، هێناوەتە سەر بڕوابوون بە خاوێنی، لە ڕێگەی فێرکردنیان بە خۆخاوێنکردنەوە و دەستنوێژ و نوێژ. ئەو(پەیامبەر)، دەیزانی ئەوانە، ئەگەر ترس نەخرێتە پێشیان، هەرگیز خۆ پاک ناکەنەوە و هەر بە بەرد قوونی خۆیان دەسڕن[26]. دیارە ناشبێ و ڕاستیش نییە، موسوڵمانان تەنێ لەبەر موسوڵمانبوونیان یا بەهۆی نوێژخوێندن و دەستنوێژەوە، ئیدی وا دابنرێن، کە لە هەموو شتەکانی دیکەشیاندا، خاوێن و بۆنخۆشن، هەموو ئەوانە ڕێژەییە و بە مرۆڤەکە خۆی کەوتووە، ڕەنگە مەسیحی بێت، بەڵام خاوێن و بۆنخۆش بێت و ڕەنگە موسوڵمانیش بێت، لێ پیس و قڕێژ و چڵکن بێت. ئیدی ئەو بۆنە ناخۆشە، بۆنی پیسی، بۆنی چڵک و بۆنی خۆنەشۆردن، بۆنی پۆشاکی عەرەقاوی و هەرگیز ئاولێنەکەوتوو، بۆنی خنکاوی و بۆنی کۆنیی و بۆنی میز و بۆنی پیسایی و پاشەڵی قڕێژ و نەشۆراو، کە بە ڕای خۆم، هەژاری و بەجێماویی شارستانی، ئابووری، فەرهەنگی و...هۆکاری سەرەکین بۆ بوونیان[27]، لە گەلێ شوێنی ئیسیووپیادا، دەچن بە کەپووی مرۆڤدا. ئەوان خۆیان لێی ڕاهاتوون، لێ بۆ بیانییان و ڕانەهاتووان، گەلێک سەختە[28].
دین لە جڤاک و وەڵاتی ئیسیووپیادا :
دین، لە جڤاکی ئیسیووپیادا نۆرەیەکی یەکجار گرنگ و لەبەرچاوی هەیە، بۆیە گەرەکە ورد و چڕ، بخوێنریتەوە و هەڵوەستەی لەسەر بکرێت:
بێجگە لە دینی عیسایی و ئیسلام، دینی جوولەکە و هەندێک کەونەدینی سروشت یا ئاژەڵپەرستی دیکەش لە ئیسیووپیا هەن. عیساییانی ئیسیووپیا %49یان سەربە ئایینزای ئۆرتۆدۆکسن و %19یشیان سەر بە ئایینزاکانی دیکەی مەسیحین. پێڕۆیانی ئایینی مەسیحی ئەو وڵاتە ڕێژەی خۆیان بە 75%، واتە: 75 میلیۆن و ڕێژەی موسوڵمانانی ئەوێش بە 25%، واتە: 25 میلیۆنێک دادەنێن و بە پێچەوانەشەوە موسوڵمانەکان ڕێژەی خۆیان بە 60% و مەسیحییان بە 40% دادەنێن. بە گوێرەی ئاماری ڕەسمیی دەوڵەتیش، 63%ی ئیسیووپیاییان مەسیحین و 34%یان موسوڵمانن و 3%یشیان سەربە ئایینی دیکەن، بەو جۆرە ڕێژەی موسوڵمانانی ئیسیووپیا دەگاتە سێیەکی تەواوی دانیشتووان. هەندێکیش پێیانوایە، ڕێژەی پێڕۆیانی هەردوو ئایینەکە لە یەکەوە نێزیکن و نیوبەنیو یا بڕێک زیاتر بەلای مەسیحییەکاندا بشکێتەوە. مەسیحییەت لە سەدەی سێیەمی زاییندا گەیشتووەتە ئیسیووپیا و لە ساڵی 333وە بووە بە ئایینی ڕەسمیی دەوڵەت و بەوەش ئیسیووپیا وەک دووەم دەوڵەت دوای ئەرمەنستان ئەو بڕیارەی داوە. ئەو مەسیحییەتە ڕەسمییەش، ئایینزای ئۆرتۆدۆکس بووە. ئەوروپاییان بە ناردنی مژدەدەر و قەشەی کاتۆلیک بۆ ئیسیووپیا هەوڵیانداوە بیکەن بە کاتۆلیک و لە ساڵی 1624دا شا سووسینیۆس (Susenyos I)ی یەکەم بووە بە کاتۆلیک، بەڵام لە ساڵی 1632دا شا فەسیلیدس(Fasilides)ی کوڕی، ئایینزای ئۆرتۆدۆکسی وەک ئایینی ڕەسمیی وڵات گێڕایەوە. مەسیحییەتی ئیسیووپیایی، لە ئایینی جوولەکە نەریتی و کۆنسێرڤاتیڤەکانەوە گەلێ نێزیکە، بۆ نموونە: سەربڕینی ئاژەڵ، نەخواردنی گۆشتی بەراز، پۆشتەیی و سەرداپۆشینی ژنان کاتێک دەچنە کەنیسە، ژنان لە کاتی سووڕی مانگانەدا بۆیان نییە بچنە کەنیسە، ژنان و پیاوان لە کەنیسە کاتێک، کە ڕووەو پێشەوە دادەنیشن، جودا دادەنیشن، ژنان لای ڕاست و پیاوان لای چەپەوەن، ئەمانە لەکن جوویش هەن. بەشێک لە دانیشتووانی ئیسیووپیا جوو بوونە و بێتا ئیسرائیل(Beta Israel) یا فلاشا (Flasha)یان پێ گوتراوە، زۆریان لە دوای ساڵی 1990ەوە کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل[29]. یەکەم پێوەند لەنێوان موسوڵمانان و ئەم وەڵاتەی، کە ئێستا ئیسیووپیای پێ دەگوترێ، لەسەردەمی پەیامبەری ئیسلامدا بووە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئیسلامدا، کۆمەڵێک موسوڵمان لە دوڕگەی عەرەبەوە کۆچیان کردووە و لە گوندی نەجاش(Negash) لە دەڤەری تیگرای(Tigray) و لە شانشینی ئەکسوم (Aksum)، لە باکووری حەبەشەی ئەودەم و ئیسیووپیای ئێستا، لەسەردەمی ئیمپراتۆر (ئەشامە ئیبن ئەبجار)دا لە سەدەی حەفتەمی زاییندا نیشتەجێ بوون و وەک پەنابەر وەرگیراون. کۆچەبەرە موسوڵمانەکان بە دوو جاران کۆچیان کردووە بۆ ئەو وەڵاتە، جاری یەکەم شازدە کەسێک بوونە و زۆرینەیان پیاو بوونە و چوار ژنیشیان لەگەڵ بوونە. یەکێک لە پیاوەکان، جەعفەری کوڕی ئەبی تالیب(جعفر بن أبي طالب)ی برای ئیمام عەلی بووە، کە ژنەکەیشی لەگەڵدا بووە. عوسمانی کوڕی عەففان(عثمان بن عفان) و ڕوقییە(رقیة)ی خێزانی، کە کچی پەیامەری ئیسلام بووە، لەنێو کۆچبەرەکاندا بوونە. جاری دووەمیش دەستەیەکی دیکەی کۆچبەر ڕۆیشتوون بۆ حەبەشە کە لە 83 پەنابەر پیکهاتوون. پەیامبەری ئیسلام جەعفەری کوڕی ئەبی تالیب، کە جەعفەری تەییار(جعفرالطیار)یشی پێ گوتراوە، بە ڕێبەر و دەمڕاستی ئەو پەنابەرانە دەستنیشان کردووە و پێی گوتووە: أن فيها ملک صالح لا يظلم عنده أحد، واتە: حەبەشە شایەکی شیاو و مێرخاسی لێیە و هیج کەسێک لای ئەو ستەمی لێ ناکرێت و باسی ئەوەی بۆ کردوون، کە ئەو شایە دادپەروەرە و وەڵاتی حەبەشە وەڵاتێکی سەربەخۆیە و خەڵکەکەی خاوەنی دینی خۆیانن و پێڕۆی کتێبن(أهل الکتاب) و داوایشی لێکردوون ڕێزی قانوون و نەریت و هەموو شێوەی ژیانی ئەو وەڵاتە، بە دین مەسیحییە، بگرن. بەو جۆرە فەرمانیان دەداتێ بجن بۆ حەبەشە. ئەوجا کە دەگەنە حەبەشە دەچنە لای شای حەبەشە و جەعفەر وەک سەرۆکی شاندەکەی، کە دەچێتە کن شا، لەوێ باسی ئایینی ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام بۆ شای وەڵات دەکات، کە چۆن عەرەبیان لە دواکەتوویی و نادادی و پیسوپۆخڵی و تایفەگەری و نابەراری ڕزگار کردوون، ئیدی کە شای حەبەشەش بە بەڵگەکانیان و بیروباوەڕیان قایل و ئاشنا دەبێت، مافی پەنابەرییان دەداتێ و ڕێزیان لێ دەگیری و دەمێننەوە. دەستەیەکی ئەو کۆچبەرانە پاش سێ مانگان دەگەڕێنەوە عەرەبستان و دەستەی دووەمیان نزیکەی پازدە ساڵێک دەمێننەوە. دەڵێن جەعفەر پاش دە ساڵان و پاش کۆچی پەیامبەر و هەڤاڵانی بۆ مەدینە، ئەویش گەڕاوەتەوە مەدینە. زۆرینەی موسوڵمانانی ئیسیووپیا سوننەی شافیعین و بڕێکیشیان سۆفی و سەلەفی و سەر بە تەریقەتی قادرین و دانەدانەیەکیش موسوڵمانی شیعە و ئەحمەدیش هەن. موسوڵمانانی ئیسیووپیا پتر لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسیووپیا، لە دەڤەرێن سۆمالی، عەفار، دیرە دەوا و هەراری نێشتەجێن. بە هۆی نێزیکی و پێوەندێکی، کە لەنێوان ئیسیووپیا و عەرەبستانی سعوودییەدا هەیە، لەکن حوکوومەتی ئیسیووپیا، تا ڕادەیەک ترسی بڵاوکردنەوەی بیری وەهابییەت و سەلەفییەت لەنێو موسوڵمانانی ئیسیووپیادا، بە هاندانی سعوودییە هەیە و ئێرانیش کار لەسەر بڵاوکردنەوەی شیعەگەری لە هەموو ئەفریقادا دەکات و لەنێو وەڵاتانی ئەفریقاشدا ئیسیووپیا. ڕۆژژمێر و مێژوو و ساڵنامەی ئیسیووپیایی بەگوێرەی ڕۆژژمێری جوولیان(Julian) دەژمێردرێ، کە حەفت ساڵ و سێ مانگ لە دوای ڕۆژژمێری گریگۆریان(Gregorian)ی زاینیی ڕۆژاواوەیە. لە ئیسیووپیا لەبری 25ی دیسەمبەر، کە لەکن مەسیحییانی جیهان، بە ڕۆژی زایینی عیسا دادەنرێ، ڕۆژی 7ی جەنیوەری بە ڕۆژی زایینی عیسای مەسیح (Christmas) دادەنرێ و ڕۆژی 20ی جەنیوەری جەژنی تیمکەت (Timket)ە، کە بە زمانی ئینگلیزی ئیپیفەنی(Epiphany) پێ دەڵێن. ئەو ڕۆژە دەکرێتە جەژن، چونکە بە باوەڕی مەسیحییان لەو ڕۆژەدا عیسا تەعمید کراوە، واتە ئاو بە سەریدا کراوە و ناونراوە و کراوە بە جوو (چوون ئەو دوایی لە جوولەکەیەتی وازیهێنا و دینێکی دیکەی هێنایە گۆڕێ، کە دواتر ناونرا: مەسیحی). نەک هەر ئەو بۆنە دینییانەی پێوەنددارن بە دینی عیساییەوە لە ئیسیووپیا دەکرێنە پشوو، ڕۆژی 12ی دیسەمبەریش لە ئیسیووپیا وەک ڕۆژی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام موحەممەد، دەکرێتە پشوو. وەک ئەوروپا و وەڵاتانی مەسیحی، لە ئیسیووپیاش، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە پشووە و ڕۆژانی دیکە، ڕۆژانی کارن. لەنێوان مەسیحی و موسوڵمانەکاندا بە ئاشکرا هیچ جیاوازییەک نییە و گەلێک تێکەڵاوی و نێزیکایەتی لەنێوانیاندا هەیە و پێوەندیان پێکەوە باش و توندوتۆڵە، ئەگەر لێکتێنەگەیشتن و ناکۆکییەکیش لەنێوانیاندا چێ بێت، ناگاتە ئەوەی بەربنە یەکدی و شەڕ و فەرتەنە بقەومێنن. بەرپرسی مزگەوتێک لە بەهردار(Bahr Dar) دەیگوت: ئێمە لێرە، لەم وڵاتە، وەک موسوڵمان ئازادین و هیچ کێشەمان نییە! لێ ڕەنگە ئەوەی ئەو دەیگوت، هەموو ڕاستییەک نەبێت، چونکە لە هەندێ موسوڵمانی دیکەم دەژنەفت، کە لەو جێگەیانەی مەسیحییەکان زۆرینەن و موسوڵمانان کەمینەن، ڕێگە نادرێتە موسوڵمانان، مزگەوت دروست بکەن. دین لە کۆمەڵی ئیسیووپیادا، هەرچی بواری ژیان و جمگەکانی هەیە داگیری کردووە و شەقڵی بە هەموو هەڵسوکەوت و جووڵە و کردار و شێوازی ژیان و هزرەوە هەیە و دیارە و کاریگەریی لەسەرە. ژمارەی کڵێسە و شوێنی دینیی عیسایی، لە هەموو شار و گوند و تەنانەت چیا و دەشتاییەک، هێندە زۆرن، بەوەدا پەیوەستبوونی خەڵک بە دینەوە پێشان دەدات. گۆڕی پیاوانی دینی مەسیحی، قەشەیەک، کەونەخانوو یا ماڵێکی کەسێکی دینی، جێ پشوویەکی، جێ پیاسەیەکی، هەر شتێکی پیوەندێکی بەوانەوە هەبێت، ئەمڕۆ لە ئیسیووپیا بووەتە مەزارگە و بووە بە سەرچاوەیەکی باشی پارە پەیداکردن، لە لایەن کڵێسە و دەسەڵات و شارەدارییەکانەوە، ئەویش بە دادۆشینی گەشتیار، بە تایبەت گەشتیاری ئەوروپایی و ڕۆژاوایی. کڵێسەکان هەموو بەیانییەکی زوو هەر لە شەفەقەوە، دەستدەکەن بە دەنگە دەنگ و هەرایەک، کە ئەگەر تۆ لە حەوت خەوی شیریندا بێت، بێدارت دەکەنەوە و خەوت لێدەزڕێنن. ئەوان هەر زەنگی کڵیسە لێنادەن، بەڵکە بە دەنگی بەرز و لە بڵندگۆوە نوێژ دەخوێنن، ئیدی ئەوە کاتی نوێژە و ئەو نوێژەشیان نابڕێتەوە، تا خۆر گەلێک بەرز دەبێتەوە و نێزیکی چێشتەنگا دەبێتەوە، ئەو قەشە و پیاوە دینییانە دەلوورێنن و دەڵێن. دیارە ئەوە ئەگەر لەگەڵ نوێژی سبەینانی ئیسلامدا بەرواردی بکەین، ئەوەی ئیسلام لە کورتی دەبڕدێتەوە و تەواو دەبێ، لێ ئەوەی ئەوان تا کۆتایی دێ، تووشی دەردت دەکات. ئیسیووپیاییان، بە جوو و مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکان و موسوڵمانیانەوە، گۆشتی بەراز و ئاژەڵە ئاوییەکانی نێو زەریا، وەک قرژانگ و گوێچکەماسی و هەموو ئەوانەی بڕبڕەی پشتیان نییە، ناخۆن و بەلایانەوە حەرامە و بەراز وەک ئاژەڵێکی پیس سەیر دەکەن، ئەڵبەت ئەو دیاردەیە بە کاریگەری ئایینی جوو و ئایینی ئیسلامەوە هاتووەتە گۆڕی و ئەگەر زۆر پێوەندی بە باوەڕە ئایینییەکەیشەوە نەبێت، ئەوا بووەتە فەرهەنگ. بەشێکی زۆری ئەو ڕێسا و نەریت و خوو و ڕاهاتنانەی مرۆڤ، لە سەرتاسەری جیهاندا، پێڕۆی دەکات، بۆماوەییە و بە تێپەڕبوونی کات، جێی خۆی لە نەست و هەستی مرۆڤدا کردووەتەوە و بووە بە بەشێک لە ژیانی. دواتر ئەگەر دینیش هاتووە و پەیامێکی هێناوە و بەنێو گەلی مرۆڤدا بە هۆی پەیامبەریکەوە، پیاوچاکێکەوە، بیرازکارێکەوە پەخشی کردووەتەوە، ئەوا ئەو دینە نەیتوانیوە تەواوی ئەو کۆمەڵە، ئەو مرۆڤانە، لە تەواوی ڕابردوو و بیرگە و بۆماوەییەکی فەرهەنگیی هەیانە، دابڕێ و مێشکیان بە تەواوی بشواتەوە و بیانکات بەوەی بۆ خۆی دەیەوێت، بەڵکە دینەکە ڕەنگی فەرهەنگەکەی وەرگرتووە و خۆی لەگەڵ فەرهەنگەکەدا گونجاندووە. ئەوە فەرهەنگە بڕیار دەدات و دین ڕەنگڕێژ دەکات، نەک بە پێچەوانەوە. دین، هەر بۆ خۆی دەرهاوێشتە و هەڵقوڵاوی فەرهەنگێکیە، بۆ نموونە: ئیسلام لە بنەمادا لە خەڵک و فەرهەنگ و ژینگەیەکی عەرەبییەوە زاوە و فەرهەنگی عەرەبیی بەسەردا زاڵە. ئەوە هیچ، کە مەسیحییەت بە شێوازێکی گشتی فەرهەنگی ئارامیی و جوولەکایەتیی بەسەردا زاڵە، لێ مەسیحییەت بە هەردوو شێوازە ئۆتۆدۆکسییەکەی و کاتۆلیکییەکەی کە هەردوو ناوەکەکانیان لە زمانی گرێکی(یۆنانی)ەوە هاتوون، فەرهەنگی گرێکیی و قیبتییەکان و مسری کەونارا و ڕۆمانەکانیان بەسەردا زاڵە و مەسیحییەتی پرۆتستانتی فەرهەنگی نەتەوە جێرمانییەکان و بە تایبەت ئەڵمانی بەسەردا زاڵە، چوون مارتن لۆسەری دامەزرێنەری ئەڵمانی بوو. دینی بوودایی و هیندۆسی، فەرهەنگیی هیندییان بەسەردا زاڵە. واتە: هەر دینەو ڕەنگوبۆ و فەرهەنگی، ئەو خاک و خەڵک و ژینگەیە وەردەگرێت، کە تێیدا پەیدا دەبێت. بنەما سەرەکییەکانی لێ دەرکە، ئیسلامی مەغریبی و ئیسلامی سعوودی و ئیسلامی ئێرانی و ئیسلامی چێچنیایی و ئیسلامی سۆفیگەری و ئیسلامی سەلەفی و ئیسلامی ئەحمەدی و ئیسلامی وەهابی و ئیسلامی تالیبان و ئیسلامی داعش، وەک نموونە، چەندین جۆرە ئیسلامی جیاوازن، نەک تەنێ لە پێڕۆکردن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی دیندارییدا، بەڵکە لە هزرین و فیلۆسۆفینیشدا. بە گوێرەی فراژۆتنی میژوویی ئیسلام، تۆ ناتوانیت باس لە یەک ژیاری و شارستانیی ئیسلامی بکەیت، بەڵکە گەرەکە باس لە کۆمەڵێک فەرهەنگی جیاواز بکەیت، کە هەڵگری تایبەتمەندی و شێواز و کەسیەتی خۆیانن، لێ لە توخم و بنگە و بنەما سەرەکەییەکانی ئیسلام و نەریت و سرووتەکانیدا، هاوبەش و هاوڕان. مەسیحییەتیش هەروایە. ئەو جیاوازییەی نێوان ئەو جۆرە ئیسلامانە و ئەو جۆرە مەسیحییەتانە، بێجگە لە هەندەک دید و بۆچوون و لێکدانەوە و وردەکاریی جیاواز، فەرهەنگە، فەرهەنگی ئەو گەل و نەتەوانەی سەر بەو دینەن، تێکەڵ بە دینەکە دەبێت و دینەکە بە فەرهەنگەکەی خۆی ڕەنگ دەکات. دين، کۆمەڵێک بەها و ڕێسای ڕەوتارکردن و ئاکار و ژیانی جڤاکییە، بەڵام کە دەخرێتە چوارچێوەی کارگێڕی و دامودەسگە و بەڕێوەبردن و دامەزراو و کڵێسە و مزگەوت و قەشە و مەلا و ئاخوند و مووچە و پارەوپووڵەوە، شێوازێکی ڕەسمیی وەردەگرێت و دەبێتە بەشێک لە دەسەڵات و پەسندەری دەسەڵات و پاساوهێنەرەوە بۆ دەسەڵات، ئەودەم دین دەبێتە قورسایی و بارگرانییەکی فەرهەنگیی، بەسەر شان و کۆڵی جڤاکەوە و کاریگەرییەکی لەبەرچاوی بەسەر لەش و مێشکی کۆی جڤاکەوە دەبێت. تێکەڵبوونی ئاکار و نەریتەکان، بە سرووتە دینییە جۆراوجۆرەکان، فەرهەنگێکی جڤاکیی تا ڕادەیەک گشتگر و هەژموونگەرا، پێکدەهێنێت و ڕاوەستان لە هەمبەری، ڕووبەڕووبوونەی، پاککردنەوەی، پەرچکردنی، ئارایشتکردنی، جوانکردنی و ڕازاندنەوەی، کارێکی ئاسان نابێت، چوون دین دەبێتە فەرهەنگێکی گەلێر و جەماوەری و جڤاکی و تەواوی جمگەکانی جڤاک دەتەنێتەوە و جڤاک تێیدا و لەگەڵیدا دەژی. ئەگەر دين هەندێک دەق بێت و لە دووتوێیاندا، کۆمەڵێک بەها و ئامۆژگاری هەبن و لە ڕێگەی ئەنجامدانی بڕێک ڕەوتار و کردار و نەریتەوە بنوێنرێن، فەرهەنگیش بڕێک بەها و نەریت و ئەدەب و هونەر و دید و هزر بێت سەبارەت بە ژیان، دەگەینە ئەوەی، دینیش بەشێکە لە فەرهەنگ، دیدی مرۆڤ لەمەڕ ژیان و بوون و گێتی و کۆمەڵەوە، دیاری دەکات. جیاوازییەکانیان ئەوەیە، دین، لە دیدی بەشێکی زۆری پێڕۆیانییەوە، گەرەکە نەگۆڕ و چەسپاو و داخراو بێت و فەرهەنگ، ئەگەر چەسپاو و داخراویش بێت، لەگەڵ ڕەوتی ژیاندا، بەرگۆڕانە. دین، هەم بۆماوەیی و میراتە و لە باوانەوە دەمێنێتەوە و هەم فەرهەنگە، فەرهەنگێکی بازنەییە، خەڵکێک تێیدا دەژین، گوتەی باوان و پێشینان و دەقە نەگۆڕەکان، چەند پاتە دەکەنەوە و بە کۆتایی و چەقی هزرین و دواوێستگەی بیری دەزانن. دین، فەرهەنگە، فەرهەنگێکە فرەجاران، مرۆڤ لە کاتی پێویستیدا پەنای بۆ دەبات، لێ کام مرۆڤەیە پەنا بۆ دین دەبات؟ مارکس دەڵێ:دین، لە جیهانێکی دڵڕەق و بێسۆزدا، بەرەنیسک و ئاهی چەوساوە و ستەملێکراوانە. گیانێکە لە جیهانێکی بێگیاندا، دڵی جیهانێکی بێ دڵە، خەمڕەوێن و دڵدانەوەیەکە بۆ ئەوانەی دڵدانەوە و خەمڕەوێنیان نییە، دین تلیاکی گەلانە. مارکس ئەو قسەیەی هەروا لەخۆڕا نەگوتووە، ئەو کاتێک نۆڕیویەتە، ڕەوش و گوزەرانی چەوساوانی نەک هەر وەڵاتەیلی وەک بریتانیا و ئەڵمانیا و فرانسا و ئەوانی دیکەی ئەوروپا، بەڵکە بار و ڕەوش و ئازاری ئەوان لە وەڵاتانی دیکەی جیهان، ئەودەمی ئەوەی گوتووە. مارکس، کە دینی بە تلیاک چوواندووە، تلیاک یا بەنگ لەو سەردەمەدا، وەک چارەسەر و ئازارشکێن و ئامرازی بێهۆشکردن لە بواری بژیشکیدا بەکار دەهات. تەواوی ئەو گوتەیەی مارکس، بە واتای ئەوە دێت، کە جەماوەری شەکەت و زەحمەتکێش و ستەمدیدە و نەدار و هەژار، ئەوانەی بەدەست ئازار و نامۆیی و چەوساندنەوە و نەبوونەوە، دەناڵێنن، دڵنەوایی و خەمڕەوێنیی خۆیان، تەنێ لە دیندا دەبیننەوە و دین بۆ ئەوان گیانێک بووە لەو جیهانە ماددییەدا[30]. لە سەردەمێکدا، کە مارکس ژیاوە، کەنیسە لە ئەوروپادا، بەشێک بووە لە دامەزراو و دەسگەکانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و چەوساندنەوەی مرۆڤ، هەربۆیە بە دوژمنی جەماوەر و ڕێگری ئازادی ئەوان دادەنرا. تووڕەیی لەهەمبەر ئایین، پتر، تووڕەیی بووە لە هەڵوێستی وەعزدەرەکانی دەسەڵاتوعاظ السلاطین، پیاوانی دینی و ئەوانەی پاساویان بۆ کردار و هەموو زۆر و ستەم و چەوساندنەوەکانی دەسەڵات، دەهێنایەوە و چاویان لە خەڵک و جەماوەر زەق دەکردەوە، نەوەک دژی دەسەڵات ڕاپەڕن یا بێگوێی دەسەڵات بکەن. دین، لە دڵی جیهانی سەرمایەداریدا، دڵی سەرمایەداری ئەودەم، بریتانیا، فرانسا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و بە جۆڕێک لە جۆرەکانیش ڕووسیا، کە مارکس بە تەوسەوە ناوی ئەو جیهانە سەرمایەدارییە دەبات و بە تایبەت شۆخیی پێ دەکات و بە بێ دڵ و بێ بەزەیی و بێ میهرەبانی و بێ دلۆڤانی، باسی دەکات و پێیوایە ئەو دینە گیانی ئەو جیهانە دزێوە بێ گیانەیە و دوا شت بووە، مرۆڤی چەوساوە پەنای بۆ بردووە. لە سەردەمی مارکسدا (1818 – 1883)خەشخاش، کە تلیاکی لێ چێ دەکرێ، وەک بەنج و ئامرازی بێهۆشکردن و مۆرفین و ئازارشکێن، لە کاتی نەشتەرگەری و شێرپەنجە و ڕاگرتنی زگچوون و ڕەوانیی و خەولێخەر و...بەکار براوە. تلیاک، ئێستاش لە جیهانی پێشکەوتوودا، ماددەیەکی سەرەکی دابینکردنی بەنج و مۆرفین و بێهۆشخستنە و لە بواری بژیشکیدا سوودی لێ وەردەگیرێ. مارکس پێیوابووە، دین لە جیهانێکی بێ دڵ و بێ گیان و دزێو و بێ ئاکار و بێ ڕەوشتدا، دوا پەناگەیە بۆ چەوساوەکان. کەواتە: دین، ئارامگە و پەناگە و خەمڕەوێن و و دڵدەرەوەی ستەمدیدە و چەوساوان بووە و هەیە و ئەوانن، پەنا و هانای بۆ دەبەن و وەک فریادڕەس دەیبینن. ئەوە هەژارانن وەدووی دین دەکەون. دین، لە ئیسیووپیا و جڤاکە هەژارەکانی جیهاندا، بووە بەو پەناگەیە، کە مارکس ئاماژەی پێ دەکات، پەناگەیەک، سەتاپای بوونیانی پۆشیوە و گیانیانی داگیرکردووە[31] و هەژاران بەهۆیەوە، خۆ مەست دەکەن و خۆ بێهۆش و بێ ئاگا دەکەن، لەوەی لە دەوروبەریان ڕوودەدات. دین، کە دەکاتە باوەڕهێنان بە نادیار و پێوار و نائاشکرا و سروشتبەدەر، واتە:غەیبییات(الغیبیات) و هەمیشە کۆمەڵێک چارەسەری ئامادەکراو و ڕاستەوخۆی بۆ هەموو کێشەکان پێیە و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی لەکنە، وەک ئامرازێکی مەستی و لەبیربردنەوەی سەختی و نەداری و بێئومێدی و خەم و دژوارییەکانی ژیان و هەڵاتن لە هەموو بەدبەختی و نەهامەتی و چەوساندنەوەکانی ژیان، پەنای بۆ دەبرێت. هەموو دینێک، هەرچەندە بۆخۆی و کتێبەکانی، وەک پەیامێک بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، دەناسێنرێت، لێ لە ژیانی ڕۆژانە و کرداردا، جیاوازییەکی مەزن و بەرین، لەنێوان دینی بۆرژوا و دەوڵەمەندان و دینی چەوساوە و هەژاراندا هەیە، تا ڕادەی ئەوەی وەک دوو دینی جیاواز دێنە بەرچاو. بەشی گەوجاندن و کەراندن و گەمژاندن و قورسایی و باج و گوێڕایەڵی و قایلبوون بەوەی هەیە و بەوەی دێتە پێش و بەوەی لەنێوچاوان نووسراوە و بەوەی ئەوە بەشی خۆتە و دەبێ قایل و سپاسگوزار بیت و شتگەلێکی زۆری دیکەی وەک دەمکوتکردن و نەهزرین و قایلبوون بە لاتی و برسییەتی و قسەی پڕوپوووچی ئۆڵکاران، ئەوە دینێکە بۆ چەوساوان و هەژاران. دینەکەی بۆرژوا و دەوڵەمەندان، دینێکی دیکەیە و لە تێری و تەسەلی و گیرفانی پڕەوە دەڕوانێتە جیهان و ژیان و کە هەموو شتێکیشی بە ئاسانی بێتە بەردەست و بۆ مسۆگەر بێت، ئیدی چ پێویستییەکی بە دین نییە، ئەگەر هەیشیبێت، بۆ چەوساندنەوەی هەژارانیەتی. دین، لەکن دەوڵەمەندان، ئامرازێکە لە کاتی پێویستیدا، بۆ چاوبەستن و فریودانی خەڵکی هەژار و چەوساندنەوەیان بەکار دەهێنرێت. دین، لای ئەوان، ئامرازە، نەک ئامانج و مەبەست، ئەوە هەژارانن، دین لەکنیان دەبێتە هەموو شتێک و ژیانیان داگیر دەکات. دین، وەک هەر شتێکی دیکەی ئەم جیهانە، لایەنێکی زەق و ڕوون و خویای جەمسەرگری و چینایەتی تێدایە. دینێک لە ئیسیووپیا هەیە، دیارە لە گەلێ شوێنی دیکەی ئەم دنیایەش، دینێکە، هەژاران هەژارتر دەکات و چەوساوان پتر دەچەوسێنێتەوە، بەڵام بۆ هەستنەکردن بەو هەژاری و چەوساوەییە، ئیسیووپیاییان وەک تلیاک پەنای بۆ دەبەن. مارکس دەڵێ:هەژاری شۆڕش دروست ناکات، ئەوە ئاگایی هەژارە، شۆڕش دروست دەکات. کاری ستەمکار ئەوەیە، تۆ هەژار بکات و ئۆلکاری ستەمکاریش کاری ئەوەیە، تۆ ئاگاییت لەدەست بدەیت. کۆمەڵی ئیسیووپیایی، بێ ئەوەی بۆ خۆیان هەستی پێ بکەن، بەدەست دینی مەسیحییەوە، بەتایبەت شێوە ئۆرتۆدۆکسییەکەیەوە، دەناڵێنن و دەستگە دینییەکان و کڵێسە و قەشە و ئۆلکاران، بێجگە لە کەراندن و گەوجاندن و گەمژاندنی خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە و خڕکردنەوەی پارە لێیان و ڕووتاندنەوەیان، چ کارێکی دیکەیان نییە. ئۆرتۆدۆکسانی ئیسیووپیاییانی هەژار، دینەکە کردوونی بە گوێڕایەڵ و کۆیلە و لە هەمان کاتیشدا دڵنەوایی و خەمڕەوێنیی خۆیان لە دینەکەدا دەبیننەوە، کە بۆ ئەوان سەرگەرمی و دوورکەوتنەوەیەکە لە سەختیی و دژواریی ژیان. لێنین دەڵێ:ئەو کۆیلەیەی ئاگای لە کۆیلەیەتی خۆیەتی و لە پێناوی ئازادیدا دەخەبتێ، مرۆڤێکی شۆڕشگێڕە و ئەو کۆیلەیەیشی ئاگای لە کۆیلەیەتی خۆی نییە و ژیانێکی کۆیلانەی کەڕ و بێدەنگ دەژی، ئەو تەنێ کۆیلەیەکە، هەرچی ئەو کۆیلەیەشە، چەپڵە بۆ سەروەرانی لێدەدا و بۆیان دەگەشێتەوە و قایلە و دڵخۆشە بە کۆیلەیەتی خۆی و سەرسامە بە گەورە و سەروەرەکەی، ئەو کۆیلەیەکی خوێڕی و هیچوپووچ و سەرشۆڕە[32]. تا چەکەرەکردنی هەستی خۆناسین و خۆدۆزینەوە و تێگەیشتن لە کۆیلایەتی و لەو ڕەوشە و لەوەی دین ج کاریگەرییەکی نەئێنی بەسەر جڤاک و مرۆڤی ئیسیووپیاییەوە هەیە و چۆن جووڵەی لێبڕیون و لە بازنەی داخراوی دواکەوتووییدا دەیانخولێنێتەوە، ئاگاییەکی زۆری گەرەکە و کارێکی سەختی دەوێ و لەپێش هەر شتێکیشدا، گۆڕینی ژیان و باری ئابووری مرۆڤەکانە و ڕزگاربوونیانە لە هەژاریی[33]، بە هێنانە گۆڕێی سیستمێکی ژیان و کارگێڕی و بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریی، کە ئازادی و داد و یەکسانی و نان و کار و ژیان و گەشەی ئابووری و تازەگەری، بۆ هەموو خەڵکە هەژارەکە مسۆگەر بکات، ئەوەش تەنیا بە سیستمێکی سۆسیالیستی و یەکسانیخواز، کە بوار و دەرفەت و هەل، بۆ هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو هاووڵاتێک، هەموو خەڵکەکە، دەستەبەر بکات، دێتە گۆڕێ و جڤاکێکی سەد میلیۆنی مرۆڤ، دەگەیەنێتە ئازادی و خۆشگوزەرانی. وەها سیستمێکی سۆسیالیستی، تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤ و هێنانەدی ئازادی و عەدالەت و یەکسانی و جڤاکێکی ناچینی و خۆشگوزەران، دەنا لیبرالیزم و نۆلیبرالیزم و بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت، هەرگیز جڤاکی خۆشگوزان بەرهەم ناهێنن.
گوێزانەوە وجادە و هاتووچۆ:
لەنێو شاری ئەدیس ئەبابای پێتەختدا، بێجگە لە ئۆتۆبووسی[34] دەوڵەتی و تاکسی و مینیبووسی تاکسی ئاسا و توکتوک، شەمەندەفەری ژێرزەوی(Metro) بۆ هاتووچۆی گشتی هەیە. مێترۆی ئەدیس ئەبابا، لە دوو هێڵ پێکهاتووە و درێژیی هێڵەکان 17 کم. مێترۆ، تەنێ لە باژێڕی ئەدیس ئەبابا هەیە و لەهیچ باژێڕێکی دیکەی ئیسیووپیا نییە. لە ئەدیس ئەبابا، ترام(Tram)یش هەیە, کە جۆرە شەمەندەفەرێکی گچکەیە و لە یەک دوو بەش پێکدێت و بەسەر هێڵی ئاسندا و بەسەر زەویدا دەڕوات. ئۆتۆبووسی دەوڵەتیی، لە ئەدیس ئەبابا و لە هەندێ باژێڕی دیکەش هەیە. ماشێنی تایبەتی کەسەکی، واتە: خەڵک خاوەنیان بێت، لە هەموو ئیسیووپیادا گەلێک کەمن و کەمتر لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، تەنانەت تۆ، کە لە شارێکەوە دەچیت بۆ شارێکی دیکە، لەسەر ڕێگەی نێوان ئەو دوو شارە، ڕێژەیەکی یەکجار کەمی ماشێنی تایبەتی دەبینیت. ئەو ماشێنانەیشی دەبینرێن، گەلێک کۆنن. ئێستاش ماشێنی(لادا)ی ڕووسی، ساڵانی 1970 و 1980 و ئەو دەورانە بە سەر شەقامەکانی ئیسیووپیادا دەخولێنەوە. لە باژێڕەکانی دیکەی ئیسیووپیا، بێجگە لە ماشێن و توکتوک، گالیسکەی, کە وڵاخ ڕایدەکێشێت و وڵاخ بۆخۆی، بۆ گواستنەوە، بەکار دەهێنرێن. کەر و هێستر و ئەسپ، نۆرەیەکی زۆر گەورە و گرنگ لە ژیانی خەڵکدا و بۆ بار و گواستنەوە، دەبینن[35]. لەو جێیەی، کە ئۆتۆبووس و ئەو مینیبووس و ماشێنە نەفەرهەڵگرانەی لێ ڕادەوەستێ، خەڵک بۆ سواری ئەوانە بە ڕیز ڕادەوەستن و کەس پێش کەس ناکەوێت و کەی نۆرەیان هات ئەودەمی بێ قڕە و هەرا و پاڵپاڵێن، سەردەکەون. ئیسیووپیا 681 کم هێڵی شەمەندەفەری هەیە و ئێستا کۆمپانیا چینی و تورکیاییەکان خەریکی نۆژەنکردنەوەین و درێژی ئەو هێڵە دەگەیەننە 756 کم. لەو وڵاتەدا 58 فڕۆکەخانەی لێیە و گەورەترینیان فڕۆکەخانەی بۆڵی(Bole)ی نێودەوڵەتییە، کە لە شاری ئەدیس ئەبابایە. هێڵی هەوایی ئیسیووپیا(ETI) هێڵی فڕۆکەی دەوڵەتیی ئیسیووپیایە و یەکێکە لە هێڵە مەزنە ئەفریقایی و جیهانییەکانیش، کە لەگەڵ زۆرینەی وەڵاتانی جیهاندا پێوەندی هەیە و هاتوچۆ دەکات. ئەو هێڵە تاکە هێڵی فڕۆکەوانیی ئیسیووپیایە و تەنێ ئەوە لە مەیداندایە. لە ڕووی خزمەت و ڕێکوپێکییەوە، یەکێکە لە هێڵە هەواییە باشەکانی جیهان.
لالیبێلا(Lalibela):
لالیبیلا، باژێڕێکە لە دەڤەری ئەمهارای باکووری ئیسیووپیا و نزیکەی 2360 میتر لە سەرووی زەریاوە بەرزە و 645 کیلۆمیتریش لە ژوورووی ئەدیس ئەباباوەیە. لە ئەدیس ئەباباوە بۆ شاری لالیبێلا (Lalibela) بە فڕۆکە 45 خولەکە. کە لە فڕۆکەکەوە تەماشای خوارێ دەکەیت، دەڤەرێکی شاخاوی و ڕەقەن و وشکت، دێتە بەرچاو. ژمارەی دانیشتووانی لالیبێلا نزیکەی 20000 کەسێک دەبن. ناوی لالیبێلا، لە ناوی شایەکەوە هاتووە، کە لە سەدەی دوازدەیەمدا شای شارەکە بووە. شاری لالیبێلا وەک سروشت، شارێکی جوانە، شاخاوی و هەوراز و نشێو و ڕێگەی پێچاوپێچی زۆری تێدایە، لێ لە ڕاستیدا تەنێ ناوی شارە، دەنا بێجگە لە چەند هوتێلێکی نوێی چەند ئەستێرە، کە هەندێ سەرمایەدار بۆ پارەپەیداکردن دروستیان کردووە، هیچی دیکەی لە شار ناچێت. ئەوەی کە گرنگییەکی زۆری بەو شارە داوە و پایەیەکی پێداوە، ئەو کڵێسانەیە، کە تا ڕادەیەکی زۆر سەرسووڕهێنەرن. ئەوانە لەنێو و دەوروبەری شارەکەدا هەن و گەشتیاران سەردانی دەکەن. ژمارەی ئەو کڵێسانە یازدە دانەن، لەنێو گرد و هەوراز و بەرد و ڕەقەندا دروست کراون. هەر ئەو بەرد و ڕەقەنانە بڕاون و هەڵکۆڵراون و کراون بە بینا، بێ بەکارهێنانی خشت و چیمەنتۆ و ئاسن و کەرەسەی دیکەی بینا، بڕاون و کونی گەورەیان لێ کراوە و دراونەتە دەم یەکدییەوە. لە نێوان سەدەی دەیەم و سەدەی دوازدەیەمدا هەڵکەندراون و دروستکراون. بنمیچ و دیوارەکانیشیان بە تابلۆی پەیامبەر عیسا و مەریەم و پیاوانی دینی مەسیحی نەخشێنراون. مەزنترین کڵێسە لەو کڵێسانە، کە درێژییەکەی 30 میتر و بەرینایی 25 و بڵندیشی 10 میترە. کڵێسەی سانت جۆرج (Church of St. George) یا بە زمانی ئەمهەریک(بێتا گیورگیسBete Giyorgis)ە، کە لە کۆتایی سەدەی دوازدەیەم و سەرەتای سەدەی سێزدەیەمدا بە فەرمانی شا لالیبێلا(Lalibela)، کە گوایە هەردوو، سانت جۆرج (Saint George)، کە لە سەدەی سێیەمی زاییندا مردووە و خودا، فەرمانیان پێداوە و نەخشەیان بۆ داناوە ئەو کڵێسەیە دروست بکات. ئەو کڵێسەیە لە شێوەی خاچێکدا، هەر لە بەرد و بەڕ و تاوێر هەڵکەندراوە و هەڵکۆڵراوە. یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهان، کە لەلایەن یۆنیسکۆ(Unesco)[36]وە پارێزراوە. ئەو کڵێسانە زیارەتگەی مەسیحییانی ئیسیووپیا و وڵاتانی دیکەشن، ئیدی ئەوروپایی و ئەمەریکایی و چینی و ژاپۆنی و... لەو دۆڵ و کۆڵان و باریکەڕێ و تەنگەبەرییانەی دەوروبەری ئەو کڵێسەی سانت جۆرجە، کۆمەڵێ ژووری گچکە گچکە و ساکار و سادە و دوور لە هەموو شتێک، کە لەگەڵ ژیانی سەردەمدا بگونجێ دەبینرێن. دەرکەکانیان بە گونێیەک[37]، پارچەپەڕۆیەک یا تەنەکە و بەردێک داخراون. کە سەر بەو ژوورانەدا دەکەیت، لەبەر مۆمێکدا یا لە تاریکیدا چەند کەسێک دەبینرێن، خۆیان گرمۆڵە کردووە و بە هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و شڕە خۆیان پێچاوەتەوە، ئەوانە پێیان دەڵێن مانک یا مونک (Monk). ئەوانە وەک دەروێش و سۆفی لای خۆمانن، لێ زۆر خەستتر[38]. مونک لە دینی بووداییشدا هەن. ئەوانە دەستبەرداری دونیا دەبن و تەنیا بۆ دین دەژین. کار ناکەن و بە دەرۆزە و کۆمەکی خەڵک دەژین و تەنێ خواردنی ڕۆژێک پەیدا دەکەن لە ماڵان، وەک ڕاتبەی فەقێی وڵاتی خۆمان، کە جاران باو بوو[39]. لەنێوان خۆیاندا پێکەوە دەیخۆن. ئەوانە خودانی هیچ نین و وەدووی هیچ شتێکی ماددیدا وێڵ نین. مونکەکانی لالیبێلا 40 دانە دەبن، زۆرینەیان پیاون، لێ ژنیشیشیان تێدان، ژن و پیاوەکان لە ژووری جیاوازدا دەژین و پێکەوە ناژین و لە ڕووی سێکسیشەوە نزیکی یەکدی ناکەونەوە. ئەوانە مەسیحین، ژیانیان سادەیە و هەژارانە دەژین. پڕانی دانیشتووانی لالیبێلا مەسیحین و چەند ماڵێکی کەمی موسوڵمانیشی تێدایە. لالیبێلا، پاش ئەکسوم، بە دووەم شاری پیرۆز لە ئیسیووپیادا دادەنرێ و وەک ئۆرشەلیم(قودس) پایەیەکی دینی باڵای هەیە و تەنانەت جوولەکەش دەچنە سەردانی کڵێسەکانی ئەو شارە و من بۆ خۆم لەوێ گەشتیاری ئیسرائیلیم دیتن، کە بۆ زیارەت هاتبوون. هەر ڕۆژی یەکەمم لەو شارە، کوڕێکی گەنجی 17 ساڵانم ناسی. ئەو و چەند گەنجێکی تر دەهاتن و لەبەردەم هوتێلەکەدا ڕادەوەستان، بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشتیاراندا بسووڕێنەوە و شاریان پێشان بدەن و ببنە چاوساغیان، دیارە بەو کارەیان، چاوەڕوانی هەندێک پارە و کۆمەک بوون لە کابرای گەشتیار. سیراج ئەحمەد عەلی، ناوی ئەو کوڕە بوو، بووبە ناسیاوم. ئەو خوێندکارێکی پۆلی دەیەم بوو، لەگەڵ پووری و منداڵی پوورەکەیدا، کە کچێکی گچکە بوو، لەیەک کوڵبەدا دەژیان. کوڵبەیەک، کە لە زەل و تەنەکە و قامیش و هەندێ بەرد و قوڕ دروستکرابوو و هەموو بەرینایی و ئەو جێگەیەی ئەو سێ مرۆڤەی تێدا دەژیان، دەیانخوارد، دەخەوتن، لە 5 - 6 م2 تێپەڕی نەدەکرد و هەموو ئەو شتە شڕانەیشی تێیدا بوون، بە پۆشاک و پێخەف و خۆراک و دەوری و قاب و هەموو شتێکی دیکەوە بەسەریەکەوە، بایی پێنج دۆلار نەدەبوون. نە جێی خۆشۆردن و نە ئاودەستیشی تێدابوو و بۆ دەست بە ئاو گەیاندن، دەبێ ڕوو لە عەردێکی چۆڵەوانی بکەن، هەربۆیە لەنێو کۆڵان و پەنادیوار و سووچ و قوژبندا، گەڵی جار، پیسایی دەبینرێن و خەڵکیش دەبینرێن، کە پیسایی دەکەن. میزکردن، ئەوە هەر زۆر ئاساییە و لە گەلێ شوێن پیاو زیاتر و ژن کەمتر دەبینیت، دانیشتووە دەمیزێت و گوێ بە خەڵکیش نادات. سیراج، وەک دین موسوڵمان بوو، لە پۆلی دەیەم دەیخوێند. ئەو بۆخۆی خەڵکی دێیەکی نزیکی لالیبێلا بوو، بە ناویشەگلا، کە فرە لە لالیبێلاوە دوور نەبوو. باوک و دایک و باپیر و داپیری و دوو خوشکی، لە گوندەکەی خۆیان لەیەک ماڵدا دەژیان. سیراج، هەرچەندە هێشتا تەمەنی گچکە بوو، لێ وریا و زیتەڵە و ڕووخۆش بوو و حەزی بە هاوڕێیەتی و کۆمەککردن بوو و زانیاریشی لەمەڕ ژیانی شارەکەی خۆیان و جڤاکی ئەوێ هەبوو. زۆرێک لە خێزانانی خەڵکی ئەو شارە لە یەک ژوور زیاتریان نییە بۆ ژیان. کەمینەیەکی یەکجار کەم لەو شارەدا، کارەبایان هەیە. خەڵک تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێت و ئەو بەزمانەیان نییە. سیراج، جارجار دەچێتە ماڵی برادەرێکی، کە هەندێک ڕەوشی ژیانیان باشترە، لەوێ سەیری تیڤی دەکات. سیراج دەیگوت: خوێندنی زانستگە، مفتە و لە خەوگەی خوێندکاران[40]، خواردن و جێگەی خەوتن و کەمۆکەیەک پارە بۆ خوێندکاران، دابین دەکرێن، لێ بە قەرزە، دوای تەواوکردنی خوێندن، کە خوێندکار دامەزرا و کاری دەستکەوت، دەبێ پارەکە بداتەوە. شەقام و جادەکانی نێو لالیبێلا هەموو ڕێگەی خاکییە و تەپوتۆز و خۆڵاویبوون، شتێکی ئاساییە لەوێ. ئامرازی هاتووچۆ بە زۆری توکتوکە، چونکە بە هاسانی دەگاتە هەموو جێگەیەک. سیراج، یەک دوو وشەی زمانی ئەمهاریکی فێر کردم، سەلام، واتە: سڵاو، سەلام، دیارە لە زمانی عەرەبییشدا هەروایە، هەروەها وشەی: ئەمەسگنالۆ، کە بە واتەی: سپاس، دێت. سەیرۆسەمەرەترین شتێک، لە باژێڕی لالیبێلا دیتبێتم، شەممەبازاڕەکەی ڕۆژی 16ی جەنیوەری 2016 بوو. دەشت و مەیدان و پاناییەکی کەمێک دوور لە نێوەندی شارەوە، هەزاران مرۆڤ هاتبوون بۆ ئەو بازاڕە. ئەو بازاڕە، داروبەرد و سەری هاروماری تێدا بوون. لە مامر و بزن و مانگا و کەرەوە تا دەگاتە دانەوێڵە و میوە و سەوزە و دەرمان و هێلکە و جل و شتی نێوماڵ و بارەدار و چیلکە و تەنەکە و بزمار و پلاستیک و ئەوەی ڕەنگە ڕۆژی لە ڕۆژان بەکەڵکی شتێک بێت. بێجگە لە تێف و گەنم و جۆ، دەیان جۆرە گیایشیان دەفرۆشت. یەکێک لەو گیایانە گەیشۆ بوو، کە گیایەکە بۆ دروستکردنی بیرە، تێکەڵ بە جۆ دەکرێ. ئەو بازاڕە سبەینێ زوو دەست پێ دەکات و تا ئێوارەیەکی درەنگ بەردەوامە. بێجگە لە خەڵکی شارەکە، لە هەموو ئاواییەکانی دەوروبەری لالیبێلاشەوە خەڵک ڕووی تێدەکەن، ئیدی وەک فرۆشیار بێت یا کڕیار. ژنی وا هەیە بە دیار 4 هێلکەوە یا دوو کیلۆ پیازەوە یا یەک مریشکەوە و پیاوی وا هەیە بە دیار یەک بزنەوە یا شەش حەفت قوتووی بەتاڵەوە یا چەند پارچە پەڕۆوە یا کەرێکەوە لە بەیانیی زووەوە تا کۆتایی بازاڕەکە، دادەنیشی و مەگەر بە دەگمەن، دەنا نە دەخوات و نە دەخواتەوە و جاری وایش هەیە، کە زۆرتر وایە، نە چوار هێلکەکە، نە پیازەکە، نە مامرەکە، نە بزنەکە، نە قوتووەکان و نە...هیچیان نافرۆشێت و لۆژەلۆژ بە خۆ و شتەکانییەوە، دەست لەگون درێژتر، دەگەڕێتەوە ماڵێ و خۆی بۆ شەممەی دادێت، ئامادە دەکات. کڕیارەکانیش هەر بەو جۆرەن، ڕەنگە لە بەیانییەوە بێت بۆ ئەو بازاڕە، لێ ئێوارە بە دەستی بەتاڵ بڕواتەوە و هیچ نەکڕێ و ڕەنگە زیاتر بۆ کات بەسەربردن و بینینی شتومەک و خەڵک هاتبێتە ئەوێ. ئەوانەی فرۆشیارن لەسەر زەوی یا لەسەر پارچە پەڕۆیەک، چارۆکەیەک، سینییەک، دەفرێک شتەکانی یا شتەکەی خۆی دادەنێ، یا هەروا بە پێوە ڕادەوەستێ و ئەوەی پێیەتی ئیدی ئەگەر بچووک بێت، بۆ نموونە مریشکێ دووان، چەند دانە میوە و سەوزە، هەندێ هێلکە، شووشەیەکی بەتاڵ، ئیدی بوخچەیەک یا شتێکی لەو بابەتە، دەیخاتە سەرشان و بە داردەستەکەی دەیگرێ و چاوەڕوانی کڕیار دەکات. کابرایەک لەو شەممەبازاڕەدا دانیشتبوو، یەک حەمکە لەتەلاستێکی تایە(پێچکە)ی ئۆتۆمبیلی لە دەور خۆی خڕ کردبووەوە. خەڵک دەهاتنە کنی و ئەو لەو لاستیکانەی لە شێوەی پێ بۆ دەبڕین و دوو سێ کۆنی تێ دەکردن و پەتێک یا هەر لاستیکێکی لەو کۆنانە هەڵدەکێشا و خەڵکەکەش، لەپێیان دەکرد و پارەیەکیان دەدایە و دەڕۆیشن. ئەو کەوشی دروستدەکرد، لەگەڵ هاوڕێ سەرداردا ناوی کارگەی کەوشدروستکردنمان لێنا. تەواوی ئەو شتانەی، فرۆشیارەکان دەیهێنن بۆ ئەو بازاڕە، بە کۆڵ، بە کەر یا لە باشترین حاڵدا بە توکتوک هێنرابوون. لەو بازاڕەدا یا لەو دەشت و جێگەدا، هەرگیز ئاودەستێکی لێ نییە، ئەوانەی دێنە ئەوێ بۆ خۆخاڵیکردنەوە، ڕوودەکەنە ئەو عەردی خودایە و لە پەناوپێچێکدا و جاری وایش هەیە هەروا بەبەرچاوی هەموو ئەو خەڵکەوە دادەنیشن و خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە. بۆ ژن بڕێک سەختترە، لێ ژنم بینی، لەسەر زەوی و لەسەر چیچکان دانیشتبوو و کراسەکەی کردبووە پەرژین و پەردە بۆ خوارەوەی لەشی و کاری خۆی دەکرد، ئەڵبەت دوای ئەوەی، کە هەڵدەستایە سەرپێ، مرۆڤ دەیزانی، ئەو خۆی بەتاڵ کردووەتەوە، لێ ئەو خۆی لە پاشەڕۆکەی گێل دەکرد و وەک ئەو نەبووبێ جێیدەهێشت[41]. بۆ نیرینە، کارەکەیان هاسانتر بوو و بێشەرمانەش ئەنجامیان دەدا. ئیدی خۆخاوێنکردنەوە و بەکارهێنانی ئاو لەگۆڕێدا نەبوو! موسوڵمانەکانیان، ئەوانەی پێڕۆی دێنەکە دەکەن، یا هەموو ڕۆژەکە خۆیان دەگرن و خۆیان بەتاڵ ناکەنەوە یا ئاو لەگەڵ خۆیاندا دێنن و خۆیانی پێ خاوێن دەکەنەوە. چیایەکی بڵند دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی لالیبێلاوە، پێی دەگوترێ ئاشتین(Ashten). گەلێک بەرزە. کلێسە و زیارەتگەیەکی بە سەرەوەیە و لەو بانەوە دەتوانرێ هەموو لالیبێلا، بە شاخ و لاپاڵ و دۆڵ و ماڵ و کۆڵان و ڕێگەکانییەوە ببینرێت. تا نێوەی کەژەکە بە توکتوک دەڕۆیت و لەوێوە بۆ بان چیایەکە گەرەکە بە پێیان یا بە وڵاخ(هێستر و کەر) بڕۆیت. ئێمە تا نیوەی ڕێگە بە توکتوک ڕۆیشتین. هاوڕێکانم بە کەژەکەدا هەڵزنان و منیش ئیدی لەو نیوەی ڕێگەیە دانیشتم و نەچوومە سەر کێوەکە، لەگەڵ کوڕێکدا، کە تکتی چوونەسەرەوە و زیارەتکردنی ئەو مەزارگەیەی دەفرۆشت و لەگەڵ ڕانەر[42]ی توکتوکەدا، کەوتینە قسەوباس. تکتفرۆشەکە، ناوی ئەلیلگن (Alelgn) بوو. ئەو هەم خوێندکار بوو لە خوێندنگەیەکی گەشتیاری و هەم کارمەندیش بوو لە فەرمانگەیەکی گەشتیاری. تا ڕادەیەک بەو پارەیەی دەستی دەکەوت دەیتوانی خۆی بژیێنێت و درێژە بە خوێندنەکەی بدات. ئەلیلگن، دەیگوت، مرۆڤی بیانی ئەگەر ماوەی ساڵێک لە ئیسیووپیا بمێنێتەوە و خۆی بە کارێکەوە خەریک بکات، خەڵکی گوند یا گەڕەک دەتوانن گەواهی بۆ بدەن، کە مرۆڤێکی باشە و چ کێشەیەکی نییە و خۆی دەژێنێت و بەڵگەی بۆ بکەن و بۆی واژۆ بکەن و بیدەنە دەسەڵاتی دەڤەرەکە، ئەودەمی ئیدی، مافی مانەوەی ئیسیووپیای پێ دەدەن و دەتوانێت ببێتە خەڵکی ئەو وەڵاتە. خۆ ئەگەر پارەیەکی هەبێت یا پرۆژەیەکی هەبێت، ئەوا کارەکەی ئاسانتر دەبێت. ئەو باسی کابرایەکی ئەڵمانی بۆ کردم، کە وەک کاری خێرخوازیی، شانەی خۆر، بۆ چێکردنی وزەی ئەلەکتریک، دەهێنێت بۆ ئاواییەکی ئەو دەوروبەرە و بەۆ هۆیەوە خەڵک خۆشیان گەرەکە و ئیدی داوایان لە دەسەڵاتی دەڤەر کردووە، ئەو پیاوە وەک هاووڵاتی ئیسیووپیایی قەبووڵ بکرێت و دەسەڵاتیش قەبووڵی کردووە. دوا شەومان لە لالیبێلا، لەگەڵ دوو کەسدا، یەکێکیان لەوانە بوو هوتێلەکەیان بەڕێوە دەبرد و ئەوی دیکەشیان هاوڕێی ئەو بوو، لەسەربانی هوتێلەکە، ڕاوەستابووین و قسەمان دەکرد. پرسیاری گەشتەکەمانیان دەکرد و چۆن گوزەراوە و ئیسیووپیا و لالیبێلا چۆن دەبینین و لەوانەشەوە هاتینە سەرباسی خۆرهەڵاتی ناوین و عیراق و کوردستان و سیاسەتی ڕۆژاوا و دەیان باسی تر. لەبارەی کوردستانەوە زانیارییەکی یەکجار کەمیان هەبوو، بەڵام ئاگاداری عیراق و ڕێژیمی سەددام حوسەین و سیاسەتی ڕۆژاوا بوون لەو ناوچەیەدا. بە گشتی سەددام حوسەینیان وەک قارەمان و کەسێکی دژەئەمەریکا و ڕۆژاوا دەهاتە بەرچاو. من دەمزانی و دەزانم، لەنێو هەموو نەتەوە و گرۆ و ڕەگەزێکدا، بیری ڕەگەزپەرستی و ڕقبوونەوە لە ئەوی دی هەیە. دەشزانم سپیپێستانی ڕۆژاوایی زۆرێکیان تێدایە، خۆشیان لە ڕەشپێست و موسوڵمان و عەرەب و بەشێک لە بیانییان نایەت. ئەوەش دەزانم کەسێکی وەک مالکۆڵم ئێکس(Malcolm X)[43]، لە قۆناخێکی ژیانیدا، ڕقی لە سپیپێستان دەبووەوە و ئەوانی بە سەرچاوەی هەموو بەڵا و نەهامەتی و ماڵوێرانییەک دەزانی. من لەو باوەڕەدا نەبووم، ڕەشپێستێک، ڕاشکاوانە و ڕوون و ئاشکرا بێژێت:من ڕقم لە سپیپێستانە، ئەو ڕستەیەم، ئەو شەوە، لە یەکێک لەو دوو پیاوەی قسەمان لەگەڵ دەکردن، ژنەفت و سپیپێستانی وەک سەرچاوەی هەموو نەگبەتییەک تەماشا دەکرد. ئەو پێیوابوو ڕێژیمی هایلا سیلاسی ڕێژیمێکی باش بوو، ڕێژیمی کۆمۆنیستەکان دوای ئەو باشتر بوو، لێ ئەم ڕێژیمەی ئێستای ئیسیووپیا خراپە و بە قازانجی خەڵک و وەڵات نییە. ئێوارەی پێش ئەو ڕۆژەی لالیبێلا جیبهێڵین و بەرەو بەهردار وەڕێکەوین، سیراج پێی وتم، گەرەکە بەیانی زوو لە گەراژ ئامادەبین بۆ ئەوەی بتوانین فریای ئۆتۆبووسەکان بکەوین، دەنا ئیدی دەبێ بمێنینەوە بۆ ڕۆژی دواتر. سبەینێ زوو لەتەک هاوڕێ سەرداردا، لە خەو ڕابووین و بە توکتوکێک سەعات پێنجونیو خۆمان گەیاندە گەراژ. کە دیتم لەوێ سیراج چاوەڕوان بوو، بۆ ئەوەی هەم کۆمەکمان پێبکات و هەم دوعاخوازیمان لێ بکات. ئیدی خوداحافیزیم لێکرد و کۆڵێک دڵگران بووم بەوەی جێمهێشت و سواری یەکێک لەو ئۆتۆبووسە زل و شەقوشڕ و کۆنانە بووین و خۆمان دایە دەست قەدەرەوە و لالیبێلامان[44] جێهێشت و بەرەو شاری بەهردار وەڕێکەوتین.
بەرەو بەهردار:
تۆ وەک گەشتیار ئەگەر هەموو ڕێگەکانی نێو وڵاتێکی بۆی دەچیت و دەتەوێ بیبینیت و لێی تێبگەیت، بە فڕۆکە بیبڕیت، گەلێک شتت لەدەست دەردەچن. خەڵکەکانی خوارێی پلیکانێی جڤاک نابینیت و نازانیت چۆن دەژین، چوون ئەوان فڕۆکە، تەنێ لە وێنەی سەر کاغەز و تەلەڤزیۆن و بە ئاسمانەوە دەبینن[45] ! هێندە قسەوباس و دەمەتەقە و تێکەڵاوی خەڵک نابیت و لە وردەکاری ژیانیان تێناگەیت! خاک و دەرودەشت و سروشت و ژینگە نابینیت و چێژ لەوانە وەرناگریت! هەڵبژاردنی ماشێن لەلایەن ئێمەوە بۆ ئەو ڕێگەیە، پتر لەبەر ئەو هۆیانە بوو. ئۆتۆبووسەکە گەورە بوو و جێی 50 – 40 کەسێکی تێدا دەبووەوە. سێ چوار جێگەیەک نەبێ، دەنا ئیدی هەمووی پڕ بووبوونەوە. ئەوە هیچ کە ڕێگەی نێو لالیبێلا خاکی بوو، ڕێگەکەی لە لالیبێلایش دەردەچوو، هەر خاکی و خۆڵاوی و سەخت و گەلێ ناخۆش بوو. بە گشتی وشکایی و ڕەقەن بوو و کەمتر سەوزایی و کشتوکاڵ و دار دەبینران. هەر کە سواربووین، ئیدی بۆنی پیس و ناخۆش، بڵاوبوویەوە و مرۆڤی ڕانەهاتوو، هەناسەی سوار دەبوو. دیسان ئەوە نیشانەی پۆخڵی و خۆنەشۆردن و پیسی بوو. خەڵکی نێرینەی لادێی ئیسیووپیایی بەگشتی، هەمیشە داردەستێک، تێڵایەک، گاڕانێکیان بەسەر شانەوەیە یا بە دەستەوەیە. بڕێک لە خەڵکی شارەکانیش ئەو خووەیان هەیە. ئەو داردەستە، هەر لە کۆنەوە وەک نەریت، بۆ خۆپاراستنە لە ئاژەڵی دڕندە و بۆ داکۆکیکردنە لە خۆ بەرانبەر مرۆڤی شەڕەنگێز و شەڕفرۆش و بۆ هەڵگرتنی توورەکەیەکە، شتێکی تێدا بێت، بەو سەری دارەکەوە، کە لە سەر شانە و بۆ بەکارهێنانیەتی وەک گۆچان لە هەوراز و نشێودا و بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییە لەکاتی ڕۆیشتندا. ئەو داربەدەست و تێڵاهەڵگرانە، لە هەموو گوند و شار و دەشتایی و دۆڵ و کەژ و عەردێکی ئیسووپیا دەبینرین، تەنانەت لەنێو باژێڕە گەورەکانی وەک ئەدیس ئەبابا و بەهرداریش، سەدان لەوانە دەبینرێن، تاک تاک و چەند دانە پێکەوە، سەربازئاسا، ملدەنێن و دەڕۆن. ئەوانە بێجگە لەو تێڵایە، پۆشاکێکی یەکجار ساکاریان لەبەردایە، کە تەنیا پارچەیەکی جاجم ئاسا، خاولی ئاسا یا هەر پەڕۆیەکە و لە نێوقەد و کەمەر و گەڵوگونیان پێچاوە و ئیدی لاقیان ڕووتە و پڕانیشیان بە پێخاوسی دەسووڕێنەوە. تەواوی نەفەرەکانی نێو ئۆتووبووسەکە لەوانە بوون. هەموو وێکڕا و بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد. کەس ڕێگەی بەوی دی نەدەدا و هەرکەسەو بۆخۆی قسەی دەکرد. دانەیەک لەگەڵ یەکێکی دیکەدا، کە سێ کورسی لە پێشییەوە بوو و دانەیەک لەگەڵ یەکێکی دیکەدا، کە لە دەستی چەپی ماشێنەکەوە دانیشتبوو و پێنج کورسیان نێوان بوو، قسەیان دەکرد و لەیەکدیش دەگەیشتن. کابرایەک لە دەستی ڕاستی منەوە لەو بەرەوە دانیشتبوو و شتێکی عەنتیکەی لوولکراوی لەبەینی خۆی و مندا لەسەر عەردی ماشێنەکە دانابوو و منیش گەلێک پێم سەیر بوو و نەمدەزانی چییە. ڕووم لە کابرا کرد و ئاماژەم بۆ شتەکە کرد و هەر بە کوردی گوتم ئەمە چییە و لە هەمان کاتیشدا دەستم بۆ شتەکە برد، کە دەستم دایە، دیتم پێستە، پێستی ئاژەڵ، پێستی گوێرەکە، ئەویش پێکەنی و بە ئاماژە تێیگەیاندم، کە بۆ خەوتن، بەخوێدا دەدا، وەک پەتوو و لێفە و جاجم و ئەو شتانە. ماشێنەکە هەر بەینێ جارێ و تا ڕادەیەک زووزوو ڕادەوەستا. خەڵک دادەبەزین و خەڵکی نوێ سوار دەبوون. کە یەکێکی نوێ سوار دەبوو، چاوی گڕ دەدا بۆ جێگەیەکی بەتاڵ، کە جێی بەتاڵی دەستنەکەوتبا، لە جێیەک دادەنیشت و خۆی دەدا بەسەر کەسێکی دیکەدا و تەنگی پێهەڵدچنی تا جێی خۆی دەکردەوە و ئەو کارەشی بێ قسە و ڕاوێژ و پرس بەوانەی دانیشتوون، دەکرد، ئیدی پاڵیان بەیەکترەوە دەنا و چوار کەس لە جێگەی سێ کەس و سێ کەس لە جێگەی دوو کەسان، دادەنیشتن. ئەو ئۆتۆبووسەی ئێمە لە لالیبێلاوە تا جێگەیەک دەچوو، کەگاشەنەی پێ دەگوترا و ڕێگەکە ماوەی چوار سەعاتێکی خایاند. لە گاشەنەیش دەبوو دابەزین و ماشێن بگۆڕین و بە دانەیەکی دیکە بڕۆین بۆ بەهردار. گاشەنە، نیوەی ڕێگەی لالیبێلا – بەهردار بوو. لە گاشەنە نزیکەی دوو سەعاتێک ڕاوەستاین تا ماشێنمان بۆ بوو بۆ بەهردار. ئەوجا لەوێشەوە بۆ بەهردار ماشێنێکی دیکەمان گرت و بە سێ سەعاتێک گەیشتینە بەهردار. لەو ڕێگەیەی نێوان لالیبێلا و گاشەنە و گاشەنە و بەهرداریشدا، کە بەسەریەکەوە پتر لە حەوت سەعات دەبوو، هەر بەینێ جارێک لەپڕ زەلامێک بە خاچێکی هێندەی باڵای خۆی بەدەستەوە، ڕاوەستابوو و ئۆتۆبووسەکەش، کە دەگەیشتە ئەو ڕادەوەستا. دەرگای ماشێن دەکرایەوە و کابرای خاچبەدەست خۆی دەکرد بە ژووردا و یەکدوو قسەی دەکرد و ئیدی سەرنشینانی نێو ئۆتۆبووسەکە، هەریەکەو لە جێی خۆی قیت دەبووە و دەستیان دەگەیاندە خاچەکە و ماچیان دەکرد و دەستی کابرایان ماچ دەکرد و لە باخەڵی خۆیشیان بڕێک پارەیان دەردەهێنا و دەیانخستە توورەکەیەکەوە، کە کابرای خاچهەڵگر، لە ملی کردبوو. ئەم دیاردەیە نەک جارێک بەڵکە دەیان جار لەو ماوەیەدا ڕوویدا. لە سواربوون و دابەزینی نەفەراندا و لە ئۆتۆبووسی دووەمدا، لە گاشەنەوە، کچێک سەرکەوت و هاتە لای چەپی منەوە، لای پەنجەرەوە دانیشت. ئەو کچە تا ئەو جێگەیەی دابەزی، هەموو ڕاوەستانی ماشێنەکە بۆ کابرایەکی خاچهەڵگر، خاچەکەی ڕادەمووسی و پارەیەکی دەخستە توورەکەی کابراوە. لە کچەم پرسی: بۆ ئەو پارەیە دەدەیت بەوانە، گوتی: ئەوانە قەشەن و کڵێسە دروستدەکەن و ئاوەدانیان دەکەنەوە و کۆمەکێکە بۆ ئەو کارەیان و خێرە. گوتم: کێ دەڵێ ئەوانە ئەو پارەیە بۆ خۆیان نابەن، کێ دەزانێ چی لێ دەکەن، کێ دەزانێ چەند خڕدەکەنەوە، کێ ئەو پارانەی وەریدەگرن دەژمێرێ بزانێ ڕاستە یا درۆ، کێ دەڵێ ئەوانە ساختەکار و درۆزن نین! ئەو دەیگوت، نەخێر وا نییە و من وا بیر ناکەمەوە. لە کار و ژیانیم پرسی، گوتی، کە بەیتاڵ(ڤیترینێر)ە و لە گاشەنە کار دەکات و دەچێتەوە بۆ ماڵی خۆیان. کە لە گوندێکی سەر ئەو ڕێگەیە بوو. لە پێشی ئێمەوە لەنێو ماشێنەکەدا، کابرایەک بە جلە جاجم ئاساکەیەوە، کە نیوەی لەشی داپۆشیبوو و بە داردەستەکەیەوە، مۆبایلێکی بەدەستەوە بوو، هەر جار نا جارێک، زەنگێکی بۆ لێدەدرا، ئەویش کە وەڵامی دەدایەوە، پشتی مۆبایلەکەی نەک ئەولایەی ژمارەکانی لەسەرە، دەخستە سەر گوێێ و قسەی دەکرد، ئیدی ناچار بوو، بقیڕێنێت و دەنگی ئەوەیشی زەنگی بۆ لێدەدا، دەگەیشتە ئێمەش. سەیرەکە لەوەدا بوو، کە نەک یەک جار، بەڵکە هەموو جارێک زەنگی بۆ لێدەدرا، هەر بەو جۆرە وەڵامی دەدایەوە. بۆ هاوڕێ سەردار و من خوا دابووی، بابەتێکی خۆش بوو بۆ پێکەنین. ئەو ڕێگە حەوت سەعاتییە، هەموو جۆرە خاک و هەوراز و دۆڵ و دەشتایی و ئاو و وشکایی پێشانداین. بەرد و ڕەقەنێکی زۆر و هەندێ جێگەش خاکێکی جوان و لەبار بۆ کشتوکاڵ، لێ کەمترین کێڵگە و خەلە و سەوزایی و کشتوکاڵ دەبینران. پچڕپچڕ و لەهەندێ زەوی بەمبەر و ئەوبەری ڕێگەکەدا، کێڵگەی بچووک بچووکی قامیشەشەکر، قات، تێف یا هەندەک دانەوێڵە و سەوزە دەبینران، بەڵام ئەوە بۆ ئەو زەوییە پانوپۆڕ و خۆڵەسوورە، هیچ نەبوو و من بۆ خۆم حەزم دەکرد، هەموو ئەو خاکە سەوزایی بووایە. نەبوونی سەوزایی و سوودوەرنەگرتن لەو سروشت و کەش و هەوا و ژینگە و خاک و ئاوە، من بۆخۆم بە تەنبەڵی و تەوەزەلی وەرزێر و لادێی و دەشتەکیانم دەزانی. ئیدی پاش حەوت سەعاتێک لە لالیبێلاوە و پاش سێ سەعاتێک لە گاشەنەوە و پاش تێپەڕبوون بە سەر سەدان بڕکە ماڵ و تاکەماڵ و چاتۆڵ و گونددا، گەیشتینە باژێڕی بەهردار.
بەهردار(Bahir Dar):
بەهردار، باژێڕێکە لە دەڤەری ئەمهارا لە باکووری ئیسیووپیا و پێتەختی ئەو دەڤەرەیە. باژێڕەکە، دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی زەریاچەی تانا (Tana) و نیلی شین(Blue Nile)یش دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە. سەرچاوەی نیلی شین، لە ئیسیووپیا و لە بەهردار و زەریاچەی تاناوە دەست پێ دەکات و دواتر لەتەک نیلی سپیدا تێکەڵ دەبێت و بە هەردوویانەوە ڕووباری نیل پێکدەهێنن، کە بەنێو خەرتووم و سووداندا دەڕوات و دەگاتە مسر و زەریای سپیی ناوەڕاست. بەهۆی زەریاچەی تانا و نیلی شین و تاڤگەی سەر نیلی شین، کە بەزمانی ئەمهاریک، تیس ئیسسات(Tis Issat) یا (Tis Abay)ی پێ دەگوتری و سروشت و دار و درەختی شارەکەوە، بووە بە زیارەتگەی گەشتیاران. بەهردار، 578 کم لە سەرووی ئەدیس ئەباباوەیە و بەرزایی شارەکەش لە ئاستی زەریاوە 1800میترە. دانیشتووانی شارەکە نزیکەی 600000 مرۆڤ دەبن. نزیکەی %97 ی دانیشتووانی شارەکە زمانی ئەمهەریک، زمانی زگماکیانە و %90 یشیان مەسیحی ئۆرتۆدۆکسن و %9یان موسوڵمانن و ئەو %1کەیشی پرۆتستانتن. زانستگەی بەهردار، یەکێکە لە زانستگە گەورەکانی ئیسیووپیا، کە ژمارەیەکی زۆری خوێندکار تێیدا دەخوێنن. بەهردار وەک گەلێ شاری تری ئیسیووپیا، فڕۆکەخانەی لێیە. هاتوچۆی نێو شار و بۆ دەوروبەری شار، بە تاکسی و مینیبووس و توکتوک و ئەو جۆرە شتانە دەکرێ. بۆ ئەوەی چێژ لە جوانی شارەکە و دیمەنەکانی ببینیت، گەشتێکی نێو زەریاچەی تانا، خۆشترین کارێکە، دەبێ بیکەیت. ئەو گەشتە، بە گەمی دەکرێ و ئێمە بەلەمێکمان گرت، کە ماشینی بوو و بە بەنزین و مۆتۆر، کاری دەکرد، جلی خۆڕزگارکردن لە خنکانی نێو ئاومان لەبەر کرد و سواری بەلەمەکە بووین. کابرای خاوەنی بەلەمەکە، کە دەیئاژۆ، باسی ئەو دیمەن و جێگە و شوێنانەیشی بۆ دەکردین، کە دەماندیتن و پێیاندا تێدەپەڕین. دەیان دوڕگەی گچکە و گەورە لەنێو ئەو زەریاچەیەدا دەبینران. دوڕگەکان سەرسەوز و بەرد و ڕەقەن بوون و پڕیش بوون لە قامیشەڵان، تاکە دوڕگەیەکیش نەبوو، کڵێسەی تێدا نەبێت. کەنار زەریاچەکە و کەنار ئەو دوڕگانە، بەردی ڕەشی گڕکانی بوون، کە نیشانەی ئەوە بوون، لەو جێگەیەدا و زەمانێکی بەسەرچوو، گڕکان ڕوویداوە. لە چەندین جێگە لەنێو ئەو زەریاچەیەدا و لە سەر دوڕگە هەرەگچکەکان و لەنێو قامیشەڵان و بەردەڵاندا، گەلە سەقاقوش (پەلیکان Pelican)[46]ی جوان و لەبەردڵان بە دەنووکە پان و درێژەکانیانەوە دەبینران. دوای نزیکەی زیاتر لە سەعاتێک گەڕان بەنێو تانادا، لە کەنارێک، کە خەڵکێکی زۆر خڕبووبوونەوە، ئێمەش ڕاوەستاین و لە بەلەمەکە هاتینە خوارێ و ڕوومانکردە نێو ئەو عەشاماتە. خەڵکێکی زۆر لەو جێگەیەدا گردبووبوونەوە و سەریان کردبوو بەیەکدا و ماسییان دەکڕی و دەفرۆشت. ئەوە جێگەی ماسیگرتن و فرۆشتن و کڕین بوو، چونکە تازە و هەرزان بوو و بە بەرچاوتەوە دەیانگرتن و پاکیان دەکردن و بۆ خۆت هەڵتدەبژارد. هەبوو یەک کیلۆ یا چەند کیلۆیەکی دەکڕی و هەشبوو چەندین کیلۆ و باری دەکڕی. من بۆخۆم هیچ جۆرە مەیلێکم بۆ ئەو باسە نەبوو، چونکە نە فرۆشیار و نە ماسیخۆر و کڕیاریش بووم، لێ هاوڕێکانم، هەردوویان بوون. یەک کیلۆ ماسی پاککراو لەو جێگەیەدا بە 24 بڕڕی ئیسیووپی بوو، کە دەیکردە 12 کرۆنی سوێدی و 1,2 دۆلاری ئەمەریکی. لەو قەراخ ئاوە، هەشت نۆ دانە ژن، کە لە ئەژنۆ بە خوارەوەیان لەنێو ئاوەکەدا بوو، بە جلی شڕ و بە چیچکانەوە دانیشتبوون و پەیتاپەیتا و بێ ڕاوەستان، مەکینەئاسا ماسییان پاک دەکرد، پوولەکەکانیان لادەبرد، زگیانیان دەدڕی و خاوێنیان دەکردنەوە و دەیانکردنە نێو پەقرەج و دەفر و دەیاندانە دەست ئەو زەلامانەی لەو کەنارە ڕاوەستابوون. ئەو ژنانە، ئەو کارەیان بۆ ئەو ماسیگر و ماسیفرۆشانە دەکرد. ژنەکان کارگەر بوون و بە پارەیەکی کەم ئەو کارەیان دەکرد و هەموو ڕۆژەکە ئەوەی دەستیاندەکەوت نەدەگەیشتە 1,5دۆلار. تەنیا ژنیش ئەو کارەیان دەکرد و پێدەچوو، پیاوان ئەو کارە نەکەن. هاوڕێکانم ماسییان کڕی و سواری بەلەم بووینەوە و وردەوردە بەرەو کەنارەکەی لێوەی سواربووبووین، ڕۆیشتین و لەوێ لەنگەرمان گرت و دابەزین. ئیدی باسی برسییەتی و خواردن هاتە گۆڕێ و لە چێشتخانەیەکی گەورە، کە باخچەیەکی گەورە و پانوپۆڕی هەبوو، دابەزین و داوای خواردنمان کرد. هاوڕێکانم، ماسی برژاو و شتی دیکەش، منیش هەندەک سەوزە و ماکەرۆنی و نان و ئەو جۆرە شتانە. کەناری ئەو زەریاچەیە سەدان چێشتخانە و مەیخانەی لێیە و چەندین هوتێلی بڵند و مەزن و گرانبەهای لێیە، کە خەڵکی ئەوروپایی و عەرەبستانی سعوودییە و دەوڵەمەندانی ئیسیووپیایی بۆ خۆیان دروستیان کردووە. شارەکە گەشتیارییە و ئەو جۆرە پرۆژانەیش، پارەی باش و خێرا، دەدەنە خاوەنەکانیان. بە زۆری ئەوانەی ڕوودەکەنە ئەو چێشتخانە و هۆتێلانە، گەشتیاری ئەوروپایی و ئەمەریکایی و ئەوانەن. لەو جێگە و شوێنانەدا مامەڵەی بیانیان، ئەوروپاییان، بە تایبەت ڕەگەزی سپی و خزمەتکردنیان بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی تردا، گەلێک دیارە و گرنگییەکی تایبەتیان پێ دەدرێن، بەوەی خێراتر بە دەمیانەوە دەچن و پتر ڕێزیان دەگرن. ڕۆژێکی بڕیاری چوونە سەر تاڤگەکانی سەر نیلی شینمان دا و دەبوو بە مینیبووس بڕۆێن. دوای ڕێککەوتن لەگەڵ شۆفێرێکدا پێکهاتین و وەڕێکەوتین. لەو وەڵاتە هەرچی پێکهاتن و کڕین و فرۆشتنە، بە مامەڵەیە و هەرچۆنێکیش بیژمێری و لێکدانەوەی بۆ بکەیت، هەر تۆی کڕیار و نەفەر، زیانمەند و دۆڕاویت. فرۆشیار و خاوەن هوتێل و خاوەن چێشتخانە و شۆفێری تاکسی و مینیبووس و هەر یەکێ لەوانە بگرێ، ئەو نرخەی بە تۆی دەڵێ گەلێ زۆرترە لە نرخە ڕاستییەکەی خۆی و هەندێ جار، چوار پێنج ئەوەندە دەبێت و بە ئاشکراش جیاوازیی لەنێوان تۆی بیانی و ئەوانەی هاووڵاتیی خۆیاندا دەکەن، بۆ تۆ هەوڵدەدات، زۆرترین پارەت لێ ببچڕێ و بۆ هاووەڵات و هاوزمانەکەی خۆی، پێنجیەکی ئەوەی تۆی لێ ناسێنێت. ئەو ڕیگەیەی بەرەو ئەو تاڤگەیە دەچوو، لە هوتێلەکەمانەوە گەلێک دوور نەبوو و هەر لە ناو شارەوە دەچیتە سەر ئەو ڕێگەیە و هەر یەکسەر لەوێشەوە، ڕێگەکە خاکییە، خۆڵاوییە، پڕە لە چاڵ و قۆرت و بەردی زل. پیرەماشێن هێندەت ڕادەوەشێنێت و هەڵتدەبەزێنێت، ئەگەر لەتە گۆلکێکیشت خواردبێ، هرسی دەکەیت. ڕێگەکە دەوروبەری سەعاتێک یا بڕێک زیاتر دەبێت. لەوبەر و ئەمبەری ئەو ڕێگەیە، سەدان ئاوەدانی گچکەگچکە و ماڵی تەنیاتەنیا و زنج و کوڵبەت بەرچاو دەکەون. سەدان زەلامی تێڵا لە شان، پێخاوس، نیوەڕووت دەبینیت بەو قەراخ ڕێگەیەدا دەڕۆن. سەوزایی و کشتوکاڵی کەم دەبینیت. بزن و مەڕ و کەروبار و چێڵ و گۆلک و مامرت بەرچاو دەکەون. تایبەتمەندییەکی ئەو لادێیانەی ئەو وەڵاتە هەیانە، لادێیەکی گرد و گەورە و هەموو ماڵان نزیکی یەکدی، کە خوێندنگە و نەخۆشخانە و فرۆشگە و هەندێک خزمەتگوزاریی بۆ هەمووان تێدا بێت، زۆر بەدەگمەن نەبێت، دەنا نابینییەوە. تەنیا ماڵ، بەمبەر و بەوبەری جادەدا، وەک عەرەبانەی قەتار، یەک لە دوای یەک، ڕیزیان بەستووە. هەژاری لە هەموویان دەبارێ و سادەترین ئامرازی ژیان، پۆشاک، خانوو، ئاو و ئاوەڕۆ، خاوێنی، خۆراک، ناوماڵە لەنێو ئەو خەڵک و ماڵانەدا نابینرێن. هێندە منداڵە دەرۆزەکەرت تووش دەبن و داوای پارەت لێ دەکەن، وەڕست دەکەن. پاشان گەیشتینە جێگەیەک، پەرژینێک، کە دەرگەیەکی ئاسنینی لێبوو، ئەوە پرسگەیەکە و لەوێوە دەچییە ژوورێ بۆ دەڤەری تاڤگەکە. ئیدی هاتینە خوارێ و لەوێش کابرایەک، کە لەو سەرجادە و وەک نوێنەری حوکوومەت ڕاوەستاوە، سەرت دەقەبڵێنێ و پارەیەکت لێ دەستێنێ.، کە تۆی بیانی دە هێندەی هاووەڵاتی ئیسیووپیایی دەبێ بدەیت. ئەو چەند هێندەیە بۆ بیانی و پارەی کەم بۆ خۆیان، لە تەواوی مۆزە و کڵێسە و کۆشک و هەرچی شوێنی گەشتیارییە بەو جۆرەیە و بە ڕەسمی بڕاوەتەوە. ئێمە پارەی خۆمان دا، بە پێیان وەژوورکەوتین، چونکە ئیدی لەوێوە ماشێن ناڕوات و پیادە ڕێیە. هەر لەوێشەوە کەسێکت لێ پەیدا دەبێت، کە دەلیل و چاوساغتە و پێشت دەکەوێت و باسی هەموو شتێکت بۆ دەکات. لە بەرد و دار و مرۆڤ و درەخت و مەل و سروشتەوە تا ناو و مێژووی ئەو پرد و بەرد و کێو و شتانەی تووشت دەبن. دیارە وەک گرۆ و دەستەیەک دەتبەن، واتە: چەند کەسێک خڕدەکەنەوە و کەسێک دەبێتە چاوساغیان. ئەوەی چاوساغی ئێمە بوو، کوڕێکی گەنجی تەمەن لە بیست ساڵ کەمتر بوو، لێ لەبلەبان و قسەزان و وریا. بێجگە لە سروشت و پرد و هەوراز و نشێو و لاپاڵ و گاشەبەرد و تاوێر و دۆڵی قووڵ و توولەڕێی باریک، ئەوەی لە هەموو شت زیاتر لەو ڕێگەی ڕۆیشتنەماندا، دەبینرا و هەستی پێ دەکرا، ڕووت و برسی و شڕۆڵ و مرۆڤی بێچارە، منداڵی شتفرۆش، شتی دەسکردی خۆیان، گوڵی لە پەڕۆ دروستکراو، کڵاو، دارسیگار، موروو و زەنگیانە و وردەواڵە. ژنێک لەسەر ڕێگەکە دانیشتبوو نانی(ئینجێرا)ی بەبەرچاوتەوە دروست دەکرد، مێردەکەشی لەسەر بەردێک، پاڵی دابوو بە تاوێرێکەوە لەولای ژنەکەیەوە، بەخۆ و داردەستەکەیەوە دانیشتبوو و بێ ئەوەی هیچ بکات، بێ ئەوەی جووڵە بکات، بێ ئەوەی دەنگی لێوە بێت، چاوی بڕیبووە ئەو ئاسمانە و هیچی دی. لەو وەڵاتە ژنان گەلێک لە پیاوان شەکەتتر و کاراترن، ئەوان پتر کار دەکەن و پیاوان پتر دادەنیشن و تەنبەڵانە دەیگوزەرێنن. ئەو ژنە، تەنێ وەک پێشاندانێک ئەو نانەی دەکرد، بۆ ئەوەی گەشتیارەکان پارەیەکی بدەنێ. دوای پتر لە سەعاتێک ڕۆیشتن و بڕینی ڕێگەی سەخت و پەڕینەوەی پرد و بەرەوژوورکە و بەرەوخوارکە، گەیشتینە کن تاڤگەکان، کە لە تاڤگەییدا نەماون و وەک بێچوەتاڤگەیەکێ لێهاتووە و هاتووەتە بیستیەکی جاران و کەمتر، ئەویش بەهۆی پرۆژەی بەنداویڕابوونەوە. ئەو تاڤگەیانەی، سەر زەریاچەی تانا، کە جاران زۆر و بەرفراوانتر بوونە، پێیان دەگوترێ(Tis Abay)و وشەی ئابەی، بە زمانی ئەمهەریک، بە واتەی: نیلی شین دێت. پاش ماوەیەک مانەوە لەوێ، کەوتینەوە ڕێ بەرەو کن ماشێنەکەی هێنابووینی بۆ دەروازەی دەڤەری تاڤگەکە، لێ دەبوو پێش گەیشتنمان بە ماشێنەکە لە ڕووبارێکی گچکە، کە دەڕژایە ئەو تاڤگەیەوە، بپەڕینەوە و بۆ ئەوەش سواری بەلەمێک بووین و پەڕینەوە. کوڕە چاوساغ و دەلیلەکەمان، کە قسەمان زۆر لەگەڵ یەکدیدا دەکرد و شارەزا بوو، لە وەڵامی پرسیارێکمدا لەمەڕ دەسەڵاتەوە لە ئیسیووپیا، کە ئەو بۆ خۆی لەگەڵی نەبوو و مەیلی بەلای بیری سۆسیالیستی و دەسەڵاتی پێشتری ئیسیووپیادا هەبوو، کە حیزبێکی کۆمۆنیست فەرمانڕەوا بووبوو، هێندە ورد و ژیرانە گوتی:دەسەڵات لە ئیسیووپیا، بێگومان سەربە ئەمەریکایە، ئەمڕۆ چ وەڵاتێک یا دەسەڵاتێک لە جیهاندا دەتوانێت هەبێت و درێژە بە بوونی خۆی بدات، ئەگەر سەر بە ئەمەریکا نەبێت؟. لەکن ماشینەکە، دوعاخوازیمان لە چاوساغەکەمان کرد و وەڕێکەوتینەوە بە ڕێگە خاکییەکەدا بەرەو بەهردار، لێ ئەمجارەیان دنیا تاریکی کردبوو، ئێمە بە ڕۆژ هاتین بەرەو تاڤگەکە و کە تاریک داهات گەڕاینەوە. ئەو تاکەماڵ و ئاوەدانییانەی بەرۆژ لەمبەر و ئەوبەری ڕێگەکە دەبینران و بەلایاندا تێپەڕین، لە سەدان ماڵدا دانەیەکیان ڕووناکییەکی تێدا نەدەبینران. نە چرایەک، نە مۆمێک، نە قەنیلەیەک، نە ڕۆشناییەک. تەنانەت چرای کارەبای سەر ڕێگەش، کە نزیکی بەهرداریش بووینەوە، نەبوون. ئێوارەیەکی درەنگ، شەکەت و بێهێز و وێران، گەیشتینەوە بەهردار. لەو هوتێلەی لە بەهردار لێیبووین، کابرایەکی ئیسیووپیایی تەمەن نزیکەی چل ساڵی لێبوو، کە پێشتریش لە ئەدیس ئەبابا و لە هوتێلەکەی ئێمەدا بوو. چەند دانە کەزێی درێژی هەبوو و بڕێک بەخۆیەوە بوو. ژنێکی سپیپیستی، تەمەن سەرووی شیستوپێنج ساڵی، لە هەردوو هوتێلەکە لەگەڵدا بوو، هاوڕێ بوون و پێکەوە دەگەڕان. ئیدی بۆ ئێمە وەک ناسیاویان لێهاتبوو و قسە کەوتبووە نێوانمانەوە. کابرا دەیگوت: ئەم ژنە خەڵکی ئەمەریکایە و شووی بە من کردووە و ئەم ماوەیەی لێرەیە من بۆ هەموو شوێنێک و هەموو شتێک لەگەڵیدا دەبم و دواتر کە ڕۆیشتەوە هەوڵم بۆ دەدات بۆ ئەوەی من ببات بۆ ئەمەریکا، ئیدی بۆ خۆم دەچم بۆ ئەمەریکا. لەو جۆرە دیاردەیە، لە وڵاتانی ئەفریقادا گەلێک زۆرە. ژنانی سپیپێستی ئەمەریکایی، ئەوروپایی و ئەوسترالیایی و...بە تەمەن و بێ پیاو و تەنیا و خەمۆک و خودان پارە، بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان، ڕوودەکەنە وڵاتانی هەژاری وەک ئیسیووپیا و لەوێ زەبەلاحێکی گەنجی ئەسمەری پڕڕەنگ و ڕەشتاڵەی پڕهێز و وزە و گەرم و سادە و سافیلکە و قسەخۆش و ئەهلی گاڵتەوگەپ و شۆخی و ڕابواردن، پەیدا دەکەن و هەموو مەسرەف و خەرجییەکی تا بۆ خۆیان لە ئیسیووپیان، دابین دەکەن و ئەو گەنجەش بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک، سوود لە پارەوپووڵ و گەشت و خۆراکی خۆش و بەدمەستی و هوتێل و سواریی فڕۆکە و لە پاڵیشیدا سێکسکردن لەگەڵ سپیپێستێکدا، هەرچەندە پیریش بێت و سەرباری هەموو ئەوانەش، بەڵێنی کۆچکردنی بۆ ئەمریکا، کەنەدا، ئەوروپا، ئەوسترالیا و...، هەموو ئەوانە بۆ وی، وەک ژیانی ئەکتەر و نێو فیلمانی دێنە بەرچاو و خەونێکە ئارەزوو دەکات درێژە بکێشێت و نەبڕێتەوە. هەر لە هۆتێلە، پێچەوانەیەکی ئەو پیاوە ئیسیووپیاییەی هاوڕێی ژنە ئەمەریکییەکە، گەنجێکی مسری بوو بە هاوڕێمان و چەند سبەینانێک نانی سبەینانمان پێکەوە دەخوارد. ئەو ناوی عەلی بوو و لە کۆمپانیایەکی تەلیفۆنی مسری وەک شارەزا و بەرپرسی فرۆشتن و بازاڕکردن کاری دەکرد. گەنجێکی بەدین و موسوڵمان و ئەهلی مزگەوت بوو و گەلێک قسەخۆش و ڕووخۆش و شارەزایش بوو و سەری لە سیاسەتیش دەردەچوو و ئاگای لەوەش هەبوو، کە لەجیهاندا چی ڕوو دەدات. لە بەهردار، مزگەوتێکی لێیە ناوی سەلامسلام یا سەلامەتسلامةە و بێجگە لەو مزگەوتە، بە قسەی ئەو کەسەی سەرپەرشتی مزگەوتەکەی دەکرد، 10 دانە مزگەوتی دیکەیشی لێیە. ئەو پیاوەی سەرپەرشتیاری مزگەوتی سەلام یا سەلامە، باسی تەبایی و پێکەوەژیانی مەسیحی و موسوڵمانانی ئیسیووپیای بۆ دەکردین و دەیگوت، خەڵک هیچ جۆرە کێشەیەکەی دینی لەگەڵ یەکدیدا نییە و ئازادانە پێڕۆی دینی خۆیان دەکەن. شەش حەوت پیاوی سوودانیمان لەو مزگەوتە بینین و لەگەڵیاندا کەوتینە قسەکردن. ئەوان باسی سوودانیان وەک وەڵاتێکی داخراو و دیکتاتۆر دەکرد و دنیایەک ڕقیان لە عومەر ئەلبەشیرعمرالبشیری سەرۆککۆمارەکەی خۆیان بوو. لە سوودانەوە هاتبوون بۆوەی بچن بۆ ئەدیس ئەبابا و لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل. وەک گۆڕینەوەی بیروڕا، لێم پرسین، مەگەر ئێوە عەرەب و موسوڵمان نین، چۆن دەچن بۆ ئیسرائیل؟ دەیانگوت:عەرەب و ئیسلام چ نان و دادێکیان داوین! سەرۆکەکانمان، سەرۆکەکانی وەڵاتانی عەرەب، هەموویان بۆخۆیان نۆکەر و پیاوی ئیسرائیل و ئەمەریکان، ئێمە و گەل و خاک و وەڵاتەکانی خۆیانیان فرۆشتووە بەوان، بۆ ئێمەی بچووک و بێدەسەڵات و هەژار و چەوساوە، بۆ حەرام بێت لێمان، بۆ کار و پەنابەری و ژیان، بچین بۆ ئیسرائیل و بۆچی بۆ ئەوان حەرام نەبێت!. ئەوان دەیانگوت، لە ئیسرائیل وەک پەنابەر وەردەگیرێن و کاریان پێ دەدەن و دواتر ئەمانیش خەڵکی دیکەی ماڵبات و کەسی خۆیان دەبەن بۆ ئیسرائیل. خەونی ژیانێکی ئاسوودە و باشتر و خۆشگوزەرانی، لەکن هەموو هەژار و چەوساوە و ستەمدیدەیەک، هەرچی چەمکی خاک و نەتەوە و وەڵات و نیشتمانە، ئەگەر بەتەواوی نەشسڕێتەوە، کاڵ و بێڕەنگ دەکاتەوە. هەر لەو کاتەی لەگەڵ سوودانییەکاندا قسەمان دەکرد و لەنێو ئەو خەڵکانەی لە مزگەوتەکەدا بوون، کوڕێکی گەنج توورەکەیەکی پڕ گیا و گەڵایەکی سەوزی پێ بوو و دەیفرۆشت، منیش دوای پرسیار تێگەیشتم ئەوە قات یا چاتە(Kat, Khat Qat Quatt, Chat, Jaad, Kat)ە[47]، وەک خۆیان دەڵێن. من هەرچەندە لە فیلم و دۆکیۆمێنتدا قاتم دیتووە و دەمزانی دەیجوون، لێ هەرگیز بەڕاستی قاتم نەدیبوو و نەشمدەزانی تامی چۆنە. ئەو کوڕە گەنجە چنگیکی دامی و گوتی تاقییکەوە و بە هەموویانەوە فێریان کردم، چۆنی بەکاربهێنم. منیش خستمە لایەکی دەمم و دەبوو وردەوردە بیمژی و ئاوەکەی قووتدەیت، بەڵام گەڵاکە نەکرۆژیت و نەخۆیت تا ئیدی ئاوەچۆڕ دەکات و تەنێ تڵپەکەی دەمێنێتەوە و ئەودەمی فڕێی دەدەیت و ئەو کارە دەوروبەری دوو سەعاتێکی پێدەچێت. بەرەبەرە ئەو قاتە، دەبێتە هۆی بڕێک گێژبوون و ئارامیی لەش، بۆ ئەوانەی ناشین و یەکەمجار بەکاری دەهێنن و بۆ ئەوانەیشی بەردەوام بەکاریدەهێنن، وەک ئەو خەڵکەی ئەوێ دەیانگوت، دەبێتە هێز و وزە. هەربۆیە بەشێکی زۆر لە خەڵکە کارگەرەکە و ئەوانەی لەشیان بەکاردەهێنن و کاری قورس و گران و سەخت دەکەن، بەردەوام پڕ دەمیان قاتە و هەرگیز لێیان نابڕێت. قات، لە هەموو جێگە و شوێن و شار و شارۆچکە و گوندێکی ئیسیووپیا دەفرۆشرێت. لە هەندێ جێگە، فرۆشگەی بچووک و تایبەت دەیفرۆشێت و لەهەندێ شوێنی دیکەش، لە فرۆشگەی میوە و سەوزەفرۆشیی و ئەوانەدا هەیە و لە هەندێ جێگەیش لە کەنار شەقامەکان هەرزەکار دانیشتوون و دەیفرۆشن. بۆ گۆڕینی بلیتی فڕۆکەی نێوان بەهردار و ئەدیس ئەبابا، دەبوو بچینە هێڵی هەوایی ئیسیووپیایی. لەوێش ڕێک وەک ڕیزگرتن بۆ وەدەستهێنانی سیمکارتی تەلیفۆن، کە لە ئەدیس ئەبابا کڕێمان، دەبوو لێرەش بۆ چوونە لای کارمەندەکانی هێڵەکە، ڕیز بگرین و لەسەر کورسییەکان دانیشین و ئیدی هەڵسان و دانیشتن و کورسیگۆڕین تا نۆرەمان هات. تەنیا جیاوازییەکی نێوان ئێرە و ئەوەی سیمکارتەکە، ئەوە بوو، لێرە کابرایەکی چاودێر و ڕێکخەر بۆ ڕیزگرتنەکە و کورسییەکان دانرابوو و ئەو ئاماژەی دەکرد بۆ ئەو کەسەی نۆرەیەتی[48]. ئێمە هەر کە لە ئەدیس ئەبابا بووین و دواتر هاتینە لالیبێلا و بەهردار، باس هەر باسی جەژنی تیمکەت(Timket) بوو و باسی ئەوەش دەکرا، کە ڕۆژانی 21 – 19ی جەنیوەری گەورەترین ئاهەنگ و فێستیڤاڵی ئایینی لە باژێڕی گۆندەر(Gonder) دەکرێ، بۆیە ئێمەش بە پێویستمان زانی، خۆمان بگەیەنینە گۆندەر و بەشداری ئەو کەیف و خۆشییە بکەین. ئیدی بڕیارمان دا بچین بۆ گۆندەر.
گۆندەر(Gonder):
لە بەهردارەوە بۆ گۆندەر، نزیکەی 3 سەعاتێکە بە مینیبووس. لەنێو ئەو جۆرە مینیبووس و ماشێنە گەلێر و گشتییانەدا، شتی و سەیروسەمەرە و خەڵکی خۆش و ڕووداوی ناوازەت تووش دەبن، کە هیچ کتێب و تیۆرییەک نایانگرێتەوە و جێیان تێیاندا نابێتەوە. جادەکەی نێوان بەهردار و گۆندەر بە سەر شاخ و بەرزەخاکدا دەڕوات. ئەمدیو و ئەودیوی ڕێگەکە دەشتێکی پانوپۆڕ و لەگەلێ جێگە سەوزایی و کشتوکاڵ و کێڵگە و چێنرابوون، لێ بەبەراورد لەتەک ئەو دەشتاییە زۆرەدا، سەوزایی کەم بوو. گەلێک لەو سەوزاییانە چات یا قات(kat, qat)یان لێ دەچێنرێن و لە هەندێ شوێنیش گەنم و جۆ و تێف، دەچێنرین. ئاژەڵی وەک مانگا و بزن، بە زۆری دەبینرێن، لێ مەڕ کەمتر. ڕێگەی نێوان بەهردار و گۆندەر، بە دۆڵ و هەورازی گەلێ زۆردا تێدەپەڕێ و چیا و گردی بڵند و جوان و سەیر لەو ڕێگەیەدا دەبینرێن. لە ڕێگە جارێکی ماشێنەکەمان لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیرا، ئەویش زۆر بە ئارامی و بێدەنگی و لەسەرەخۆ لە یاریدەری ئاژۆرەکەیان پرسی، ئایا چەک لەو ماشێنەدا هەیە. یاریدەری ئاژۆریش بە نەخێر، وەڵامی دانەوە و ئەوانیش بێ قڕە و هەرا و هیچ جۆرە خۆدەرخستنێک، بەو نەخێرە قایل بوون و فەرموویان لێ کردین بۆ ڕۆیشتن. گۆندەر، دەکەوێتە دەڤەری ئەمهارای باکووری ئیسیووپیا و لە گەورەییدا بە چوارەم باژێڕی ئیسیووپیا دەژمێردرێت. دانیشتووانی نزیکەی 250000 کەسێک دەبن. شارەکە بە هونەری نازککاری و شتی دەستکرد بەناوبانگە. فڕۆکەخانەیشی تێدایە. گۆندەر لە ساڵی 1635دا دروستکراوە و تا ساڵی 1855 پێتەختی ئیسیووپیا بووە و لە ساڵانی 1600دا، بە 60000 دانیشووانییەوە، یەکێک بووە لە باژێڕە مەزنەکانی جیهان. ئێستاش گەلێک کەلاوەی کڵێسە و کۆشک و قەڵای ئەو سەردەمی مەزنایەتییەی ماون. گۆندەر، بە یەکێک لە باژێڕە دینییەکانی ئیسیووپیا دەژمێردرێ، شوێنەواری 44 کڵێسەی تێدایە و لەسەردەمێکیشدا زێدی زۆرینەی جوولەکەکانی ئیسیووپیا بووە. ئێمە دوو شەوان لە گۆندەر ماینەوە و لە هوتێلێکی پیسوپۆخڵی هەژارانە، کە تەنێ خەڵکی گوندی و دەشتەکی خۆیانی تێدەهاتن، خەوتین. هاوڕێ سەردار لە ژوورێک و من لە ژوورێک خەوتین. کابرای خاوەنی، کە ژوورەکەت دەداتێ، بە مەرجی ژووری پاک و خاوێن و حەمامی باش و ئاوی گەرمی بەردەوام و ئینتەرنێت و هەموو ئەو جۆرە شتانە دەتداتێ، لێ ئەوانەی هیچ تێدا نییە و بۆ کرێیەکەیشی دەهێندەی میوانێکی خۆیانیت لێ دەستێنێت، لەبەر ئەوەی تۆ بە سپیپێست و بیانی و مستەر دەژمێرێت. ژوورەکە پڕ بوو لە کیچ و ئەسپێ و تابڵێی سارد بوو. حەمامەکە ئاوی گەرمی تێدا نەبوو و نەتدەتوانی خۆت بشۆیت. ئاودەستەکە، کاری نەدەکرد و ئاوەکەی نەدەڕۆیشت و نەدەکرا خۆت خاوێن بکەیتەوە. ژوورەکە و حەمامەکە پڕبوون لە سیسەرک و شووشەی شکاو. جۆتێ سەرپێی عەنتیکە دانرابوون بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنین، کە دیتمن سەیر دەکەم هەر تاکێکیان ڕەنگێکە، یەکێک زەردێکی حەڵوایی و ئەوی دیکەیان قاوەیی ڕەنگ و ژمارەکەشیان جیاواز دانەیەکیان 40 و دانەیەکیان 45 بوو. لە کابرای خاوەن هوتێلم پرسی، بۆ ئەو سەرپایانە بەو جۆرەن، گوتی:ئەوە مۆدە، ئەوە هونەر و داهێنانە، گوتم، کوڕە داهێنان و هونەری چی! دواتر کە ڕەوشی هوتێلەکە و ئەو خەڵکانەم بینی، تێیدا میوان بوون، تێگەیشتم هونەرەکە لەبەر ئەوەیە ئەو سەرپێیانە نەدزرێن! ئەو دوو بەیانییەی لەخەو هەڵدەستاین و شەوان کە درەنگانێ دەهاتینەوە هوتێل، دەیان مرۆڤم دەدی، لەبەر دەرگا و ڕاڕەو و هەیوانی هوتێلەکەدا خەوتوون، بێگومان ئەوانە دەشتەکی و خەڵکی هەژار و بێ پارە بوون و لەو پەنا و پەسارەدا بە پەتووی خۆیان یا بە هی هوتێل، بە پارەیەکەی هەرزان جێکرابوونەوە. ئەو دوو ڕۆژ و دوو شەوەی لە گۆندەر بووین، گەورەترین فێستیڤاڵی دینی ئیسیووپیاییمان بینی. ئێمە ڕۆژانی 19 – 21ی جەنیوەری لەوێ بووین، کە سێ ڕۆژی ئەو جەژنە بوو، خەڵک لە هەموو شارەکانی دیکەی وڵاتەوە بۆی هاتوون، ڕەنگە درۆ نەبی ئەگەر بێژم دوو هێندەی خەڵکی شارەکە، لە شوێنی دیکەوە ڕوویان لە گۆندەر کردبوو. نە هوتێل، نە چێشتخانە، نە قاوەخانە، نە تاکسی و نە توکتوک بەر دەکەوتن، هەرا و زەنا و شایلۆغانێک بوو، هەر مەپرسە. ئەو خەڵکەی هاتبوون، هەرکەسەو جل و پۆشاکی دەڤەری خۆی پۆشیبوو. لە نێوەندی شار، کۆشک و مەیدانێکی فراوانی لێیە، پێی دەڵێن فاسیلیدەز(Fasilides)، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆرێک بەو ناوەوە، کە ساڵانی 1603 – 1667 ئیمپراتۆری وەڵات بووە. ئەو مەیدانەی شار، دەبێتە جێگەیەک، بۆ خڕبوونەوەی هەزاران مرۆڤ، مۆسیقالێدان، بەزم و سەما و شادی و گۆرانی چڕین. کچان، کوڕان، لاوان زۆڕنا دەژەنن، هەڵدەپەڕن، هەموو یا زۆرینە، خوێندکاران، لاوان و ئەوانە جلەکانیان وێنەی خاچی لەسەرە و دەستەدەستە پێکەوە دەڕۆن. شارێکی شاخاوییە، درەنگ خۆر هەڵدێ و زوو خۆر ئاوا دەبێ. لەو بۆنەی تیمکەتەدا، وەک نەریت، کوڕان چەند دانە لێمو (Lime)ترش، دەخەنە باخەڵیان و وەنێو ئەو عەشاماتەی دەکەون. لەنێو ئەو خەڵکەدا، ئەگەر کچێکیان بە دڵ بێت و حەزی لێبکەن، لیمۆیەکی تێدەگرن، دەیگرنە سەر سینگی، ئەگەر کچە لێمۆکەی گرتەوە و قایل بوو بەو کارە، ئەوە هێمایەکە بەوەی کچەش حەز لە کوڕە دەکات و ئەودەمی ئیتر کوڕە دەتوانیت لەگەڵ کچەکەدا بدوێ و ڕێککەون لەسەر ئەوەیشی، کەسوکاری خۆی بنێرێتە خوازبێنی، لە ماڵی باوک و دایک و کەسی کچە و دواتر بە تەواوی ڕێککەون و ببنە ژن و مێرد. ئەگەر کچە لیمۆکەی نەگرتەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کوڕەی نەگەرەکە و بە دڵی نییە. ئەوجا کوڕە دەتوانێت، هەمان تاقیکردنەوە لەگەڵ کچێکی دیکەدا بکات. گۆندەریش مانەندی هەموو شار و جێیەکی دیکەی ئیسیووپیا، هەژارییەکی بێتامی تێدا وەدی دەکرا. خەمی نان و برسییەتی و پێخاوسی و نیوەڕووتی و کەمجلی لەنێو خەڵکەکەدا زەق دەردەکەوت. لە گۆندەر نانی گەنمم لە شێوەی سەممون(صمون)دا بینی، کە لە شارەکانی دیکە نەمدیبوو. عارەبانەی، کە ئەسپ ڕایدەکێشێ لە نێو شاردا هاتوچۆیان دەکرد و بۆ سواری و بار بەکار دەهێنران. کچان، ڕێک وەک کوڕان و گەلێک ئازادانە و چالاکانە، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا: چێشتخانە، قاوەخانە، فرۆشیاری، کەوش بۆیەکردن و زۆری دیکەش، کاریان دەکرد. بە بۆنەی تیمکەتەوە لە گۆندەر، پۆلیس و سەرباز لەنێو شەقامەکاندا هەبوون، بەڵام ئارام بوون و فشوفاشیان بەسەر خەڵکدا نەدەکرد. لەگەڵ ئەوەیشی ئەو خەڵکە یەکجار زۆرە هاتبوونە ئەو شارە، هێشتاش پێوە دیار نەبوو، چونکە هەموو ئارامییان دەپاراست و سنووری خۆیانیان دەزانی. مەسیحییانی ئیسیوپیایی، دار و بەرد و دیوار و کڵێسە و خاچ و هەموو نیشانە دینییەکانی مەسیحییەت ماچ دەکەن و کڕنۆشی بۆ دەبەن. خاچ لە مەسیحییەتدا لە هەموو شوێنک، لە هەموو بۆنەیەکدا هەیە. لەسەر کڵێسەکان، لەنێو ئاڵای دەوڵەتەکان، لەسەر پۆشاک و لەش و وەک ملوانکە بە گەردنەوە، لە خوێندنگە و نەخۆشخانە و ماڵاندا هەیە. هەموو مەسیحییەک ڕۆژانە، دەیان جار بە دەستی هێمای خاچەکە لەسەر سنگی خۆی دەنوێنێت. لەو هەموو هەرا و بەزمەی ئەو ماچکردنی خاچەدا، ئەم بیرەم بە خەیاڵدا هات: خاچ ئەو دارەیە، عیسای مەسیح، پەیامبەری مەسیحییانی جیهانی پێدا هەڵواسراوە، واتە: ئامێری کوشتنی عیسایە، ماچکردنی خاچ وەک ئەوە وایە: موسوڵمانان بە شیعە و سوننەیانەوە، شمشێرەکەی شەمری کوڕی زیلجەوشەن(شمر بن ذي الجوشن)، کە ئیمام حوسەینی پێ شەهید کرا، یا شمشێرەکەی عەبدوڕەحمانی کوڕی مەلجەم (عبدالرحمن بن ملجم)، کە ئیمام عەلی پێ شەهید کرا، یا شمشێرەکەی ئەبالوئلوئەی فەیرووز(أبالٶلٶة فیروز)، کە عومەری کوڕی خەتتابی پێ شەهید کرا، ماچ بکەن، یا وەک ئەوە وایە، شۆڕشگێڕانی جیهان، تفەنگەکەی، کە چێ گیڤارای پێ شەهید کرا ماچ بکەن!. ئێمە بەو کۆڵان و شەقامانەدا دەگەڕاین و پیاسەمان دەکرد، سەرمان لە کۆڵانێکەوە دەرچوو، کە ڕیزێکی زیاتر لە 40 – 50 میتر، پتر لە 50 دەرۆزەکەر، دانیشبوون و گەداییان دەکرد، ڕەنگە بتوانین ناوی کۆڵانی دەرۆزەکەران لەو کۆڵانە بنێین. ڕێمان کەوتە حەوشەیەک، سەدان کەسی لێ دانیشتبوون و مەنجەلی گەورە و تەشتی خۆراک دانرابوون و ئەو خەڵکەش دەچوون خۆراکی خۆیان بە بۆنەی جەژنەوە مفت وەردەگرت و زگی خۆیان تێر دەکرد[49]. لەنێو ئەو هەموو عەشاماتەدا تووشی، کوڕێک هاتین، موحەممەدی ناو بوو، موسوڵمان بوو، زیتەڵ و وریا و هاروهاج، کچێکی هاوڕێی لەگەڵ بوو، هەر لەو بۆنەیەدا پەیدای کردبوو. کچە، بەچکە دەوڵەمەندێکی خەڵکی شاری ئەکسوم بوو و مەسیحی بوو و لە شاری بەهردار زانستگەی خوێندبوو و بۆ ئەو جەژنی تیمکەتە هاتبوو بۆ گۆندەر. موحەممەد دەیگوت: دۆستایەتی نێوان نێر و مێ، با لە دوو دینی جیاوازیش بن، گەلێ ئاسانە و چ ڕێگرییەک نییە. کڵێسەیەکی گەورە لەنێوەندی شاردا هەبوو، خەڵکەکەی هەموو بۆ دەچوون و لەنێو ڕووبارێک و ئاوێک و ئەستێڵێکی گەورەدا، هەموو مەلەیان دەکرد و بە بیروباوەڕی خۆیان بۆ خاوێنبوونەوە لە گوناە و هەڵە و بۆ نوێبوونەوە و وەرگرتنی وزە و هێز و بەختەوەری و چالاککردنەوەی ژیان[50]. بێجگە لەو کۆشک و مەیدانەی بە ناوی فاسیلیدەزەوە هەیە، پەیکەرێکی مەزنی شا تیۆدرەس (Tewodros)یش لەنێوەندی شاردا هەیە، کە شایەکی بەناوبانگ بووە و وەک هەڵبژاردەی خودا سەیر کراوە. ئەو پەیکەرەی، سوارە و شمشێری بەدەستەوەیە، وەک نیشانەی جەنگاوەری و قارەمانیەتی. ڕۆژی سێیەممان لە گۆندەر ئیدی دەبوو بڕۆینەوە بۆ بەهردار، چونکە لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئەوروپا نزیک دەبووینەوە. موحەممەد، ئەو کوڕە گەنجەی بوو بە ناسیاومان، باسی ئەوەی لەگەڵ کردین، کە بۆ ئاسانکاریی لەگەڵماندا دێتە گەراژ، چونکە دەسکەوتنی ماشێن و گەڕانەوە بۆ بەهردار، بەهۆی ئەو هەموو خەڵکەوە، سەختە و ئەو دەتوانێت کۆمەکێکمان پێ بکات. خۆی و کچەهاوڕێیەکەی لەتەکماندا هاتن بۆ گەراژ. گەراژی چی، دەتگوت ڕۆژی حەشرە، هەر ئاژۆر بوو هاواری دەکرد و نەفەری بەلای خۆیدا ڕادەکێشا. جاری وابوو پێنج حەوت ئاژۆر پەلاماری یەک نەفەریان دەدا و یەکێک قۆڵی چەپ و دووان قۆڵی ڕاست و یەکێک ملیوانی چاکەتەکەی یا کراسەکەی و یەکێک کۆڵەپشتەکەی ڕادەکێشا و هەریەکەیان بەرەو کن ماشێنەکەی خۆی نەفەری بێچارەیان ڕادەپێچا. بۆ بیانییەکی وەک ئێمە، هەر یەکجار سەخت بوو لەو فەرتەنە و هەرایە دەرباز بین. موحەممەدی هاوڕێشمان هەرچەندە هەندەک هەوڵی دا و لەتەک ئاژۆراندا قسەی کرد، لێ چی ئەوتۆی پێ نەکرا. ئێمە بۆ خۆمان لە ماشێنێکدا جێگەی خۆمان کردەوە و هەندێک پارەشمان دا بە موحەممەد وەک پێزانینێک بۆ یارمەتییەکەی. لەو شارانەدا و بەهۆی زۆریی گەشتیاری بیانییەوە، ئەوروپایی و ئەمەریکایی بەتایبەت، خەڵکانی وەک موحەممەد، گەلێک زۆرن، کە خزمەتی خۆیان پێشکەش دەکەن و چاوساغییەکت بۆ دەکەن، بە مەبەستی وەرگرتنی بڕێک پارە. ئەوانە بەهۆی تێکەڵاوییان لەگەڵ بیانییاندا شارەزایی نیوەچڵ لە گەلێک زماندا پەیدا دەکەن و کۆمەڵێک فڕوفێڵ و جۆری پارەپەیداکردنیش فێر دەبن. ئێمە سواری مینۆبووسێک بووین و بەرەو بەهردار تێمانتەقاند. لە ڕێگەی گەڕانەوەدا، لە هەر گوند و ئاوەدانی و بڕکەماڵێک، خەڵکەکەی، گەورە و گچکە، نێر و مێ، بەدەم سەما و گۆرانی و مۆسیقا و دەهۆڵ و زوڕنا و هەڕاکردن و بە پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگ و داردەستەکانیانەوە، دەهاتنە سەر جادەکە، خۆشی و کەیفیان لێ دەباری و دەبەخشییەوە، هەموو ئەوە بە بۆنەی جەژنی تیمکەتەوە. دەوروبەری ئێوارە گەیشتینەوە بەهردار.
جارێکی تر بەهردار:
پاش گەڕانەوەمان لە گۆندەر دوو شەو و سێ ڕۆژێکی تر لە بەهردار ماینەوە. بەهردار، بەهۆی ئەو زەریاچە گەورەیەوە و ئەو هەموو سروشتە جوانەیەوە و باخچە و پارک و قاوەخانەکانییەوە و ئارامی و جێگە جوان و خۆشەکانییەوە، خۆشترین باژێڕێک بوو، لەو گەشتەی ئیسیووپیا دیتم و تێیدا ژیام. جەژنی تیمکەت هەر بەردەوامیی هەبوو و هەموو بەهردار لەو دوو سێ ڕۆژەدا، خرۆشابوو و ڕازبووەوە. خەڵک بە کۆمەڵ و دەستەدەستە و بەگوێرەی گرۆ و کار و گەڕەک و خوێندنگە و کارگێڕی و هەموو ئەوانە، ڕێکخرابوون و ڕێپێوانیان دەکرد. کەژاوەی کڵێسە و عیسای مەسیح و مەریەمی دایکی و هەموو ئەوانەیان دروستکردبوو و دەیانخستە سەر شان و بە شەقامەکاندا دەسووڕانەوە. چەندین شەقام و کۆڵان، هاتوچۆی ماشێنی تێدا ڕاگیرابوو. دەنگی زوڕنا و هەموو جۆرە ئاوازێک دەبیسرا. هەموو جۆرە ڕەنگێک، پتر ڕەنگی سپی، کە ڕەنگی ئاسایی جلی ژنانە، دەبینرا. ژنان پۆشاکی میللی خۆیان و هەرکەسەو هی دەڤەری خۆی پۆشابوو. ئێمەش جارنا لەگەڵ ئەو خەڵکەدا دەڕۆیشتین و جارناژی لە کەنار جادەکە ڕادەوەستاین و ئەو خەڵکە بە بەردەمماندا تێدەپەڕین. دوای ماندووبوون و وەڕزبوون لەو هەرا و زەنایە، پێویستمان بەوە بوو، جێگەیەک بدۆزینەوە، کەمێ پشوو بدەین. قاوەخانەیەک لە قەراخ یەکێک لە جادە سەرەکییانەمان وەدی کرد. لە دەرێ دوو ژن دانیشتبوون و ئێمەش بە دەرفەتمان زانی، لەگەڵیان دانیشین، هەم پشوویەک و قاوەیەک، خۆشاوێک، شتێک بخۆینەوە و هەمیش هەندێ پرسیار لەو خانمانە لەبارەی ئەو جەژنی تیمەکەتەوە بکەین. خانمەکان دوو خوشک بوون بە ناوەکانی بێزا(Beza)و مەسیرەت(Maserat). یەکەمیان لە کالیفۆرنیا دەژیا و دووەمیشیان لە بەهردار. بێزا، وەها باسی تیمکەتی دەکرد:کە عیسای مەسیح تەمەنی گەیشتووەتە 30 ساڵان، خودا مەلێکی سپی ناردووە بۆ خەڵکی ئیسرائیل، مەلەکە ناوی بەیزا بووە. ئەو مەلە، پەیامی خودای بە خەڵک گەیاندووە، کە خودا دەڵێ:عیسای مەسیح کوڕی منە. جۆن(John)[51]، پیاوێکی پیرۆز و شارەزا و دونیادیدەی ئەو سەردەمەی ئیسرائیل بووە و هەر پێشتر، هەموو شتێکی لەبارەی عیسای مەسیحەوە زانیوە و هەر لە سەرەتای ساوایی و منداڵیی مەسیحەوە، باسی مەسیحی بۆ خەڵک کردووە، کە ئەو وەک کوڕی خودا و پەیامبەر دێت و دەبێتە ڕێنیشاندەر و ڕێبەری مرۆڤایەتی و دواتر ئاوی داوەتە مەسیح، یا ئاوی کردووە بەسەر مەسیحدا، ئەوەی کە پێی دەگوترێ تەعمید. بێزا، دەیگوت؛تیمکەت لەو ئاوبەسەرداکردن و تەعمیدەوە هاتووە. منیش گوتم:دیارە ناوەکەی تۆیش لە ناوی ئەو مەلەوە هاتووە!، گوتی:ڕێک وایە، لەوەوە هاتووە. لە قاوەخانەکە خۆشاوی گوشراوی ئەڤۆکادۆمان خواردەوە. لە ئیسیووپیا، میوەگەلی وەک: ئەڤۆکادۆ، مانگۆ، پاپایا و مۆز، گەلێ زۆرن و بەرهەمی وەڵاتەکە خۆیین. من بۆ خۆم هەرگیز داری ئەڤۆکادۆ، پاپایا، مانگۆ و قاوەم لە هیچ جێگەیەک نەدیبوو، لێ لەو سەفەرەمدا، داری پاپایا و مانگۆم لەنزیکەوە بینین و تا پێشمکرا، ئەڤۆکادۆ و مانگۆ و پاپایام، چ وەک میوە و چ وەک خۆشاو و گوشراو، خوارد و خواردەوە. لە پیاسەیەکدا بەنێو باخچەیەکی گەورەی شاردا، کە دەشتێک بوو بۆ خۆی و بە ڕۆخی زەریاچەی تاناوە بوو، لە جێگەیەکدا نزیکەی شازدە حەڤدە کارگەرم بینین، لە پلیکانەیەک، کە چوار پێنج پلە بوو، خڕبووبوونەوە و سێ سێ و چوار چوار لەسەر یەک پلەیان، بەتەنیشت یەکەوە و هەریەکەو بە بێڵچەیەکی گچکەی هێندەی کەوگیرێک و بڕێک چیمەنتۆ و بەرد و زیخ و شتی دیکەوە، خەریکی چاککردنی یا پینەکردنی ئەو پلیکانەیە بوون. بەسەر سەری ئەو کارگەرانەوە، کابرایەک ڕاوەستابوو، دەستەکانی لە پشتەوە لەسەر پشتی قوونی لێک ئاڵاندبوون و کاری هەر ئەوە بوو، تەماشای ئەو کارگەرانە بکات و چاودێرییان بکات. ئەو کابرایە بۆ خۆی تەلیفۆنی دەکرد و جغارەشی دەکێشا و جاروباریش بەو دەورەدا دەهات و دەچوو. کاری ئەو کابرایە، چاودێریی ئەو کارگەرانە بوو و بە کارەکەشی دەگوتراچاودێر. مووچە و مانگانە یا ڕۆژانەیەک، ئەو چاودێرە و ئەوانەی وەک ئەو، کە هیچیش ناکەن، وەریدەگرن، گەلێک لەوانەی کارگەرەکان وەریدەگرن زیاترە. دیمەنی لەو جۆرە، تەنێ لە وەڵاتگەلێکدا، کە لەڕووی ئابووری و پێشەسازی و کارگێڕییەوە، بەجێماون و فەرمانڕەوایی و دەسەڵات و بەڕێوەبردنێکی گەندەڵیان هەیە و کەس کار بە قانوون ناکات، دەبینرێ، وەڵاتگەلێک مانەندی ئیسیووپیا و کوردستان، هێشتا ئیسیووپیا لە کوردستان باشترە! کاری پینەکردنی پلیکانەیەکی لەو جۆرە، بە تاکە یەک کەس یا دوو کەس دەکرێ و هیچ پێویست بەو هەموو کارگەرە ناکات و ئەو چاودێرەش، زیادەیە و هیچ نۆرەیەکی نییە و بێ ئەویش کارەکە بەڕێوە دەچێت[52]. لەو کەنار زەریاچەی تانایە، لە چەندین شوێن، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە کەنارەکە تاوێر و بەردە، ئیدی لە چێشتەنگاوە تا دەگاتە نزیکی عەسرێکی درەنگ، بە تایبەت ئەگەر خۆرەتاو بێت و هەوا بڕێک خۆش بێت، دەیان مرۆڤ دەبینیت، بە ڕووتی، بە بەرچاوی هەموو ئەو خەڵکانەی لەو ناوە پیاسە دەکەن، لەنێو ئاوەکەدان، یا لەو قەراخە لەسەر بەردێک دانیشتوون و سابوون لە لەشی خۆیان دەدەن و خۆیان لە ئاوەکە هەڵدەژەنن و خۆیان دەشۆن و جلەکانی، کە لەبەریاندان، دادەکەنن و لەسەر ئەو بەردانە دەیانشۆن و هەر لەسەر ئەو بەردانە، هەڵیاندەخەن بۆ ئەوەی وشک ببنەوە و هەر کەمێک کزربوونەوە، هەمدیس لەبەریان دەکەنەوە. ئەوانە خەڵکانێکن، هەر ئەو جلانەیان هەیە و ئیدی ماڵ و خانوو و ئەو شتانەشیان نییە. خەڵکی بێماڵ و بێیانە، لەو وەڵاتە گەلێ زۆرن. لە پیاسەیەکی دوای نیوەڕۆیەکدا، لە قەراخ شەقامێک، ژنێکمان بینی، لەنێو تەشتێکدا، کە لە سەر تایەی ئۆتۆمبیلێک داینابوو، خەرێکی جلشۆردن بوو. پڕی ئاو کردبوو و جلەکانی لە ئاوەکە و دەرمانی جلشۆردن هەڵدەژەند و دەیانیشۆرد. دیمەنەکە بەلامانەوە سەیر بوو، چونکە لە دەرێی ماڵ و کەناری شەقامەکە، بڕێک سەیر دەهاتە بەرچاو، سڵاوێکمان لە ژنە کرد و ئەویش بە پێکەنینەوە وەڵامی داینەوە. داوام لێکرد ئەگەر مۆڵەتمان دەدات، وێنەی بگرین، سەری لەقاند و قایل بوو و دواتریش فەرمووی لێکردین بۆ ماڵەکەیان، کە هەر سێ چوار هەنگاو لە پشتییەوە بوو. وەژوورکەوتین. پیاوێکی داماو، بە سەروسیما تەمەنی نێزیکەی 85 ساڵ دەبوو، لەسەر قەنەفەیەک دانیشتبوو و ئێمەش سڵاومان لێکرد و لە تەنیشتییەوە دانیشتین. بەرانبەرمان، لەسەر دیواری ژوورەکە، لەسەر تابلۆیەک، محمد ڕسول اللە، صلی اللە علیە وسلمێک نووسرابوو، ئیدی ئەوە نیشانەی ئەوە بوو، ماڵەکە موسوڵمانن. کچێکیان پەیدا بوو، کە بڕێک عەرەبی دەزانی و لەگەڵ ئەودا کەوتینە قسان. لەبارەی تەمەنی باوکییەوە، گوتی، پەنجا ساڵێک دەبێ و بێ کارە و نەخۆش[53]. ئیدی پاش کەمێک ڕوونیشتن و کۆڵێک خەمخواردن، ماڵاواییمان لێیان کرد و وەدەرکەوتین. ئێمە ئیدی دوای ئەو دوو ڕۆژەی دیکەمان لە بەهردار، دەبوو بگەڕێینەوە بۆ ئەدیس ئەبابا و بلێتی فڕۆکەمان ڕێکخستبوو و چووین بۆ فڕۆکەخانەی بەهردار، کە فڕۆکەخانەیەکی، بچووکە و بە ئاسانی جێگە و ڕێگەکان دەدۆزرێنەوە. شتێکی دیکەی سەیر، هەر ڕێک وەک کارگەرانی پلیکانەکەی نێو پارکەکە، لە هۆڵەکەدا، کە هۆڵێکی بچووک بوو، کاتێک چاوەڕوانی فڕینی فڕۆکەکەمان دەکرد، بڕێک لەولامانەوە شەش دانە ژن، هەریەکەو بە گسکێکەوە، ئەو گسکانەی تەڕی دەکەن و زەوی پێ دەسڕن و خاوێن دەکەنەوە، بەڕیز و شان بە شانی یەکتر، بەشێکی ئەو هۆڵەیان خاوێن دەکردەوە، کە هەموو پاناییەکەی نەدەگەیشتە 100 میتری چوارگۆشە! ئەو کارەی ئەو هەموو ژنەی لێ وڕووکابوون، زۆر بە ئاسانی بە تاکە یەک مرۆڤ دەکرا[54]. دواتر نۆرەی فڕینی فڕۆکەکەمان هات و وەڕێکەوتین و پاش سەعاتێک گەیشتینەوە ئەدیس ئەبابا.
جارێکی دیکە ئەدیس ئەبابا:
کە گەیشتینەوە ئەدیس ئەبابا، عەسرێکی درەنگ بوو. چووینەوە هوتێل و پیاسەیەکی کۆڵانەکانی دەوروبەری هۆتێلەکەمان کرد و فریای خواردنێک کەوتین. بۆ سبەینێ بە تاکسی چووین بۆ نێو شار، نێوەندی شار، دەوروبەی مەرکاتۆ و دەستفرۆش و ڕووت و برسییە خەوتووەکانی کەنار شەقامەکان. لە سەیرکردنی ئەملاو ئەولا و قۆرت و چاڵ و ناڕێکی قەراخ شەقامەکان و سەرگەرمیم بە تەماشاکردنی ئەو هەموو دیمەنە سەیرانە و بە قسەکردن و دەمەتەقە لەتەک هاوڕێ سەرداردا، لەپڕ پێی ڕاستم لە قۆرتێک هەڵکەوت و چەمایەوە و بەلادا دام بەزەویدا ئیدی ئەو پێێەم لەجێ چوو و تووشی ئازارێکی زۆری کردم و بە شەلەشەل و ددان ڕیچکردنەوە و ترس و لەرز هەنگاوم دەنا و تاڕادەیەک لەپێ کەوتم. ئەوەی خەم بوو، ئەو ئێوارەیە 25ی جەنیوەری دەبوو بڕۆم بۆ فڕۆکەخانەی بۆڵی و بگەڕێمەوە بۆ سوێد. لەنێو شارەوە بە تاکسی گەڕاینەوە بۆ هوتێلەکەمان و لە ڕێگە، لە جێگەیەک، خەڵکێکی زۆرم بینی ڕیزیان بەستبوو، یەک لە دووی یەک، ڕیزێکی درێژ، لە ئاژۆرەکەم پرسی، ئەوانە بۆ وا بەڕیز ڕاوەستاون، گوتی، ئەوانە دەچنە سینەما. دیار بوو لەو هەژاری و بەدبەختییەشدا، نەفەری سینەما هەبوون، کە ئیدی ئەوەیش مایەی دڵخۆشی بوو. بە گەڕانەوەم بۆ هوتێلەکەمان و شیوخواردنێک و هەندێک پشوو، ئیدی دەبوو خۆم بپێچمەوە و ئامادەی ڕۆیشتن بم بۆ گەیشتن بە فڕۆکەکەی دەیبردمەوە بۆ سوێد.
خۆشویستنی وەڵات:
ئەو شەوەی دەبوو بچمە فڕۆکەخانەی بۆڵی(Bole) بۆئەوەی بگەڕێمەوە بۆ سوێد، لە هوتێلەکەوە بە مینیبووسێک چووم. شۆفێری مینیبووسەکە لە ڕێگە هەروا پرسیاری لێ دەکردم لەبارەی گەشتەکەمەوە و وڵاتی ئیسیووپیا و شارەکانی و ئەو شوێنانەی دیمن و خەڵکی ئیسیووپیام چۆن بینی و هەموو ئەوانە، منیش پەسنی وڵاتەکەم دا، کە جوانە و سروشتێکی نایابی هەیە و پڕە لە خێروبەرەکەت و هیوای پێشکەوتنی زیاتری لێدەکرێ و گوتیشم، کە جوانترین دیاردە لەو وڵاتەدا دیومە، ئارامی و بێدەنگیی خەڵکی ئیسیووپیایە، کە هەرگیز نە هەرا، نە قیژە، نە دەنگی بەرز، نە دەمەقاڵە و هاتوهاوار، نە شەڕ، نە تووڕەبوون، نە فەرتەنە، هیچ جۆرە شتێکی لەو جۆرانەم لە تەواوی ئەو ماوەیەی لەو وڵاتەدا بووم نە بینی و نە ژنەفت. پەسنی نەکێشانی سیگاریشم دا، کە چەند دیاردەیەکی باش و جوانە و باسی میواننەوازی خەڵکەکەیم کرد، کە چەند زوو دەبنە هاوڕێ و دۆستت و باوەشت بۆ دەکەنەوە. کابرای شۆفێر، کە گەیاندمییە فڕۆکەخانە و دابەزیم، ئامێزێکی هێندە گەرم و بەهێزی پێدا کردم، دەتگوت کەسێکی نزیکمە و دوای دابڕانێکی چەندین ساڵە یەکدی دەبینینەوە و یا لێکدادەبڕێین گوتی: دەزانی چەندی دڵم بەو قسانەی تۆ خۆش بوو، دەزانی ئەوە خەڵاتێکی نایاب و ناوازە و جوان بوو بۆ من و وڵاتەکەم و گەواهییەکی جوان و ڕاستگۆیانە و دڵخۆشکەر و بەهێزە، لە بیانییەکەوە، لە گەشتیارێکەوە بۆ وڵاتەکەم و بۆ خۆم، هیوادارم زووزوو سەری ئێرە بدەیتەوە و هەمیشە ئاگاداری هەواڵی ئێرە بیت و ئێرە بە وڵاتی خۆت بزانیت و خۆیشت بە یەکێک لە ئێمە. چەندە ئەو ئاژۆرە بە قسەکانی من دڵخۆش بوو، منیش پتر بە هەست و خۆشەویستیی ئەو، بۆ وڵات و نیشتمان و خاک و خەڵکەکەی و بۆ ئەوەی منی وەک یەکێک لە خۆیان ژمارد، دڵخۆش بووم.
شتگەلێک، کە دەبێ لەبارەی ئیسیووۆیاوە بگوترێن:
لە دەرێی شارەکان، ژیان بە واتا هاوچەرخەکەی، فەرمانڕەوایی و دەسەڵات و حوکوومەت و کارگێڕی و ڕێکخستن و ئەو جۆرە شتانە، تا ڕادەی نەبوونە و ئەوەی زاڵ و سەردەستە، شێوەی ژیانی خێڵەکی و هۆز و تیرەوتایفەیە. خەڵک نەریتگەران و بەگوێرەی قانوونی خێڵ و ڕێسا و نەریتە باوەکانی سەدان ساڵەی بۆماوەیی، کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و هەڵسوکەوت و ڕەوتار دەکەن. دەوڵەت و پۆلیس و حوکوومەت تەنێ لە شاردا هەن. جڤاکێ نەریتگەرای لەو جۆرە، جڤاکێکە، ژیان، فەرهەنگ، ئابووری، لەشساغی، خوێندەواری و هەموو بوارەکانی دیکە، لە چوارچێوەی بازنەیەکدا دەخولێنەوە، سەدان ساڵە لە جێگەی خۆیاندان و سنووری بازنەکە، نابەزێنن. چۆنیەتی ژیان، لەو جڤاکگەلەدا، مرۆڤ دەگەیەنێتە باوەڕێک، وەها کۆمەڵێک، بێ ڕێکخستن و حوکوومەت و کارگێڕی و دەوڵەت و دەسەڵاتێک، هەرگیز بۆخۆی، نە دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، نە چارەسەی دەردی برسییەتی و نەخۆشی و نەخوێندەواری و هەژاری و چەوسانەوەی چینایەتی و دینی و هەموو دەردەکانی خۆی دەکات، نەپێشدەکەوێت، نە شتێک بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی پێشکەش دەکات. بوونی دەوڵەت و حوکوومەت و ڕێکخستن و کارگێڕی و دامەزراوەی بەتەنگ خەڵکەوە هاتوو و دادپەروەر و ئازادی و یەکسانیخواز، بۆ جڤاکی هەژار و بەجێماو، لە هەموو شتێکی دیکە پێویستترە. هەر قسەیەکیش لەبارەی چێکردنی جڤاکی گچکەگچکە و سەربەخۆ و خۆجێی، لە جڤاکی ئیسیووپیا و جڤاکگەلی مانەندی ئیسیووپیا و تەنانەت کوردستانی لەمەڕ خۆیشمان، بێجگە لە گوتارێکی خەیاڵاوی شتێکە دیکە نییە. جڤاکی خۆسەری و خۆجێی گچکە گچکە و شێوازی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی شارەداری و سەندیکالیستی، ڕەنگە لە وەڵات و جڤاکگەلێکی وەک سوێد، دانمارک، نۆروێژ، سویسرا، هۆڵاند، ئایسلاند، لوکسمبۆرگ و...ببێتە ڕاستییەک و باشترین جۆری بەڕێوەبردنی جڤاک، چونکە لەو کۆمەڵانەدا، ڕیکخستن هەیە و خەڵک ئەرک و ماف و سنوورەکانی خۆیان دەزانن، حوکوومەتیش نەبێت، کار ڕاناوەستێ، بەڵام لە جڤاکێکی خێڵەکی و شوانکارەییدا، نەبوونی حوکوومەت و دەوڵەت و کارگێڕیی، دەکاتە هێشتنەوەی ئەو جڤاکە لەو بازنە و ڕەوشەی تێیدایە و یەکتر داپڵۆسینیش و چەوسانەوەی زیاتر.
تاکە دوو وەڵات لە ئەفریقادا، کە هەرگیز کۆڵۆنی هیچ وەڵات و دەسەڵاتێکی دەرەکی نەبووبێتن، وەڵاتگەلی ئیسیووپیا و لایبیریان. زۆرجاران، تەواوی دواکەتوویی، نەخوێندەواری، هەژاری، نادادی، دەردە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و سەدان هەڵە و ناتەواوی دیکەی وڵاتان و جڤاکانی جیهانی سێیەم، دەخرێنە ئەستۆی دەسەڵاتە داگیرکارەکانکۆڵۆنیالەکان، لێ ئەوە هەموو ڕاستییەک نییە! ئیسیووپیا، وەڵاتێکی یەکجار کۆنی جیهانە و لەوەتی ژیان لەسەر زەوی هەبووە، ژیانی تێدا بووە و هەرگیزیش ژێردەستەی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم نەبووە و ئەوان لەو وەڵاتەدا، چ نۆرەیەکیان نەبووە. کەوابێ، بۆ دۆزینەوەی هۆکارگەلی بەجێماویی ئەو جۆرە وەڵاتانە، مرۆڤ گەرەکە لەنێو وەڵاتەکە و جڤاکەکە خۆیدا، بگەڕێ و وەها گەڕان وپشکنینێکیش مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەوەی، دەردەکانی نەریتگەرایی و ناڕێکخراویی و خێڵەکیەتی و دەرنەچوون لەو بازنە هزری و فەرهەنگییەی هەزاران ساڵەی تێیدا دەخولێنەوە و لەسەرووی هەمووانیشەوە، هەستنەکردنە بە چەوساوەیی و دەردەکان. بە پەیدابوونی ئەو هەستە، ئیدی هۆکارەکانیش ڕوون دەبنەوە و دەبینرین.
سەردانی ئیسیووپیا، گەڕانەوەیە بۆ قووڵایی مێژووی سەدەیەک لەمەوپێش. زەمەن لەوێ سەدان ساڵ لەدوای زەمەنی ئەوروپاوەیە و ڕەنگە سەدساڵێکیش لەدوای کوردستانەوە بێت. ساڵ لە هەموو جیهاندا 2016ەیە، لێ 2016ی ئیسیووپیا لەگەڵ 2016ی فرانسا، دانمارک، سپانیا یا تەنانەت کوردستانیش، جیاوازە، بەهەرحاڵ بۆ زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە. ئایا گەیشتنی گوندییەکی تێڵا لەسەرشانی ئیسیووپیایی بە ئەوروپا و وڵاتانی پێشکەوتوو، کە دەکاتە هەڵاتن و چوون بۆ ئەوێ وەک پەنابەر یا بۆ ژیان، پێشڤەچوونی ئەو مرۆڤە و کۆمەڵەکەیەتی یا بازدانێکە، بەرەو سەدان ساڵی پێش وڵاتەکەی خۆی؟ پێموایە، وەها سەفەرێ، بازدانە، بازدانێکی ناسروشتی و نائاسایی، بڕینی زەمەنێکە، بە خێراییەکی سەدساڵی و دوورکەوتنەوەیە لە سەد ساڵێک و سڕینەوەیەتی، بەڵام تەواوی ئەوانە لەسەر زەوی و مەودا و دوورایی جیۆگرافیایی و لە ڕواڵەت و ڕووکەشدا، دەنا چ پێشڤەچوون و گۆڕان نەهاتووەتە دی و ڕوونادات، تا جڤاکە ئیسیووپیاییەکە بۆخۆی خۆی نەگۆڕێت و دەردەکانی خۆی تیمار نەکات. ڕەنگە ئەوەی بۆ ئیسیووپیا دەگوترێ، بۆ کوردستانیش بگوترێ.
لە ڕاستیدا، تەواوی مرۆڤە باریکەڵە قەڵەمییە ئارام و لەسەرخۆ و سادە و ساکار و خاکەرا و بێ قێڕە و ڕووخۆش و کراوە و لاشەڕ و نەرمونیان و ئەسمەر و خوێنگەرمەکانی ئیسیووپیا، تەواوی خەڵک و جڤاک و خاک و وەڵات و ژینگە و سروشت و ئاو و دار و ئاژەڵ و هەوا و هەژارەکانی ئیسیووپیام خۆشویستن و بە یەکێک لەو وەڵاتە جوانانەی جیهانی دەزانم، کە دونیایەک حەز دەکەم سەردانی بکەمەوە و پێوەندم لەگەڵیدا هەبێت و لێی دانەبڕێم.
2016 – 02 – 29


[1] دەڵێن ساڵی 1981، کە سامی عەبدوڕەحمان لە شام خەریکی خڕکردنەوەی خەڵک دەبێ بۆ حیزبە نوێیەکەی، حیزبی گەلی دیموکراتی کوردستان، کە ئەودەمی لەسەروبەندی دامەزراندنیدا، لە خڕبوونەوەیەکدا تووشی سولەیمانی قەسساب دەبێ، کە پێشمەرگەیەکی دێرینی شۆڕشی ئەیلوول بووە و ئەو کاتەش، کە لە شام بووە، لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستاندا کاری کردووە و ئەم گوتوبێژە دەکەوێتە نێوانیانەوە:
سامی عەبدوڕەحمان دەڵێ: کاک سولەیمان بۆ نایەی لەگەڵ ئێمە کار بکەیت؟
سولەیمانی قەسساب دەڵێ: کاک سامی ئێوە کێن و کاری چیتان لەگەڵدا بکەم؟
سامی عەبدوڕەحمان دەڵێ: ئێمە حیزبێکی تازەمان دامەزراندووە، ناوی حیزبی گەلی دیموکراتی کوردستانە و حەز دەکەم لەگەڵ ئێمە بیت.
سولەیمانی قەسساب، تەماشای ناوچاوانی سامی عەبدوڕەحمان دەکات و دوای دوو خولەک بێدەنگی و بیرکردنەوە دەسبەجێ دەڵێ: باشە کاک سامی.
سامی عەبدوڕەحمان دەڵێ: کاک سولەیمان چۆن وا زوو بڕیارت دا و گوتت باشە؟
سولەیمانی قەسساب دەڵێ: کاک سامی، ئێمە مەلا مستەفامان تاقیکردەوە و ئەبوشەللال(جەلال تاڵەبانی)یشمان تاقیکردەوە، توخوا با تۆیش تاقیبکەینەوە بزانین تۆ چ دەکەیت!
[2] دکتۆر جەمشید حەیدەری، بەینێک بوو ژنی دووەمی هێنابوو، ڕۆژێکیان لە گەڕەکی ڕینکەبی شاری ستۆکهۆڵم لەگەڵ خانمەکەی و منداڵێکیدا تووشم بوون. دوای سڵاو و چاک و خۆشی و پیرۆزبایی، گوتم: کاک جەمشید، ژنی نوێ هێنان و تازەزاوایی چۆنە؟ گوتێ: نوو دەبییەوە نوو!. پیاوانی عەرەب، کە ژنی نوێیان هێناوە، گوتوویانە: تەجدیدولفیراشتجدید الفراش، واتە: جێگە نوێکردنەوە، پێخەف نوێکردنەوە، نوێن نوێکردنەوە، واتە ژنیان تەنێ وەک ئامرازی نێو جێگەی خەوتن و نوێکردنەوەی ژماردووە.

[3] لە سەردەمی منداڵیمدا، هێشتا نەچووبوومە بەر خوێندن، لە کەلار ماڵێکی هاوسێمان هەبوو، ماڵی حاجی مەحموودی عەلی موحەممەد بوو، کە بێجگە لە کاری کشتوکاڵ و وەرزیری و پەزداری، فرۆشگەیەکیشی هەبوو و بازرگانیی دەکرد و بڕێک حاڵی لە خەڵکەکەی دیکەی هاوچینی خۆی، باشتر بوو. خێزانەکەی ناوی میمکە سەلمە بوو. میمکە سەلمە و حاجی مەحموود، دایکوباوکی ئەحمەد کەلاری و حەمەومین و حەسەن و مامۆستا حوسەین بوون. وەک هۆز و بنەچە کەلهوڕ بوون. لەگەڵ ماڵی ئێمەدا تێکەڵاوییەکی یەکجار زۆر و توندمان هەبوو. میمکە سەلمە هەر کە منی دیتبا، ئیدی ئەگەر ڕۆژی چەند جاریش بووایە، گازی دەکردم: پاقلەی برژیاگ/ پاقلەی برژاو، ئا بێ. ئیدی توند لە ئامێزی دەگرتم و یەک حەمکە ماچی دەکردم. ئەو لەبەر پڕڕەنگی منەوە ئەو ناوەی بەسەرمدا بڕیبوو.
پێشە، واتە: ئێسک، ئیسقان، سوقان. [4]
[5] ڕێک وەک زمانی کوردی لەمەڕ خۆمان، کە لە دیدێکی ڕۆژهەڵاتناسانەوە، کەڵهوڕی و دملکی و هەورامی، لێ جودادەکەنەوە و بە زمانی سەربەخۆیان دەژمێرن و هەوڵ بۆ دوورخستنەوەی کرمانجی سەروو و خوارووش دەدەن بۆ ئەوەی وەک دوو زمانی جیاواز و سەربەخۆ بێنە ژماردن و لەنێو کورد خۆیشیدا هەن، پەرە بەو بۆچوونانە دەدەن.
[6] یوودا یا یەهوودا، ناوی کوڕێکی یەعقووبە و بە باپیری پەیامبەران داوود و سلێمان و عیسا دادەنرێت و جوولەکە هەموو دەگەڕێنەوە سەر ئەو.
[7] بزاڤی ڕاستافاری لە ساڵی1930 دا لە جامایکا لەنێو چینی کارگەر و هەژارانی ئەو وڵاتەدا و لە ئەنجامی لێکدانەوەی پێشبینییەکی ئینجیلیدا هاتە گۆڕێ، کە بە ڕای ئەوان هێمایەکە بۆ حاڵەتی هایلا سیلاسی وەک تاکەفەرمانڕەوایەکی ئەفریقایی بەسەر وەڵاتێکی تەواو سەربەخۆدا و نازناوەکانیشیشای شایان و سەروەری سەروەرانبوو. ئەوەی وای لە هایلا سیلاسی کردبوو، لەنێو ڕەشپێستان و ڕەگەزەکانی ئەفریقادا, خۆشەویست بێت و وەک ڕێبەر تەماشا بکرێت، ئەفریقایەتی ئەو بوو و واڵاکردنی دەرگەکانی وڵاتەکەی بوو بەڕووی هەموو ئەفریقاییەکدا و تەماشاکردنی هەموو ئەفریقاییەک وەک هاووڵاتی ئیسیووپیا. مارکۆس گارڤی(Marcus Garvey/ 1887 – 1940، کە ڕۆژنامەنوووس و پەخشکار و سەرمایەدارێکی بە ڕەگەز جامایکایی بوو و دامەزرێنەری بزاڤی نەتەوەیی ڕەش (Black Nationalism) و بانئەفریقایی (Pan-Africanism) بوو، بە یەکێک لە پەیامبەرانی ڕاستەفاری دادەنرێت و هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڕاستافاریش دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی کاریگەریی مووزیکی ڕێگی(Reggae) جامایکایی، کە گەورەهونەمەندی ئەو مووزیکە، بۆب مارلی(Bob Marley)، بە ستران و مۆسیقا مەزن و بەرزەکانی خۆی و کێشانی ماریوانا، مژدەدەرێکی سەرەکی بوو بۆ ئەو ئایینە. ڕێگی، ئەو جۆرە مۆسیقایەیە، لە کۆتایی ساڵانی 1960دا لە جامایکا بڵاوبووەوە و پەرەی سەند. قژی لوول و بسکی درێژ و ڕەنگەکانی ڕەش و کەسک و سۆر و زەردی زێڕین، نیشانەی ئەو ئایینەن.
[8] دەڵێن بەلزاک ئالوودەی قاوە بووە و بۆ ئەوەی بتوانێ ڕۆژانە 12 سەعات کار بکات، بەردەوام خواردوویەتییەوە، هەروەها دەڵین گەورە مۆسیقاری ئەڵمانی بێتهۆڤن، ڕۆژانە 60 دانە، دانی قاوەی بە وشکی و بێ ئاو و کۆڵاندن، جوویوە و خواردووە.
زنج، کۆڵیت، قۆخڵ.[9]
[10] توکتوک، ماشێنیکی گچکەیە بە سێ پێچکە دەڕوات و بە بەنزین و ڕۆن و ئەوانە کار دەکات. لە گەلێ وڵاتی جیهان بۆ گواستنەوەی مرۆڤ و شتومەکیش سوودی لێ وەردەگیرێت و وەک تاکسی بەکار دەبرێت و لەبەر بچووکی بە هەموو کووچە و کۆڵان و ڕێگەیەکدا دەڕوا و لە ڕاوەستانیشدا جێگە کەم دەگرێ، کە ئەوە بۆ شاری گەورە گەلێک باشە. بە ڕانەرەکەیەوە سێ کەسی باریکەڵە و لەشسووک هەڵدەگرێ. لە ئیسیووپیا، لە هەموو باژێڕەکانیدا، ئەو توکتوکە هەن و ئامادەن بۆ کار. زیاتر کوڕی لاو و مێردمنداڵ ئەو توکتوکانە لێدەخوڕن. لە کوردستان جۆرێک لەوانە هەن، لێ ئەوانە مۆتۆرسایکڵن کراون بەوە و عارەبانەیان بۆ کردوون، بۆ هەڵگرتنی بار و، فرۆشیار، کاڵا و سەوزە و میوەی لێ بار دەکەن و دەفرۆشن. ئەوانەی کوردستان، لە سلێمانی و لە لایەن خەڵکانێکی تا ڕادەیەک چەقاوەسوو و زماندرێژەوە ناویان لێ ناون کەریم کابان، بە ناوی هونەرمەندی گەورەی کوردەوە. دەڵێن کاتی خۆی کەریم کابان دەچێتە کن جەلال تاڵەبانی و گلەیی ئەوەی لا دەکات، کە خەڵک بۆ گاڵتە و ڕابواردن ئەو بارگەڵگرە بچووکانەیان ناو ناوە کەریم کابان، تاڵەبانییش پێی دەڵێ: جا تۆ بۆ گلەیی لە بەختی خۆت دەکەیت، بەس نییە شتێکی بڕێک گەورەیان بە ناوی تۆوە ناوە، ئەدی من چی بکەم، کە مۆبایلێکی گچکە و خڕ و پانۆڵکەیان بە ناوی منەوە ناوە.
[11] ئیمام عەلی دەڵێ:ما من نعمة موفورة إلا وبجانبها حق مضاع، واتە: هیچ تیروتەسەلی و دەوڵەمەندییەک نییە ئەگەرلە تەنیشتییەوە مافێ کەسێک نەخورابێت. لە جێیەکی تردا دەڵێ: ما جمع مال إلا من شح أو حرام، واتە:
هیچ سامانێک نییە بە پیسکەیی یا حەرام گلێر نەکرابێتەوە. هەروەتر دەڵێ: ماجاع فقیر إلا بما متع بە غني واتە: بەوەی دەوڵەمەندێک چێژی لیوەردەگرێ، هەژارێک برسیی دەبێ، واتە: دەوڵەمەندیی دەکاتە، مافی خوراو، پیسکەیی، حەرام و برسیکردن نانبڕینی خەڵکی دیکە، کەم دەوڵەمەندیی هەیە، بێ هیچ جۆرە فڕوفێڵ و ساختەکارییە هاتبێتە گۆڕێ. مامۆستای شاعیر هێمنی موکریانی دەڵێ:
زێڕ بەڵایە بێ وەفایە دەوڵەمەند
هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند
چڵکی دەستە ماڵی دنیا، وەک دەڵێن
ماڵپەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن
[12] کۆمەڵێک وێنەی بازاڕی مەرکانتۆ لە شاری ئەدیس ئەبابا، کە لە گووگل(Google)ەوە وەرگیراون. ئەگەر هەموو جارێک کرتە لەسەر ڕەنگە شینەکەی بنەوەی لاپەڕەکە بکەیت، وێنەی نوێت دێنە بەردەست. https://se.images.search.yahoo.com/yhs/search;_ylt=A7x9Uk71pOpY.F0ASJI_Ogx.;_ylu=X3oDMTBsYWhiN2NvBHNlYwNzYwRjb2xvA2lyMgR2dGlkAw?_adv_prop=image&fr=yhs-iry-fullyhosted_003&va=mercato+addis+ababa&hspart=iry&hsimp=yhs-fullyhosted_003id=219&iurl=http%3A%2F%2Fl7.alamy.com%2Fzooms%2Ff6ccdb4b7895472db99540fe6ef15a69%2Fa-man-stretching-cotton-in-the-massive mercato-of-addis-abeba-ethiopia-ecyh7m.jpg&action=close
[13] زومرود(زمرد)، وشەیەکەی عەرەبییە و بە لاتینییش پێی دەگوترێ(Emerald)، ناوی جۆرە بەردێکی گرانبەها و پیرۆزە، کە ڕەنگی سەوزێکی پڕڕەنگە و شووشيییە، زۆرتر لە و کانانەدا دەبینرێتەوە، کە لەنێو بەرد و ڕەقەن و تاوێردان. لە هەموو جۆرە بەردە بەهادار و پیرۆزەکانی دیکە، گرانبەهاترە. لە سەردەمی فیرعەونییەکانی مسردا، دەشتایی نووبە(النوبة) بەناوبانگ بووە بە کانەکانی زومرود و لەوێوە هەناردەی کۆشکی شایەکانی وڵاتی فارس و هیندوستان و بیزەنتا دەکرا. لەنێو گۆڕستان و پەرستگەکانی مەکسیک و پەروو و کۆڵۆمبیاشدا لە ئەمەریکای خواروو(لاتین) زۆرێک زومرود دۆزراوەتەوە، لێ هەموو ئەوانە لە لایەن ئەوروپاییاکانەوە تاڵان کران. زومرود لە ئوتریش(نەمسا)، نۆروێژ، ڕووسیا، مسر، هیندوستان، برازیل، کۆڵۆمبیا و زیمبابۆی، ئەفریقای خواروو، ، مۆزەمبیک، تانزانیا، زامبیا، ئەفغانستان، ئەوسترالیا و ئەمەریکا، هەیە، لێ ئەوەی کۆڵۆمبیا لە هەموو جۆرەکانی دیکە، باشتر و نایابتر و گرانبەهاترە.

[14] ناشتا: بەرچایی، تاشت، تێشت، پارێڤ، قاوەڵتی، کە ئەمەیان لە زمانی تورکییەوە هاتووە و تورک دەڵێن کەهڤەئاڵتیı (Kahvalti)، واتە: پێش قاوە یا بەرقاوە، وەک: بەرچاییەکی خۆمان.
[15] پاتریک ئێنگەلاو(Patrik Engellau)، کە نووسەر و ئابووریناس و دیپلۆماتکارێکی سوێدییە و ساڵانێک لە کۆمەڵەی دەوڵەتەیەکگرتووەکان(UN) و وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوێد و ڕێکخراوی سیدا(SIDA)ی سوێدیدا کاری کردووە و لە ئەنیستوتووتی بانەڕۆژی سوێدی و ڕێکخراوی خۆشگوزەرانی و میدیای هزردا کار دەکات و چالاکە و ساڵانێک لە گینیابیسساو(Guinea-Bissau)، کە وڵاتێکە دەکەوێتە خۆراوای ئەفریقا، وەک کۆمەککار بە خەڵکی ئەوێ کاری کردووە و خاوەنی دەیان کتێبە لە بواری جیاوازی ئابووری و سیاسییدا و وەک ئیدیۆلۆگی و دیدی سیاسیشەوە لە سوێدییە دیموکراتەکانەوە(SD)، کە حیزبێکی ڕاستڕۆی سوێدییە، نێزیکە، دەڵێ:خەڵکە بیانییەکان، وەک ئەفریقاییەکان، بۆیان سەختە بتوانن لەگەڵ گیانی سەرمایەداریدا و لەگەڵ ئەم فەرهەنگی هاریکاری سوێدییەدا خۆیان بگونجێنن. کارکردن لەگەڵ ئەو گیان و فەرهەنگەدا کاتێک دەکرێ، ئەگەر مرۆڤ یەک یا دوو یا سێ لەوانە وەرگرێت و تێکەڵ بە دە، بیست سوێدی بکات و نوقمیانکات لە قووڵایی فەرهەنگی سوێدییدا، لێ ئەگەر ئەوان بۆ خۆیان بژین، فەرهەنگی سوێدی، کە خوێندنەوەی کتێبێک یا چوونە خولێکی فێرکاری بەسە، نەیەتە نێوەوە، ئەوە ئیدی کارێکی گەوجانەیە. من ناڵێم هەموو ئەفریقاییەکان وەهان یا هەموو سووریاییەکان وەهان، بەڵام فەرهەنگی زاڵ، بەلای کەمەوە وەک من دیتوومە، وەهایە و هاندانی خەڵکانێک، کە سەربە وەها فەرهەنگێکن، بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ فەرهەنگی سوێدیدا بگونجێنن، هێندە سەخت و دژوارە، کە ناکرێ بیری لێ بکرێتەوە... ئەو کە ساڵانی 1970 بۆ چەند ساڵان لە گینیا بیسساو بەرپرسی گەیاندن و دابەشکردنی کۆمەکی سوێدی بووە بۆ نوێکردنەوە و بووژاندنەوەی کشتوکاڵ لەو وەڵاتە کاری کردووە، پێیوایە کارەکە بەو ئاسانییەی لە ئەڵمانیا، کە ئەمەریکا دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە چواچێوەی کۆمەکی مارشاڵدا، بۆ وەگەڕخستن و پێشخستنی ئابووری ئەڵمانیا ناردی، یا هەر وەڵاتێکی دیکە دەڕوات، لەوێ لە گینیابیساو بەو جۆرە ناڕوات و هۆکارەکەشجیاوازیی فەرهەنگییە. ئەو دەڵێ:ئەڵمانی، پێشکەوتن لە خوێنیدایە، ئەوەی پێشتر کردووە و دەزانی ئەو کارە چ دەگەیەنێت. دەزانێت ئەوە کارێکی سەختە و دەبێ مرۆڤ کۆمەک بە یەکتر بکەن. پێشکەوتن فەرهەنگە. ئێمە دەمانەویست لە ئەفریقاش وەها کارێک بکەین. لەوێ ئەو فەرهەنگە نییە. گیانی سەرمایەداری، ئەوەی مرۆڤ بە قامچی لە خۆی بدات و زۆر لە خۆی بکات بۆ ئەوەی کار بکات، تەنانەت ئەگەر ئەوەی هەیەتی بەشی ڕۆژێکیشی بکات، نییە. ئەو تایبەتمەندی و بەها سەرمایەدارییانەی، کە سوێد و هەموو ڕۆژاوای کردوون بەوەی هەن و چۆنن، لەوێ(لە ئەفریقا)نین. ئێنگەلاو تەواوی کێشەی جیاوازییەکانی نێوان ئەفریقایی و ئەوروپایی دەگێڕێتەوە بۆ جیاوازییە فەرهەنگییەکان. بە دەربڕینێکی تر، ئەو فەرهەنگی ئەفریقایی بە پاشکەوتوو و بەجێماو و فەرهەنگی ڕۆژاوا و ئەوروپایی و ڕەگەزی سپی بە پێشکەوتوو دادەنێت. سەرمایەداری، کە بەردەوام پێویستیی ماددی بۆ مرۆڤ زیاد دەکات و مرۆڤ ناچار دەکات هەمیشە وەدووی پڕکردنەوەی ئەو پێویستییانەدا هەڕا بکات، وا لە مرۆڤ دەکات، هەموو کەسیەتی خۆی و گرنگیی خۆی و بایەخ و بەهای خۆی، تەنێ لە بواری کار و پلەوپایەدا ببینێت و هەرچی هەستێکی مرۆڤبوون هەیە ببێتە کاڵایەک لە بازاڕی کاردا، ئەوروپایی و ڕۆژاواییانیش، ئێنگەلاویش وەک نموونە، نوێنەری ئەو سەرمایەدارییەن و ئەوان بە گشتی هەموو بەهایەکی مرۆڤ و ژیان تەنێ لە کاردا دەبینن، ئەوان هەرگیز لەو جیاوازییە فەرهەنگییانە تێناگەن و نایانەوێ تێبگەن، کە هەر خەڵکەو هەرنەتەوە و هەر گەلەو هەر جڤاکێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئەوەی لەکن ڕۆژاواییەک ڕەنگە گرنگ بێت، لەکن ئەفریقاییەک هیچ واتایەکی نەبێت، دیارە بە پێچەوانەیشەوە. دیتن و بیرکردنەوە و لێنۆڕینی مرۆڤی سپیپێست لەهەمبەر ڕەشپێست، دیتنیکی لووتبەرزانە و کۆڵۆنیالانەیە. ئێستاش کە پۆستکۆڵۆنیالیزمە و گوایە کۆڵۆنیالیزم نەماوە، هێشتا وەک کۆیلە و کەمفام و کەمعەقڵ و نۆکەر، لەوان دەڕوانن. سپیپێستان بە عەقڵییەتی کۆڵۆنیالیزمی جاران تەماشای جیهانی جاران سێیەم و خەڵکەکەی دەکەن. وەنەبێ لە وەڵاتانی لەمەڕ ئێمەش وەها دیتنێک نەبێت! زۆرێکی عەرەب و تورک و فارس، کە نەتەوەی سەردەست و حوکمڕانی کوردستانن، تا ڕادەیەک وەک نۆکەر و ناتەواو و پلەنزم لە مرۆڤی کورد دەنۆڕن!

[16] ڕێک بە پێچەوانەی وڵاتێکی وەک عیراقەوە، . کە کوودێتای 14ی تەمموزی 1958 کرا و ڕێژیمی شایی عیراق ڕووخێنرا، هیچ شوێنەوار و مێژوو و شتگەلێکی بنەماڵەی شا فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاە و نووری ئەلسەعید و ئەو ڕێژیمەیان نەهێشت و هەموویان سڕییەوە، تەنانەت ئەوانەی ماڵباتی شا و نووری ئەلسەعید و هەموو ئەوانەی کوژران، گۆڕیشیان پێ نەبەخشرا. لە گەڕەکی ئەلئەعزەمییە(الإعظمیة)ی بەغدا، لە نزیک مزگەوتی ئەبو حەنیفە، گۆڕستانی شایی(المقبرة الملکیة) هەبوو، کە هەندێ گۆڕی کۆنی ماڵباتی شای تێدا بوو، ئەو گۆڕستانەش کرابووە، ئاودەستخانە و خەڵک تێیدا دەڕیان. کە عەبدولکەریم قاسمیش کوودێتای بەسەردا کرا، بەعسییەکان کوشتیان و گۆڕیان پێی ڕەوا نەبینی. جیاوازیی سیاسەتی هەڵە و خەڵکی دڕندە و سیاسەتی دروست و خەڵکی خاوەن فەرهەنگ و وەڵاتپارێز، وەک جیاوازییەکانی نێوان عیراق و ئیسیووپیایە.
[17] بەگوێرەی ڕێکخراوی لەشساغی جیهانیی سەربە ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتوو(WHO)، 650 میلیۆن مرۆڤ، واتە: دەیەکی دانیشتووانی جیهان، ئاوی خاوێنیان چنگناکەوێت و ئەوەش تووشی نەخۆشیی خراپیان دەکات و لە تەمەنێکی کەمدا دەمرن.
[18] لە باشووری کوردستانیش، لە 1991 بە دواوە، ئیدی هەزاران پرۆژەی هوتێل، چێشتخانە، مەیخانەی گەورە و پانوپۆڕ، کراونەوە، بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو بوارانەدا کار دەکەن، بە خاوەن و کارگێڕ و کارگەرەکانیشیانەوە، بیانین، ئیدی تورکیایی، سووریایی، ئێرانی، چینی، تایلاندی، لبنانی، مسری و...هەموو وەڵاتانی جیهان، بەڵام بە دەگمەنیش کورد لەنێو ئەوانەدا نابینییەوە، ئیدی ئەوە بێجگە لە کابرای سەرمایەدای خاوەنی، چ خێروبێرێکی بۆ هەژار و بێکارێکی کوردستان هەیە!
[19] ئێمە لە کوردستانی خۆیشمان هەمان دەردمان هەیە. دەوڵەمەندی کورد، گەرەترین و پڕئەستێرەترین هوتێل و مەزنترین چێشتخانە و مەیخانە، کە هێندەی مەیدانێکی ئەسپسواری دەبن، لە کوردستان دەکاتەوە و ڕکابەری هەموو وەڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەندی پێ دەکات، تەنێ بۆ گیرفانی خۆی. ئەوە دەردێکە نە تەنێ ئیسیووپیا و کوردستان دووچاری بوون، بەڵکە وڵاتانی هەژار و تازەگەشەسەندوو پێوەی دەتلێنەوە.
[20] پێش سەفەرەکەم بۆ ئیسیووپیا، بە چەند ڕۆژێک پەریی کچم، لیستێکی بۆ کردبووم و زانیارییەکی باشی بۆ نووسیبووم لەمەڕ ئەو خۆراکە ڕووەکییانەی بۆ من دەخورێن و لە چی دروستکراون و ناوەکانیان و هەموو وردەکارییەکانیان، بێجگە لەوەش ناوی چەندین جێگە و شار و شوێنەوارێشی بۆ نووسیبووم، کە شایستەی سەردانیکردن و بینین بوون.
[21] ساڵانی 1940 و 1950 و تا پێش کوودێتای 14ی تەممووزی 1958، ماڵی بەگزادە جافەکانی کەلار و دیوەخانەکانیان، هەموودەم پڕ بە خەڵک و میوان بوون و شەوانەش پیاوانی گوند، دەچوونە دیوەخانی ئەو ماڵانە، بە تایبەت ماڵی کەریم بەگی جاف و داوود بەگی جاف. خاڵۆ شێخ ئەحمەدی شێخ موحەممەدی شێخ حەسەنی قەڵاتەپزان، کە دەبووە ئامۆزای داپیرم، دایکی باوکم، پیاوێکی تا بڵێی وریا و بیرتیژ و قسەخۆش و خوداپەرست بوو و یەکێک بوو لەوانەی ئەهلی مزگەوت و دیوەخان و خڕبوونەوەی پیاوان بوون. شەوێک دەچێتە دیوەخانی ماڵی داوود بەگی جاف و خەڵکێکی زۆری لێدەبێ. پاش دانیشتن و باسوخواس و قسە و دەمەتەقە و چای خواردنەوە، یەکێک لە خزمەتکارەکان بە سەبەتەیەکی پڕ بە مۆزەوە دێتە ژوورێ و بەڕیز بەسەر خەڵکەکەدا دێت و هەرکەسەو مۆزێک هەڵدەگرێ. مۆز ئەو کاتە میوەیەکی دەگمەن دەبێ و داوود بەگ، کە ئەندامی پەرلەمانی عیراق بوو و تازە لە بەغدا گەڕابووە و لەگەڵ خۆیدا هێنابووی. مۆز دەگاتە لای خاڵۆ شێخ ئەحمەد و ئەویش وەک ئەو خەڵکەی دیکە دانەیەک هەڵدەگرێ، بەڵام داماوە نازانێ چۆنی بخوات، چونکە هەژارێکی وەک ئەو لەکوێ و مۆز لەکوێ! فەتاحی ڕۆستەم، کە لەتیرەی عەمەڵەی جاف بوو، لە تەنیشتییەوە دەبێت. فەتاح ڕۆستەم، لەو کەسانە بوو، کە بەردەوام هاتوچۆی بەگزادەجافەکانی دەکرد و لەبەردەستیاندا بوو و بەهۆی ئەوەوە زۆر شت فێر بووبوو و دەیزانی. خاڵۆ شێخ ئەحمەد لە فەتاح دەپرسێت، کە ئەو مۆزە چۆن دەخورێت، فەتاحیش مۆزەکەی لێ وەردەگرێت و توێکڵەکەی لێ دەکاتەوە و پوختە و زەریف دەیخوات. خاڵۆ شێخ ئەحمەد تەماشای فەتاح دەکات و دەڵێ، فەتاح ئەوە چ دەکەیت؟ فەتاحیش دەڵێ: ئەی تۆ نەتوت چۆن دەخورێ، دەی ئەوە بۆم خواردی!.
[22] ئەودەمی بە دەگمەن لە ئاواییەکی کوردستاندا شتی وا ڕووی دەدا، مرۆڤ بە ئاشکرا بخواتەوە، مەگەر کابرای بەدمەست، سەر بە چینێکی باڵای کۆمەڵ یا دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدار بووبێت یا شارنشین بووبێت و وەک کارمەند و فەرمانبەر هاتبێتە گوند. لە کەلاری سەربە کەرکووکی ساڵانی1950دا، هەندێک هەرزەکار و کوڕ و کاڵ و گەنجانی بەگزادە جافەکان، کە چینێکی باڵای کۆمەڵ و دەستڕۆیشتوو و ئەریستۆکرات بوون و تێکەڵ بە شار و ژیانی نوێ بوون، دەیانخواردەوە و دانیشتن و گۆڵمەزیان ڕێکدەخست. لە باژێڕی کفریی سەربە کەرکووک، لە ساڵانی 1960دا و پێشتریش لە 1950دا، بە هۆی بوونی خەڵکی تورکمانەوە لە شارەکەدا، کە ئەوان لە کورد، شاریتر(باژێریتر)بوون، هەر لە دێر زەمانەوە یانەی فەرمانبەران هەبوو و خەڵک شەوانە دەچوونە ئەوێ و کاتیان بەسەر دەبرد و دەیانخواردەوە. تەنانەت لەنێو ماڵان و لەنێو باخ و لەگوێ چەم و لە دەشتایی و سەرگردەکانی دەوروبەری شاریش لەو جۆرە خڕبوونەوە و دانیشتنانە ساز دەبوون. دای زەینەڵ هەبوو لە کفری، کە (باوەزەینەڵ)یشیان پێ دەگوت، چونکە بە بنەچە کاکەیی(یارسان) بوو، لێ بووبوونە تورکمان، سەعاتچی بوو و سێ چوار کوڕی گەنجی هەبوو، یەکێکیان سەرتاش و یەکێکیان وێنەگر و ئەوانی دیکە نازانم چ کارە بوون. هەموو عەسرانێک دوای پایدۆسکردن لە کار و داخستنی دەرگای جێ کارەکەی، باوەزەینەڵ لەگەڵ هەر سێ چوار کوڕەکەیدا، هەریەکەو بە زەنبیلە و کیسەی پڕ لە شووشەی عەرەق و مەززە و تفاقەوە ڕوویان دەکردە باخی پاشا. دیارە هەر پێشتر باوەزەینەڵ بە هۆی کوڕەکانییەوە تەدارەکی ئەو دانیشتنەی ئێوارەی دەدی و خۆیانیان بۆ ئامادە دەکرد. ئیدی تا درەنگانێک و تا تاریک دادەهات، لەنێو باخ دەیانخواردەوە و قسەوباسیان دەکرد و کە سەریانیش گەرم دەبوو، دەستیاندەکرد بە گۆرانی گوتن، گۆرانی و مەقامی تورکمانییان دەگوت، بە ئەی هاوار دەگیرمانچی، سەن خانچی مەن کاروانچی.. دەستیان پی دەکرد و بەرەو چەخماخی چاڵ چراغی یاندر مامیشەم.. و قەلعانن دیبندە بیر داش ئوڵڵایدم.. هەڵدەکشان تا خاو دەبوونەوە و بە قۆریات کۆتاییان پێ دەهێنا و پاش ئەوەی خورج و تەلیسەکانیان بەتاڵ دەبوو و زگیان تێر و مێشکیان ئارام، ئیدی لۆژەلۆژ ڕووەو ماڵ دەهاتنەوە. دیاردەی جگەرەنەکێشان وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی لەناو حەمەسوورییەکان)یشدا، باو بووە. حەمەسوورییەکان پێڕۆی حەمەسوور بوونە و لە گوندیکڵاوقوتی ناوچەی شوانی دەڤەری کەرکووکی گەرمێن دانیشتوون. ئەوان یەکێک بوونە لە چوار لقەکانی بزاڤیحەقەو لە بنەمادا دەگەڕێنەوە سەر تەریقەتی نەقشبەندی. هەر لە گەرمێنی کوردستان، لەسەر ڕێگەی کەلار – دەربەندیخان، ئاواییەک هەیە پێی دەگوترێلەواوان/ لەوایان، کە لە لەواوەوە هاتووە و بە واتای: لبادان یا لەبادان دێت و لە وشەی لباد یا لەبادەوە هاتووە و نەوویشی پی دەگوترێ. لباد یا لەباد یا نەوو، ڕایەخێکە لە بەرگن و کوڵکی بەرخ هەلاج دەیپەستێ و دروستی دەکات. لە بنزاری جاف و گەرمیاندا لەواو، لباد، لەباد وەکلواگ، لباگ، لەباد دەگوترێن و تیپەکانی دواییانو، د، گ دەنگێک دروست دەکات، کە بە تیپی کوردی نانووسرێت. ئەو دەنگە لە گەلێک لەو وشانەدا، کە بە تیپیگ تەواو دەبن، وەکسەگ، لاژگ، قوڕگ، بەلەگ، ڕەگ، بەگ و.... یا تەنانەت لە ناوەندی وشەکانیشدان، وەک ئەگەر، ئاگر، مەگەر، دەبیسرێن. خەڵکی ئەو ئاواییە هەر زۆر لەمێژە جگەرە ناکێشن و تاکە یەک کەسیش نییە لەو گوندەدا جگەرەکێش بێت. تەنیا ئەو ئاواییە نموونەی ئیسیووپیایەکی بچووکە لە کوردستان.

[23] القرآن الکریم، سورة المائدة، اڵایة 6.
قاپەڕەقە: قاپی پا، قولەپێ، قاپارگە، گوێزنگ، گوێزک، گوێزلک. [24]
[25] لە سوێد جۆرە ئاودەستێک هەیە، کە لە دەرێی شارە، لە هەندێ کەنار ڕووبار یا نێزیک بە چەند ماڵێکی هاوینە، کە خانووی لە داردروستکراوە و هی خۆیانە یا بە کرێ دەیگرن، کە خەڵک بە هاوینان لە شارەوە بۆ پشوو بۆی دەچن و لەوێ بە مانگ یا چەند حەفتە دەمێنێتەوە، ئەوانە لەو جێگەدا هەر ئەو جۆرە ئاودەستخانەیە بەکاردە هێنن، کە ئاودەستێکی وشکە، واتە: ئاوی تێدا نییە و وەک تەنوور وایە، تەنێ پیسایی تێدەکەن و بە کاغەز پاشەڵیان دەسڕن و هەڵدەستنە سەرپێ و دەڕۆن، چونکە دەستشۆرییشی تێدا نییە تا دەستی خۆیان بشۆن. بە سوێدی بەو ئاودەستخانانە دەڵێن: دەس(Dass).
[26] بەگوێرەی ڕێکخراوی لەشساغیی جیهانیی(WHO) سەربە ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتوو، ئاوی پیس و خراپی ئاوەڕۆ و ئاودەست، منداڵان تووشی ڕەوانیی(زگچوون)ی زۆر خراپ و توند دەکەن و ڕۆژانە دەبنە هۆی لەبەینبردنی 900 منداڵی تەمەن خوار 5 ساڵ لە جیهاندا. ئەو ڕێکخراوە و ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتووی منداڵان یوونیسێف(Unisef)، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە کەسێک لە سێ کەس لە جیهاندا(واتە: 2,4 میلیارد مرۆڤ) ئاودەستخانەیان نییە و لەوانەش 946 میلیۆن مرۆڤیان لە دەرودەشت خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە. تەواوی ئەو ڕەوشەیش، نەبوونی ئاوی خاوێن و نەبوونی ئاوەڕۆ و ئاودەستخانە دەبنە هۆی نەخۆشی کوژەندە و مردن. تۆ ئێستاش، دوای پازدە سەدە لە هاتنی ئیسلام، بڕۆ بۆ زۆرێک لەو گوندە عەرەبنشینانەی کوردستان و عیراق، بە دەگمەنیش ئاودەستخانەیەکیان تێدا نابینییەوە، من بە چاوانی خۆم تا کۆتایی ساڵانی 1970 و سەرەتای 1980، ئەو دیاردەیەم لە گەلێ لەو گوندانەی دەوروبەری حەویجەی لای کەرکووک و هی دیکەش دیوە و گەلێکیش دڵنیام لەوەی ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر ماوە و هەیە.
[27] هۆکارە هەرە سەرەکییەکە باری ئابووری و هەژارییە، کە وەها دەردێک دێننە گۆڕێ. ئەگەر بۆ هەموو خەڵک دەرفەت و هەلی چوونیەک دەستبەر بکرێن و یەکسانییەک هەبێت، هەموو پێوەر و شێوازەکان دەگۆڕێن.
[28]ڕۆژێکیان لە باژێڕی لەندەن لەنێو ئۆتۆبووسێکدا بووم بەرەو گەڕەکی هارینگەی(Harringey) و وودگرین(Wood Green)، گەلێک پڕ و سیخناخ بوو و جێی دانیشتن نەبوو. من وەک زۆری دیکە بە پێوە ڕاوەستابووم و بۆ ئەوەی نەکەوم، دەستم بەو دەسک و لوولە و پەتانەی بنمیچی ماشێنەکەوە گرتبوو. لەپڕ لە جێگەیەکی ڕاوەستانی ئۆتۆبووسەکە، کە خەڵک وەسەردەکەون و دادەبەزن دوو سێ ژن و یەک دوو منداڵ و مێردمنداڵ بە گالیسکەی منداڵەوە خۆیان وەژووردا کرد و لە تەنیشت منەوە ئەوانیش بەو پەت و لوولە و دەسکانە خۆیان ڕاگرت. کە کەوتنە قسان دیتم کوردن و بە شێوەزاری کەڵهوڕی(فەیلی) دەئاخڤن. ژنەکان، لە منەوە نێزیک بوون. یەک دوو کەسێک لەنیوانماندا بوون. هەر سێیان دەستیان بە کەپوویانەوە گرتبوو و باوەشێنی کەپووی خۆیانیان دەکرد و قاقا دەخەنین. مێردمنداڵەکان دەیانپرسی: ئەرە لەیفەنە ئەخەنن؟ ئەوانیش دەیانگوت: ها ئەیانە، ئەی ئینگلیزەیلە وا هانە دەورمان، کولیان بووی قنگیان تیەت. منداڵەکانیش دەیانگوت: بووی قنگیان ئەرە تیەت؟ ئەمانیش دەیانگوت: نێزانن ئەرە بووی قنگیان تیەت! ئەرە ئەوەسە قنگیان نێشوورن! ئەوانەی دەوروبەری ژنەکان، پڕانییان ئینگلیز یا سپیپێست بوون. مەبەستی ئەو ژنانەش هەر ئەوە بوو، کە لەنێو ئەوروپییاندا دوای دانیشتنی ئاودەست، خۆ خاوێنکردنەوە بە ئاو نییە و بە کاغەز خۆ پاک دەکەنەوە، بەپێچەوانەوەی وڵاتان و گەلانی موسوڵمان. منیش خۆم پێ نەگیرا و دەستم بە کەنین کرد.

[29] بنەچەی فلاشا دەگەڕێتەوە سەر تایفەی بێتا ئیسرائیل، کە تایفەیەکی جوولەکەن و لە سەدەی چوارەمی زایینەوە لە ئیسیووپیا دەژین. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا بڕێک لە خەڵکی ئەو تایفەیە بەهۆی چالاکی کۆمەڵەی لەندەنی مژدەدەری مەسیحییەوە، بوون بە مەسیحی. فلاشاکان بۆخۆیان بە ڕەچەڵەک جوولەکەن، لێ ئێستاکە جوولەکە نین. هەرچەندەش بوون بە مەسیحی، فلاشاکان بەشێک نین لە کڵێسەی ئیسیووپیایی، بەڵکە بەشێکن لە کڵێسەی ئەنگەلیکانی ئینگلیزی، چونکە لەڕێی ئەو کڵێسەیەوە بوون بە مەسیحی. ساڵانێکی زۆر، فلاشاکان لەلایەن کڵێسەی ئیسیووپیاییەوە، دەچەوسێنرانەوە و وەک جوولەکەش نەدەهاتنە ژماردن، هەر بەو هۆیەشەوە، وەک تایفەیەکی نەفرەتلێکراو دەژیان. فلاشاکان لە دەسپێکی ساڵانی 1990دا، هێنران بۆ ئیسرائیل و سەرەتا حوکوومەتی ئیسرائیل بڕیاری کۆچکردنی ئەوانی دا بۆ ئیسرائیل، بە مەرجی ئەوەی سەرلەنوێ بگەڕێنەوە سەر دینی جوولەکە. دواتریش بەهۆی پێوەندی خێزانی و خزمایەتییەوە بەشێکی دیکە لە فلاشاکان هاتن بۆ ئیسرائیل. لە کاتی کۆچکردنی فلاشاکان بۆ ئیسرائیل، لە ئیسیووپیا گوێزرانەوە بۆ چەند ئۆدووگەیەک لە باژێرەکانی گۆندەر و ئەدیس ئەبابا، تا ڕۆژی گوێزانەوەیان. ساڵی 2003 کە حوکوومەتی ئیسرائیل بڕیاری دا بە هێنانی فلاشاکان، نوێنەرانی فلاشاکان لەگەڵ ئیسرائیلدا پێکهاتن لەسەر ئەوەی، ئەوانەی ڕەگوڕیشەیەکی جوولەکایەتییان هەیە، ئەوانە مافی کۆچکردنیان بۆ ئیسرائیل هەبێت. هێشتاش چەند هەزار فلاشایەک لە ئیسیووپیا ماون و کەسی یەکەمی وەک خوشک و برا و دایک و باوک و زارۆکیان لە ئیسرائیل دەژین.
[30] مامۆستای شاعیر هێمنی موکریانی، کە خۆی هەژار و لانەواز بووە، پێیوایە ئەوە هەژارە، نەک دەوڵەمەند و ماڵپەرست و دارا، لە مەیدا خەمڕەوێنیی و دڵنەوایی خۆیان دەدۆزنەوە. ئەو دەڵێ:
مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانە ماڵ
بۆ منی سەرگەشتە و ڕووت و ڕەجاڵ
بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین
بۆ منی ئاوارە و دوورە وەتەن
بلبلی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن
پەڕ وەریوی، باڵ شکاوی، دەنگ بڕاو
بێ بژێوی، بەش خوراوی، دەرکراو
پیری زورهانی، کەنەفتی، دەربەدەر
دیدەسووری، دڵ مەکۆی دەر و کەسەر
داتەپیوی، بێ پەسیوی، بێ قەرار
بێ کەسی، دەستەشکاوی، بێ قەرار
لێوبەباری، دەردەداری ڕەنجەڕۆ
شاعیری جوانی پەرستی دڵ بەسۆ
[31] یەکێک لەو قەشە مژدەدەرانەی، کە مەسێحییەتیان بڵاو کردووەتەوە، کە ناوی سۆنۆیە دەڵێ:کۆڵۆنیالیستەکان چوون و لەشی ئەفریقایان داگیر کرد، بەڵام مژدەدەرەکان ڕووحی ئەفریقایان داگیر کرد.
[32] دوای دەستگیرکردنی شۆڕشگێڕی جیهانی چێ گیڤارا، لە دواحەشارگەیدا لە بۆلیڤیا، بە زمان لێدانی شوانێک، ڕێبەری ئەو دەستە سەربازییەی گرتیان لە شوانە هەژارەکە دەپرسێت: بۆچی زمانت لە پیاوێک دا، هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی داکۆکی لە ئێوە و مافەکانی ئێوەدا بەسەربرد؟ شوانەکە لە وەڵامدا دەڵێ: جەنگەکانی ئەم لەگەڵ سەربازاندا پەزەکانمی دەتۆقاند! زانا و بیرمەندی ئیسلامیی لبنانی موحەممەد ڕەشید ڕەزا(محمد ڕشید ڕضا) دەڵێ: شۆڕشگێڕ لە پێناوی جڤاکێکی نەزاندا، کەسێکە، ئاگری بەرداوەتە لەشی خۆی، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ کوێرێک ڕۆشن بکاتەوە.
[33] ئیمام عەلی دەڵێ:لو کان الفقر ڕجلا لقتلتە، واتە: ئەگەر هەژاریی پیاوێک بووایە، دەمکوشت. بریا وا بووایە و بە تاکە فیشەکێک لەبەین چووبا، خۆ ئەگەر وابووایە، ئێستا هەژاریی لە جیهاندا نەدەما و هەموو مرۆڤی ئەم دنیایە، تێر و پۆشتە و لەشساغ و خوێندوو و خۆشگوزەران و دڵخۆش و بەختەوەر دەبوون، لێ مخابن وانییە!
[34] وشەی ئۆتۆبووس و باس(Bus) لە زمانی لاتینی و ئینگلیزییەوە گەیشتوونەتە ئێمە، لێ لەکن کورد زۆرجاران حەرفی ب کراوە بە پ، باس بووە بە پاس و بایسکڵ، بووە بە پاسکیل. یا بە پێچەوانەوە حەرفیپی نێو هەندێ وشە بووە بەب، بەیکینگ پاوردەر(Baking Powder)، بووە بە پێکن پاودەر و تەببوولە، کە خوراکێکی لبنانی، سووریاییە، بووە بە تەپوولە. بۆ ئەوەی وشەکە بە هەڵە بەکارنەهێنین، من بۆخۆم وشەی ئۆتۆبووس و مینیبووسم بەکارهێناوە. لە زمانی فارسییشدا بەو جۆرە بەکاریان دەهێنن، دەنا ئەگەر بە پێوەرە کوردییەکە بێت، ئەوەی خەڵک بەکاری دەهێنن، دەبێ بڵێیت: ئۆتۆپاس و مینیپاس، کە دوو وشەی سەقەتن و هیچی دی..
[35] ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان، بە هۆی گۆڕانی ڕەوشی خەڵکەوە و بەهۆی ئابوورییەکەوە، کە لە هیج خانەیەکی ئابووری جیهاندا جێی نابێتەوە، کەر، کە جاران هاوڕێێ مرۆڤ بوو و مرۆڤ پێویستی پێبوو بۆ کار و بارهەڵگرتن و گەلی پێویستیی دیکە بەکاری دەهێنا و ئەمڕۆ کاری پێی نەماوە و بەهۆی بێوەفایی مرۆڤەوە، بەرانبەر ئەو هاوڕێ دێرینەی، کەر، خەریکە دەبێتە ئاژەڵێکی کێوی و لە دەشت و دەران، بەڕەڵا و بێخاوەن و بێ سەرپەرشت، بۆخۆی دەخولێتەوە.
ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتوو بۆ پەروەردە و زانست و فەرهەنگ. [36]
گونێ: گونیە، گوێنوو، گوێنی، گەوون.[37]
[38] زۆرێک لە دەروێش و سۆفی و شێخەکانی ئەم سەردەمەی لای خۆمان، گەلێ جار، لە خەڵکە ئاساییەکەی کۆمەڵ، تەماحکارتر و دنیاریکەرترن و هێندەی ئەوان عەوداڵی پارەوپووڵن و بیر لە چۆنیەتی خڕکردنەوەی دەکەنەوە، خەڵکە ئاساییەکە یا تەنانەت ئەوانەیشی کە یەکجار پاپەبەندی دین و ئایین نین، هێندەی لێنازانن و هێندە وێڵی ئەو باسە نین.
[39] جاران، کە مزگەوت و حوجرە و مەلا و فەقێ، لە کوردستانی خۆماندا، سیاسەتاوی نەکرابوون، نۆرەیەکی مەزنیان هەبوو لە ژیانی جڤاکیی خەڵکدا. لەنێو ئەو مزگەوتانەدا و لەکن مەلایانی زانا و ناودار، سەدان فەقێ لە حوجرەکاندا دەیانخوێند. ئەوانە بێجگە لە قورئان و حەدیس، دەیان کتێبی دیکەی فیقهی و شەرعی و ڕێزمانیان بە زمانی عەرەبی و ئەدەبییاتی فارسییان دەخوێند. فەقێ، لە کوردستاندا تا ئیجازەی مەلایەتییان وەردەگرت، دەسووڕانەوە و لە کن مەلایەک و مزگەوت و حوجرەیەکەوە دەچوونە کن یەکێکی دیکە. لە مهاباداوە دەچوونە سلێمانی و لە هەولێرەوە دەچوونە ئامەد و لە کەرکووکەوە دەچوونە ورمێ و ئیدی بە هەموو جێیەکی کوردستاندا ئازادانە دەسووڕانەوە. فەقێیان، خاوەنی هیچ نەبوون و بە خێر و کۆمەکی خەڵک دەژیان. هەموو ئێوارەیەک فەقێیەک یان دووان، توورەکەیەکیان هەڵدەگرت و دەکەوتنە نێو ئاوایی و ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و لە دەرکەیان دەدا و بە دەنگێکی بیستراو و بڵند دەیانگوت: ڕاتبەی فەقێ، ڕەحمەتی خواتان لێبێت. ڕاتبەی فەقێ، بە واتەی: بەشی فەقێ. ئیدی ماڵەکەش نانێ، خۆراکێ، چێشتێک، شتێکی لەو جۆرەیان بۆ دەهێنان و ئەوانیش بە سپاسەوە وەریاندەگرت. هەموو ماڵان دەگەڕان و شتیان خڕدەکردەوە و دواتر دەگەڕانەوە مزگەوت و هەموو شتەکانیان لەبەردەم هەموویاندا دادەنا ا و هەندێ جاریش شتەکانیان تێکەڵ دەکرد، کە بەوەیان دەگوت چێشتی مجێور. ئیدی وێکڕا دەیانخاورد و سپاسی خودایان دەکرد و خەمی سبەینێیان نەدەخوارد و دەیاندایە دەست خودا.
بەشی ناوخۆیی، داخیلی.[40]
[41] مستەفا بەگی کەریم بەگی جاف، کە یەکێک بوو لە میرانی جاف و ماڵی لە کەلار بوو، پیاوێک بە ناوی جەلاللە ماڵیاندا دەبێ، کاروباری نێوماڵ و بەردەستییان بۆ دەکات. جەلال بە زۆرخۆری و قەڵەوی بەناوبانگ دەبێ. ڕۆژێکیان جەلال لە دەوروبەری گوندەکانی قەرەبڵاخ و سیامەرۆ و بانئاسیاو بە ڕییەکدا بە پێیان دەڕوات. لە دەشتێکدا، کە یاڵێکی لێوە نزیک دەبێ و شوانێک لە سەر یاڵەکە، پەزەکانی دەلەوەڕێنێت، تەنگاو دەبێ و دادەنیشی خۆی بەتاڵ بکاتەوە. کە تەواو دەبێ و هەڵدەستێتە سەر پێیان و وەڕێدەکەوێت، شوانەکە لەسەر یاڵەکەوە هاوار دەکات و دەقیڕێنێت و دەڵێ:هۆ هۆ لالەکە، هۆ مامەکە هۆ..، کەس وەڵام ناداتەوە. دواتر هەمدیس بانگ دەکاتەوە:هۆ هۆ لالەکە هۆ..، جەلالیش سەیری ئەملاو ئەولای خۆی دەکات، کە کەسی تر نابینێت و تەماشای شوانەکە دەکات، تێدەگا، کە لەگەڵ ئەمیەتی. ئیدی ئەمیش وەڵامی دەداتەوە:هۆ بەڵێ هۆ. شوانەکە دەڵێ:ئەوە ساقۆکەت، خەرقەکەت، لەبیر چوو و لەو جێگەی دانیشتی، جێما، تومەز جەلال هێندەی ڕووبەری تەشتێک، ساجێک، پیسی لەو جێگەیە جێهێشتووە، کە بۆ شوانەکە وەک پاڵتۆ و ساقۆ و ئەو شتانە هاتووەتە بەرچاو. جەلالیش ئیدی تێدەگا، شوانە مەبەستی چییە، دەڵێ:قەیناکا، قەیناکا، هیچ نییە و خۆی لێ کەڕ دەکات و بەڕێی خۆیدا هەنگاو هەڵدەگرێ و دەڕوات.
[42]وشەی ڕانەرم بۆ ئەو کەسە بەکارهێناوە، کە ئۆتۆمۆبیل لێدەخوڕێ. لە گەرمیان دەڵێن: فڵانە کەس ئۆتۆمبیل دەڕانێ، ڕانینی ئۆتۆمبیل. لە فارسییدا دەگوترێرانندە. کورد، وشەی سایەقیش بەکاردەهێنێت، سایەق لە سائقی عەرەبییەوە هاتووە. وشەگەلی: لێخوڕ و شۆفێریش بەکاردەهێنرێن. لەبری ماشێنلێخوڕین دەشی بگوترێماشێنئاژۆتن و ئاژۆتن و ماشێن داژوا، ماشێن دەئاژوا، ماشێنم ئاژۆت و لەسەر ئەو پێوانەیەش دەتوانین بە لێخوڕ، ڕانەر، سایەق و شۆفێر بێژینئاژۆر، واتە: ئەو کەسەی ماشێن داژوا.
[43] مالکۆڵم ئێکس(Malcolm X)، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و بانگخوازێکی ئیسلامی ئەمەریکایی لە ڕەچەڵەکی ئەفریقایی. لە نێوان 1925 – 1965دا ژیاوە و بە کوشتن کۆتایی بە ژیانی هێنراوە. داکۆکی لە ڕەشپێستان و مافەکانیانی دەکرد. لە 1946دا بە تۆمەتی دزی و پەلاماردان، زیندانی کرا و تا ساڵی 1952 لە زینداندا مایەوە. لە زینداندا بوو بە هەوادار و ئەندامی بزاڤی نەتەوە یا ئوممەتی ئیسلام(Nation of Islam)، کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی تایبەت بە ڕەشپێستان بوو و بڕوای بە باڵایی و مەزنیی ڕەگەزی ڕەشی بەسەر سپیپێستاندا هەبوو و ڕقی لە ڕەگەزی سپی دەبووەوە. کە مالکۆڵم ئێکس لە زیندان ئازاد کرا، بووبە یەکێک لە ڕێبەرانی ئەو بزاڤە و پتر پەرەی بە بیری ڕقبوونەوە لە سپیپێستان دا. لە 1964دا ئیدی بە هۆی هەندێ ناکۆکی لەنێو ئەو بزاڤەدا، مالکۆڵم ئێکس، وازی لەو بزاڤە هێنا و بیروباوەڕی گۆڕا و لەو توندئاژۆییەوە بوو بە کەسێکی میانڕەوی ئارام و دژە ڕەگەزپەرستی تا لە 1965دا بە دەستی چەند کەسێکی ئەندامی بزاڤەکەی خۆی، کوژرا.

[44] کۆمەڵێک وێنەی شاری لالیبێلا، کە لە گووگل(Google)ەوە وەرگیراون. ئەگەر هەموو جارێک کرتە لەسەر ڕەنگە شینەکەی بنەوەی لاپەڕەکە بکەیت، وێنەی نوێت دێنە بەردەست. https://se.images.search.yahoo.com/yhs/search;_ylt=A7x9Un43n.tY9jYAydg_Ogx.;_ylu=X3oDMTBsYWhiN2NvBHNlYwNzYwRjb2xvA2lyMgR2dGlkAw--?_adv_prop=image&fr=yhs-iry-fullyhosted_003&va=Lalibela&hspart=iry&hsimp=yhs-fullyhosted_003

[45] دوای هەڵهاتنم لە عیراق و کوردستان و ماوەیەک مانەوەم لە ئێران، بە فڕۆکەیەکی ئێرانی بەناویکوردستان، لەگەڵسوعادی خێزانمدا، ڕۆژی 08-03-1981، لە تارانەوە هاتین بۆ شام. وا ڕێککەوت عومەر دەبابە و عادیل مورادیش، کە دوو سەرکردەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، لەو فڕۆکەیەدا بوون. هەر بەڕێککەوتیش جێگەی دانیشتنی من کەوتە نێوان سوعاد و عومەر دەبابەوە. دەبابە لای پەنجەرەوە دانیشت و سوعاد لە پەڕەوە و منیش لە ناوەند. کاک عومەر دەبابە گوتی: ئەم فڕۆکە گەلێک گەورەیە، ئەمە جۆری بۆینگە، زۆر باش دەبوو، پیاو فڕۆکەیەکی ئاوهای هەبایە بۆ کاری بازرگانیی بە کاری بهێنایە. من تەنێ بە پێکەنینێک وەڵامم دایەوە، چونکە هەرگیز نەمتوانیوە خەونی لەو جۆرەیش ببینم. پاشان کاک دەبابە، باسی ئەوەی بۆ دەکردم، کە ئێستا چرای ئیشارەتەکانی نێو فڕۆکەکە دەکوژێنەوە یا پێ دەبن و مرۆڤ دەبێ کەمەربەندەکەی ببەستێتەوە و دواتر خۆراک دەهێنن و ئیدی چی دەبێ و...منیش هەر سەرم بۆ دەلەقاند و بەڵێم بۆ دەکرد. کە دیتی هیچ ناڵێم و هەر گوێ دەگرم، گوتی:خۆ تۆ حەتمەن پێشتر سەفەرت کردووە و دەزانی سەفەری فڕۆکە چۆنە!. گوتم:ناوەڵڵا کاک عومەر هەرگیز سەفەری فڕۆکەم نەکردووە و من فڕۆکەم هەر لە فیلم و وێنە و تەلەڤزیۆندا دیتووە، ئەمە جاری یەکەممە سواری فڕۆکە ببم و فڕۆکە لە نزیکەوە ببینم، دیارە ئەویش خودا خێری سەددام حوسەین بنووسێ، دەنا من ئەمەم نەدەدیت و سواری فڕۆکە نەدەبووم!.
[46] باڵندەیەکی گەورەی درێژی قوڕگ ئەستووری ئاوییە، بێجگە لە دەنووکی درێژ و پان، لەژێر بەشی خوارەوەی دەنووکیدا، پێستێکی کیسەئاسا شۆر بووەتەوە، کە وەک توورەکە بەکاری دەهێنێ بۆ ئەوەی، کە ماسی دەگرێ لەوێدا هەڵیگرێ و وردەوردە ئاوەودیوی گەروو و گەدەی بکات و چێژ لە خواردنی وەرگرێ. بە فارسیمرغ ماهیخوار و بە عەرەبیالبجع، بە کوردییش سەقاقوش، کە دیارە وشەکە لە بنەمادا تورکییە، یا سەقاکوژی پێ دەگوترێ، و ڕەنگە بە وشەیماسیخۆرەیش بۆ ئەو باڵندەیە بگونجێت.
[47] ڕووەکێکە بەرزییەکەی لەنێوان 1 – 3 میتر دەبێت و گەڵایەکی کەسکی 5 – 10 سەنتیمیتریی هەیە. لە نیوەدوڕگەی عەرەب و یەمەن و خۆرهەڵاتی ئەفریقا دەڕوێ. دەگوترێ، لە ئیسیووپیاوە گەیشتووەتە یەمەن. لە ساڵی 1973وە، قات، لەلایەن ڕێکخراوی لەشساغیی جیهانییەوە(WHO) وەک ماددەیەکی بێهۆشکەر و بەنگ هاتووەتە ژماردن. لە کاتی بەکارهێناندا، ماوەی دوو سێ سەعاتێک هێز و وزە دەداتە مرۆڤ و لەش چالاک دەکات، لێ دواتر دەبێتە هۆی گێژبوون و لەشخاوبوونەوە.
[48] لە سوێد و ئەوروپا و پێموابێ گەلێ لە وەڵاتانی جیهانی پێشکەوتوو، سیستمی ڕیزگرتن و نۆرە، لە گەلێ جێگە و بواردا هەیە. لە سوێد، ئامێرێکیان داناوە، ژمارەی یەک لە دووی یەکی تێدایە، تۆ کە وەژوور دەکەوێت، ژمارەیەک ڕادەکێشیت و ئەوەی دوای تۆ دێت، ژمارەکەی لە دوای تۆوەیە. ئیدی لە جێگەیەکەوە ژمارە لێدەدرێ، هەم دەنگی دێت و دەگوترێ ژمارە ئەوەندە و هەمیش بە چاو دەبینرێت و ئاماژەش بەو شوێنە دەکات، کە تۆ دەبێ بچیتە لای، بۆ نموونە دەلاقەی ژمارە 7 یا 13 یا هەر ژمارەیەکی دیکە، کە نۆرەت هات، دەچیتە کن ئەو دەلاقەیە و کارەکەت جێبەجێ دەکرێت. ئیدی نە پاڵنان و نە نۆرەبڕکێی بەرپرس و دەسەڵاتدار و لەمیش و مشەخۆرانی سەر خوانی دەسەڵات، وەک لە کوردستان ڕۆژانە دەبینرێت و نە هیچ، بەڵکە هەر کەسەو نۆرەی خۆی، خودای دەکرد، وەزیر و گزیر و کوڕ یا کچی سەرۆکی حوکوومەت و وەڵاتیش دەبوو.
[49] ئەو شێوە ڕێکخستنەی گەڕان و خۆپێشاندان و مۆسیقا و گۆرانی و خاچ و ئاڵا و پەیکەر و کەژاوەهەڵگرتن و دابەشکردنی خۆراکە، ڕێک کەربەلای ڕۆژانی موحەررەم و عاشوورای وەبیرهێنامەوە، کە ساڵانی نێوان 1968 – 1972، هەمیشە دەچووم و بەشدارییم تێدا دەکرد. بیریاری ئێرانی عەلی شەریعەتی، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، تەواوی ئەو شێوە تازیەبارییەی عاشوورا و هەموو ئەو نمایش و ڕێپێوان و کەژاوە و وێنەهەڵگرتن و شتانەی لەلایەن موسوڵمانانی شیعەوە دەکرێن، لە مەسیحییانی ئۆرتۆدۆکسەوە وەرگیراون و لاسییکردنەوەی ئەوانە.
[50] مەلەکردن لەنێو ئەو ئاو و ئەستێڵەدا وەک، مەلەکردنی هیندییەکان لە زەریای گانگە، گانگ، گۆنگە یا گانگیز یا گانجیز(Ganges، کە بە ئینگلیزی وای پێ دەڵێن)دا دەهاتە بەرچاو، کە زەریا و ئاوێکی پیرۆزە لەکن هیندۆسییەکان و خۆیانی لێ هەڵدەژەنن و بەوە ئیدی لە هەموو گوناهێک خاوێن دەبنەوە و دەبێتە هۆی خێروبێر بۆیان و کە مردوویشیان دەمرێ، دوای سووتاندنی، خۆڵەمێشەکەی هەڵدەڕێژنە نێو ئەو زەریایەوە.
[51] جۆن(John)، یۆن یا یۆحەننا، ناوێکە لەکن مەسیحییە ئۆرتۆدۆکس و کاتۆلیکەکان بە جۆن، ناودەبرێت و لای عەرەب پێی دەگوترێ یۆحەننای موعەمدان(یوحنا المعمدان)، ئەوە، کە عیسای مەسیحی تەعمید کردووە، واتە: کردوویەتی بە مەسیحی. لەکن موسوڵمانان ئەو جۆنە، یەحیایە، کە پەیامبەری مەندائی(الصابئة)یەکانە.
[52] لەو جۆرە ڕەوشەم لە کوردستان دیوە و لە گەرمای هاوینی گەرمیاندا، کارگەری خاوێنکردنەوەی خاشاک و زبڵم دیوە، لەبەر گەرمای 50 پلە و پتردا کاریان کردووە و قومە ئاوێکی ساردیان دەستنەکەوتووە بیخۆنەوە، لێ چاودێرەکانیان، لە ژوور و کابینەکانیاندا، کە تایبەتن بە خۆیان و کارگەر مافی ئەوەی نییە، بچێتە نێوییەوە و پشوویەک بدات، لەبەر هەوای فێنکدا دانیشتوون، چا دەخۆنەوە، ئاوی سارد دەخۆنەوە، سیغار دەکێشن، سەرخەو دەشکێنن، وقسەی زل دەکەن و هیچ کارێکیش ناکەن و چەند هێندەی کارگەرەکانیش، پارە وەردەگرن. لە وەڵاتێکی ئەوروپاییدا، بینا و باڵەخانە و پرۆژەی زەلام زەلام و مەزن دروست دەکرێن، کە تەماشایان دەکەیت، هەموو ئەوانەی کاری تێدا دەکەن، ناگەنە حەفت هەشت دانەیەک یا کەمتریش، نە چاودێریان هەیە و نە هیچ، چاودێریش، کارگەرێکە وەک ئەوانی دیکە.
[53] لای خۆمەوە بەراوردی ئەو پیاوە و پیاوێکی سوێدی هاوتەمەنی ئەوم دەکرد، کە چەندە لێکجیاوازن. سوێدییەکە، کە 65 پڕدەکاتەوە و خانەنشین دەبێ، ئەویش ئەگەر بۆ خۆی گەرەکی بێت، دەنا دەتوانێت پاش ئەو تەمەنەش بەردەوام بێت لە کارکردن، دەڵێ:ژیان ئیدی لەو تەمەنەوە دەست پێ دەکات. ئەوروپایی لەڕووی ڕووحییەوە پیر نابن، مرۆڤی ئیسیووپیایی و وەڵاتانی مانەندی ئەوێ، بە کوردستانیشەوە، زوو خۆ بە پیر دەزانن و جڤاک و دینەکەش لەو شوێنانە، ڕووحی خۆبەدەستەوەدان و تەواوم کردووە و...بە سەریاندا زاڵ دەکات.
[54] ئەم حاڵەتە، ئەمەی ئەو ژنانە و کارگەرانی پلیکانەکە و بوونی دەیان کارمەند لە یەک ژووردا و سەدان کارمەند لە کارگێڕییەکدا، لە کوردستانیش هەیە، کە ئەگەر %90یشیان نەبن، کارەکە بە %10 یان بە باشی و ڕێکوپێکی و بێ کێشە دەکرێ، ئەمە حاڵەتی بێکاریی شاراوەیە، کە عەرەب پێی دەڵێالبطالة المقنعة، ئەمە لە وڵاتانی گەشەنەسەندوودا بە ڕوونی دەبینرێ و خەڵک ناونووس دەکەن و مووچەیان بۆ دەبڕنەوە، بێ ئەوەی کارێک بکەن و بەرهەمێکیان هەبێت، وەک لە کوردستانی خۆمان، کە یەکێکە لەو وەڵاتانەی بە زەقی و ئاشکرا، خەڵک دەکرێنە مشەخۆر و پارەی مفت وەردەگرن، بێ ئەوەی ڕێزەیەک وێژدانیان بیریان بخاتەوە، کە ئەوەی دەیکەن و وەریدەگرن، دزییە.
ئەم بابەتە 7,515 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 2
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: گەشتنامە
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 95%
95%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 23-07-2018 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هاوڕێ باخەوان )ەوە لە: 23-07-2018 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 08-02-2022 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە 7,515 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.130 KB 23-07-2018 زریان سەرچناریز.س.
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
29-01-2024
ژیاننامە
کەمال محەمەد ڕەمزی
ژیاننامە
مەلا عەبدوڵڵای وەڕازی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێ...
پەرتووکخانە
بە تیشکی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
ژیاننامە
مەیان خاتوون
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
14-03-2024
ژیاننامە
مژدە جەمال کەمالەدین
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
04-03-2024
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
27-01-2024
ژیاننامە
ژیان عەلادین
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
19-03-2024
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
ژیاننامە
سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
درەخشان فەرەج سەعدون
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
فلاشباک؛ لە دەفتەری بیرەوەر...
پەرتووکخانە
دووبارە پێناسەکردنەوەی کورد...
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆ...

ڕۆژەڤ
شەهیدان
موسا عەنتەر
10-11-2008
هاوڕێ باخەوان
موسا عەنتەر
ژیاننامە
کەرەمێ سەیاد
08-03-2015
هاوڕێ باخەوان
کەرەمێ سەیاد
ژیاننامە
سمکۆ عەزیز
17-11-2012
هاوڕێ باخەوان
سمکۆ عەزیز
ژیاننامە
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان
29-05-2022
شەنە ئەحمەد
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان
شەهیدان
ژینا ئەمینی
17-09-2022
شەنە ئەحمەد
ژینا ئەمینی
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
ناسر ئیسماعیل حەسەن
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
نەشوان نایف عەزیز سلێمان
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
نەواف ئیسماعیل حەسەن سەعید
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هاڤین خێرۆ حەسەن
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هەزار موراد معکۆ عەنۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هوەیدە ئیلیاس خرمش شێخۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی موشیر دیوان،
28-03-2024
سارا سەردار
پارت و ڕێکخراوەکان
کارۆ
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
28-03-2024
سارا سەردار
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ئامار
بابەت 514,828
وێنە 104,279
پەرتووک PDF 18,889
فایلی پەیوەندیدار 94,731
ڤیدیۆ 1,232
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
29-01-2024
ژیاننامە
کەمال محەمەد ڕەمزی
ژیاننامە
مەلا عەبدوڵڵای وەڕازی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێ...
پەرتووکخانە
بە تیشکی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
ژیاننامە
مەیان خاتوون
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
14-03-2024
ژیاننامە
مژدە جەمال کەمالەدین
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
04-03-2024
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
27-01-2024
ژیاننامە
ژیان عەلادین
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
19-03-2024
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
ژیاننامە
سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
درەخشان فەرەج سەعدون
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
فلاشباک؛ لە دەفتەری بیرەوەر...
پەرتووکخانە
دووبارە پێناسەکردنەوەی کورد...
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆ...

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.33
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 2.563 چرکە!