ژنی خراپ و ژنی باش
ژنی خراپ و ژنی باش، موفتی پێنجوێنی
ژنی خراپ
گەر خودا نەیدا بەچاکی دوژمنی ئینسانە ژن
مارودوپشک و پڵنگی شاخی هەورامانە ژن
گەر گڵۆپی دووسەدیش هەڵکەیت لە ماڵ و مەتبەقا
دوکەڵی حەوش و حەسارو ژور و بەرهەیوانە ژن
تۆ(دە) پەیداکەیت لە ڕۆژدا ئه و بە(سی)داناکەوێ
هەرخەریکی قاوچ و قۆچ و بردن و تاڵانە ژن
گەر نەخۆشینت نەبێ سیلداری و دڵ پڕ لەغەم
چۆتە ناو جەرگت بە دائم ئێش و دەردو ژانە ژن
گەر لەگەڵ ئەودا بەهەشتت پێبدەن لێی ڕائەکەیت
تاوەکو مردن ئەزیزم دەردی بێ دەرمانە ژن
گەر شێوەی شۆخ و شەنگ و دورکوژو پڕ عیشوەبێ
تۆ لەبەر چاوودڵت شێوەی وەک و شەیتانە ژن
بۆ خراپی ئه و قەڵەم دەشکێ و زمانیش کۆڵ دەبێ
قابیزیش ڕازی نەبێ هەر ئێشی گیان کێشانە ژن
هەربژی موفتی کەوا دائم لەڕێی ڕاستی دەڕۆی
هەربڵێ تامردنت دەردوبەڵای ئینسانە ژن
ژنی باش
گەر خودا بیدات بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن
نیعمەتێکە وەک بەهەشت و هاودەمی پیاوانە ژن
بۆ دڵێکی بێ غەم و شەخصێکی بێ دەرد و ئەلەم
گەوهەرێکی شەوچراغی ژور و بەر هەیوانە ژن
گەر کەموکوڕیت لە ماڵیشدا هەبێ باکت نەبێ
بۆ کەموکوڕی تەرازوی کۆمەڵی خێزانە ژن
ژن لە لای پیاوی نەزان و سەرسەری نرخی نییە
بۆ ژیانی کۆمەڵی باشتر لە میرو خانە ژن
بۆ سوپاسی باسی چاکی چی بەیان کەم هەر کەمە
جووت و ئاش و نان و بەرگ و باخچه و بێستانە ژن
باعیسی ئارامیی قەلب و مەرهەمی دەردو برین
بۆ هەموو دەردێ دەوا بەخشێکە وەک لوقمانە ژن
دەوڵەتێکی پڕ لە شەوق و زەوقە دائم بۆ بەشەر
نیعمەتێکی خۆشەویستی و بێ سەر و سامانە ژن
کەی گوڵ و گوڵزاری باخاتی ئیرەم وەک ئه و دەبێ
باغی ساحێب زینەت و پڕ لوئلوئی مەرجانە ژن
بۆ کەسێ نوری سولەیمانی لە قەلبیابێ یەقین
پایە مەحکەم کردنی حەق دین و هەم ئیمانە ژن
زۆرتری عەیشی بەهەشت حۆری عەین کچن
لەززەت و خۆشی بەیاناتی لە ناو قورعانە ژن
بێتو گەر موڵکی کەماڵ و گەنجی حوسنی یەک کەوێ
گەر دووسەد گەنجی لەسەر دانێی دەڵێم هەرزانە ژن
⚠️ This item has been written in (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!