پەرستگەی حاجی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕووخێنرا و چەندین ساڵ وەک کەلاوەیەک مایەوە و ئێستا تەنیا چەند بەردێک و بناغەکەی ماوەتەوە.
گوندی حاجیکاش شوێنی ژیانی هاوبەشی کورد و ئەرمەن بوو. ئەو گوندە 3 جار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە سوتێنرا. دەوڵەتی تورکیا ساڵی 1930 و لەکاتی کۆمەڵکوژیی زیلاندا بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گوندی حاجیکاش کوشت و ئەوەشی مایەوە ڕایگواستن. گوندەکە لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە بەتەواوی چۆڵکرا. لەو کۆمەڵکوژییەدا شوێنەوارە مێژوییەکانی گەلی کورد و ئەرمەن لەو گوندەدا ڕووخێنران. یەکێک لەو شوێنەوارانە پەرستگەی مێژوویی حاجی بوو.
پەرستگەی حاجی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕووخێنرا. ئێستا جگە لە چەند بەردێک و بناغەکەی هیچی لێنەماوەتەوە. ئەو پەرستگەیە وەک ناوەندێکی حەج بوو بۆ ئەرمەنییەکانی ئەو ناوچەیە، بەڵام تا ئێستا ئەوە بە ڕوونی دیار نییە پەرستگەکە لەلایەن کێ و کەی درووستکراوە.
هاووڵاتییانی گوندی حاجیکاش دەڵێن پێشتر ئەرمەنییەکان بۆ حەج دەهاتنە حاجیکاش. ئەو ئەرمەنییە بهاتایەتە ئێرە دەبووە حاجی. ئەو کاتە گوندەکە ناوی کاش بوو، دوای ئەوەی ئەو هاووڵاتییانە سەردانی گوندەکەیان دەکرد و دەبوونە حاجی، ئیتر وردەوردە بە گوندەکەیان دەوت حاجیکاش، بەڵام ئەو شوێنەوارە مێژووییە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لەناوچوو.
بەپێی زانیاریی هەندێک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندە، مێژووی ئەو گوندە و پەرستگەکە دەگەڕێتەوە بۆ 3 هەزار ساڵ لەوە پێش و بۆ سەردەمی ئورارتوییەکان.[1]