ئەمریکا هاوکاریی مەسیحییەکان و کوردی ئێزدی دەکات
📊 ئامار و راپرسی
حکومەتی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەیان ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە هەردوو کۆمەڵگای مەسیحی و ئێزدی عێراق و کوردستان بکات، ئێستاش ناوەندی پەیوەندیدار خەریکی دۆزینەوەی رێوشوێنی پێویستە بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانە رەوانە بکرێن. ئەو هاوکارییە لەژێر گوشاری جێگری سەرۆکی ئەمریکادا رەزامەندییان لەسەر دراوە.
مارک گرین، بەرپرسی ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) بە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی راگەیاند کە 10 ملیۆن دۆلار بە دوو گروپ دەدرێت، یەکێکیان لەلایەن ناوەندی خزمەتگوزاریی هاریکاری کاتۆلیکییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. 25 ملیۆن دۆلاری دیکەش بە کۆمەڵگا چەوساوەکانی عێراق دەدرێ، بەتایبەتیش مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا و ئێزدییەکانی شنگال.
ساڵی رابردوو ئیدارەی کۆشکی سپی رایگەیاند هاوکارییە مرۆییە دەرەکییەکان کەمدەکەنەوە، بەڵام هاریکارییەکانی ئەمجارە دەریدەخات پاراستنی مەسیحی و کەمینە ئاینییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو ئێستاش لە بەرنامەی کاری حکومەتی ئەمریکادا ماوە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی (واشنتن پۆست) ئەوانەی لۆبییان بۆ ئەم هاریکارییە کردووە، هەمان ئەو گروپ و لایەنانە بوون کە لە ساڵی 2016دا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردبوو تاوانەکانی داعش لەدژی کوردی ئێزدی و مەسیحییەکان وەکو جینۆساید بناسێت.
ئەو گروپانە نیگەرانیی خۆیان بە ئیدارەی ئەمریکا راگەیاندووە کە خەریکە مەسیحی لە ناوچەکەدا نامێنێ، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا لە ساڵی 2003ەوە نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس دابەزیوە و گەیشتووەتە تەنیا 200 هەزار کەس، ژمارەی ئێزدییەکانی ناوچەی شنگالیش زۆر دابەزیوە و گەیشتووەتە 500 هەزار کەس. هەر ئەمەش وایکردووە واشنتن بایەخێکی تایبەت بەو دوو کۆمەڵگەیە بدات، هەرچەندە هاوکارییەکانی (USAID) نابێ لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە بن.
نینا شیا، سەرۆکی ناوەندی ئازادی ئایین لە پەیمانگای هۆدسن. بە رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت ئەگەر ئەو تاوانانەی کراون بەپێی پەیماننامەکان جینۆساید بن، ئیدی بۆچی نابێ بەپێی ئەو پەیماننامانە هاوکارییان بکەین؟. شیا یەکێکە لەو کەسانەی پشتگیری هاریکاریی زیاتری ئەو دوو کۆمەڵگایە دەکات، چونکە پێیوایە ئەوان رزگاربووی جینۆساید و قێزەوەنترین توندووتیژ و دەستدرێژین کە لە دژی مافەکانی مرۆڤ کرابێ. پاش هۆڵۆکۆست (واتە کوشتاری جووەکان لەسەر دەستی نازییەکان) ئێمە بەڵێنماندا هیچ کات پاسیڤ نەبین و رێگە نەدەین کۆمەڵگایەک بەو شێوەیە لەنێوبچێ.
لە یەکساڵی رابردوودا هاویکارییەکان هەم کەم ببوونەوە و هەم پرۆسەی رەوانەکردنیشیان خاوکرابووەوە، ژمارەیەک گروپی پشتیوانی لە کۆمەڵگە ئاینییەکان ئەو پرسەیان بۆ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەرزکردبووەوە. بەپێی راپۆرتەکەی (واشنتن پۆست)، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی پارساڵەوە بەردەوام چاودێری هەوڵەکانی (USAID)ی کردووە، دواتریش بە گروپی (بەرگری لە مەسیحییەکان)ی راگەیاند کە چیدی کار بە پرۆگرامە بێسوودەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکەن، بەڵکو لە رێگەی (USAID)ەوە هاریکاری پێشکەش بە هەردوو کۆمەڵگەی مەسیحی و کوردی ئێزدی دەکەن.
راپۆرتەکەی (پۆست) ئاشکرای دەکات لە مانگی کانوونی یەکەمی پارساڵ، (USAID) شەش ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بە سێ رێکخراوی ناحکومی داوە، تاوەکو یارمەتی ئاوارە گەڕاوەکانی دەشتی نەینەوا بدەن. هەر لە کانوونی یەکەمدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش 10 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە کەمایەتییە ئاینییەکانی عێراق کرد.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا ئاژانسە ئەمریکییەکە 55 ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆگرامی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) رەوانەکرد، ئەم پارەیە بەشێک بوو لەو 75 ملیۆن دۆلارەی کە ئەمریکا بە شێوازی قست پێشکەش بە پرۆگرامەکەی نەتەوەی یەکگرتووەکانی دەکات. ئەمریکا رایگەیاندووە ئامادە نییە 75 ملیۆن دۆلاری دووەم بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، ئەگەر گەرەنتی ئەوە وەرنەگرێ پارەکە بە شێوەیەکی گونجاو خەرج دەکرێ. لەو کاتەوە ئاژانسە ئەمریکییەکە 4 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ پێداویستییە تەندروستییەکان لە نەینەوا خەرج کردووە و ئێستاش بەدوای گروپ و رێکخراوی خۆجێییدا دەگەڕێ تاوەکو بۆ خەرجکردنی 35 ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاری بکەن.
حکومەتی ئەمریکا (UNDP) بەوە تۆمەتبار دەکات لە گەیاندنی هاریکارییەکان بۆ نەینەوا و شنگال خاو بووە. مارتا رۆیداس، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هاریکارییەکانی ئەمریکا لە 340 پڕۆژەدا خەرجکراون، بەڵام پێویستییەکان لەو ناوچەیە زۆرن و هاوکارییەکانیش بەپێی پێویست نین. بانکی جیهانی و حکومەتی عێراق رایانگەیاندووە 88 ملیار دۆلار تەنیا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە پێویستن کە لەژێر دەسەڵاتی داعش دابوون.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی (پۆست)، مایک پێنس لە کارەکانی (USAID) رازی نییە، بۆیەش داوای کردووە بەرپرسی ئاژانسەکە پێش کۆتایی ئەم مانگە سەردانی ناوچەکە بکات و راپۆرتی کار بۆ ئۆفیسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بنێرێ، یەکێک لەو شتانەش کە پێنس جەختی لەسەر دەکاتەوە خێراترکردنی هاریکارییەکانە، کە زۆرجار بە بیانووی کارە ئیدارییەکان کێشەیان بۆ دروستدەبێ.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگادار لە کێشەکە بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاندووە کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە (USAID) هەیە لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە ئەولەوییەت بە مەسیحی و کەمایەتییە ئاینییەکان بدات، تەنانەت پشتگیری خۆیشی بۆ گۆڕینی ستافی بەرپرسیار لە هەوڵەکانیش دەربڕیوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر، مایک پێنس لە کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی گروپێکی مەسیحییەکانی تێکساس رایگەیاند دەمەوێ بەڵێنی ئەوە بە هەمووتان بدەم، کە ئۆقرە ناگرین هەتا هاوکاریی پێویست بۆ هەڵسانەوە، ئاوەدانکردنەوە و خۆشکردنی ژیان پێشکەش بە هاوڕێ مەسیحییەکانمان و هەموو کۆمەڵگا چەوساوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکەین.
تاوەکو ئێستا دیار نییە کام گروپ لە عێراق لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بێبەش دەبێت، لەکاتێکدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی مەسیحییەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان بخرێنە ئەولەوییەتەوە. گروپەکانی پشتگیری لە مەسیحی و کوردە ئێزدییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە چوار ساڵی رابردوودا ئەو دوو کۆمەڵگایە لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بێبەشکراون.
بەرپرسی (USAID) پێیوایە ئەو بایەخەی ئاژانسەکەیان بە مەسیحی و ئێزدییەکانی دەدات، وەکو ئەو بایەخەیە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە موسڵمانەکانی میانماری دەدات کە بە گەورەترین گروپی چەوساوەی ئایینی لە جیهاندا لەقەڵەم دەدرێن. مارک گرین نیگەرانیش نییە لەوەی ئەم هەوڵەیان بەوە لێکبدرێتەوە کە لە نێوان گروپە جیاجیا عێراقییەکاندا جیاوازی دەکەن چونکە ئاژانسی (USAID) لەگەڵ زۆر گروپی چەوساوەی ئایینی دیکەش کار دەکات و پشتیوانیان دەکات.
[1]
04-07-201804-07-2018