راگەیەندراوی هاوپەیمانی سەبارەت بە پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە پارێزگای کەرکوک
📝 بەڵگەنامەکان
بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دەستەی دادوەران) بڕیارە لە رۆژی سێشەممە
03-07-201803-07-2018 ەوە پرۆسەی هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی رێژەیی بۆ سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیراق لە کەرکوکەوە دەستپێبکات و لەماوەی 3 رۆژدا کۆتایی پێبهێنرێت و بریکاری قەوارە سیاسییەکانیش ئەتوانن وەک چاودێر ئامادەبن.
ئێمە وەک هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری هەڵوێستی فەرمی خۆمان لەوبارەیەوە بەم شێوەیەی لای خوارەوە رادەگەیەنین:
سەرباری ڕەخنە و نیگەرانییەکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە 12/5، هاوپەیمانی و لیستی نیشتمان بە ڕەچاوکردنی بار و دۆخ و تایبەتمەندێتی نەتەوایەتی کەرکوک هیچ تانەیەکی بە هەڵبژاردنی کەرکوک پێشکەش نەکرد، بەڵکو تانە و سکاڵاکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم و عێراق داوە، و هەروەها لە تەواوی ناکۆکی و مشتومڕی نێوان پەرلەمان و کۆمسیۆن و دادگای فیدڕاڵیدا ئێمە سووربووین لەسەر شێوازێکی چارەسەر کە زامنی بێگەردی و نەزاهەتی هەڵبژاردن و شەرعییەتی پرۆسەکە و گەڕاندنەوەی دەنگەکان بێت بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان.
ئەمرۆش دوای سڕکردنی کارەکانی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیاران و دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی نوێی دادوەران بەپشتبەستن بە ڕاگەیەنراوی 24/6/2018 کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە سەرباری ئەو پێشێلکارییانەی کە لەپرۆسەکەدا روویاندا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی کەرکوک و هەستیاری بارودۆخەکە و بەتەنگەوەهاتنی پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەباشمان نەزانی سکاڵا لەسەر سندووقەکانی دەنگدان تۆماربکەین و تانەمان لە کۆی پرۆسەکە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دەستەی دادوەران) داوە.
بۆیە پەیوەندیمان بەو پرۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە نیە کە بڕیارە لە کەرکوک دەستپێبکات و نوێنەری خۆمان وەک بریکار و چاودێر رەوانەی پرۆسەکە ناکەین.
هەڵوێستی کۆتاییشمان پاش راگەیاندنی دوایین ئەنجامەکانی پرۆسەی هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی رێژەیی دەنگەکان و موسادەقەی دادگای فیدڕاڵ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیی و نەتەوەیی و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیان و پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق دەبێت.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
کەرکوک
02-07-201802-07-2018