بەهۆی قەیرانی ئابووری هاونیشتمانییەکی زۆر ڕووی لە کشتوکاڵکردن کردووە و جووتیارانیش داوا دەکەن حکومەت هاوکاریان بێت و لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکان یارمەتییان بدات.
کۆی ڕووبەری باشووری کوردستان 35%ی شیاوی کشتوکاڵکردنە، واتە یەک ملیۆن و 209 هەزار و 821 هێکتار،
مام کامەران، ئەندازیاری کشتوکاڵییه و 40 ساڵە جووتیاره و دەڵێت هۆکاری سەرەکی حکومەتە، بۆ نایەت کارگە و ساردخانە لە ڕێگەی کەرتی تایبەت بنیادبنێت، با ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت بکات، ئەوکات دەبینی بەرهەمی خۆماڵی لە چ ئاستێک و سوودێک دەبێت.
کشتوکاڵ ئه و کەرتە ئابووریەی هەلیکار بۆ هەردوو ڕەگەز و گەورە و بچووک دەڕەخسێنێت، ئاسایشی خۆراکی وڵاتە، لە دوای نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیهەوێت پشت به و کەرتە ببەستێت، لە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی بە ڕێگا و بان، کارەبا و قەرزی کشتوکاڵی پاڵپشتی ئەم کەرتە بووه.
ئەیوب ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێشکەوتوو لە بنکەی کشتوکاڵی ڕواندز دەڵێت قەیرانی دارایی دەستی حکومەتی بەستوون، له ڕێگەی ئەوەوە داوا لەکەرتی تایبەت دەکەین بێتە پێشەوه و ئەمەش ئەوەی لە دەستمان بێت ئاسانکاری بۆ دەکەین.
کەمی هەلی کار لە کەرتەکانی دیکەی کارکردن بەهۆی قەیرانی دارایی هاونیشتمانییەکی زۆر ماوەی دوو ساڵە ڕوویان لە کەرتی کشتوکاڵ کردووه.
لە هەریر کارگەی دۆشاوی تەماتە هەیه و دەتوانێت ڕۆژانە 168 تۆن تەماتە بکاتە 24 تۆن دۆشاو و هەلی کار بۆ 500 کەس برەخسێنێت.
لە چۆمان ساردخانە هەیە و توانای هەڵگرتنی 60 هەزار تۆن بەرهەمی کستوکاڵی هەیە، هەردووکیان ئامادەن بۆ کارکردن، بەڵام حکومەت کاریان پێناکات.[1]
#29-06-2018#