وتووێژکار: حەمیدە سائێب
#عەلی عابدی# شاعیر و ئاهەنگساز و ژەنیاری ویۆلۆن لە 1364ی هەتاوی هاتوتە دنیای هۆنەرەوەو لە بواری ئاهەنگسازیدا زۆر سەرکەوتوو بووە و چەندین سروود و گۆرانی ناوازەی چووەتە دڵی کۆمەڵگەوە و ئەم بەرهەمانە هەرمان بوونتەوە، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەم گۆرانییانە بکەین؛ ” بەتەنیا جێم مەهێڵن”، شەهید (شەهید گوڵی چیای بەرزە)، شار، حماسە، نابەزم، ژانی گەل و چەندین سروود و گۆرانی دیکە. هەرەوها عەلی عابدی یەکەم ئاهەنگساز بووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆنراوەی نوێی (بە ڕاگرتنی قاڵبی هۆنراوەەکە بێ کەم و زیادکردن) بەکار هێنا وەکوو ئەم بەرهەمانەی: ” زام ” (هۆنراوەی مامۆستا ڕفیق سابیر) ” دەرکی بەهەشت، شەهید، تابەکەی و هتد…
زۆرجار بۆ میلۆدیەکان هۆنراوەی نووسیوە کە ساکاربوون (لە هەمان کات پڕمانا بوون)، زمانی ناسک و خەیاڵاوی (دووری لە وشەی زبر)، دووری کردن لە وشەی کەسایەتی و تاکێکی تایبەت، لە بیر مانەوە و لەیادمانی هۆنراوەکان لە مێشکی بەرانبەر، یەکگرتوویی بابەت، ڕەوان بوون و گونجاو بوونی بۆ میلۆدی، لە تایبەتمەندی هۆنرواەکانی عەلی عابدیە، لە وانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ” کاتێک هەر تۆ بۆ من ”، شوعلەی ئەوین، تۆی هاودەمم، سەربەخۆیی و هتد…
عابدی لە ماوەی 3 دەیە کاری هونەریدا، وەک ژەنیار و ئاهەنگساز و ئارێنجمێنت بۆ چەندین هونەرمەندی وەک؛ کامەران عومەر، ژاڵە #سنە#یی، ئەردەوان ڕۆستەم پوور، محەمەد ڕەئوف #کەرکووک#ی، عادڵ عەزیز، شێرزاد حەسەن زادە، جامال حەسن نژاد، نەبز محەموودی، وەستاخدر ڕادوێ ساز، عەبدوڵڵامحەموودی، هێدی قادری، مەحموود هەژیر، محەمەد گۆمانی، تاهیر خەلیلی، حسێن خاڵدار، سەید برایم #سەقز#ی، حسام حسێنی، کەریم خاکی، عەلی بینایی، سیروان خالیدی، مەنسوور کاویان، عادڵ عەزیز، ئومێدمستەفا، حامید عوسمان، تارا ڕەسوڵ، دانیال، زرار، نەبەز مەحموودی، نایب منبەری، حسێن دانایی، محەمەد کێلەشینی، سەید محەمەد سەفایی، فەقێ مینە، قادر ماڵەدۆمی، جەلال کەریمی، جەلیل مەڕانی، عەبدووەڵامحەموودی، مستەفا زەریفی، هیواحسێنی، غەریب زەیناڵی، نیزام مەلازادە و هتد دەیان گۆرانی و ئەڵبۆمی تۆمار کردووە.
تا ئێستا 4 پەرتووکی لە بواری ئاهەنگسازی و لێکۆڵینەوەی موزیکی کوردی بەناوەکانی ” بەتەنیا جێم مەهێڵن، وەرزێک لە ئاوازەکانی عەلی عابدی (2004#سلێمانی#)”، “لە دڵمایە، ژیان و بەرهەمی ڕەشید فەیزنژاد (2006 سلێمانی)”، ” ژیلان، گۆرانی بۆ منداڵان (1391) “، ” زایەڵە، 31 گۆرانی بۆ تار، سێ تار و سەنتوور.
دەتوانین بڵەین عابدی یەکێکە لە جیلی یەکەمین ئاهەنگسازانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆسیقای (پاپ) ی کوردی دەستپێکردووە و زۆربەی ئاوازەکانی هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا پاپن و زیاتر لە مۆدە ڕۆژاواییەکان کەڵکی وەرگرتووە و لە هەمان کات بەڕوونی تایبەتمەندی مۆسیقای کوردی وەک ڕەوتی میلۆدی و ڕیتمی کوردی پێوەدیارە، ئاوازەکانی بۆ بیسەرانی کورد نامۆ نین و نموونەی سەرکوتووی زۆرە. هەر ئەوەندە بەسە بڵێین کە بەتەنیا جێم مەهێڵن نەوەک سرودێک بۆ #هەڵەبجە# بەڵکوو ئێستا وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی لێ هاتووە کە لە بۆنە جۆراوجۆرکان دەبێتە هێمای یەکگرتن و هاودڵی وەک چۆن لە فارسەکان دا ” یار دبستانی ” ئەو ڕۆڵەدەگێڕێ.
عەلی عابدی لە دەیەی 70 و 80 هەتاوی دا لە بواری مۆسیقا و کەلەپووری کوردی گەلێک چالاکی بەرچاوی ئەنجام دا و چەندین ئاوازی کۆن و ڕەسەنی لەبیرکراوە دووبارە هێنا ناو کۆمەڵگەوە لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە: پەندی پێشینیان، 3 کاسێتی محەمەد کێلەشینی، زێرنۆکێ (ئەڵبۆمی یەکەمی ئەردەوان ڕۆستەمپوور)، چەندین بەرهەمی سەید محەمەد سەفایی، سەید برایم سەقزی، کەریم خاکی، جەلال کەریمی، فەقێ مینە، حسێن خاڵدار، جامال حەسەن نژاد و …
ئەگەرچی ئەو خۆی مامۆستای خۆی بووە و بە خۆڕسک ئاهەنگسازی و نۆتە و تیئۆریی و ژەنینی ویۆلۆن و … فێر بووە بەڵام لەدەیەی 70ی هەتاوی بۆ فێربوونی زیاتر و پلەکانی باڵا دەچێتە لای مامۆستای گەورەی کورد” موجتەبا میرزادە” و شانازی شاگردی لە خزمەت ئەو مەزنە هونەرمەندەدا بووە و ئەزموونێکی هاوکێشی گەوهەری لێ فێر دەبێت. عابدی 28 ساڵە لە فێرگە و ناوەندە هونەریەکان وانەی مۆسیقا دەڵێتەوە و چەندین قوتابی سەرکەوتوو هەبووە. ئەو لە وانەوتنەوە ی مۆسیقا دا لە هەمان کات کە مۆسیقای ڕۆژاوایی (کلاسیک) دەڵێتەوە، مۆسیقای کوردی ش بە شێوەی زانستیانە و نۆتە و تێئۆری دەڵێتەوە چوون بڕوای وایە هەردووک پێویستن.
ساڵی 1392 هەتاوی بەرهەمێکی بەناوی “حماسە ” کە ئاهەنگسازی خۆی بوو لەگەڵ تیپی مۆسیقای نەکەرۆز بڵاو کردەوە و لەلایەن جەماوەری کورد و میللەتانی دیکەوە زۆری پێشوازی لێ کراو و لە زۆربەی کەناڵە بیانی و فارسی و کوردییەکانەوە بڵاو کرایەوە و بوو بەهۆی ئەوەی جگە لە کورد لەنێو گەلانی دیکەش دا ناسراو بێت.
عەلی عابدی تا ئێستا چەندین گرووپی مۆسیقای سەرپەرشتی کردووە لەوانە: ” سروە ی سەقز ”، ” تیپی مۆسیقای #سەردەشت# ” و تیپی مۆسیقای نەکەرۆز (کە دامەزرێنەری ئەو گرووپە بووە و تا ئێستاش سەرپەرەشتی دەکات) و لەگەڵ گرووپی نەکەرۆز تا ئێستا 2 کۆنسێرت و 19 جار بەرنامەی ساڵڕۆژی هەڵەبجە و چەندین بەرنامەی ئەنجام داوە بەڵام دوایەمین کۆنسێرتی عەلی عابدی، ڕەشەمەی 1377ی هەتاوی بووە و ئێستا زیاتر لە 20 ساڵە کۆنسێرتی ئەنجام نەداوە.
لەم وتووێژەدا عەلی عابدی باسی هۆکاری بەڕێوە نەچوونی کۆنسێرتمان بۆ دەکات.
پ: هۆکاری چییە بەڕێزتان زیاتر لە 20 ساڵە نەچوونەتە سەر ستەیجی کۆنسێرت؟ خۆتان حەزتان نەکردووە یان ئیجازەی ئەو کارەیان پێنەداون؟
و: لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ چالاکی هۆنەریمدا بە شێوەیەکی ڕانەگەیندراو نەکراو واتە بەکردەوە قەدەغەی کارکراوم. چەندین جار لە ڕێگەی یاساییەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت، کۆبوونەوە و سیمیناری هۆنەری چووینەتە پێش بەڵام نەیانانهێشتووە و ڕێگر بوون.
تەنانەت چەندین جار لە فەرمانگەی ناوەندی ئیرشادی پارێزگای سنەوە ئیزنی سیمینار و هکۆبوونەوەی هونەریم بۆ وەرگیراوە، بەڵام فەرمانگەی ئیرشادی شاری سەقز و ناوەندە بەرپرسیارەکان ڕێگریان کردووە و سەروتر لە یاسا توانیویانە بەر بە بەرنامە سەحنەیەکانم بگرن.
پ: پێتان وایە چ لایەن و کەسانێکن کە ئاستەنگیان بۆ درووستکردوون ؟
و: لای هەموو کەس ئاشکرایە ئەو کەسانە کێن، بەڵام وەڵامەکە ئەوەیە کە هەندێک لۆمەێنی نەزۆکی فەرهەنگی و هۆنەری کە داردەستی دەسەڵاتداران و موتریبی دیوەخانەکانن ماوەی 30 ساڵە بێ پسانەوە ناوەندە ئەمنی و فەرهەنگیەکانیان لە من و هاوڕێیانم هاشەدار دەکەن بۆ ئەوەی نەتوانین چالاکی هۆنەری ئەنجام بەدەین. جودا لەوەش نیشانی سیاسی بوونیان پێوە هەڵواسیوم و هەربەم بۆنەوە زیاتر لە دەجار بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراوم بە بێ ئەوەی یەک دێڕ پەروەندەی قەزائییان لە من ببێت.
پێویستە ڕوونی بکەمەوە کە لە ماوەی 40 ساڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جیا لەوەی مافی کار کردنم لێ زەوت و قۆرغ کراوە، لە تەواوی ماف گەلێک کە شارومەندێکی ئاسایی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەیەتی من بێبەش بووم، تەنانەت زۆر شتی دیکەشم لەسەر هونەر و ئەم پێشهاتانە داناوە کە جارێ بۆ باس کردن نابێت.
پ: بۆچی ئەو زەخت و گوشارانەیان بۆ هێناویت؟
و: هەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارەت لای نەیارانی منە بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەم ستەمە 30 ساڵە لەسەرمەو تەنانەت چەندین جار پلانی سڕدرانەوەی جەستەییم لە ئارادا بووە و چەندین جاریش ڕاستەوخۆ وتوویانە کە دەبێت لێرە بڕۆیت. کە واتە حەز ناکەن لە پێش چاویان بم و دەیانەوێت ڕاستەوخۆ کاریگەریم لەسەر ڕەوتی هونەریی کوردستان ببڕن و گۆشەگیر ببم و بمسڕنەوە.
پ: بەم لێکدانەوەیە دەتوانین بڵێین هەر بەم هۆکارانە بووە کە لەم 30 ساڵدا چالاکیتان بە شێوەی ژێرزەمینی و سەربەخۆ بووە بە جۆرێک بوونەتە هێمای موزیکی ژێرزەمینی کوردستان؟
و: بەڵێ ئەو بۆچوونەکەتان درووستە و زۆرترین چالاکی نووسین و تۆمارکردنم بە شێوەی ژێر زەمینی بووە.
پ: بۆ باری ماددی و تکنیکی بەرهەمەکانتان کێ ئێسپانسێرتان بووە؟ چۆن توانیوتانە ئەو بەرهەمە بە ناوبانگ و ناوازانە ئەنجام بدەن؟
و: چ لەباری ماددی و چ لە بواری تەکنیکی هیچ لایەن و جێگایێک پشتیوانی و یاریدەرم نەبووە تەواوی ئەم بەرهەمانە لەو 30 ساڵدا لەسەر گیرفانی خۆم بووە و لە هەموو بەشێکی ژیانم لێداوە بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمانە بگاتە دەستی خەڵک کە تەنانەت زۆرجار لە بانک وامم هێناوە.
پ: ئێوە نە لە شار و نە لە دێ خاوەنی بچوکترین دەر#ئامەد#ی ئابووری دیکە نین و تەنیا لە شەهریەی قوتابییەکانت ژیانتان دەگوزەرێ، بەم شێوازە سەختەی ژیان چۆن توانیوتانە بگەنە ئەم ئاستە لە هۆنەردا؟
و: بەڵێ ئەوە ڕاستە من جگە لە پارەی مانگانەی قوتابییەکان و چەند تۆمار کردنێک داهاتێکم نییە و هەر ئەو کەمەش کە پەیدام کردووە لە تۆمار و کلیپەکاندا تێچووم کردونەتەوە بۆیە باری ئابووریشم لە بار نییە.
پ: چی وای لێ کردیت نانی ڕۆژانە و تەنانەت سڵامەتیتان لەسەر هۆنەر و ئەم وڵاتە دابنێن؟
و: وەڵامی ئەم پرسیارەت شی کردنەوەی زۆر دەخوازێت بەڵام بە کورتی دەڵێم کە ئەشقی ڕاستەقینە و دڵێکی پاکی مرۆڤ تووشی هەر کردارێک دەکات. ژیان و چالاکی لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەموو شت بە سیاسی و مافیایی و بنەماڵەیی و ناوچەیی و حیزبی کراوە، دژوارە و بۆ کەسێک کە بەرفراونتر لەم چەق بەستوییە بیردەکاتەوە بێ شک چالاکی و هەڵسووڕانی پڕدەبێت. لە کۆسپ و تەنگەژە.
پ: بەڕێز عابدی جەنابت جودا لە ڕۆژهەڵات لە گشت پارچەکانی دیکەی کوردستان دەتناسن و گوێیان لە بەرهەمەکانت بووە تەنانەت میللەتانی جگە لە کوردیش بە هەندێک لە کارەکانتان سەرسامن، لەلایەن حوکومەتی هەرێم و ناوەندی فەرهەنگیەکانییەوە یان لەلایەن ئەو کۆمەڵە کولتووریە کوردیانەی کە لە ئەوروپان قەت پشتیوانی کراوی ؟
و: نەخێر هەرگیز هاوکاری نەکراوم. تەنانەت قەڵەمێکیان پێنەداوەم پێی بنووسم.
پ: بۆچی؟ هۆکار چی بووە؟
و: لە ڕوانینی منەوە دوو هۆکاری بووە یەکەم ئەوەی کە من بە مانای ڕاستەقینە هۆنەرمەندێکی سەربەخۆم و لە هیچ حکومەت و حیزب و خێڵ و ناوچەیەک خەت وەرناگرم، دووەم، لەبەر ئەوەی کە لەلایەن داموودەزگاکانی حکومەتی ئێرانەوە لای بەرپرسە حیزبیەکانی حکومەتی هەرێم سفاریش نەکراوم. سرووشتی سیاسەتی ئەم حیزبە کوردییەکان وایە ئەم حکومەتانەی ناوچە هەر کەسیان خۆش نەوێ ئەوانیش حەزی پێ ناکەن.
پ: بۆچی شێوەی مامەڵەکردنیان وایە؟
و: لەبەر ئەوەی کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان وا دەخوازێ. ئەوە لای هەموو کەسێک ئاشکرایە کە هەر ئەم جەماعەتە بە ناو ڕۆشنبیر و هونەریانەی کە هەموو ڕۆژێ بەرنامەیان بۆ سازدەدرێت و تێردەکرێن و بەدیلی حوکومەتن، هەر ئەو کەسانە لە باشووریش پشتیوانی قورس و قایم دەکرێن و تەنانەت هەر ئەو هونەریانە بەدیلی حیزبە کوردییە نەیارەکانی ئێرانیشن. بەم لێکدانەەویە دیارە لە یەک ناوەندی تایبەتەوە یەک هێڵی فەرهەنگی و هونەری دیکتە دەکرێت. ئەو دەموودەزگا ئاشکرا و سێبەرانەی حیزبەکان لە باشوور لە ئەوروپاش لەو کەسە هۆنەریانە پشتیوانی دەکەن کە بەدیلی حوکومەتەکانن.
هۆنەرمەند و ڕۆشنبیری سەربەخۆ کەسێ خۆی بە خاوەن ناکات. چۆن لە کوردستان عەقلانییەتی ناوچەیی و خێڵی و حیزبی زاڵە.
پ: لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کەس توانیان چەندین کۆنسێرت و بەرنامە و کۆبوونەوە بەڕێوە بەرن، پێتان وانییە بارودۆخ لە چاو ساڵانی پێش کراوەتر بووە و ئاستەنگ کەمترە؟
و: بە درێژایی مێژوو بارودۆخ بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ دەسەڵاتداران بوون، باش و کراوە بووە. بەڵێ بۆچوونەکەی ئێوە ڕاستە کە هەندێک کەسی هۆنەری و ڕۆشنبیری کە تاساڵانی پێشوو دەنگ و ڕەنگ و هەمووشتێکیان قەدەغە و قاچاخ بوو ئەوە ئێستا هەموو بەرهەم و شتەکانیان لەناو خۆی ئێران بە مجەوزەوە چاپ و بڵاو دەبێتەوە و تەنانەت جودا لە پشتیوانی ماددی بەرهەمەکانیان لە کاناڵە سەراسەری و پارێزگاکانی دەنگ و ڕەنگی ئێران بڵاو دەکرێتەوە و ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، بەڵام کەسانی وەک ئێمە کە سەربەخۆ بووین لە ڕۆژی ئەوەڵەوە هەتا ئێستا هەر قەدەغە و قاچاخ بووین و مەمنوعول کار و مەمنوعول ژیانین. شرۆڤەی ئەم بابەتە زۆر ئاسانە، واتە ئەگەر مەوردی قەبووڵ یا لەگەڵ دەسەڵاتداران بیت ئەوە کۆنسێرت و بەرنامە لە ژوورەوە و لە دەرەوەی وڵات و میدیا و پوڵ و هەمووشتێکی بۆ ئامادە دەکەن. ئەگەر سەربەخۆش بیت حەقی کار و ژیانت پێ نادەن. بەڵام ئەوە گرینگە ئاماژە بکەین سەرکەوتنی هونەرمەند ئەو سیما جوان و پاک و ڕووسوورەیە کە لە دواڕۆژدا بە شانازیەوە باسی دەکرێت و سەری لە ئاست مەرام و باوەڕ و ئامانجەکانی خۆی و گەلی خۆی بەرزە و ئەمە هەرمان دەیهێڵێتەوە نەک دەنگ و ڕەنگی پارێزگا و قاپی ئەڵبۆمی مجەوزدار و (کۆنسێرتی بوزورگ)ی سفارش کراو.
پ: بەڕێز دڵزاری کوڕتان لە بواری ئاهەنگسازی و تەنزیم و مۆسیقای نوێ و سەردەمیانە و ئەکادمیک زۆر بەتوانا و خاوەن بەهرەیە، بۆچی ناوەندە فەرهەنگیەکان لە ئاست ئەویش دا بێ سەرنج و کەمتەرخەمن.
و: وەڵامەکە ئاسانە هۆکەی ئەوەیە دڵزار کوڕی منە و بەهرەدارە. ئەوان نەک لە ئاست دڵزار بەڵکوو لەگەڵ هەر هونەرمەندێکی بەهرەدار کە بتوانێت بەردێک لەسەر بەردێک دا بنێ کێشەیان هەیە.تا نزۆکتر بی خۆشەویست تری.
بۆهەموو تاکێکی کورد و دنیا ئاشکرایە کە چۆن تەواوی بەشەکانی ژیان بە مافیا کراوە هەر ئاواش مافیای هۆنەری هەیە و ئەوانەی لەناو ئەو مافیا جێ دەگرن خاوەن هەموو ئیمتیازێکن و ئەوەیش کە لەو ناوە نەبێت هەوڵ دەدەن حەزف و ئینکار و ڕەشی بکەن.
پ: بۆچی ڕۆشنبیران و هۆنەریەکان لە ئاست ئەم بێ عداڵەتییەی کە لەحەق بە جەنابتان کراوە و دەکرێت هیچ نانووسن و بێ دەنگن؟ یان بۆ قەت شرۆڤەی ئەو بەرهەمانە ناوازانەی ئێوە ناکەن؟
و: چۆن زۆربەی ئەو بەناو ڕۆشنبیر و هۆنەریانە لەناو ئەو مافیان وا باسم کرد و کەسی جگە لە خۆیان بۆ گرینگ نییە. ئەگەر لە من بدوێن پییان وایە ئیمتیازەکانیان لێ دەستێننەوە. ڕۆشنبیر و هۆنەرمەندی چی ؟ زۆربەیان خەریکی بساز و بفروشی ماڵ و زەمینن و بوونەتە بازرگان، هونەر بۆیان خۆشگوزەرانی و کات بەسەربردنە نەک پیشە و ڕێباز و ئامانج. هونەرمەند هەیە دایکی ناردوتە ساڵمەندان ئیتر چۆن کەسانی وەک من بۆ گرنگە!
بۆ نموونە زۆر لە ڕۆشنبیر و هونەریەکان حەز دەکەن هامووشۆم بکەن یان بێن لەلام گۆرانی تۆمار بکەن بەڵام لە ترسا ناوێرن بێن. جارێکیان شاعرێکم تووش بوو لە دوای ئیزهاری ئیرادەتی زۆر وتی زۆر ئاواتمە وێنەیەکت لەگەڵ بگرم بەڵام دەترسم دوایی تووشی کێشە بم.
پ: ئەم وڵاتە چی پێ بەخشیوی؟
و: هیچ جگە لەوەی کە ئەو بارودۆخە سەختەی کە بوو بەهۆی ئەوەی من بەهێزتر، تیژبیرتر بم و ئیرادەم پۆڵایین بێ. ئەوەیشی کە بەڕەنجێکی زۆر پەیدام کردبوو ئەوەیشم هەر بەم وڵاتە بەخشیوە.[1]