راپرسییەکان دەریدەخەن، هاوپەیمانێتی کۆمار کە ئاکپارتی و مەهەپە لەخۆدەگرێت ڕێژەی دەنگەکانیان 48% یە، لەکاتێکدا پێویستیان بەڕێژەی 51%ی دەنگەکان هەیە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی.
محەممەد عەلی کوڵات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ماک MAK بۆ ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری، ڕایگەیاند، لە مانگی نیساندا 41 ڕاپرسی جیاواز کراوە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی دەنگەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و دەرکەوت هاوپەیمانی کۆمار کە ئاکپارتی و مەهەپە لەخۆ دەگرێت، ڕێژەی دەنگەکانیان لە باشترین دۆخیاندا 48% بووە.
کۆڵات ڕاشیگەیاند تەنیا ئاکپارتی 41.5%، مەهەپە 7%، جەهەپە 25%، پارتی سەعادەت 3.5% و هەدەپەش 9%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. جەختیشیکردەوە، ئەنجامی کۆی ئەم ڕاپرسییانە دوو ڕۆژ بەر لە ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بڵاوکرایەوە و تاوەکو ئێستاش هیچ ڕاپرسییەک دوای ڕاگەیاندنی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کاری لەسەر نەکراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ماک MAK بۆ ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری لەوانەیە بڕیارەکە، کاریگەری لەسەر ئاستی دەنگدان بکات بە هەڵکشان و داکشانییەوە.
لەبارەی بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ماک MAK گوتی ئەگەر بێت و ئۆپۆزیسیۆن، بەیەکەوە بەربژێرێکی بەهێز دەستنیشان نەکەن، بەدڵنیاییەوە ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئاسایی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە دەباتەوە. ئەگەر پارتی سەعادەت توانی عەبدوڵڵا گول 11ەمین سەرۆککۆماری تورکیا قایل بکات، ئەوسا کێبڕکێیەکە بەهێزتر دەبێت.
رۆژی هەینی 20-4-2018 پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەبڕیاری هەڵبژارنی پێشوەختی پەسندکرد، بەپێی بڕیارەکە ڕۆژی 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا پێکەوە بەڕێوەدەچن.[1]
#21-04-2018#