بەدوای بەرێوەچونی مانگرتن و خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی تەندروستی و مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان لەدژی سیاسەتی درێژەدان بە پاشەکەوتی مووچە، حکومەتی هەرێم و دەزگا جاسوسیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکومەت، دەستیان داوەتە سزادان و هەڕەشەو چاودێریکردنی هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی ناڕەزایەتیەکان.
دەسەڵاتدارانی هەولێر، سەرباری ڕاوەدونان و پەلاماردانی خۆپیشاندەران، سزای 19 مامۆستای داوە بە بڕینی مووچەکانیان و جێگۆڕکێکردن بە پلەو پۆستە ئیداریەکانیان. هاوشانی پارتی لە هەولێر، دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەستیان داوەتە پیلانگێڕی دژی کەسە چالاکەکانی ناو خۆپیشاندانەکان و لەرێگای تیمی تایبەتی دەزگا جاسوسیەکانیانەوە چاودێری هەڵسوڕاوان دەکەن!
ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا بەتوندی ئیدانەی ئەم ڕەفتارەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین، سەلامەتی ژیانی خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوو ڕێکخەرانی ناڕەزایەتیەکان دەخەینە ئەستۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم. هەروەها دژی هەرجۆرە تەنگەربەرکردنەوەیەکی ئازادیەکان دەوەستینەوەو ڕیسوای دەکەین. دەبێ دەستبەجێ ئەم بریارو هەنگاوە سەرکوتگەرانەیە دژی خۆپیشاندەران ڕابگیرێت. هاوکات سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی بانگەواز دەکەین کە بەشێوەیەکی یەکگرتوانە دژی ئەم پیلان و بڕیارە قەرەقوشیانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوەستنەوەو بەرگری لە هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی خۆیان بکەن. تاکە ڕێگای بەرگرتن بە هەڕەشەکانی حکومەت هێزی یەکگرتووی ئێوەو وەستانتانە لە پشتی کەسە دڵسۆزەکانی خۆتانەوە کە دەوریان هەبووە لە ناڕەزایەتی ڕەوای ئێوە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانتان.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
#06-04-2018#