بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاکادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و هەموو چینوتوێژەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی وڵات دەکەین کە زەحمەتیان کێشا و تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی خوالێخۆشبوو #دلۆڤان ئیدریس بارزانی# و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان کەم کردەوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی کوردستان و عێراق و سەرکردە و بەرپرس و کەسایەتیی وڵاتان بکەم کە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسکە و پەیامی سەرەخۆشی یا بەهەرشێوەیەک کە بۆیان کرابێت لە خەمی ئێمەدا شەریک بوونە.
پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵکەی لە ڕێگەی نزیک و دوورەوە هاتبوون و ئەرکیان کێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. سوپاسی تایبەتم بۆ خانەوادە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە هاوخەمیی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕی.
هاوسۆزی و ئەو هاوبەشییەی خەڵکی ئازیزی کوردستان، لە خەم و پرسە و کۆستەکاندا بۆ ئێمە هەمیشە جێگەی ڕێز و تەقدیرە و مایەی شانازییمانە. سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچکەی سەلاحەددین دەکەم کە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵغییان کردووە، و میوانداریی خەڵکیان کردووە.
هەروەها سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی هێزەکانی ئاساییش و پۆلیس دەکەم کە ئەرکی ڕێکخستنی ڕێگەوبان و ئاساییشیان لەسەر شان بوو. هیوادارم گشت لایەک لە ئازار و ناخۆشی بە دوور بن و خودای مەزن خێری هەمووتان بنووسێت و، ڕەحمەتی خودا لە کۆچکردووی هەموو لایەک بێت.
#مەسعود بارزانی#
#05-04-2018#
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 4,625 times
Write your comment about this item!