جەژنی #نەورۆز# بۆ کوردان، واتایەکی قوڵ و کاریگەری هەیە. سمبولی بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستانە. لەگەڵ ناسنامە فەرهەنگییەکەی، دەیان ساڵە نەورۆز ناسنامەیەکی سیاسی لای کوردان وەرگرتووە.
نەورۆز کە بووەتە خاوەنی ناسنامەیەکی سیاسی، جاری یەکەم ئاپۆرائاسا لە ساڵی 1991 لە باکووری کوردستان پیرۆز کرا. سەرەڕای قەدەغەکارییەکان، سەرەتا لە نسێبین، جزیر و ئامەد، دواتر لە ئیستەنبووڵ، ئەدەنە، بسمیل، کەربۆران، پرسووس، قولپ و هێنێ، هەزاران کەس چوونە مەیدانەکان و ئاگری نەورۆزیان کردەوە، بە جلوبەرگی نەتەوەیی گۆڤەندیان کرد و پەیامی پێداگری لەسەر ناسنامەی خۆیان دا.
ئەگەر سەیری مێژووی کوردان بکەین، دەردەکەوێت کە واتای بنەڕەتیی نەورۆز لەگەڵ سەرهەڵدانی پەکەکە دەرکی پێکرا. دوای دامەزراندنی پەکەکە، نەورۆز ئیدی واتایەکی بەرفرەوانتر و قوڵتری هەیە. ڕێبەری تەڤگەری ئازادیی کوردستان هەر هەنگاوێکی هەڵێنابا، وەک هەڵمەتێک هەڵیدەسەنگاند. لە سەرەتاوە گرنگی بە نەورۆز دا و ئەمەش لە کرداری تەڤگەردا ڕەنگی دایەوە.
$ئاگری نەورۆز لە زیندانی ئامەد$
سەرەتا مەزڵووم دۆغان لە دژی کودەتای 12ی ئەیلوول یەکێک لە چالاکییە هەرە کاریگەرەکانی هەڵبژارد و لە 1ی ئادار ئەنجامیدا. مەزڵووم دۆغان کە لە 21ی مارسی 1982\1ی ئاداری 2682 لە زیندانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی کردەوە و پەیامی ئەوەی دا کە (بەرخۆدان ژیانە) و هەرگیز ناتوانن ملیۆنان کەس لەنێوبەرن. ئەم چالاکییە کاریگەری زۆری لەسەر بەرخۆدانی زیندانەکانی تورکیا دروست کرد و پەیامی (بەرخۆدان)ی بە دەرەوەی زیندانیش دا.
ئۆجالان ئەمە بە (فەرمانی بەرخۆدان) دەستنیشان دەکات. دواتر لە مانگی ئایاردا، فەرهاد کورتای، نەجمی ئۆنەر، مەحموود زەنین و ئەشرەف ئانیک هاوشێوەی مەزڵووم دۆغان هەمان چالاکییان ئەنجامدا و بوونە مەشخەڵ. هەمان ساڵ بە پێشەنگیی کادیری پێشەنگی پەکەکە کەمال پیر و خەیری دورموش، مانگرتن تا مردن لە زیندانی ئامەد دەستیپێکرد و بەم شێوەیە نەورۆز لە هەموو کوردستان بڵاوبوویەوە.
$مەشخەڵی زەکیە$
دوای ئەوەی 12ی ئەیلوول وەک باگردێنێک بەسەر بزووتنەوەی سۆسیالیستیی تورکیادا چوو، وەها دەبینرا کە جارێکی دیکە کورد نەتوانن هەستنەوە سەرپێ، بەڵام ساڵانی نەوەدەکان بوون بە ساڵی ڕاپەڕین بۆ کوردەکان و ئاگری نەورۆز بەگوڕتر بوو. زەکیە ئالکان کە بوو بە میراتگری چالاکییەکەی مەزڵووم دۆغان، لە 21ی مارسی 1990\ 1ی ئاداری 2690 لە بەردەم بورجەکانی ئامەد جەستەی خۆی کردە مەشخەڵی ئاگری نەورۆز.
$یەکەمین ئاگری ڕاپەڕین$
13ی مارسی 1990 لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی گەریلاکاندا کە لە ناوچەی ستەورێ-ی مێردین شەهید بووبوون، مۆمی ڕاپەڕین داگیرسێنرا. هەتا ئه و کاتە لە هەندێک دەڤەر لە ئاستی جیاوازدا پیرۆز دەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینەدا هەم دەبوو بە دەرفەتێک بۆ داواکردنی ناسنامەیەک و هەمیش لە بەرانبەر زەخت و فشارەکان توڕەیی گەلی دەردەخست. هەمان ساڵ لە بۆتان، نسێبین، جزیر، سلۆپی، شرناخ لە 7 ساڵییەوە بگرە تا 70 ساڵی گەل ڕژانە کۆڵانەکان. دەوڵەتیش ئەوەی بەباشی دەزانی، کردی و بە کۆمەڵکوژی و هێرش وەڵامی گەلی دایەوە.
$نەورۆزی 1991$
نەورۆز کە ناسنامەیەکی سیاسی بە بەردا کرا، جاری یەکەم بەشێوەی ئاپۆرائاسا لە ساڵی 1991 لە باکووری کوردستان پیرۆز کرا. سەرەڕای قەدەغەکارییەکانی دەوڵەت، سەرەتا لە نسێبین، جزیر، ئامەد، ئیستەنبووڵ، ئەدەنە، بسمیل، کەربۆران، پرسووس، قولپ و هێنێ گەل ڕژانە مەیدانەکان. ئه و ڕۆژە کاسبکاران دەڕابەکانی دوکانەکانی خۆیان هێنایە خوارەوە، فێرخوازانیش فێرگەکانیان بایکۆت کرد. دوای ئەوەی 10 هەزار کەس بەره و شەهیدگەی ئه و گەریلایانەی لە گەڕەکی قژلێ شەهید بوون، دەستیان بە ڕێپێوان کرد، هێزەکانی دەوڵەت دەستڕێژی گولەیان لە گەل کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان گیانیان لەدەستدا. لە زۆر شار هێرشی هاوشێوە کرایە سەر گەل و 31 هاوڵاتیی سیڤیل شەهید بوون.
$نەورۆزی 1992$
سەرۆکوەزیری ئه و کاتەی تورکیا سولەیمان دەمیرەل بەر لە نەورۆزی 1992 ڕایگەیاندبوو کە هەر کەس دەتوانێ بە ئازادی نەورۆز پیرۆز بکات، بەڵام بەبیانووی باری نائاسایی نەورۆز لە جزیر و نسێبین قەدەغە کرا. سەرەڕای قەدەغەکاری، هەزاران کەس مەیدانی نەورۆزیان بە ڕەنگی سەوز، سوور و زەرد ڕازاندەوە و گۆڤەندیان کرد. لە زۆر شار ئاگری نەورۆز داگیرسێنرا، خوێندکارانیش لە فێرگەکان ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد و بەشداری پیرۆزباییەکانیان کرد.
$94 هاوڵاتیی سیڤیل کوژران$
لە کەرجۆسێ-ی سەر بە باتمان، گەل ویستی شەوی 20ی مارس\ئادار نەورۆز پیرۆز بکات، سەربازان دەستڕێژی گولەیان لە گەل کرد و 2 هاوڵاتیی سیڤیل شەهید بوون. لە جزیر، نسێبین و ئامەد تیمەتایبەتەکان هێرشیان کردە سەر گەل. 94 کەس کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون، لە لایەن هێزەکانی تورکیا کوژران. هەرچەندە بەرپرسانی دەوڵەت گوتیان (مردووەکان ئەندامی پەکەکە بوون)، بەڵام نەیانتوانی ئه و ڕاستییە بشارنەوە کە لەنێو ئه و کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، هاتیجە کاتار-ی 5 ساڵان، مەهدی گوندەن-ی 9 ساڵان، ڕەمەزان بایەر-ی 70 ساڵان و نەباهات کاکوچ-ی 65 ساڵان هەبوون. تیمەتایبەتەکان هێرشیان کردە سەر پەیامنێری مێدیاکانیش کە بۆ ڕووماڵکردنی نەورۆز هاتبوونە هەرێمەکە، لە ئەنجامدا عیزەت کەزەر پەیامنێری ڕۆژنامەی سەباح گیانی لەدەستدا.
لە دوای پیرۆزباییەکانی نەورۆز کە چەند ڕۆژ بەردەوام بوون، 12 هەزار سەرباز و 500 پۆلیس ماڵ بە ماڵ لە جزیر دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد و سەدان کەسیان دەستبەسەر کرد.
$نەورۆزی 1993$
نەورۆزی 1993 هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازی پەکەکە بۆ ئاگربەست، لەبەرئەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، پیرۆزباییەکانی نەورۆز کەمێک ئارامتر بەڕێوەچوون. لە زۆرێک هەرێمیش کە نەورۆز قەدەغە کرابوو، لە کۆڵان و گەڕەکەکان بە پێشەنگی پارتیی ڕەنجی گەل - هەپ نەورۆز پیرۆز کرا. لە ئامەد و زۆرێک شاری دیکە گەل ڕژانە مەیدانەکانی نەورۆز.
$نەورۆزی 1994$
بەر لە نەورۆزی 1994 لە زۆر شار هێزەکانی دەوڵەت هەڵیانکوتایە سەر ماڵان، زۆر کەسیان دەستگیرکرد و شارەکانی کوردان گەمارۆدران. پەکەکە پیرۆزباییەکانی پێشتری وەبیرهێنانەوە و لە دژی ئاژاوەگێڕی داوای لە گەل کرد لە ماڵەکانی خۆیان نەورۆز پیرۆز بکەن. زۆر کەس گوێی بە بانگەوازییەکە نەدا و لە ئامەد، جزیر و زۆر دەڤەری دیکە بە پێشەنگیی ژن و لاوان چوونە مەیدانەکانی نەورۆز.لە ناوچەی باغلەر، شەهیتلک و مەلیک ئەحمەد-ی ئامەد هەتا نیوەڕۆی 1ی ئادار دوکانەکان نەکرانەوە. هاتووچۆی شارەکە خرابووە ژێر کۆنتڕۆڵ.
$نەورۆزی 1995$
لە شارەکانی کوردستان سەرەڕای قەدەغەکارییەکان، لاوان لە کۆڵانەکان ئاگری نەورۆزیان کردەوە و گۆڤەندیان کرد. بە پێشەنگی پارتیی دیموکراتیی گەل - هادەپ لە 21ی مارس\1ی ئادار لە مێرسین، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەی مۆڵەتپێدراو سازکران. لە ئیستەنبووڵ، لە پارکی فاتیقێ گرووپێکی 500 کەسی ویستیان چالاکی ساز بکەن، پۆلیس ڕێگری لێ کردن و هێرشی کردنەسەر. لە ئەنجامدا 23 کەس دەستبەسەر کران.
سەرەڕای هەموو فشارەکانیش، دوای ئەوەی دەوڵەت نەیتوانی ڕێ لە نەورۆز بگرێت، سیاسەتی خۆی لە بەرانبەر نەورۆز گۆڕی. بە ناوی (جەژنی نەورۆز) کۆبوونەوەی فەرمی ساز کران. بانگهێشتی شاندی جیاواز لە ئازەربایجان، قرغزستان و تورکمەنستان کران بۆ کۆبوونەوەکان.
$نەورۆزی 1996$
بۆ ڕێگری کردن لە نەورۆز کە بووبوو بە ناسنامەیەکی سیاسی، دەسەڵاتدارەتیی ئه و کاتە گشتاندنێکی بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆکان نارد و فەرمانی پێکردبوون (خۆتان بۆ نەڤرووز ئامادە بکەن). سەرۆک کۆماری ئه و کاتە سولەیمان دەمیرەل و سەرۆکوەزیر مەسووت یلماز بەشدارییان کرد لە پیرۆزباییەکان. سەرئەرکانی سوپای تورکیا ئیسماعیل هاکی کارادای-ش پەیامی بۆ یەکەسەربازییەکان نارد و پیرۆزبایی (نەڤرووز)ی لێ کردن. بە گشتاندنێک 17-24ی مارس وەک (هەفتەی نەڤرووز) ڕاگەیەندرا.
لە کوردستان کەس بەشداری پیرۆزباییەکانی (نەڤرووز) نەبوو. گەل لە گەڕەک و کۆڵانەکان ئاگری نەورۆزی خۆیان کردەوە و گۆڤەندیان کرد. هەرچەندە پۆلیس هێرشی کردە سەر پیرۆزباییەکان، بەڵام گەل تا ئێوارە بەردەوام بوو لە پیرۆزکردنی نەورۆز. سەرەڕای بەربەستەکان، لە ئامەد، مەڵەتی، مێرسین، باتمان، ئەدەنە، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بالکشەهر و زۆر شاری دیکە بە هەزاران کەس ڕژانە کۆڵانەکان. بە سەدان کەس دەستبەسەر کران و زۆر کەسیش بریندار بوون.
یەکێک له و ناوەندانەی پیرۆزباییەکانیان لێ بەڕێوەدەچوون، زانکۆکان بوون. خوێندکارانی زانکۆی ئیستەنبووڵ، چوکورۆڤا و ئیجە باخچە و کەمپەکانی زانکۆیان کردنە مەیدانی نەورۆز و ئاگریان کردەوە و گوتیان (بژی نەورۆز).
$نەورۆزی 1997$
لە ئامەد و زۆرێک شاری کوردستان، دامودەزگەکانی دەوڵەت بانگەوازی پیرۆزکردنی نەورۆزیان بڵاوکردنەوە و بەرنامەی پیرۆزباییان ساز کردن. تەنها بیرۆکراسیی دەوڵەت بەشداری ئه و پیرۆزباییانە بوون. نەورۆز بە پێشەنگی (هادەپ) بە بەشداری هەزاران کەس پیرۆز کرا. لە ئامەد کە ڕێگە نەدەدرا لە هۆڵەداخراوەکانیش نەورۆز پیرۆز بکرێت، ئاگری نەورۆز لە گەڕەکەکانی باتیکەنت و باغلەر هەڵکرا و گەل گۆڤەندیان کرد. لە باتیکەنت ژنان بە ڕەنگی سەوز، سوور و زەرد مەیدانەکەیان ڕازاندەوە. پۆلیسی تورکیا هێرشی کردە سەر گەل.
بە پێشەنگیی هادەپ، هەزاران کەس لە ئیستەنبووڵ جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
$نەورۆزی 1998$
لە ئیستەنبووڵ پلانسازییەکی هاوبەش کرا و هەریەکە لە (هادەپ)، (ئۆدەپ)، (سیپ) و (ئەمەپ) لە ناوچەی زەیتینبورنو کازلچەشمە پێکەوە کەرنەڤاڵی پیرۆزکردنی نەورۆزیان ساز کرد. لە کەرنەڤاڵەکەدا درووشمی (نەورۆز هی ئێمەیە، هەر هی ئێمەش دەبێت) گوترانەوە. بەر لە بەڕێوەچوونی پیرۆزباییەکان زۆر کەس دەستبەسەر کران.
لە ئامەد و زۆر شاری دیکە، پۆلیس هێرشی کرد و بەهۆیەوە 20 کەس بریندار بوون. بەر لە نەورۆز لە ئیستەنبووڵ هەڵیانکوتایە سەر بینای ڕێکخستنی هادەپ، ڕۆژنامەی گوندەم و زۆر ڕێکخراوی دیکە. چەندین کەس دەستبەسەر کران.
$نەورۆزی 1999$
دوای ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دیل گیرا، نەورۆزی 1999 لە هەموو شارەکانی کوردستان هەموو چالاکییەکان قەدەغە کران. لە چەندین شار کاسبکاران دوکانەکانی خۆیان داخست. هاوکات لەگەڵ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، دەیان هەزار کەس ڕژانە مەیدانەکان و لە دەوری ئاگری نەورۆز کۆبوونەوە و بە درووشمی (بژی سەرۆک ئاپۆ) وەڵامی دەوڵەتیان دایەوە.
لە زۆر شار هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر پیرۆزباییەکان. بەپێی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ - ئیهاد 8 هەزار و 174 کەس دەستبەسەرکراون.[1]