هەفتانە 17 خانمی کوردستان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن
📊 ئامار و راپرسیا
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2017 بە تێکڕا هەفتانە 17 حاڵەتی تووشبوون بە
شێرپەنجەشێرپەنجەی مەمک لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن د.خاڵس قادر، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانەوە دراوەتە (رووداو)، ساڵی رابردوو لە کوردستان 905 حاڵەتی شێرپەنجەی مەمک لە کوردستان تۆمارکراون (هەولێر 340، سلێمانی و هەڵەبجە 391، دهۆک 174 حاڵەت). ئەم ژمارەیە هەفتانە دەکاتە 15 حاڵەت.
پسپۆڕان وای دەبینن بەوپێیەی لە کوردستان سیستمی پشکنینی پێشوەختە کارا نییە و زیاتر ئەوانە پشکنین دەکەن کە تووش بوون، بۆیە دەکرێ چەندین حاڵەت هەبن کە لە قۆناغەکانی سەرەتای شێرپەنجەی مەمکدا بن و تاوەکو ئێستا تۆمار نەکرابن.
جگە لەوە، لە بەدواداچوونێکی پێشووتری رووداودا لەبارەی ئامارەکانی شێرپەنجەی مەمک، د. عەبدولفەتاح هەورامی، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە پزیشکی کۆمەڵ، پەرشوبڵاویی داتاکان و نێوەندەکانی تۆمارکردنی نەخۆشییەکە لە کوردستان بە هۆکارێکی دیکەی ناتەواویی داتاکانی کوردستان دەزانێ سیستمێکی ئاماری یەکگرتوومان نییە، تەنانەت لە هەمان شاردا چەند نێوەندێک هەن کە نەخۆشەکان روویان تێدەکەن. بۆ نموونە ئێمە لە سلێمانی هەم سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمکمان هەیە، هەم نەخۆشخانەی هیوا، هەندێک حاڵەتیش لە دەرەوەی ئەو سەنتەرانە نەشتەرگەری و چارەسەر وەردەگرن و تۆمار ناکرێن، بەو شێوەیە هەموو حاڵەتەکان ناچنە یەک نێوەند.
د.خاڵس قادر، لە رێگەی (رووداو)ەوە رێنمایی دەداتە خانمانی کوردستان پێویستە خانمان بەشداربن لە پڕۆگرامەکانی سکرین واتە پشکنینی مەمک بۆ دەستنیشانی شێرپەنجە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا، هەروەها خۆ پشکنینی مانگانە دوای سوڕی مانگانە و سەردانی پزیشک لەهەر گۆڕانکارییەک لە مەمک یان هەستکردن بە بوونی گرێ.
بۆ خۆپارێزی لەو شێرپەنجەیەش چەند خاڵێک بە گرنگ دەزانێ چالاکبوون و وەرزشکردن، خواردنی تەندروست، خۆ رزگارکردن لە قەڵەوی و دوورکەوتنەوە لە خۆڕا بەکارهێنانی دەرمانە هۆڕمۆنییەکان و دەرمانەکانی دیکە.
توێژینەوەیەک کە ساڵی 2015 لەسەر 884 ئافرەتی کوردستان (454 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک و 430 کەسی تەندروست) کراوە، دەریخستووە تەمەنی نێوەندیی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە کوردستان 45-49 ساڵە، بەڵام لە ئەمریکا نزیکەی 60 ساڵە. پزیشکانی توێژەر دوای دەرکەوتنی ئەو ئەنجامانە گوتبوویان دەبێت لە کوردستان لە تەمەنێکی زووترەوە پشکنینی پێشوەخت بۆ شێرپەنجە بکرێ، بۆ نموونە لە ئەمریکا لە 50 ساڵیدا ئەو پشکنینانە دەکرێن، دەبێت لە کوردستان خانمان هان بدرێن لە تەمەنی 40-45 ساڵییەوە بیکەن.
شێرپەنجەی مەمک، بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە خانماندا و بریتییە لە گۆڕانی شێرپەنجەیی لە شانەکانی مەمکدا کە زیاتر لە کۆکەرەوە و رێڕەوەکانی شیردا روودەدات. شێرپەنجەی مەمک زیاتر لە پێنجیەکی ئەو شێرپەنجانە پێکدێنێ کە تووشی خانمان دەبن و لە ساڵی 2015 دا لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە 570،000 هەزار ئافرەت بەو جۆرە شێرپەنجەیە مردوون.
[1]
03-02-201803-02-2018 ⚠️ ئەڤ بابەت ب زمانا (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!