12یەمین رۆژی شەڕی عەفرین؛ زانیاری و ئاماری نوێ
📊 ئامار و راپرسی
ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر
عەفرینعەفرین بەردەوامە و پێینایە 12یەمین رۆژ. شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانکردنی تەواوی گوندە سنوورییەکان بەردەوامە و لە سنووری شارۆچکەی راجۆش شەڕێکی سەختە. روونش نییە سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سووریا چەند پێشڕەوییان کردووە و چەند ناوچەیان لە سنووری عەفرین کۆنترۆڵکردوون. هەردوولاش ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران رەتدەکەنەوە.
بەدرێژایی سنووری عەفرین شەڕ و بۆردوومان بەردەوامە
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: تۆپباران و بۆردوومانکردنی تەواوی گوندە سنوورییەکانی عەفرین بەردەوامە. ئێستاش سوپای تورکیا گوندەکانی رۆژئاوای عەفرین و چیای گڕە تۆپباران دەکات. لە سنووری شارۆچکەی راجۆش کە دەکەوێتە رۆژئاوای عەفرین، شەڕێکی سەخت هەیە.
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند: روون نییە سوپای تورکیا و ئۆپۆزیسیۆن چەند پێشڕەوییان کردووە و چەند ناوچەیان لە عەفرین کۆنترۆڵکردوون. دوو رۆژیشە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سنووری قەستەل دەگوازرێنەوە.
سوپای تورکیا و یەپەگە ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە
سوپای تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماری11 رۆژی رابردووی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون)ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 712 چەکداری یەپەگەیان ناچالاک کردووە، بەبێ ئەوەی روونیبکاتەوە چەندیان گیانیان لەدەستداوە، چەندیان بریندارن و چەندیشیان دەستگیرکراون. دەشڵێت 24 پێگە و 18 گوند و قەزایەک لەگەڵ 5 بەرزایی و تەپۆڵکەی ستراتیژیان کۆنترۆڵکردوون.
لەبارەی ئەم ئامارانە پەیامنێری رووداو رایگەیاند: سوپای تورکیا ئاماری جیاواز لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان لە عەفرین بڵاودەکاتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستیان ناکاتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم ئامارانەی تورکیا رەتدەکاتەوە و لە دوایین ئاماری خۆیاندا ئاماژەیان بە گیانلەدەستدانی 43 شەڕڤان و کوژرانی 308 سەربازی تورکیا و چەکدارانی سووریای ئازاد کردووە.
شەوی رابردوو بۆردوومانی چڕ و شەڕێکی سەخت روویداوە
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی عەفرینیان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد. سەرچاوەیەکی تایبەت لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو هەلیکۆپتەرە شەڕکەرەکانی تورکیا لە جۆری کۆبرا گوندی حەمامێی سەر بە شارۆچکەی جندرێسیان بۆردوومانکرد.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بۆردوومانەکە دوای ئەوە هاتووە کە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە لە شەڕێکدا سەختدا گوندی حەمامێیان لەژێر دەستی سوپای تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵکردووەتەوە.
چەند گوندێک لەلایەن خەڵکەوە چۆڵکراون
لە ناوچەی رەجۆش فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گردی کەڤرێ کەریان بۆردوومانکردووە. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گوندی بافالۆنێیان لە رۆژهەڵاتی عەفرین بۆردومانکردووە کە دەکەوێتە نێوان گوندی قەستەلی جندۆ و قتمێ.
لەبارەی پێشهاتە مەیدانییەکانی سەر سنووریش، سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گوندەکانی چیای خاستیا هاوشێوەی گوندەکانی خەرزا، عەلی ژارۆ، راجێ و برکێ کەوتوونەتە ژێر گوشاری سوپای تورکیا و خەڵکی ناوچەکە ئاوارەبوون.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سوپای تورکیا و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد لە شاخی ئێزگەهێ و دەورووبەری گوندەکانی عەمەرا و مامیلا جێگیربوون. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەدا، لە ناوچەی بلبلێ هێزەکانی سوپای تورکیا لە گوندی بالیا کە لەسەر سنوورە، جێگیربوون.
سەرچاوەکان لە عەفرینەوە چی دەڵێن؟
چالاکڤانێکی سیاسی بە ناوی مەڕوان حەنان لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زانیاریی کۆنترۆڵکردنی ئەو گوندانە لەلایەن سوپای تورکیا پشتڕاست نەکراوەتەوە و سەرچاوە سەربازییەکانی یەپەگەش جەختدەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ گوندێکی کۆنترۆڵ نەکردووە.
سەرچاوە میدیاییەکانی هەسەدە لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆ و شەوی رابردوو دەڵێن شەڕ و پێکدادان لە گوندی شەنگلی بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە، ناوچەی راجۆش لە ژێر بۆردوومانێکی تووندی سوپای تورکیادایە. ئەمە لەکاتێکدایە سوپای تورکیا کۆنترۆڵکردنی راگەیاندووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوپای تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێزێکی زۆریان بۆ سنووری شەهبا لە رۆژهەڵاتی عەفرین گواستووەتەوە.
لە هاتای مووشەکێک کەوتەخوارەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە کە مووشەکێک ئاراستەی شارۆچکەی رەیحانلیی پارێزگای هاتای کراوە. مووشەکەکە لە گەڕەکێکی شارۆچکەی ریحانلی هاوسنوور لەگەڵ عەفرین کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی عەفرین چەندجارێک ئەم حاڵەتە دووبارەبووەتەوە و ژمارەیەک هاووڵاتی برینداربوونە، هەرچەندە یەپەگە رەتیدەکاتەوە ئەوان شارەکانی تورکیا بکەنە ئامانج.
نەتەوە یەکگرتووەکان: لە عەفرین 15 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە
ئۆرسولا مولەر، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی رەوشی سووریا، ئاماژەی بەوە داوە کە زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی بوونی کوژراو و بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
ئۆرسولا مولەر دەشڵێ، بەهۆی شەڕ و پێکدادنەکانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو ئێستا 15 هەزار کەس لە خەڵکی عەفرین ماڵەکانیان چۆڵکردووە و روویان لە شوێنی دیکە کردووە لە هەمان ناوچەدا. دەشڵێت لەوانە نزیکەی هەزار کەس روویان لە حەلەب کردووە.
[1]
31-01-201831-01-2018