کارگەی مافوری #سلێمانی# لە ساڵی 1997 لە سەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، لە ساڵی 2006 ئەم کارگەیە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران خرایەسەر #وەزارەتی ڕۆشنبیری#ی و لاوان، لقیشی هەیە لە #هەریر#، #دهۆک#، #هەولێر#، #کەسنەزان# و #بەحرکە#.
بەهۆی قەیرانی دارییەوە، کرێکارەکانی ئەم کارگەیە لە 120کرێکارەوە بۆ 50 کرێکار کەمبووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ دروستکردنی کاگەی مافوری سلێمانی، بۆ دابینکردنی خوری و ئامادەکردنی، لە شارەدێی #تەقتەق# و شارۆچکەی #کفری#، کارگەی ڕستن و ڕەنگکردنی خوری هەبوو، بەڵام هەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەردووکیان لە کار کەوتوون، بەناچاریی هانا بۆ وڵاتی ئێران دەبرێت بۆ هاوردەکردنی پێداویستییەکانی کارگەی مافور.
یەکێک لە بەشەکانی کارگەی مافوری سلێمانی، بەشی جۆڵایە، کە جاجم و بەرماڵ و حەسیری پزیشکی (توبی) تێدا بەرهەم دەهێندرێت و لەلایەن پزیشکەوە پێشنیار دەکرێت بۆ نەخۆشانی ڕۆماتیزم و ئاماۆژگاریی دەکرێن، کە بە پێخاوسیی بەسەریدا هاتووچۆ بکەن.
هەروەها، قەبارە و جۆری فەرشەکان جیاوازن، لەوانە ئاوریشم کە تێکەڵاوە لە گەڵ مەرینۆس و نەساز، تابلۆ یا فەرشی کۆمپیوتەریی، کە کاری دەستە و بە پێی ژمارە دەچندرێت.
ئەوەی جێگای نیگەرانییە، قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکاری کەمکردنەوەی کڕینی بەرهەمەکانی کارگەی مافوری سلێمانی و بە زەحمەت ساغ دەبنەوە، بۆیە ساڵانە لە پێشانگای تایبەتدا کاری بەبازاڕخستن دەکەن و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.
کارمەندانی کارگەکە بێزاریی و پەرێشانی لە چاوەکانیاندا دەبیندرا، بەڵام لەژێر زەردەخەنەیەکی کورت مەودادا دەیانشاردەوە، کاتێک لە دەستەکانیانم دەڕوانی هەستم دەکرد، خەون و چیرۆکەکانی خۆیان لە چنینی فەرش و جاجمەکاندا تێکەڵ بە ڕەنگ و بەنەکان دەکەن.
ئەو ژنانە، پێیان وایە، ئەو حەقدەستەی وەری دەگرن لە ئاست ماندووبوونیاندا نییە و گرنگیی بە هونەرەکەیان نادرێت.
پەروین قادر، یەکێک لەو ژنایە، کە تەمەنی 35 ساڵە و ماوەی 14 ساڵە هێزی دەست و پەنجەکانی و ڕووناکی چاوەکانی تێکەڵ بە هونەرەکانی چنین کردووە و بەدەم چینینی جاجمەوە بە ڕۆژنیوزی وت: هەموو جۆرە فەرشێک دەچنم، لە ئێستادا کارەکانمان کەم بووەتەوە، هیوادارین حکومەت ئاوڕێک لە ئێمەی ژنانی کرێکار بداتەوە.
خەرمان محەمەد، یەکێکی تر له و ژنانەیە، کە سەرپەرشتیاری بەشی جۆڵا بوو، وتی: لێرەدا کارمەندەکان زۆر ماندوو دەبن و ڕەنج به و بەرهەمانەوە دەکێشن و ئەم دۆخەی هەرێم هێندەی تر زەحمەتییەکانی زۆرتر کردووە.
ئه و کارگەیە چەند بەشێکی دیکەی تێدایە وەک ناوەندی تەندروستی و دایەنگەی منداڵان بۆ ئه و دایکانەی کە منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ کارگەکە.
لێکۆڵینەوەیەکی پڕاوپڕ و ڕاست بوونی نییە سەبارەت بە مێژووی کاری چنین، بەڵام بەپێی شوێنەوارەکان سەلمێنراوە، کە هونەری دەست لە مێژوودا بریتی بووە لە سەبەتە، ڕاخەر، جاجم، بەڕە و لەباو.
هەروەها، نەخش و نیگارەکان بە شێوەیەکی سادە بوون و دروستکراوی فکری خۆیان بوون، دواتریش بە تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی شارستانییەتی مرۆڤایەتی گۆڕانکاری هاتووەتە ئاراوە.[1]