214 هۆتێل و مۆتێل لە کوردستان داخراون
📊 احصائيات واستفتاءات
کۆمەڵەی
میوانخانە و چێشتخانەکانمیوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی خاڵە سنوورییەکان لەلایەن بەغداوە، جموجۆڵی گەشتیاری لە کوردستان زۆر سست بووە و بەو هۆیەشەوە لە سێ مانگی رابردوودا 200 هوتێل و موتێل لە کوردستان داخراون.
بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، 430 هۆتێل، 271 مۆتێل، 91 گوندی گەشتیاری و 247 هۆتێل و مۆتێلی میللی لە هەرێمی کوردستان هەن و، لەوەش 285 هۆتێل، 125 مۆتێل، 43 گوندی گەشتیاری و 151 هوتێل و موتێلی میللی دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆیە لە کەمبوونەوەی گەشتیاردا زۆرترین زیان بەر ئەو پارێزگایە کەوتووە.
زیرەک بیا، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند بەهۆی کاردانەوەکانی بەغدا لە دژی گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان، گەشتیار بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 95%ی هوتێلەکانی هەولێر بێ میوان بوون، بۆیە 50 هۆتێل و مۆتێل لە هەولێر داخراون، زیاتر لە 80ی دیکەشیان بەهۆی کەمیی میوان و زۆری خەرجییەوە، میوان وەرناگرن.
زیرەک بیا دەڵێت بەهۆی قەیرانی دارایی گەشتیاری ناوخۆ زۆر کەم بووە، گەشتیاری بیانیش بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە دەتوانین بڵێین نەماوە، گەشتیاری عەرەبیش بەهۆی داخستنی رێگاکان بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش گورزێکی گەورەی لە خاوەن هوتێلەکان داوە.
بۆ کەمکردنەوەی زیانی خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکان و چالاککردنەوەی کەرتی گەشتیاری لەسەر داوای کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان و دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، حکومەت رەزامەندی داوە ساڵی داهاتوو باجی سەر هۆتێل و مۆتێلەکان کەم بکاتەوە.
زیرەک بیا دەڵێت: رەوشی هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانەکانمان بە حکومەت گەیاندووە، حکومەتیش رازی بووە کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، باج و رسوماتی سەر هۆتێل و مۆتێلەکان کەم بکاتەوە.
بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، لە پارێزگای سلێمانی 74 هۆتێل و 83 مۆتێل و 44 گوندی گەشتیاری و 68 هوتێلی میللی هەن. مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بە (رووداو)ی گوت بەهۆی ئەو بارودۆخەی کوردستان تێیکەوتووە، 14 هۆتێلی میللی بەتەواوی داخراون، زیاتر لە 100 هوتێل و موتێل و گوندی گەشتیاریش بەهۆی کەمی گەشتیارەوە، بە شێوەیەکی کاتی داخراون.
مەحموود تۆفیق پێیوایە حکومەت بەشێک بووە لە هۆکاری داخستنی هوتێلەکان چونکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە خراپەی هۆتێل و مۆتێلەکان تێیکەوتوون، باج و رسوماتی چەند بەرامبەر زیاد کردووە، تەنانەت هەندێ رەسومات هەیە لە شەستەکانەوە کاری پێنەکراوە، ئێستا زیندوویان کردووەتەوە.
هۆتێلی چوار باخ لە سلێمانی کە لە 18 ژوور پێکدێ، بەهۆی کەمی میوانەوە داخراوە، بەهۆیەوە خاوەنەکەی مانگانە 10 ملیۆن دینار زیانی پێدەگات. حاجی کوردە رەئوف، خاوەنی هۆتێلەکە بە (رووداو)ی گوت بەهۆی کەمی میوان و زیادکردنی رەسم و باج لەلایەن حکومەتەوە بە ناچاری هۆتێلەکەم داخست.
حاجی کوردە ئاماژەی بەوەدا پێشتر لە وەزری زستان رێژەی کارکردنیان بۆ نزیکەی 45% دادەبەزی، بەڵام ئێستا بۆ 5% دابەزیوە، بۆیە زۆربەی هوتێل و موتێلەکان، پارەی کرێکار و کارمەندەکانیشیان دەست ناکەوێت.
حاجی کوردە باسی ئەو بارە گرانەی کرد کە حکومەت خستوویەتییە سەر شانی خاوەن هوتێلەکان و گوتی بۆ نموونە پێشتر نوێکردنەوەی مۆڵەت بە 50 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 750 هەزار دینار، پارەی کارەبا چوار قات زیاد بووە، ئەمە جگە لەوەی پارەی ساڵانەی تابلۆ و فڕێدانی زبڵیشی هاتووەتەسەر.
حاڵی پارێزگای دهۆکیش لە هەولێر و سلێمانی باشتر نییە، لەو پارێزگایە کە 128 هوتێل و موتێل و چوار گوندی گەشتیاری و 56 هوتێل و موتێلی میللی هەن، لە ماوەی رابردوودا 50 هوتێل و موتێل داخراون.
ئیحسان شێخ عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بە (رووداو)ی گوت ئەو 50 هوتێل و مۆتێلە نووسراویان ئاراستەی ئێمە و دەستەی گەشتوگوزار کردووە بۆ ئەوەی باج و رسوماتیان نەچێتە سەر، چونکە داخراون.
ئیحسان شێخ عیسا گوتی زۆربەی هۆتێلەکانی دهۆک دوو ئەستێرە و سێ ئەستێرەن و کاریان زیاتر لەگەڵ گروپە گەشتیارییەکانە، هاتنی گەشتیار لەوەرزی پایز وزستان کەمە، بۆیە بەشێک لە هۆتێل و مۆتێلەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە مانگی تشرینی یەکەم تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شوبات هۆتێلەکانیان دادەخەن، هەندێکیشیان بەهۆی کەمی گەشتیار و زۆری خەرجی داخراون.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2013 زۆرترین گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە نزیکەی 3 ملیۆن گەشتیار بووە، بەڵام ساڵی دواتر بەهۆی شەڕی داعشەوە، هاتنی گەشتیار بە بەراورد بە پێشتر 48.2% کەمی کرد، لە ساڵی 2015 رێژەکە بۆ 73.6% بەرز بووەوە، بەڵام ساڵی رابردوو کەمێک هەڵکشان لە هاتنی گەشتیاران هەبوو و لەو ساڵەدا یەک ملیۆن و 603 گەشتیار هاتنە کوردستان.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەڵێت بەهۆی ئەو ئاسانکارییەی بۆ گروپە گەشتیارییەکان کردمان، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار هاتنە کوردستان، بەڵام لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ بەهۆی کاردانەوەکانی گشتپرسی، هاتنی گەشتیار رووی لە کەمی کرد.
مەولەوی جەبار لەو باوەڕەدایە کە ساڵی داهاتوو ژمارەی گەشتیار زۆربن، چونکە لە ماوەی رابردوودا بەشداریان لە پێشەنگایەکی گەشتیاری لە شاری نەجەف کردووە، لەوێ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان چەندین گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی عێراق کردووە بۆ هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی باجی سەر هوتێلەکانیش، مەولەوی جەبار گوتی پێداچوونەوەیەکی باشمان بە رەسم و باجەکان کردووە، ئەوانەی لە سەنتەری شارن بە رێژەی 50% کەمکراوەتەوە، دەرەوەی شاریش 75%، لە سەرەتای ساڵی داهاتووش کاری پێدەکرێ.
[1]
19-12-201719-12-2017 ⚠️ دون هذا السجل بلغة (🏳️ کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!