نامەی ئارام شێخ محەمەد بۆ حەیدەر عەبادی
📝 بەڵگەنامەکان
بەڕێز د.
حەیدەر عەبادیحەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
پاش رێز و سڵاو
هەروەک بەڕێزتان ئاگادارن لەدوای رووداوەکانی 16ی مانگی رابردوو، پاشەکشێی هێزی پێشمەرگە لەناوچە کێشەلەسەرەکان و داخڵبوونی سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە بەتایبەت قەزای خورماتوو، بەداخەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی خورماتوو بەتایبەت کوردنشینانی شارۆچکەکە ئاوارە بوون، لە ئەنجامی کاردانەوەی نابەرپرسانەی تۆڵەسەندنەوەی هەندێکیش، زەرەر و زیان بە ماڵ و سامانی بەشێک لە هاووڵاتییانی ناچەکە کەوت. هەڵبەتە بۆ جێگاکانی تریش کەم و زۆر ئەم حاڵەتە نەخوازراوە روویداوە، بەداخێکی زۆریشەوە رووداوی نەخوازراوی کوشتن و رفاندن روویداوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەلای خەڵکی ئاوارە دروستکردووە بۆ گەڕانەوە و مەترسییەکی گەورەشە لەسەر ئارامی دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە بە عەرەب و تورکمانیشەوە.
بەردەوامی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەلاحەدین و هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە تەنها لەپێناوی گێڕانەوە ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە و گەڕان بەدوای بێسەروشوێن و لێقەوماوان بووە و ناکرێ سوپاسی هاوکارییەکانیان نەکەین. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تاوەکو ئێستا بارودۆخی شارۆچکەی خورماتوو وەک خۆی ماوەتەوە و ئاماژەیەک نییە بۆ دابینکردنی دڵنیایی تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە لەنێوان پێکهاتە رەسەن و لێقەوماو و خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەو ناوچانەدا.
هەروەک چۆن لە رۆژانی ئاوارەیی و لێقەوماوی لە مێژووی هاوبەشی ئەم پێکهاتانەدا چەندینجار نان و ماڵیان وەک برا بەشکردووە، لەم روانگەیەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەن پەلە بکەن لە رەوانەکردنی هێزی تایبەتی سوپای عێراقی بۆ خورماتوو تاوەکو کۆنترۆڵی ئاسایشی قەزاکە بکەن و بەهاوکاری هێزە چەکدارەکان و پۆلیس دڵنیایی و ئارامی بگێڕنەوە بۆ ئەم شارۆچکە لێقەوماوە، تاوەکو ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە و ژیان ئاسایی بێتەوە.
ئەوەندەی لە پەیوەندی بەردەوامیش بووین لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حەشدی شەعبی، ئەوانیش ئەم پێشنیازەیان لاپەسندە و چەند جاریش داوامانکردووە جێبەجێبکرێت.
هێشتنەوەی بارودۆخی خورماتوو بەم شێوەیەی ئێستا لە خزمەتی هیچ کەسێکدا نییە و، هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانە وەک هەر هاووڵاتییەکی تری پارێزگاکانی عێراق چاوەڕوانیان لە ئێوە هەیە بە سیفەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی حکومەت بەهانایانەوە بچ و ئاوڕیان لێبدەیتەوە و کۆتایی بەنەهامەتیەکانیان بێ، بۆ ئەوەی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە خورماتوو جارێکی دیکە دروستبێتەوە.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزدا
ئارام شێخ محەمەدئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق
02-11-2017