رەشنووسی رێککەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەپێی دەستووری عێراق، کە باڵاترین یاسایە لە عێراق و پێویستە لە هەموو وڵات پەیڕەو بکرێت بەبێ جیاکاری و بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی فیدڕاڵی و یاسا لە هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاکاری، بەڕێزان کە ناویان لای خوارەوە هاتووە و نوێنەرانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە رێکەوتی 29/10/2017 کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی کە دواتر باس دەکرێن.
نوێنەرانی حکوومەتی فیدڕاڵ:
فەریق یەکەم روکن عوسمان عەلی فەرهوود غانمی، سوپاسالاری عێراق (سەرۆکی شاند)
فەریق دکتۆر موەفەق عەبدلهادی تۆفیق، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس
فەریق روکن مەناف عەباس عەلی، دەزگای نەهێشتنی تیرۆر
بەڕێز حەمید رەشید فلەیح، بریکاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
لیوا روکن سەعد مزهر ئەلعەلاق، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی
نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەڕێز کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان - وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت
بەڕێز جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70
فەریق شێروان عەبدلڕەحمان عەلی، ئەندامی فەرماندەیی پێشمەرگە
لیوا عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزی زێرەڤانی
لیوا زرار حەمەساڵح، سەنتەری هەماهەنگی و هاوپەیمانی هاوبەش/هەولێر
عەمید بروسک قەساب، بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری پێشمەرگە
ئەو خاڵانەی لەسەریان رێککەوتووین:
1- پابەندبوون بە سنووری ئیداری ئەو پارێزگایانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەیان دەکات، بەپێی ماددەی 53 ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە هێشتا کاری پێدەکرێت لەسەر بنەمای سنووری دیاریکراوی رێکەوتی 19/3/2003 بەپێی مادەی 143 ی دەستووری عێراق، هاوکات حکومەتی ئیدارەی خۆجێی و پۆلیسی خۆجێی دەمێننەوە، بەمەرجێک پێچەوانەی دەستوور و یاسا فیدڕاڵییەکان نەبێت.
2- دووبارە بڵاوبوونەوەی هێزە فیدراڵییەکان لە هەموو ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیداری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە رەمزی بێت و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بێت بەپێی بڕیاری فەرماندەی فیدڕاڵی و وەک لە نووسراوەکاندا روونکراوەتەوە.
3- هێزەکانی سنوور و هێزە فیدڕاڵییەکان ناوچەی پێشخابوور کۆنترۆڵ دەکەن، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ بەشداریپێکردنی هیچ هێزێکی دیکە جگە لە هێزە فیدڕاڵییەکان و هێزی ئەمنی خۆجێی، مەگەر لە دۆخێک نەبێ ئەویش ئەگەر هێزی پێشمەرگە بە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق هەژمار کرا، لەو دۆخەش پێویست دەبێت هێزی پێشمەرگە پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بێت.
4- فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن تەنیا لە دەسەڵاتی هێزە فیدڕاڵییەکان دەبێت لەو ناوچانەی کە دووبارە هێزە فیدڕاڵییەکان تێیاندا بڵاودەکرێنەوە.
5- فەرماندەکانی فیرقەکان و فەرماندەی یەکەکانی هێزە فیدڕاڵییەکان و بەرپرسانی میحوەرەکانی پێشمەرگە پلانێک دادەڕێژن بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە هێزە فیدڕاڵییەکان دووبارە تێیاندا بڵاودەبنەوە و پرۆسەی رادەستکردنی سەنگەرەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت.
6- رێککەوتنەکە لەو ناوچانەش جێبەجێدەکرێت کە هێزەکانی سنوورپارێزی سەر بە هەرێمی کوردستان لێیان دەکشێنەوە دوای واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە.
7- ئەم رێککەوتنە لە رۆژی 10/2017 واژۆکرا.
هاوپێچەکان:
هاوپێچی (أ)
هاوپێچی (ب)
بەڕێز کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت
فەریق یەکەم روکن، عوسمان عەلی فەرهوود غانمی سەپاسالاری عێراق
---------
بە ئاماژەکردن بە نووسراوەی کە لە لایەن تیمی سەربازی دانوستاندنکاری سەر بە حکومەتی ناوەندی فیدڕاڵ پێشکەشکراوە و دوای لێکۆڵینەوە لە رەشنووسی رێککەوتنەکە لە نێوان هەردوولا، پێمان باشە رێککەوتنەکە بەم شێوەیە بێت:
رەشنووسی رێککەوتنەکە
بەپێی ماددەکانی 110 و 114 و 115 ی دەستووری عێراق تایبەت بە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و تایبەت بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی دۆخی ناوچەکە بۆ دۆخی سرووشتی، لە ژێر رۆشنایی دەستوور هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەمەی لای خوارەوە:
ئەو خاڵانەی کە رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە:
1- ماددەی 53 ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت، کە بەندکراوە بە ماددەی 140 ی دەستوور کە دەقەکەی دەڵێ: (دان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنرێت کە حکومەتێکی فەرمییە لەو ناوچانەی کە ئەو حکومەتە ئیدارەیانی دەکرد لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا).
2- بەپێی ماددەی 140 ی تایبەت بە چارەکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان و لە ژێر رۆشنایی ماددەی 58 ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت تایبەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە تاوەکو بەدیهێنانی دادپەروەری و خواستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و نەهێشتنی کاریگەری سیاسەتی ستەمکارانەی حکومەتەکانی پێشوو، ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن بە هاوکاری و هەماهەنگی و هاوبەشی، چونکە ناوچەی کێشە لەسەرن تاوەکو ماددەی 140 جێبەجێدەکرێت و دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی دانیشتوان بەپێی پرەنسیپەکانی دەستوور و ماددەکانی.
3- دەروازەی پێشخابوور لە رۆشنایی بڕگەی یەکەمی ماددەی 114 ی دەستوور بەڕێوە دەبرێت لە رووی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گومرک، پاراستی ئاسایش لە دەروازەکە بە هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی فیدڕاڵی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێردرێت. لە کاتێکدا ناوچەی پێشخابوور لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئیداری هەرێمی کوردستانە، بەپێی ماددەی 53 ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت کە گۆڕاوە بۆ ماددەی 140 ی دەستوور.
4- لیژنەی هاوبەشی هێزە فیدڕاڵییەرکان و هێزی پێشمەرگە پلانێک دادەڕێژن بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە دووبارە هێزە هاوبەشەکان تێیاندا بڵاودەکرێنەوە.
بۆچوونی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رەشنووسی پێشنیازکراوی حکومەتی عێراق
سڵاوتان لێبێت
دوای ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ تەکنیکییەکان، وەڵام و بۆچوونی خۆمانتان لەبارەی بابەت و رێگەی گەیشتن بە چارەسەریی هەمیشەیی دەنێرین.
1- وەستاندنی گشتگیری شەڕ، بە واتای راگرتنی شەڕ و جیاکردنەوەی هێزەکان لەسەر هێڵی ئێستای بەرەکاندا.
2- کارکردن بۆ گەڕانەوەی میکانزمە ئەمنی و سەربازییە هاوبەشەکان لە نێوان سوپا و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشی تیرۆریست، کە تاوەکو ئێستا هەیە.
3- رێزگرتنی سنووری وەستانی شەڕ، هێزە سەربازییە هاوبەشەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بن، تا ئەو کاتەی کێشەی ئەو ناوچانە بە دەستووریی چارەسەردەکرێن.
4- دەستکردن بە دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بە بەشداری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و پێکهێنانی لیژنەی سیاسی، کارگێڕی، یاسایی و سەربازیی هاوبەش، لەسەر بنەمای دراسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و چارەسەرکردنیان.
5- بۆ دەستکردن بە نیازپاکی و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و دەستکردن بە دیالۆگی سیاسی ئەرێنی، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی رایدەگەیێنێت، بۆ دانانی رێککاری تایبەتی و هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی و نوێنەرایەتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێشخابوور، لەسەر هەبوونی هێزی سەربازی سنووردار و کاتی، تاوەکو دۆخەکە بەپێی دەستوور دەگەڕێتەوە باری خۆی.
[1]
30-10-2017