سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڕیاری داخستنی کەناڵەکانی میدیا شەرمەزار دەکات
📝 بەڵگەنامەکان
بۆ رای گشتی ناوخۆ و دەرەوە
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانسەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڕیاری داخستنی کەناڵەکانی میدیا شەرمەزار دەکات.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە ژمارە 7/4/5/9714 لە بەرواری 23/10/2017 بڕیاری راگرتنی پەخشی هەردوو کەناڵی (RUDAW) و (K24) لە سەرانسەری عێراق داوە، کە گوایە مۆڵەتیان نییە و بەرنامەکانیان هاندانی تووندوتیژی رق و کینەیە و ئاشتەوایی کۆمەلایەتی تێکداوە. بڕیارەکەشیان بۆ وەزارەتی بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایش عێراق و دەزگای موخابەراتی عێراق و ژووری عەمەلیاتی سوپای عێراق ناردووە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەمجۆرە بڕیارانە شەرمەزار دەکات، لە هەمانکاتدا لە نەبوونی بۆشایی یاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی پەخشی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دژی هیچ رێکارێک نییە ئەگەر مەبەستی راستەقینە رێکخستنی ئەم بوار ەبێت، بەڵام زۆر راشکاو دیارە ئەم بڕیارە بە پلەی یەکەم بڕیارێکی سیاسییە و مەبەست لێی سزادانی میدیاکانی کوردستان و هەموو دەنگێکە دیموکراتی و ئازادیخوازە. هەروەکو لە مادەکانی (36) و (40) دەستوری عێراقدا هاتووە، ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری لە لایەنی دەوڵەتەوە گەرەنتی بکرێت و ناکرێ پێشێلکاری و رێگە لەو ئازادییە بگیرێت تەنها بە بڕیاری دادگا نەبێت، کەچی جێبەجێکردنی بڕیارێکی سیاسی لە رێگەی هێزی سەربازی و دەزگای موخابەراتەوە جگە لەوەی دەخالەتی ناقانوونییە لە هەرێمێکی دەستووری دانپیانراودا، ناکۆکیشە لەگەڵ ئەو پرانسیپانەی کە دەبێت عێراقێکی دیموکراتی لەسەر بنیاتبنرێت. دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بەڵگەی چییە کە ئەو دوو کەناڵە لە بەرنامەکانیان دژی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و چاندنی تۆوی دووبەرەکین، بەبێ ئەوەی ئەو بانگەشەیە لەلایەن دادگایەکی پسپۆڕی بێلایەن و بە بەڵگە و دیکۆمێنتەوە ساغکرابێتەوە، هەروا بە ئاشکرا دووفاقی و مۆرکی سیاسی بەو بڕیارەوە دیارە کە ئەم دەستەیە هەموو ئەو کەناڵ و میدیا یانەی عێراق نایبینێ کە لە بەغداوە پەخشدەکرێن و هەوڵ و تەیاری خەڵک دەکەن بە پەخشکردنی رق و کینەی تایفی و نەتەوەیی دژی هەرێمی کوردستان.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، داوادەکات حکومەتی بەغدا هەوڵی بەرتەسککردنەوەی ئازادی میدیا نەدات و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لەڕێگەی رێنمایی و یاسا و کار ئاسانی کار و پیشەی رۆژنامەنووس و میدیایی رێکبخات، دوور لە دەزگای موخابەراتی و عەسکەری تایبەت.
هاوپێچ/ وێنەیەک لە بڕیارەکەی عێراق
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
29-10-2017
وێنەیەک بۆ/
- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنووسی و کۆمەڵگەی مەدەنی، ناوخۆو دەرەوە.
- بالیۆز و قونسوڵگەری وڵاتان.
- دامودەزگاکانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان