پەیامی لاهور شێخ جەنگی بۆ کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی
📝 بەڵگەنامەکان
پەیامی
لاهور شێخ جەنگیلاهور شێخ جەنگی بۆ کۆچی دوایی سەرۆک
مام جەلالمام جەلال
مامی ورە بەرز، باوکی شۆڕشی نوێی و قیبلەی روونی کوردایەتیی گەلەکەمان کۆچی دوایی کرد.
مام جەلال، ئه و رابەرەی هەموو تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆی، بۆ ناساندن و چەسپاندن و بەرگریکردن لە مافی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تەرخان کرد، بەجێی هێشتین.
مامی گەورە و ئازا و ئازادیخواز و پشودرێژ و بەتەدبیر، دیپلۆمات و پڕ ئەزموون و ئاشتیخواز و میانەڕه و و شۆڕشگێڕ، مامی پێشمەرگایەتی و ئازارچەشتووی کۆڵنەدەری رێگەی بەرزی کوردایەتی، مامی دڵگەورە و دەم بەخەندە و پشتیوانی حەق و هەژار و سەربڵندی، مامی زیندانیکراوان، مافخوراوان، چەوساوەکان و رەنجدەران و مامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پاش ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
مامۆستای رێباز روون و ئامانج رەوا، بەرگریکارە سەرسەختەکەی مافی چارەی خۆنوسین، پارێزەری دیموکراسی و ئه و رابەرەی هەرچی هەبوو بەخشیی لەپێناو رۆژێکی گەشتر بۆ نیشتمانەکەی، بەدڵنیایی و بە کوێرایی چاوی مردن نامرێت. نە سەفین لەبن دێت و نە مام جەلال دەمرێت. مام جەلال، ناو و تێکۆشان و رێبازە پڕ لە رێبوارەکەی، لە دڵی کادرانی یەکیەتیی وهەموو ئازادیخوازان دا بەزیندوێتی دەمێننەوە.
ئەم رابەرە ئەفسونگەرە، کە دڵ و دەرونی کوردەواریی پڕکردووە لە جوانیی خەباتکارانەی خۆی، باوکی شۆڕشی نوێ و مامی من و یەکیەتییەکان و برا و هەڤاڵ و هاوسەنگەری هەموو شۆڕشگێڕە ئازادیخوازەکانی جیهان بوو.
ئەم زاتە، خوڵقێنەری مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردە، و لە بێدەنگی و ژێردەستەییەوە، کوردەواریی بۆ بزێوی و ئازادیخوازی، رابەرایەتی کردوە. مام جەلال مەردێک بوو گەورەتر لە پۆستەکانی و ئەزموونێک بوو پۆڵایین بۆ بەرگری لە خاک و گەل و بیر و پرەنسیپە بەرزەکانی.
ئەم سەرکردە و بیرمەندە سیاسییە هەڵکەوتوەی کوردستان، کە داینەمۆی خەباتی ساڵانی پێش و پاش گۆڕینی رژێمی پاشایەتی عێراقە، جێ دەستی لە روداوە گرنگە سیاسییەکانی ژیانی حزبایەتی کوردستان و عێراقدا دیارە و لە شۆڕشەکانی دواتریش دا، هەم فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و هەم داینەمۆی روداوە بەرهەمدارە گەورەکانی گەلەکەمان بووە.
مام جەلال، رەچەشکێن، هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ، و سکرتێری گشتی یەکیەتیی نیشتمانیی و پێشەنگی راپەڕینی رزگاری و روخێنەری رژێمی فاشیستی بەعس و یەکەم سەرۆکی کوردی پاش ئازادی و شکێنەری بەندی مێژووی چەوسانەوەی ژیانی گەلانی ژێردەستەی ناوچەکه و جێگای فەخری جوڵانەوە سۆشیال دیموکراتەکانە.
ئەم کەڵە سیاسەتمەدارە ماندونەناسە، تا پرۆسەی ئازادیی عێراق، ئەزموون و توانای خۆی، لە پاراستنی راپەڕین و پێشخستنی سیاسی و باشترکردنی ئاستی ژیان و بژێوی کۆمەڵانی خەڵک و پتەوکردنی پێگەی رێکخستن و پێشمەرگایەتی و حوکمڕانیی و دیپلۆماسیی یەکیەتیی نیشتمانیی و کوردستان تەرخان کرد و چەند ساڵی کۆتایی تەمەنی پڕ بەرهەمیشی، بێ دوو دڵی، لە رەخساندنی ئاشتەوایی بۆ کوردستان و ناوچەکە بردەسەر.
مام جەلال، ئەم مامە تێکۆشەرە، هێند بە کاریگەرییەوە خەبات و حوکمڕانیی کرد، هێند ژیر بوو لە بەڕێوەبردن و دۆستایەتی و گفتوگۆ و دانوستاندا، کە پاش دوور کەوتنەوەی لە یەکیەتی و کوردستان و عێراق و نەخۆشکەوتنی، دەسکەوتەکانی شۆڕشی نوێ و ئاستی هاوسەنگی و هاوپەیمانی ناوخۆیی، و ئایندەی پرۆسەی ئازادی و ئاوەدانی و رادەی متمانە و کارایی حوکمڕانیی، پاشەکشێی کارەساتباریان کرد.
بۆ ئەم پەژارە گەورەیە، لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشیتان لێ دەکەم بۆ لەدەستدانی قیبلەی روونی کوردایەتی و تکاکارم لە خوای گەورە، تێکۆشانەکەی مام جەلال، بکاتە رووناکی رێگە بۆ کەسوکار و هەڤاڵان و رێبوارانی راستەقینەی رێی پاراستنی سەفینی یەکێتیی و رزگاریی گەلەکەمان.
گەلانی دیموکرات و ئازادیخوازانی عێراق و ناوچەکە و جیهان، و بەتایبەتتریش کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، ماتەمباری ئەم کۆستە ناوەختەی گەلەکەمانن و نیگەرانی و خەم و پەژارە و دڵەڕاوکێ و ترس لە ئایندەی نادیار و بێکەسبوون، بەرۆکی گرتوون. لێرەوە و لە ئاست هەر دڵۆپە فرمسێک یا ئاهوپەژارەیەکتان، لە ئاست زەردەخەنەی یادەوەری و هاودڵیی و وەفاداریتان، سەری رێز و وەفاتان بۆ نەوی دەکەم، و هەر لێرەوە بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم، کە خوێندکاری رێبازەکەی مام جەلال بم و لەگەڵ هاوسەنگەرانم تواناکانم لە بەرگریکردن لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پاراستن، بژارکردن و بوژاندنەوە و پێشخستنی دا تەرخان بکەم و وەکو خوێندکارێکی مامی ورە بەرز و کۆڵنەدەرم، بەپشتیوانی ئێوە یەکیەتیی و کوردستان و ئەزموونەکەی، لە هەڕەشە و مەترسیی پاشەکشێ و لەناوچوون، بپارێزم و لەم ڕێگەیەدا، لەهیچ قوربانیدانێک سڵنەکەمەوە.
انا لله و انا الیە راجعون
لاهور شێخ جەنگی
03-10-2017